٦\٢\٢٠١٤ حیزبە سێکۆلارەکانی کوردستان و ئایینەکان.
کوردستان نە تەنیا جێگای بوونو ژیانی کوردە موسلمانەکانی سوننی، شیعە، علی اللهی- یارسانیی، بەهاییو یههودیییه بەڵکوو شوێنی ژیانی ئاسورییو ئەرمەنییەکانیشە. هەر یەک لەم گروپانە بێگومان جێژنو دابو نەریتی تایبەت بە خۆیان هەیە کە پێویستە ڕێزیان لێبگیرێو ئیزن بە هیچ چەشنە توندوتیژیی لەگەڵ ئەوان نەدرێ. لە چەند دەیەی ڕابردوودا بە پێی سەرهەڵدانی گرووپە دەمارگرژەکانی ئیسڵامییو یارمەتیی ماڵییو مەعنەویی عەرەبستانی سەعودییو ئێران بە چەشنێک ئیسڵامی سیاسیی بە ڕەنگو ڕوویەکی ڕادیکاڵ بۆتە هۆی کارەساتی گەورەو بچووک لە کوردستاندا. لەم ڕەوتەدا بە هۆی جۆراوجۆر حیزبە کوردستانییەکان یان بایەخێکی وەهایان بەم هێزانە نەداوە یاخود بە چەشنێک بێدەنگییان گرتۆتە بەر.
لە لایەکیدیکەوە ئەم حیزبانە کە خۆیان بە سێکولاریش دەزانن بە چەشنێک خۆیان تێکەڵاوی مهسهله ئایینیییهکان کردووە کە لەگەڵ چوارچێوەی بیرو بەرنامەی حیزبەکانیشیان نایەتەوە. بۆ وێنە بەپێی ئەوەی کە زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان موسلمانن، بە ناردنی پەیامی پیرۆزبایی بەبۆنەی جێژنی قوربانو مەولوود و... هتد بە چەشنێکی یەکلایانە تەنیا جێژنی موسلمانەکان زەق دەکەنەوەو تەنانەت بەرنامەی ڕادیۆو تلەویزیۆنیان بە خوێندنهوهی قورئان دەستپێدەکا. جاروباریش ئاشەکە ئەوەند سوێرە کە سەرۆک کۆماری ئێراق بە پێشینەی چەپەوە بەبۆنەی جێژنی قوربان پەیامی پیرۆزبایی بۆ تەواوی حیزب کوردستانییەکانو یەک لەوان حیزبی شیوعی کوردستان !!!! دەنێرێ.
لێرە ئەم پرسیارە دێتە پێش، بڵێی ئەرکی حیزبێکی سێکولار بێ کە خۆی تێکەڵاوی مەسایلی ئایینی بکاو پاساوەکەی ڕیزگرتن لە کوردی موسلمان بێ؟ ئەگەر تەنانەت ئەمە بە کارێکی باشیش لەقەڵەم بدرێ، ئەی بۆچی بۆ ئایینەکانی دیکە ئهو رێزه داناندرێ؟ ئەگەر قەرار وابێ بە بۆنەی ئەم جێژنانە پیرۆزبایی لە تەواوی دینو ئایینەکان بکردرێ یان لە مانگی موحەرەمدا یادی حوسێنو ٧٢ کوژراوەی دەشتی کەربەلا زیندوکرێتەوە لێرەدا تەکلیفی یەزیدو مەعاویە یاخود عایشە کە بۆ بەشێکی زۆر لە کوردە سوننییەکان جێ ڕیزن چییە؟ بڵێی ئەمانە نەبێتە هۆی تێکەڵاوبوونی حیزبە کوردستانییەکان لە کاروبارێک کە پێوەندی بە کاری ئەوانەوە نییەو ئەگەر زەرەری نەبێ قازانجێکی تێدا نابێ؟
ئەرکی حیزبێکی سێکولار یاخود چەپ نە تەنیا دوورکردنەوەی خۆ لە مەسایلی ئایینی بەڵکوو یاریدەدان بە ڕەوتی پەرەسەندنی زانستو ڕۆشنبیریی لە کۆمەڵگا، هەروەها جیاکردنەوەی ئایینو شەریعەت لە سیاسهت و دهوڵهت له سیستێمی پەروەردەیه. حیزبێک کە لە بەرنامەکەیدا باس لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و سێکولار دەکا، بۆچی دەبێ وەکو حێزبێکی ئایینی لەگەڵ جێژنە ئایینییەکان یاخود کارەساتە مەزهەبییەکان هەلسوکەوت بکا. ئەم حیزبانە باشترە ئەم کارانە بۆ عولەمای ئایینی، مزگەوت، کلیسا، جەمخانەو کەنیسەکان دانێنو لاپەرەی گۆڤارەکانیان بە بابەتی زانستیی، کۆمەڵایەتیی - ئابووریی و بەکەڵک پڕ کەنەوە نە پیرۆزباییو سەرخۆشیی.
|