په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

حیزبەکانى کوردستان پێویستیان بە ریفۆرمە،
بەتایبەت حیزبەکانى نێو لیستى ئازادى،عەدالەتى کۆمەڵایەتى!


سامان عەلا  


هەژدەساڵە حیزب رابەرایەتى سیاسى و کۆمەڵایەتى خەڵکى کوردستان دەکات،هەژدەساڵەحیزب لەنێو هەناوى خەڵکداتواوەتەوەوتەحەکوم بەسەر ژیانى تاک وکۆى کۆمەڵگەى کوردیەوە دەکات، بەڵام لەم هەڵبژاردنەى دوایدا بەدەرکەوت،کەخەڵکى لەدەستى ئەم شێوازى حیزبایەتیە وەرەس و نیگەرانن و  پەرۆشى خەڵک بۆلیستى گۆران،کەروخسارێکى زیاتر(ناحیزبى) پێوە دیار بوو،ئەوراستیەى بۆدەرخستین کە حیزبەکانى کوردستان کاتى ئەوەیان هاتوە ئاورێک لەخۆیان بدەنەوە و پرسیارێک لەخۆیان بکەن،کە بۆچى هێدى هێدى،متمانەى جەماوەر لەدەست دەدەن و خەڵک پشتیان تآ دەکات؟


ئەوەى من لەم نوسینەدا مەبەستمەزیاتر تیشک خستنەسەر لیستى ئازادى،عەدالەتى کۆمەڵایەتیە،کەپێنج حیزبى سیاسى تێیدا بەشداربوون و دووحیزبى دیکەش بەرەسمى پشتیوانى خۆیان بۆ راگەیاند،بەڵام بەکۆى ئەو حەوت حیزبە، نەیانتوانى شوێنێکى دیار لەپرۆسەى سیاسى داهاتوى کوردستان پربکەنەوە و کاریگەر یەکى (گەر کەمیش بێت) دروست بکەن!


ئەم حیزبانە کە بەحیزبى چەپ لەقەڵەم دەدرێن و لیستەکەش بەلیستى چەپەکان ناوزەد کرا،دەبوایە ئەو هەموو کەموکوریە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتیەیان بقۆستایەتەوەودەنگێکى بەرچاویان بەلاى خۆیاندا بهێنایە،بەڵام کەئەمەیان بۆ نەکرا،لێرەوە دەشآ پرسیارێک بکەن ،کەبۆچى؟


حیزبى شیوعى،کەرابەرایەتى ئەم لیستەى دەکرد،خاوەنى مێژویەکى دورودرێژى خەباتى شاخەو حیزبەکانى دیکەش گەر دواى راپەرین دروست بوبێتن،بەڵام کەسایەتى و خەڵکى خەباتکار و دێرینیان هەبوە،بەڵام لەپرۆسەى دەنگدانى ئەم جارەدا دەنگێکى ئەوتۆیان نەهێنا،کەئەمەش ئەو راستیەمان پآدەڵێََت کەئیدى ئایندەسازى لەسەر مێژووى خەباتى شاخ گوزەشت و حیزبەکان دەبێت خاوەن بەرنامەو کردارى هاوچەرخ و نوێ بن.


کۆمەڵگاى کوردى لەماوەى چەند ساڵى رابردوویدا،بەنێو قەیرانى جۆراوجۆرى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى گەورەدا تێپەرى،دەبوایە ئەوانەى دەم لە چەپ و  پارێزگارى لەژیانى هەژارو نەداروبەشمەینەتان دەکوتن،هەرنەبێ لەریزى پیشەوەى کاروانەکەدا بەدى بکرابانایە،بەڵام ئەزمونى هەڵبژاردن بەدەرى خست،کەبەداخەوە نوێنەرانى خەڵکى بەشمەینەت و  چەوساوان، ئەمجارەش نەیتوانى بەیداخى رابەرایەتى کردنى ئەم قۆناغەى بەشێک لەسیاسەتى کوردستان بەدەستەوە بگرێ !


ئەم ئەزمونى هەڵبژاردنەى دوایى،سیخورمەیەکى لەبەرۆکى هەمومان دا،هەمومانى راچڵەکاند و مەحکومى کردین بەپرسیار،پرسیارگەلێک لەچەشنى ئایا ئایندەى ئەم حیزبانە بەرەوکوآ؟؟ گەرتادوینآ ئەم حیزبانە شوێنێک بوبێتن بۆ ژیان و مەعیشەتى کۆمەڵە کەسانێک،ئایا پاش 25 ى تەموزودروستبونى دنیایەکى نوآى سیاسى و حوکمرانى لەکوردستان،هەروا دەشآ حیزبایەتى و سیاسەت بکرێ؟ ئایاپرۆژەى داهاتوى ئەم حیزبانە چیە؟ ئایا ئامادەن دواى ئەم شکستە،بیر لەوە بکەنەوە خۆیان و سیاسەتکردن و  بەرنامەى کاریان بگۆرن؟ یاخود خۆیان دەدەنە دەست قەدەر و  بەرەو ئایندەیەکى نادیار هەنگاو دەنین؟


پاش 25 ى تەمموز،کوردستان بە قۆناغێکى نوێ و تازەى سیاسەت و حوکمرانى و حیزبایەتى کردندا تێدەپەرێت،ئەوەى توانى لەگەڵ ئەم ئەزمونە نوێیە بگونجآ،داهاتوى دیارو روناکە،واباشترە چەپەکان بیرێک لەداهاتووى خۆیان بکەنەوە،تارادەى یەکگرتن و کۆبونەوەیەکى فعلى لەدەورى یەکتر...
فارسەکان دەلێن: (توانا بود هر کە دانا بود)،بۆئەوەى لەداهاتودا بەتوانا بن و پێویستان بەکەس نەبێت،تکایە دانایى خۆتان بخەنە گەڕ و دورلەبیرى تەسکى حیزبایەتى و خۆفەرزکردنێکى نا لۆژیکى رەفتاربکەن.