په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٩\٢٠١٠

حیزبە ئیسلامییەکان، لە عەرشى خواوە بۆ عەرشى دەسەڵات.


راپۆرتى شیکاریی: شاخەوان برایم عەبدوڵا


دوا بەدواى راپەڕینەکەى خەڵکى کوردستان، ئەوەبوو هەردوو حیزبى عەلمانی، واتە پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان کەوتنە وێزەى یەکترى و لەو هەلومەرجەشدا رەوتێکى تازەى ئیسلامى سیاسى لەهەناوى کۆمەڵگەیەکى دواکەوتووی تەقلیدى ئەوکاتەو لەژێر گەڕانەوەى بەهاکانى ئایینەوە دەرکەوت و کەوتنە هەوڵدان بۆ گرتنە دەستى دەسەڵاتێکى ئایینى و دروستکردن و بونیادنانى کۆمەڵگەیەکى توندرەوى ئایینى و رەخساندنى فەزایەکى ناتەندروست و دژایەتى و بەرتەسککردنەوەى ئازادییە کەسێتى و کۆمەڵایەتییەکان، ئەمانە لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانى کارکردنى حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکانى کوردستان بووەو لەبەرانبەریشدا حیزبە عەلمانی و چەپەکان تاوەکو ئێستاکە وەکو پێویست خاوەن هەڵوێست و پرۆژەیەکى شەفاف نەبووینە، یا نەیانتوانیوە خۆیان یەکلایی بکەنەوەو لەبەرانبەر ئیسلامییەکاندا بۆچوونەکانى خۆیان بەیان بکەن و ڕێگە بگرن لە بەئیسلامیکردنى کۆمەڵگەى کوردستانى، ئەمەش بەهۆى ترسیان لە کۆمەڵگە، بەوپێیەى کە زۆرترین تاکەکانى موسڵمانن و کەمتر بیرۆکەى کرانەوەى ئایینى کاریان تێدەکات و هەروەها نەشارەزایی ئەو حیزبە چەپانەش فاکتەرێکى دیکەیە کە بەهۆیەوە نەیانتوانیوە وا لە کۆمەڵگە بگەیەنن کەوا عەلمانییەت بەهیچ شێوەیەک دژایەتى ئایین ناکات و بگرە بەها بۆ ئایین دەگەڕێنێتەوەو دەبێت هەموومان پێشوازى لێ بکەین.


رەنگە قسەکردن لەسەر حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان چ لە جیهان و چ لە کوردستاندا تارادەیەک ئاستەم بێت، چونکە ئەوانە هیچ کاتێک حەقیقەتى خۆیان بۆ کۆمەڵگەى بەشەرى دەرناخەن و هەمیشە بۆ بەرژەوەندى و بەپێى هەلومەرج و کات و شوێنەکە بۆ پیادەکردنى ستراتیژیەتى خۆیان ئیش دەکەن کە خۆى لە بەئیسلامیکردنى کۆمەڵگەدا دەبینێتەوە لەسەر حیسابى لایەنەکانى دیکەوە.


حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکانى کوردستان، رەوتێکى شمولى و تەقلیدین و کەمتر بڕوایان بەئازادى رادەربڕین و مەسەلەکانى دیموکراسى و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى هەیەو تەواوى قورسایی ئایینى و سیاسى و میدیایی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ بەگژداچوونەوەو بەرتەسککردنەوەى ئەو دەنگ و بۆچوونانەى کە لەگەڵ سیاسەتى ئەواندا یاخود ئایین دەخاتە بەردەم پرسیارى جیدییەوەو گومان لاى خەڵکى دروست دەکات. ئەوەندەى ئیسلامییە سیاسییەکانى کوردستان، خەریکى کپکردنى دەنگە ئازادەکانن، نیو هێندە لەخەمى کۆمەڵگەدا نین، بەتایبەتى بزووتنەوەى ئیسلامى کە کاتى خۆى یەکێک بوو لە حیزبە ئیسلامییە توندڕەوەکان و جوندى ئیسلام و ئەنساروئیسلام و هاوشێوەکانى لە هەناوى ئەو حیزبە لە دایک بوون.


ماوەیەک لەمەوبەر، ئەو هەلومەرجە ناتەندروستەى کە یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، لەسەر بڵاوبوونەوەى چیرۆکێک لە گۆڤارى وێران کە نووسەرەکەى عەرەبەو مێژووى نووسینى چیرۆکەکەش بۆ سەردەمانێکى زۆر زوو دەگەڕێتەوەو خەریکبوو توندوتیژى لێبکەوێتەوە بەهۆى قسەو فەتواى هەندێ مەلاى نەشارەزا لە ئایین و بنەماکانى ئازادى رادەربڕین، چەندان جارى دیکەش بەهۆى هەڵمەتى میدیاکانى حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکانەوە، مەلاکان فەتواى کوشتن و سووکایەتیکردنیان بە رۆشنبیران و نووسەران و تەنانەت هونەرمەندانیش داوە کە هونەرمەند کەژاڵ ئادەمى نموونەى یەکێکە لەوانە لەسەر قسەیەکى کە لە رۆژنامەى پرسدا کردبووى، چەندان قسەو فەتواى ناشیرینیان بۆى دەرکردووەو هەر بەم هۆیەوە چەندین جاریش هەڵیانکوتایە سەر ماڵى رۆژنامەنووس فەرەیدون بێوار کە بەرێوەبەرى ئەو رۆژنامەیەیە کە دیمانەکەى تێدا بڵاوکرابۆیەوە.


هەر لە بارەى ئازادى رادەربڕین و بیروڕاى جیاواز لەناو حیزبە ئیسلامییەکانى کوردستاندا، ڕێکەوتى 31/7/2010هادى عەلى، سکرتێرى مەکتەبى سیاسى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، دەستى لەکارکێشایەوەو پێشبینى ئەوەش دەکرێت هاوشێوەى نەوشیروان مستەفا کارى سیاسى بکات و ئەو باڵەى کە لەوەوە نزیکن بچنە نێو باڵەکەى ئەوەوەو بەشێوەیەکى تر کار بۆ ئەو بەرنامەو کارە سیاسییانەى هەیانە بکەن و وەکو ئۆپۆزسیۆنێک بەرانبەر بە یەکگرتوودا کار بکەن بەمەبەستى کەمکردنەوەى نفوزى یەکگرتوو لە کوردستاندا. بەدیوێکى تردا ململانێیانە لەسەر پۆست و دەسەڵات، بەتایبەتى کاتێک هادى عەلى داوا دەکات سەلاحەدین دەست لە کار بکێشێتەوەو یەکێکى تر بچێتە جێگەى.


ئەو بەرپرسەى مەکتەبى سیاسى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، هۆکارى دەست لە کارکێشانەوەکەى بۆ جیاوازى فیکرى و ڕاى پێچەوانە لەگەڵ مامۆستا "سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین"ى ئەمیندارى گشتى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان دەگەڕێنێتەوەو لەم بارەیەوە "هادى عەلى" لە لێدوانێکیدا بۆ گۆڤارى سڤیل لە زمانى خۆیەوە هۆکارى دەست لەکارکێشانەوەکەى رووندەکاتەوەو ئاماژە بەوە دەدات کە دەست لە کارکێشانەوەکەى پێوەندى بەهەندێک راوبۆچوون و ئەفکارەوە هەیە لە بارەى چاکسازى لەناو یەکگرتووى ئیسلامى و لەبارەى شێوازى بەڕێوەبردنى کارەکان. هەروەها هۆکارى ئەم هەڵوێستەى گەڕاندووەتەوە بۆ دەربڕینى ئەفکارى جیاواز لەسەر ئەنجامدانى چاکسازى و گۆڕانکارى لە هەیکەلی حیزب و شێوازى بەڕێوەبردنداو ئەمەش بووە هۆى تووڕەبوونى مەکتەبى سیاسى ، بەتایبەتى لەگەڵ سەلاحەدین بەهائەدین. کەواتە لەهەر شوێنێک دەسەڵات و پۆست هەبێت ململانێى سیاسى هەیە، کە ململانێش هەبوو ئەوا زۆرجار شتەکان دەبنە قوربانى شەخسى. ئەم رووداوە ئاماژەیەکە لەمەڕ داخراوى یەکگرتووى ئیسلامى، ئەگەرچى ئەوان بەردەوام لە میدیاکانەوە باسى شەفافى دەکەن، کەچى خۆیان لەسەر گۆڕینەوەى ئەفکار و تەرحکردنى بۆچوونى جیاواز ناکۆکى دەکەوێتە نێوانیان و باڵى جیاجیا لەم حیزبە تەقلیدییە دەبێتەوە کە سەرەکیترین ئامانج و پرۆژەى ئاییندەو ئێستاى بەئیسلامکردنى کۆمەڵگەى کوردستانی و کوشتنى جیاوازییەکان. عەبولڕەحمان سەدیق، ئەندامى پێشووى مەکتەبى سیاسى یەکگرتوو، کە ئەویش لەسەر داخراوى یەکگرتوو دەستى لە کار کێشاوەتەوە، لە گۆڤارى راڤەدا ئاماژە بەوە دەکات کە حیزبە ئیسلامییەکانى کوردستان بە ڕواڵەت کوردین و بەبیروبۆچوون عەرەبین. کاوە محەمەد، سەرنووسەرى پیچشووى رۆژنامەى کوردستانى نوێ لە هەمان گۆڤاردا ئاماژە بەوە دەکات کە حیزبە ئیسلامییەکانى کوردستان پاشکۆى فیکرى عەرەبین و پشت بە زانا عروبییەکان دەبەستن وەک لەوەى پشت بە زانا کوردەکانى ئیسلام ببەستن. روونیشى دەکاتەوە ئەوان مەبەستیان خزمەت کردن بە ئیسلام نییە، بەڵکو لە ڕێگەى ئیسلامەوە دەیانەوێت دەسەڵات بگرنە دەست.


بەوپێیەى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى دوو حیزبى شمولى و ئایینى و سیاسین و لەگەڵ ئەوەى مەسەلە نەتەوەییەکان بەلایانەوە گرنگ نییە، زۆر جاریش دەست بۆ پیرۆزى و هێما نەتەوەییەکانى کورد دەبەن لەژێر پەردەى ئایین و شەرعەوە.


ئەو دەنگۆو گرژییەى "عەلى پاپیر" و کۆمەڵى ئیسلامى، ماوەیەک لەمەوبەر لەمەڕ سروودى نەتەوەیی کورد" ئەى رەقیب" دروستیان کرد، یەکێکە لەو بەرنامە ترسناک و مەبەستدارانەى حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکانى کوردستانەو لەژێر باڵى ئیسلامەوە بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکانى کورد لەبەردەم خەڵکى کوردستاندا لاواز دەکات و ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە جگە لە ئایینى ئیسلام نابێ لە کۆمەلگەى کوردستانیدا هیچ شتێکى تر بەهاى هەبێت،ئەمانەش مەترسیەکى گەورەن لە بەئیسلامیکردنى کۆمەڵگەو لاوازکردنى ئینتیما نیشتمانییەکانى تاکەکانى کۆمەڵگە. "عەبدولستار مەجید" وتەبێژى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەراوێزى داکۆکی کردن لە ئەمیرەکەی و دووبارە سووکایەتیکردنەوە بە سروودى نیشتمانى کورد لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەنووس "بەهمەن عومەر"دا دەڵێت: ئەگەر سرودى "ئەی رەقیب" بکرێت بە یاساش لەبەرى هەڵناستمەوە. ئەمە چ قسەیەکە پیاوێکى بەناو سیاسى دەیکات، کەسێک ڕێز بۆ هێماکانى نەتەوەکەى خۆى دانەنێت، دەبێ لە سووکایەتیکردن بەو لاوە چ سوودێکى بۆ کۆمەڵگەکەی هەبێت؟ ئەگەر حیزبە عەلمانى و نەتەوەییەکانى کوردستان، تۆزقاڵێک خەمى نەتەوەکەیان هەبووایە، دەبووایە ئەم وتەبێژەى کۆمەڵى ئیسلامى ببەنە بەردەم دادگەو لێپیچینەوەى یاسایی لەگەڵدا بکرێت، چونکە "ئەى رەقیب" تازە مۆرکێکى نەتەوەیی وەرگرتووەو ناکرێت سووکایەتى پێبکرێت لەلایەن چەند کەسانێکەوە کە بەناوى ئیسلامەوە سیاسەت دەکەن و چەواشەکارى لە کۆمەڵگەى کوردستانى بڵاودەکەنەوەو هەوڵى سڕینەوەى بەهاو نۆڕمە نەتەوەیی و مرۆییەکان دەدەن.


وەکو هەڵوێستێک لەبەرانبەر وتەکانى وتەبێژەکە، نووسەر و رووناکبیر "جەبار جەمال غەریب" پێیوایە دەسەڵاتێک سەرقاڵى کڕینى ئۆتۆمبێل بێت بۆ ئەندامانى پەرلەمان و وەزیرەکانى، ناپڕژێتە سەر بەیاسایی کردنى سروودى "ئەى رەقیب" هەر لە درێژەى قسەکانیدا ئەو نووسەرە رەخنەى ئەوە لە ئیسلامى سیاسى کوردستان دەگرێت و بەوە تۆمەتباریان دەکات گوایە لە بێ ئیشى و نەبوونى پرۆژەیە بەگژ سروودى ئەى رەقیبدا دەچنەوەو ئەى رەقیبیش بەدەنگى کەسێک کە دەیەوێت پیاوە گەورەکانى خۆى رازى بکات لەناو ناچێت.


شایەنى باسە حیزبى ئیسلامى سیاسى، ئەو رەوتە ئایینییەیە کە ئیش لەسەر سایکۆلۆژیەت و بەئیسلامیکردنى کۆمەڵگە و دەوڵەت و تەواوى دام و دەزگە رۆشنبیرى و هونەرى و ئەدەبى و کولتوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسییەکان دەکات، دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە، واتە بەئیسلامیکردنى کۆمەڵگە پاڵ بە بەهاو ئینتیما نەتەوایەتییەکان دابدات و شوناسێکى داخراوى ئایینى و سیاسى بەبەرۆکى کۆمەڵگەدا بکات و سنوور بۆ ئازاد تاکەکەسى و کۆمەڵگە دابنرێت و تەواوى کایە جیاوازەکان بکەونە ژێر دەسەڵاتى پیاوانى ئایینى و دەوڵەت و دەزگا جۆراوجۆرەکانى لەلایەن پیاواى ئایینییەوە، یاخود بەپێى شەرعى ئیسلامەوە بەڕێوەبچێت.
 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا