په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٣\٢٠١٦

حیزبەکان ئاوێنەی دەسەڵاتن.


ئاسۆ کەمال      

 

''حیزبە مۆدێرنەکان کەمتر بەپێی بەرنامە و بنەمای چینایەتی ئەندامانیان بڕیاریان لەسەر دەدرێ وەک لەچاو سروشتی ڕێکخراوەکەیان'' (دوڤێرژی).


باسی حیزبەکان لەکوردستان‌و دابەش بونیان بەپێی ناسیونالیست و ئیسلامی و چەپدا و لێکچون و جیاوازیەکانیان و ریفۆرم لە حیزبایەتیدا و پێویستەکانی گۆڕانیان،پێویستی بەباسی دورودرێژ و لێکوڵینەوەی مێژوو، دەور و بەرنامە و کارکردنیانە و لەوتارێکی کورتدا دەتوانرێ تەنیا سەرخەتی ئەم باسە و تیشک خستنە سەر حیزبەدەسەڵاتدارەکان بخەینەڕوو.

کۆمەڵگەی کوردستان وەک بەشێک لە دەوڵەتی تازەی عێراق لەنزیک بە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە چوەتە ژیانی حیزبایەتیەوە. فۆرم و ئایدیۆلۆژی حیزبی شیوعی عێراق کاریگەری لەسەر دروسبونی حیزبەکان لە کوردستان هەبوە و دواتر ناسیونالیزمی کورد لەگەڵ بەرپاکردنی شەڕی چەکداری لەگەڵ دەوڵەتی ناسیونالیستی عەرەبی عێراقدا ئاڵوگۆڕ بەسەر ئەم ستراکچەر و ئیدیۆلوژی و دەور و نەخش و بەرنامەیدا هات.

لە شەستەکانەوە تا نەوەدەکان حیزبە ناسیونالیستەکان وەک حیزبی جەماوەری و چەکداری و لەپێناو ئۆتۆنۆمیدا دەوردەگێڕن و جێگیر دەبن. لەم قۆناغەدا حیزب دەبێتە دەسەڵاتێکی عەسکەری و میلیشیایی کە بەپێی یاساکانی نێو سوپا و دەزگای عەسکەری دەبرێت بەڕێوە.ئەندامەتی لەم حیزبانەدا وەک بەشداری لەشەڕ دژی دوژمنی دەوڵەتی عەرەبی عێراقی و بەعس دەبێتە ئایدیولۆژی و ناسنامە و دەورگێڕانی فەرد و جەماوەر لەژیانی حیزبیدا. لەهەمان کاتدا کێبڕکێ لەسەر پاوانکردنی مەیدانی سیاسی لە کوردستاندا لەنێوان حیزبە ناسیونالیستە کوردەکان ناسنامەی سۆرانی و بادینانی و تیرۆری سیاسی و سیاسەت و فەرهەنگی "جاش" ی عێراق و ئێران دروست دەکا.

لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردودا گۆڕانی گەورە بەسەر ستراکتۆر و شێوازی سیاسەت و بەڕێوەبردنی حیزبیدا نەهاتوە لە کاتێکدا یەکێتی و پارتی لە حیزبی چەکداری شاخاویەوە بونەتە حیزبی دەسەڵاتداری ناوشار. ڕاستە جگە لە حیزب پەرلەمان و حکومەت هەیە کە پێشتر ئەم دەزگایانە نەبون. بەڵام پەرلەمان و حکومەت وەک مەکتەبی سیاسی و ڕێکخستنە حیزبیەکان مل کەچی دەستەی تایبەت و بنەماڵەی تایبەتی ناوحیزبن. ئەو دەسەڵاتە کۆکراوە و شمولیەی کە تاڵەبانی و بارزانی لە حیزبدا لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوەوە دروست بوە ئێستا بوەتە دەسەڵاتێکی ڕەهای عەسکەری و سیاسی و دارایی.

حیزبی جەماوەری جاران و ناسنامەی ئەندامەتی و پێشمەرگایەتی کەوەک وتم پێویستی دەورانی شەڕ دژی بەعس بوو گۆڕاوە بە حیزبی کارتێل و کۆمپانیا کە دەوری جەماوەر و ناسنامەی حیزبی بریتیە لە دەنگدان و پاشکۆیەتی مادی بۆ حیزب لەپێناو مانەوەی وەزیفە و سەرچاوەی گوزەراندا. ئەم حیزبانە هەرچەند دەنگدەریان هەیە و ئەندامیان زۆرە بەڵام حیزبێکن کە بەرژەوەندی کەمایەتی سەرەوەی حیزب دەپارێزن و ژیانی ناوحیزب هەروەک ژیانی نێوکۆمەڵگە بەپێی یاسای سەربازی و میلیشیایی و نەبونی ئازادی و دەورگێڕان لەسیاسەت و کاری حیزبدا بەڕێوەدەچێ.

ڕێکخستن و ژیانی حیزبایەتی و ستراکتۆر و بەڕێوەبردنی ئەم حیزبانە ئاوێنەیەکی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و خودی دەسەڵات و دەوڵەتداریە.

لەدنیای سەرمایەداری مۆدێرندا لە ئەوروپا و ئەمریکا حیزبە لیبرال و کۆنسەرڤاتیڤ و چەپەکانی بورژوازی لەڕێگای کڕینی کاربەدەستە گەرورەکانی دەوڵەت و دۆستایەتی نێوان حکومەت و بانک و بۆرسەوە کۆنترۆڵی دەسەڵات دەکەن و لەهەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا میلیاردێرەکان ئاکامی هەڵبژاردنی دوو حیزبی سەرەکی دیموکرات و کۆماریخوازەکان دیاری دەکەن. هەرچەند ئاڵوگۆڕە ئایدیۆلۆژی و ستراکتۆریەکانی لە هەشتاکانەوە ڕەوتی نیولیبرالیزم هێناویەتی جیاوازی نێوان باڵی ڕاست و ناوەڕاست و چەپی بورژوازی زۆرکەمکردۆتەوە و شیوازی "حیزبی جەماوەری و"حیزبی کادر و جەماوەری" گۆڕیوە بە"حیزبی"پڕۆفیشنالی دەنگدەرەکان" و پرۆسەی "نوێنەرایەتی" و "یاساداڕێژی" کورتکردۆتەوە لە لەدەستی "دەستەبژێری هەمەکارە"ی حیزبدا کەچیتر "حیزبی دەوڵەت"ن نەک جەماوەر . بەڵام لە کوردستان ئەم پرۆسەیە هەم پێویستی بەو ڕوپۆشکردن و ڕازاندنەوە نیە و ڕاستەوخۆ سەرۆکی حیزبەکان و بنەماڵەی دەسەڵاتداری حیزب خۆی خاوەنی بودجە و نەوت و پۆست و پۆلیس و پێشمەرگە ودادوەر و پەرلەمانتار و مەلا و سەرۆکی عەشیرەت و میدیاو خوێندەوار و چاودێری سیاسی و هەموو شتێکە و دەسەڵاتی حیزبی ڕاستەوخۆ و بێ پەردەیە. هەم کۆکردنەوەی دەسەڵات و چڕکردنەوەشی پێویستی بەڕیفۆرمی حیزبی نەبوە چونکە بنەمای دەسەڵاتەکە خۆی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی حیزبێکی میلیشیاییە کە پرۆسەی نوێنەرایەتی و یاساداڕشتن تیایدا لەناو کۆنگرە و ژیانی حیزبیدا هیچ حسابێکی بۆناکرێ و هەڵبژاردن و ئەندامان لەم حیزبانەدا پێشتر وەلائی سیاسی و دەوری حیزبیان دیاریکراوە. هەربۆیە کاتێک ئەم حیزبە دەیەوێ سیستەمی "نوێنەرایەتی" و "یاساداڕشتن" لە کۆمەڵگەش لە دەست جەماوەر دورخاتەوە بەهەمان شێوەی ناوحیزب مامەڵەی لەگەڵدا دەکا و ئەوەی قسەی ئاخر دەبڕێنێتەوە لەم سیستەمەدا دەسەڵاتی چەکداری بنەماڵە و دەستەبژێری هەمەکارەی مالی و سیاسی حیزبن نەک دەنگدەران و دەنگدانی گشتی.

ڕق لە حیزبایەتی نەک لە ناوجەماوەری نحیزبیدا بەڵکو لەنێوئەندامانی حیزبیشدا نیشانەی ناکۆکی چینایەتی و بەرژەوەندیەکانی ڕیزە دەوڵەمەند و هەژارەکانی ناوحیزبە. کاتێک دەسەڵات و حکومەتداری لە کوردستاندا بامانای کۆنترۆڵکردن و پاوانکردنی ڕاستەوخۆی هەموو بوارەکانی ژیان و سەرچاوەکانێتی ئیتر خودی حیزب دەبێتە سیستەم و دامودەزگای بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەڕیوەبردن و یاسادانان و دادوەری و تەنانەت پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیش. سەیر لەوەدایە یەکێتی و پارتی لەنەوەدەکانەوە باسی فەشەل و هەرەسەی سیستەمی تۆتالیتاری و شمولی دەکەن بەڵام ئایا شتێک ماوە لە کوردستان لەلایەن ئەم دووحیزبەوە کۆنترۆل و پاوان و سنوری بەدەوردا نەکێشرابێ. ئەم دوو حیزبە لەپاڵ ڕێکخستن و میدیا و حکومەت و پەرلەماندا دەزگای عەشیرەتەکان و مەکتەبی کۆمەڵایەتی و لیژنەی فەتوا و حیزبی سەلەفی و دیوەخانی دەروێشەکان و میلیشیای گیانفیداکانی بارزانی و هێزی ٧٠ و هەشتا و زێڕەڤانی و دەزگای زانیاری و پاراستن و حساب بانکی ماڵی سەرۆک و ماڵی سکرتێری گشتیان هەیە.

ئەوەی دەوڵەتی نوێی پێ جیادەکرێتەوە لە سیستەمی عەشیرەتی و هۆزە چەکدارەکان بونی دامودەزگای گشتی و دەسەڵاتی گشتیە و حیزبەکان دەیانەوێ وابنوێنن کە لەڕێگەی هەڵبژاردنیان لەلایەن خەڵکەوە شەرعیەت وەردەگرن تا ئەم دامودەزگا گشتیانە بەڕیوەبەرن و بەم شێوەیە ناوەرۆکی چینایەتی حیزبەکان و ئەو بەرژوەندەیە مادی و چینایەتیانە دەشارنەوە کە لە پشت ئەم سیستەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەوە دایان ناوە،بەڵام لە کوردستان حیزب پێویستی بەم خۆشاردنەوە نیە بۆ ڕەوایەتدان بەدەسەڵاتەکەی بۆیە بەئاشکرا سیستەمە عەشیرەتیە میلیشیایەکەی بەناوی پەرلەمان و حکومەتەوە دەبات بەڕیوە. ئەوەی ئەم کڵاوەی کردۆتە سەرخەڵک نەبونی هوشیاری سیاسی و تەجروبەی شۆڕشگێڕانەیە لە گۆڕینی ئەم سیستەمە عەشایەری و خێڵەکیانەدا و تێگەیشتنە لەوەی چیتر ئەندام بون لەم حیزبانەدا یەکگرتوبون و هێزوەرگرتن نیە دژی دوژمنی دەرەکی بەڵکو چونە ژێرسایەی دەسەڵاتێکە کە پێویستە خۆی لەدژی بجەنگی. هەربۆیە ڕیفۆرمی ئەم حیزبانە هەڵوەشانەوەی سیستەمەکەیانە و ئەم کارە لەناو ئەم حیزبانەدا ناکرێ.

حیزب و ژیانی تازەی حیزبایەتی پێویستە لە دڵی گۆڕانکاری لەم سیستەم و دەسەڵاتەی ئێستادا بێتە دەرەوە. سیستەم و ستراکتۆر و شێواز و سیاسەتێک کە دەوری ئەندام و جەماوەر و بڕیار و کاری ڕاستەوخۆی ئەوان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی دنیایەکی باشتر مسۆگەربکا. دەبێ تایپی حیزب لە فەرمان لەسەرەوە بۆ خوارەوە بگۆڕدرێ بە تایپی جوڵان لە خوارەوە بۆسەرەوە. حیزب ئەوکات دەبێ بە پانتاییەک بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاربون لەدەست "دەسەڵات"ی حیزب خۆشی.

 

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک