٢٨\١٢\٢٠١٩
حیزبی
بەلشەفی لە دەسەڵاتدا چۆن دەگۆڕێ؟
- لە دیکتاتۆری حیزبیەوە بۆ دیکتاتۆری ناو حیزب
-

ئاسۆ کەمال
لەدوای شۆڕشی شوباتی ١٩١٧ وە لەکاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، شوراکان و
کۆمیتە کارگە و کۆمیتەی شۆڕشگێڕی سەربازان و جوتیاران لە سەرتاپای
وڵاتدا دروست دەبن و جێگا بە دەسەڵاتی حکومەتی بورژوازی کاتی و سوپای
پیشەیی لێژدەکەن. بەلشەفیەکان ئەم ڕەوتە شۆڕشگێڕانەیە بەرەو دەسەڵات
دەبەن و لە نێو ئەو ئۆرگانە جەماوەریە شۆڕشگێڕانە تازانەدا زۆرایەتی
بەدەست دێنن. کەچی لە کاتی دەسەڵاتگرتندا لەجیاتی فراوانکردنەوەی
ڕیزەکانی حیزب ،تاھەموو ئەم ھێزە شۆڕشگێڕەی چینی کرێکار بگرێتە خۆی، بە
پێچەوانەوە دەست دەکەن بە پرۆسەی پاکسازی و دەرکردن لە ناو حیزبدا و
دواتر قەدەغەکردنی فراکسیۆنەکانی جیاواز لەخەتی دەستەی ڕابەری و
دواتریش نەھێشتنی دەوری کۆمیتەی کۆنترۆڵی کرێکاری و دانانی تاک
بەڕێوەبەری لە کارگە و پاشکۆیەتی سەندیکا کرێکاریەکان بۆ حیزب و
لابردنی سیستەمی ھەڵبژاردن لە ناو سوپا و گێڕانەوەی پۆست و پلەداریە
سەربازیەکان.
ئەم گۆڕانکاریانە بۆچی ڕوودەدەن و سەرچاوەکەی چیە؟ بۆچی حیزبێکی
شۆڕشگێڕی کرێکاری لە جیاتی کۆکردنەوەی سەرجەم ھێزی چینەکە خەریکی
خۆجیاکردنەوەیەتی لەبەشێکی زۆری ئەو ھێزەی شۆڕشی دروستکردوە؟
لە بەشی پێشودا لەسەر مۆدیلی سیاسی دەسەڵات لای بەلشەفیزم وتمان، کە
ئەم مۆدێلە دیکتاتۆریەتی حیزبە لەجێگای دیکتاتۆری چینی پرۆلیتاریا.
کەواتە حیزب دەبێ شەرعیەت بدا بەوەی کە ئەو لە جێگای چینی کرێکار مافی
حوکم کردنی ھەیە. ئەمەش ناکرێ بەبێ لێسەندنەوەی ماف لە چینەکە خۆی و
ڕەوایەتدان بە نوێنەرایەتی حیزب و ڕیگری کردن لە ھەموو ئەو بەشانەی تری
چینەکە کە ئەم نوێنەرایەتیە قبوڵ ناکەن. ئەگەر وا نەبێ ناتوانرێ
دیکتاتۆریەتی حیزب وەک دەسەڵاتی کەمایەتیەک پیادەبکرێ. ھەربۆیە ئەم
پرۆسەیەی سەپاندنی مافی نوێنەرایەتیەی کەمایەتی حیزب، دەبێ چ لەناو
حیزبی بەلشەفی کرێکاریدا و چ لەکۆمەڵگەدا، وەک نوێنەرایەتی تاقانە خۆی
بسەپێنێ. ھەڵبژاردنی ئەم نوێنەرایەتی ھیچ لەم ڕاستیە ناگۆڕێ،چونکە
بورژوازیش بە ڕیگەی ھەڵبژاردن دێتە سەرکار بەڵام دەسەڵاتی کەمایەتیەکە
بەسەر کۆمەڵگەدا.مەسەلەی بنەڕەتی لە کۆمۆنیزمدا بریتیە لە بەشداری
ھەموو چینی کرێکار لە دەسەڵاتی سیاسی و لە بەشداری ئازادانە لە
بەرھەمھێنانی ژیانێکی ئازاد و یەکساندا نەک ھەڵبژاردنی نوێنەرانێک کە
لە جیاتی ئەوان حوکم بکا. ئەمە بنەمای سیستەمێکی نوێیە کە جیاوازە لە
سیستەمی دەسەڵاتدارێتی کەمینە جا چ لەڕیگای ھەڵبژاردنەوە بێ یان
دیکتاتۆری ڕاستەوخۆ.
با بزانین چۆن ئەم پرۆسەیە لەناو حیزبی کرێکاری بەلشەفیدا دەچێتە
پێشەوە کە نوخبەیەک دەبنە ھەموو کارەی حیزبەکە و کرێکاران لەم حیزبەدا
دەکرێنە پاشکۆ ئەم نوخبەیە؟
کێشە ناوخۆیەکانی حیزب سەبارەت بە دەوری چینی کرێکار لەدەسەڵاتدا و
پرۆسەی بەلاوە خستنی دەوری ئەم چینە لە ئیدارە و بەڕیوەبردن و دەوڵەتدا
دەگاتە ئاستی دروستبونی دوو فراکسیۆنی ناڕەسمی؛ "ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری" و
"ناوەندی دیموکراسی". بەڵام لە کۆنگرەی دەیەمدا بە پێشنیاری لینین
بڕیارنامەیەک دەردەکرێ کە " کۆنگرە کۆمیتەی ناوەندی ڕادەسپێرێ کە
ھەرجۆرە فراکسیۆن بازیەک پاکتاوبکا ، وبەم پێیە کۆنگرە ھەموو ئەو
گروپانەی لەسەربنەمای پلاتفۆرمی جۆراوجۆر دروست
بوون(لەچەشنی"ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری" و "ناوەندی دیموکراسی" و ئەوانی
تر)بەبێ جیاوازی ھەڵوەشانەوەیان ڕادەگەیەنێ و کەسانێک سەرپێچی ئەم
بڕیارە بکەن بێ ئەملاولا لە حیزب دەردەکرێن."١
دەرکردنەکانیش دەبێتە شەپۆلێکی بەرفراوان لە ناو حیزبدا کە ھەموو
ئاستەکانی حیزب دەگرێتەوە. لە کاتێکدا حیزب لە کاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەری
١٩١٧ ژمارەی ئەندامەکانی لە ٢٥ ھەزارەوە بو بە ٧٠٠ ھەزار ، ئەم شەپۆلی
دەرکردنە لە ١٩٢١ کەدەستی پێکرد لە ١٩٢٤دا نیوەی ئەم ژمارەیە لە
ئەندامی حیزب مایەوە کە تەنیا ٣٥٠ ھەزاربوون.٢
٢٢کەسی ناڕازی فراکسیۆنی "ئۆپۆزسێۆنی کرێکاری و ٢ لیدەرلە ٥ کەسیان کە
لە ناو ڕابەری حیزبدا دەبن دەردەکرێن.٣ بڕیاری دەرکردنی کۆمیتەی
ناوەندی ئاسان کاری بۆ دەکرێ.
''دەرکردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیش لەڕیگەی پلنۆمی کۆمیتەی ناوەندی
بە بانگێشتی ھەموو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی کۆمیسیۆنی
پشکنین.ئەگەر دوولەسەر سێی ئەو کۆبونەوەیەی بەرپرسترین ڕابەرانی حیزبی
تێدایە بڕیاری دەرکردن یان ھێنانەخوارەوەی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیان
بۆ قۆناغی یەدەکی کۆمیتەی ناوەندی دا، ئەوا بڕیارەکە جێ بەجێ دەکرێ."٤
لینین بۆ دیفاع لەم سیاسەتی پاکسازیە لە وتاری "دەربارەی پاکسازی حیزب"
دەڵێ " پاکسازی حیزب وادەردەکەوێ کارێکی زۆر پڕبایەخ بێت. لەوانە بەھۆی
ئابوری نوێ وە (NEP) کە پێویستی زیاتر بە
زیادکردنی توانای بەرھەمھێنەری کار و دیسپلینی کار ، وە یاخود بۆ
دەرکردنی ئەوانەی خەڵک بە بیرۆکراتیان دەزانێ و بە نیاز وھەڵپەی پلە
خۆیان بەحیزبەوە نوساندوە، ھەروەھا بەھۆی ئەوەی ١٩١٨-١٩٢١ مەنشەفیەکان
بونەتە ڕەوتێکی زاڵ لە نێو چینی کرێکاردا. پاکسازی حیزب لەو ٪٩٩ لەو
مەنشەفیکانەی دوای ١٩١٨ چونەتە ناوحیزب."٥
ئەم قسانەی لینین نیشانی دەدا کە حیزب جێگای ھەموو شتێکی گرتۆتەوە و
ئابوری و خەباتی چینی کرێکار ھەمووی بەدەوری حیزبدا چڕبۆتەوە و
کۆمەڵگەیەکی حیزبی دروستکراوە کە لەجێگای چینی کرێکار کاردەکا و
ھەروەھا ژیانی سیاسی کورتکراوەتەوە لە پەیڕەوکردنی خەتی ڕەسمی حیزبدا.
دەبینین ئەگەر حیزب پێویستی بە "زیادکردنی توانای بەرھەمھێنەری کار و
دیسپلینی کار"ە، ئەوا دەبێ ئەندامەکانی بەم شیوەیە لە بەرھەمھێناندا
گوێڕایەڵی حیزب بکەن . ئەمە مۆدیلی سۆشیالیزمێکە حیزب ودەوڵەت خاوەنی
کۆمەڵگەن و ئەوان دیسپلینی کار دیاری دەکەن. بەڵام بەشداری کرێکاران لە
بەرھەمھێناندا بەپێی دەستوری حیزب لە ناوەرۆکدا جیاوازە بە سیستەمی
کۆمۆنیستی بەرھەمھێنان کە لەسەر خواستی بەشداری ئازادانە و وشیارانەی
ھەموانە. بەپێچەوانەوە ھیچ پاسەوانێکی حیزبی ناتوانێ دەستوەرداتە ناو
بەشداری ئینسانەکان لە بەرھەمھێنانی ژیانی خۆیاندا لە سیستەمی
کۆمۆنیستی بەرھەمھێناندا. لێرەدا پێچەوانە بۆتەوە کە ھێزێکی حیزبی
دیاری دەکا کە دەبێ کرێکاران چەند توانای بەرھەمھێنان و سەعاتی
کارکردنیان زیاد بکەن و چۆن وەک سوپایەک پابەندبن بە دیسپلینی
خاوەنکارێکەوە کە ناوی حیزبە.
ھاوکات حیزب لێرەدا بوەتە کۆمپانیا و خاوەنی داھات و ھۆیەکانی
بەرھەمھێنان و سەرچاوەکانی بژێوی، ھەربۆیە بوەتە شوێنێک بۆ گەیشتن بە
پلەوپۆست و بیرۆکراتیزمی حیزب سەرچاوەی دروستبونی توێژو چینی وەزیر و
کاربەدەستەکانە.لێرەدایە کە ناکۆکی دیکتاتۆریەتی حیزب و دیکتاتۆریەتی
پرۆلیتاریا بەزەقی دەردەکەوێ. ئەگەر ھۆیەکانی بەرھەمھێنان و گواستنەوە
بکرێتە موڵکی دەوڵەت و دەوڵەتیش موڵکی حیزب بێت یان لەژێر سایەی
دیکتاتۆریەتی حیزبدا بێت ، ئەوا بێگومان حیزب دەبێتە ئەو شوێنەی کە
پۆستەکانی و ئیمتیازاتەکانی بۆ ئەندامانی حیزب دەبێ و حیزب جێگای چینی
دەسەڵاتداری پێشوو دەگرێتەوە وەک خاوەنی ھۆیەکانی بەرھەمھێنان. ئەم
سۆشیالیزمە دەوڵەتیەش دەبێتە سەرچاوەی دروستکردنی جیاوازی چینایەتی
بەپێی خاوەندارێتی حیزبی بۆ ھۆیەکانی بەرھەمھێنان . پەیوەندی
بەرھەمھێنایش لەژێر سایەی سیستەمی پلەوپایەی حیزبیدا بریتی دەبێ لە
کاری کرێ گرتەیی کرێکاران بۆ حیزبی خاوەندارانی ھۆیەکانی بەرھەمھێنان و
دەوڵەتی دیتکاتۆری ئەو حیزبە. ئەمە سەرچاوەی دەرکەوتنی ئەو
بیرۆکراتانەی حیزبە کە خەڵک لێیان بێزارە و وەک لینین دەڵێ" بڕیاری
پاکتاوکردنی حیزب"! لەمانە دەدا. بەڵام بێگومان وەک بینیمان
بەدەرکردنیان نەک کێشەی بیرۆکراتیزم لە سۆڤیەت چارەسەرنەکرا، بەڵکو
حیزب و دەوڵەت بەبێ ئەم بیرۆکراتیزمە نەیاندەتوانی حوکم بکەن،
لەبەرئەوەی ئەوان نەسیجی کۆمەڵایەتی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بوون،
سۆشیالیزم لەسەرەوە.
ھاوکات بیانویەکی تری ئەم پاکتاوکردنە نیشانی دەدا کە ،ھەر ئەندامێک
ھاتە ناو حیزب و ڕای جیاوازی ھەبوو ئەوا دەبێ بەناوی مەنشەفیک و سۆشیال
شۆڕشگێڕەوە دەربکرێ. تەنانەت پاکتاوکردن بۆ ئەوەیە کە "ئەوەی ١٩١٨-١٩٢١
مەنشەفیەکان بونەتە ڕەوتێکی زاڵ لە نێو چینی کرێکاردا. پاکسازی حیزب
لەو ٪٩٩ لەو مەنشەفیکانەی دوای ١٩١٨ چونەتە ناوحیزب". ئایا ئەگەر بەشێک
لە کرێکاران خۆیان بە مەنشەفی یان ھەر ڕەوتێکی تری سیاسی بزانن و لەناو
چینی کرێکاریشدا زاڵ بن ، پێویستە حیزبی کرێکاری ئەمانە بگرێتەخۆ و
بەشداریان پێ بکا لە دەسەڵات و بەڕیوەبردن و خەبات دژی بورژوازیدا
یاخود دەبێ ھەموویان دەربکرێن و حیزب لە تەنھا خەت و گروپێکدا
بمێنێتەوە کە خۆیان بە نوێنەری کرێکاران دەزانن و ٩٩٪ ئەوانی تر دەربکا
بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمانەش بەشێکی گرنگن لە چینی کرێکار؟
مەسەلەیەکی تری ناوحیزب کێشە لەسەر دەسەڵاتی کۆمیتەکانی کارگە و
سەندیکا کرێکاریەکانە. لە کۆنگرەی ١٠ ی حیزبی بەلشەفی گروپی "ئۆپۆزسیۆنی
کرێکاری" ناو حیزبی بەلشەفی کە پێداگری لە مادەیەکی بەرنامەی حیزب
سەبارەت بە دەسەڵاتی سەندیکا و شورا کرێکاریەکان دەکەن لە بەڕیوەبردنی
ئابوریدا بە "مەنشەویک" و "وردە بورژوازی" دەناسێنن. لینین "بۆچونەکانیان
بە"خەتەری سیاسی ڕاستەوخۆ بۆسەر بونی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و "کۆمەک
بە دوژمنانی چینایەتی شۆڕشی پرۆلیتاریا دەکەن" دەناسینێ و دەڵێ "دەبێ
ڕیگەی خەبات و پاکردنەوەش لەدژی بگیرێتە بەر و ئەم "تەبلیغاتانە لەگەڵ
ئەندامەتی لە حیزبدا ناھاوئاھەنگە."٦
بێگومان پاکتاوکردنی ئەمانە نمونەیەکە لە دیکتاتۆریەتی حیزبی. حیزب
چیتر ئەو ئامڕازە نابێت کە سەرجەم ئەم چینە بە ھەموو جیاوازیەکانیەوە
بەرەو بەشداری سیاسی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئیدارە و ژیانی سیاسیدا
دەبا، بەڵکو سێکتێکی دیاریکراو و نوخبەیەکی سیاسیە کە حیزب دەکاتە
ئامڕازی بردنە سەرەوەی دیسپلین لە بەرھەمھێناندا و نەھێشتنی دەنگی
جیاوازی سیاسی لەم دامەزراوە سیاسیەدا.
لێرەوە دەردەکەوێ کە حیزب لە جیاتی بزوێنەری شۆڕشی کرێکاران بێت بەسەر
دامودەزگا و شێوازی بەڕیوەبردنی کۆندا ، خۆی دەبێتە دەزگایەکی بیرۆکرات
و جێگایەک کە دەسەڵات و دەوڵەت لە پێناو بەرژەوەندی ئەندام و
بەرپرسەکانیدا بەکاردێت. بڕیاربوو کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر مۆدیلێکی نوێ لە
کۆمەڵگە بێنێتە ئارا کە ئیمتیازاتی ھەموو چینەکان لەناوبەرێت و
کۆمەڵگەی چینایەتی لەناوبەرێ، نەک حیزب و کەمایەتیەکی تر بەناوی
کرێکارانەوە بکاتە خاوەنی ئیمتیازی دەوڵەت.
ئێمە دوای بەشی بەرنامەی ئابوری بەلشەفیەکان دەچینەوە سەر ناوەرۆکی ئەم
کێشەیە، کە ئایا دەسەڵاتی کارگە دەبێ لەدەست کۆمیەکانی کارگە و
سەندیکادا بێ یان تاک بەڕیوەبرێکی حیزبی یان سەرمایەدارێک؟ بەڵام
لێرەدا کە پەیوەندی بە ئازادی و پاکتاوکردنی ناو حیزبەوە ھەیە پیویستە
ئەم بڕیارەی لینین لە کۆنگرەی ١٠دا بە بەڵگەیەک لەسەر مۆدیلی حیزبی
سۆشیالیزمی دەوڵەتی بزانین کە تەنانەت توانای قبوڵکردنی کرێکارانێکی
نیە کە ڕایەکی جیاوازیان ھەبی ، مەنشەفیک بن یان ھەر شتێکی تر. ئەمەش
سەرچاوەی ئەو سێکتاریزمەیە کە مۆدیلی بەلشەفی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا
دروستی کرد و بوە مایەی دروستکردنی ئەو جۆرە حیزبانەی کە لەدەسەڵاتدا
دیکتاتۆری تاک حیزبیان پەیڕەو دەکرد و بۆ ھەمیشەش سونەت و نەریتی
جیابونەوە سێکتاریستیەکانیان لە ئاستی ئەنتەرناسیونالیزم و لە نێو
بزوتنەوەی کۆمۆنیستی وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا چاند و تا ئێستاش نەریتێکە
درێژەی ھەیە.
بەکورتی ئەم ئەزمەی پاکتاوکردنەی حیزب ڕەوتی شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و
گەڕانەوەی سیستەمی سیاسی حوکمی کەمایەتی کۆن نیشان دەدا. بیرۆکراتیزم
لەم جیابونەوەی حیزبی بەلشەفی لە چینی کرێکارەوە دێت نەک ھۆکاری
جیابونەوەکە وەک دەڵێن تەنیا بیرۆکراتیزمی ستالینی بێت. ئەم نەخۆشی
بیرۆکراتیزمە خۆی ئەنجامی جیابونەوەی حیزب و دەزگاکانی دەسەڵاتە لە
جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و سەرلەنوێ دروستبونەوەی بنەماکانی
دەسەڵاتدارێتی کەمایەتیە بەسەر زۆربەی کۆمەڵگەدا.
بێگومان جگە لە پاکتاوکردنی ڕیزەکانی حیزب ،ھاوکات سەرکوتی نەیارانی
سیاسی بەڕێوەبرا و بەتایبەت ئەو ھێزانەی نێو چینی کرێکار و جوتیاران کە
پێشتر دەوریان لە دروستکردنی شوراکان و سەندیکا و کۆمیتەکانی کارگە و
سەربازاندا ھەبوو . بەمەش دیکتاتۆریەتی تاک حیزبی جێگای دیکتاتۆریەتی
چینەکەی گرتەوە و ئازادیە سیاسەکان و کۆمەڵگەی سیاسی نوێ بەرەو
ئاوابوون چوون.
نمونە زۆرن لەوەی چۆن نەک لە ناو حیزب بەڵکو لەدەرەوەی حیزبیش ڕیگە بە
کۆبونەوەی دەنگی جیاوازی سیاسی نەدراوە و تەنانەت ھەرچی کرێکارانی ناو
سەندیکاکانیشە بەناوی مەنشەفیکەوە وەک خەتەری جدی بۆسەر شۆڕش دانراون.
" ئێمە مەنشەفیک و ئێس ئارەکان(سۆشیال شۆڕشگێڕ) ، ئەوانەی کە ئاشکران و
ئەوانەی کە بە سەرپۆشی "ناحیزبی" داپۆشیوە ، لە زیندان ڕادەگرین." ٧
دواتریش ئەم دەرکردنەی ھەڵسوڕاوانی سیاسی لە سۆڤیەت ئیتر دەبێتە بەشێک
لە سیستەمی سەرکوتی سیاسی.
لە کۆنگرەی ١١ ەوە کاتێک ستالین وەک سکرتێری حیزب دیاری دەکرێ و بەمەش
پرۆسەی چڕبونەوەی دەسەڵات لە دەست دەزگاکانی حیزبی تاقانە و تاکە
سەرکردەدا زیاتر دەردەکەوێ."ئەم پۆستە گرنگ نابێ تەنیا لەگەڵ بەھێزبونی
جێگای بیرۆکراتیزمدا و کۆنترۆڵی پەیکەرەی ھەرەمی حیزبی لەلایەن سەرەوە
نەبێ."٨
دواتر پۆستەکانی تریش لەلایەن حیزبەوە بەھەمان شێوە گرنگی پەیدا دەکا"
لە ساڵی ١٩٢٣ تەنیا ٢٩٪ بەڕیوەبەرانی کارگەکان لە حیزبدابون، لە ١٩٢٥
بوبە ٧٣.٧٪ ئەندامانی ئیدارەی یەکیتیە مۆنۆپۆلیەکان،و ٨١.٥٪ لە
ئەندامانی یەکێتی سەرمایەکان و ٩٥٪ بەڕیوەبەری پرۆژە گەورەکان ئەندامی
حیزب بوون . لە سوپاشدا سەرۆکەکانی سوپای سور لە ساڵی ١٩٢٠ ١٠.٥٪
ئەندامی حیزب بون، و لەساڵی ١٩٢٤ بوبە ٣٠.٦ ٪ لە ١٩٢٩ بو بە ٥١.٥٪ و لە
١٩٣١بو بە ٧١.٨٪ وە ئێستا بێگومان ھەموو ئەندامی حیزبن."٩
لینین ،کە تازە چاک بوەتەوە دوای سەکتەی مێشکی جاری یەکەمی، دەبینێ ئەم
پرۆسەی دیکتاتۆریەتی حیزبیە گەیشتۆتە ئاستی گەشەی "بیرۆکراتی لە ناو
دەوڵەت و حیزبدا و بەڕاستی لە شەخسیەتی ستالین بێ باوەڕ دەبێ کە
دەسەڵات و ئۆتۆریتەی مەکتەبی ستالین دەبینێ لە حیزبدا.بەڵام ئەم پرۆسەی
بیرۆکراتی بونی حیزب و دەوڵەت گەیشتۆتە قۆناغێک کە لینین ھیچ کارێکی
بەرامبەرپێنەکراوە. لینین لە وەسێتنامەکەیدا دەیەوێ حیزب لەم مەترسیانە
ئاگاداربکاتەوە بەڵام دەستەی ڕابەری ،کە لەلایەن لینینەوە ڕەخنەیان
لێگیراوە ڕێگە نادەن کە وەسێتنامەکەی لینین لە کۆنگرەی دوای مەرگی
لینیندا بخوێنرێتەوە، سەرەڕای ناڕەزایەتی کرۆبسکایای ھاوسەری بەم
بڕیارەی ڕابەری حیزب.
ئاڵوگۆڕەکانی دوای مەرگی لینین زۆر فراوانتر و مەترسیدارترە کە ستالین
کۆنترۆڵ و سانسۆری ھەموو دەزگاکانی حیزب دەکا و مۆدیلی سۆڤیەت لە
دیکتاتۆری حیزبیەوە بەرەو دیکتاتۆری فەردی ستالینی دەبا کە وەکو
سکرتێری گشتی ٣٠ ساڵ لەم پۆستەدا دەمێنێتەوە و ٣لەسەر ٤ی ئەندامانی
ڕابەری حیزب بە ناوی "دوژمنانی گەل" لە نێو کۆنگرەی ١٧و ١٨دا دەردەکرێن
و لە سێدارە دەدرێن ١٠. لێرەدا پیویست بە دوبارەکردنەوەی باسی گەشەی
ئەم مۆدیلە حیزبیە ناکا، چونکە ھەرکام لە ترۆتسکی و تۆنی کلێف و ئی ھێچ
کار و ئەوانی تر لە نوسینەکانیاندا وردودرشتی ئەم دەورەیان باسکردوە.
بەڵام پیویستە کە ئەم دەورەیە لە ژیانی حیزبی بەلشەفی لە سایەی
ستالیندا بە لێکدانەوە لەسەر دەوری ئەم حیزبە لە ژیانی سیاسی و ئابوری
چینی کرێکاردا ھەڵسەنگێنین ،نەک دەوری شەیتانی شەخسیەتێک لە مێژوودا.
مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی ئەو جۆرە لە حیزب و دەوڵەت و ئابوری دروست
دەکا کە سەرمایەداری دەوڵەتی پێویستیەتی و دەوری تاکەکان لەم پرۆسەیەدا
ھەرچەند گرنگە بەڵام تەنیا ھۆکار نیە و بەڵکو خۆی بەشێکە لە بەرھەمی
ئەو پرۆسە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەیە کە خەباتی چینایەتی دەچێتە
پێشەوە.
ترۆتسکی سەرەڕای ڕەخنە دروستەکانی لە بیرۆکراتیزمی ستالینی، بەڵام ئەو
ئەم بیرۆکراتیزمە وەک بەشێک لە پرۆسەیەک نابینێ کە مۆدیلی سۆشیالیزمی
دەوڵەتی و دیکتاتۆری حیزبی دروستکردوە و خۆی و لینینیش بەشداربون
تیایدا. ترۆتسکی خۆی وەکو بەشدارێکی ئەم سیاسەتانەی کۆنگرەی ١٠ ی حیزب
لەپاڵ لینیدا ، ئەوکات لە کۆنگرەدا دەیوت کە ؛ "ئێمە شورای نوێنەرانی
خەڵکمان ھەیە، بەڵام کاری ئەوانیش دەبێ لەژێر کۆنترۆڵدا بێت. بەڵام
کۆنترۆڵ لەلایەن چ مەرجەعێک؟ کۆنترۆڵی چینی کرێکار وەک جەماوەرێکی بێ
شکڵ و شمایل؟نا.کۆمیتەی ناوەندی حیزب دەبێ سەبارەت بەم
مەسەلەیە(ڕیکەوتنی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی پۆلەندە)دا بانگ بکرێ تا
سەبارەت بەم مەسەلەیە باس بکا و بڕیار دەرکا و وەلامێکی پیویست
بداتەوە..ھەمان شێوە لەمەسەلەکانی تریشدا بەکاردێنین؛لە کشتوکاڵ،
کۆکردنەوەی پیداویستی(تدارک)ولەھەموو مەیدانەکانی تردا."١١
ترۆتسکی لە ھێرش بۆسەر "ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری"لە دەیەمین کۆنگرەی حیزبدا
دەڵێ"ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری بە دروشمی مەترسیدارەوە ھاتوتە مەیدان. بتی لە
بنەما دیموکراتیەکان دروستکردوە و مافی کرێکارانی لەھەڵبژاردنی
نوێنەراندا خستۆتە سەروو حیزبەوە.بە شیوەیەک کە حیزب نابێ دیکتاتۆری
خۆی پیادەبکا، تەنانەت ئەگەر ئەو دیکتاتۆریە بەشێوەیەکی کاتی ناکۆک بێت
بە دیموکراسی کرێکاری ."١٢
بەھەمان شیوە ترۆتسکی پشتیوانی لە مافی کاتی حکومەتی کرێکاری
کرد"ئەسپارتای پرۆلیتیری" لەپێناو سەربازگیری و میلیتاریزەکردنی کار
وەک ئامڕازی توندوتۆڵی کارکردن."١٣
ئەمە سیاسەتی ڕەسمی حیزبی بەلشەفی بوە کە لە کۆنگرەی ١٠ دا لینین و
ترۆتسکی لە پێش ھەموانەوەبوون و پاساوی کاتی بونی ئەم سیاسەتانەی ،کە
حیزب لە چینی کرێکار و دیموکراسی شورایی و کرێکاری جیادەکاتەوە ،ناتوانێ
بەھۆی" پێویستی کاتی شەڕ" ھیچ لەو ئەنجامە بگۆڕێ کە ئەمانە سیاسەتێک
بوون حیزبی بەلشەفیان لە حیزبی شۆڕشی کۆمۆنیستیەوە گۆڕی بۆ حیزبی
بیرۆکراتی سۆشیالیزمی دەوڵەتی.
کەواتە مەسەلەکە دەرکەوتنی شەخسیەتێکی دیکتاتۆری وەک ستالین نەبوە کە
شۆڕشی بەرەو شکست برد. بەڵکو خودی دەرکەوتنی ستالین و سەرکەوتنی ڕەوتی
ستالیسنیستی بەرھەمی ئەو مۆدێلە سۆشیالیزمە دەوڵەتیە بوو کە بەلشەفیزم
نوێنەرایەتی دەکرد و وەک مۆدێلێکی سیاسی وحیزبی و ئابوری پیادەی کرد.
سیستەمی دیکتاتۆریەتی حیزبی لەکۆمەڵگەدا بێگومان پێویستی بە حیزبێکە کە
میکانیزمی کارکردنی ناوخۆشی دیکتاتۆریانە بێ. واتە حیزبێک کە کۆمەڵگە
لەسەر بنەمای دەسەڵاتدارێتی کەمایەتیەک بەڕیوەببا، پێویستی بە
دەزگایەکی حیزبیشە کە دەسەڵات و ئیمتیازاتی نوخبەیەکی ناوخۆی حیزب
دابین بکا، بەم پێیەش بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیان
لە ڕێگەی ئەو حکومەتە کەمایەتیەوە دابین دەبێ. بە پێچەوانەوە حیزبێک کە
سیستەمی سیاسی کۆمەڵگە دەگۆڕێ بە سیستەمێکی بەشداری ڕاستەوخۆی ھەموو
ھاوڵاتیان ئیتر ئیمتیازاتێکی چینایەتی نامێنێتەوە بیپارێزێ و ھەربۆیە
میکانیزمی کارکردنی ناوخۆی بریتی دەبێ لە فراوانکردنەوەی بەشداری
ڕاستەوخۆی ئەندامانی لە گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ئیدارەی حیزب و
کۆمەڵگەدا. حیزب پێویستی بە بەشداری ھەموو فراکسیۆن و بەشە جیاوازەکانی
چینەکەیە لە ئیدارە و دانانی نەخشە و ھەڵبژاردنی نوێنەرانی پۆستە
حیزبیەکان ، ھەربەو شێوەیەی شوراکان دەیکەن . بەم پێیەش لابردنی
بەرپرسە حیزبیەکان کارێکی ئاسانی ئەندامان دەبێ و وەرگرتنی پۆستە
حیزبیەکان ھیچ ئیمتیازاتێکی سیاسی و مادی نابێ و ئیتر حیزب بریتی نابێ
لە گروپێکی ڕابەری نەگۆڕ. ھەربۆیە ئازادی سیاسی و ڕادەربڕین و فراکسیۆن
و گروپی جیاجیای ناوحیزب دەبێتە مافێکی سادە و میکانیزمی جێبەجێکردنیشی
دڵخوازانە و خود وشیاری و خود چالاکانە دەبێ.
لە پرۆسەی سەپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی حیزبی بەلشەفیدا ئەم
ناکۆکیانە دەردەکەون لە نێوان مۆدیلی حیزبێکی کرێکاری کە دەیەوێ ھەموو
چینەکە بەدەوری ئامانجی شۆڕش لە سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی
زاڵدا دروست بکا ، لەگەڵ حیزبێکی بیرۆکراتیدا دەبینین کە دەیەوێ لە
ڕێگای نوخبەیەکەوە مۆدێلێک لە سۆشیالیزم پیادە بکا کە ناکۆکە بە
بەشداری زۆربە لەدەسەڵاتدا و دەوڵەت و ئۆرگانەکانی و نەخشەکانی دەکاتە
ئیمتیازی کەمایەتیەکی حیزبی.
حیزب لەڕەوتێکی شۆڕشگێڕانەوە کە دەیەوێ "ھەموو چینەکەوە" لەناو خۆیدا
یەکگرتوو بکا و مانای واقعی دەدا بە حیزبی چینی کرێکار و ئەم مۆدێلە
زۆرجیاوازە لەو حیزبە بەلشەفیەی کە تەنیا یەک بەش و یەک دەستە و یەک
خەت نوێنەرایەتی دەکا و خۆی لە ھەموو بەشەکانی تری چینەکە لەناو
حیزبیشدا جیادەکاتەوە و حیزب لە ھەموو گروپ و بۆچونە جیاوازەکان بە
خەتی ڕابەری پاک دەکاتەوە.
لەم بەشانەی مۆدیلی سیاسی و حیزبی بەلشەفی لە دەسەڵاتدا نیشانماندا کە
چۆن شکستی ئۆکتۆبەر پێش ھەر ناڕۆشنیەکی ئابوری و بەرنامەیەکی ئابوری،
بریتی بوە لە شکستی مۆدیلی بەلشەفیزم لە دەخاڵەت پێدانی کرێکاران لە
سیاسەت و ئیدارەی کۆمەڵگەدا و بەکارھێنانی ئامڕازی حیزب بۆ شۆڕشکردن
بەسەر میراتی سیستەمی حوکمی کەمایەتیدا. بەڵام بەبێ تێگەیشتن لە
چۆنیەتی شۆڕش بەسەر سیستەمی ئابوری سەرمایەداریشدا ناتوانین لە
ھۆکارێکی تری سەرەکی شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەر تێبگەین. ھەربۆیە
ڕەخنەکەمان دەبێ بچێتە سەر بنەما ئابوریەکانی ئەم مۆدێلە و پەیوەندی
لەگەڵ چینی کرێکاردا. لێرەدا دوای باسی مۆدیلی سیاسی حیزب دەچینە سەر
مۆدیلی ئابوری حیزب، کە تەواوکەری ئەو سیستەمەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی یان
سەرمایەداری دەوڵەتیە. دوای ناسینی ئەم مۆدیلە سیاسی و ئابوریە لە
کۆتاییدا دەچینەوە سەر چۆنیەتی جیابونەوەی حیزبی بەلشەفی لە چینی
کرێکار و لە شۆڕشی سۆشیالیستی ئەم چینە بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری.
_____________________________________
سەرچاوەکان:
١- لینین، پرۆژەی سەرەتایی بڕیارنامەی کۆنگرەی
دەیەمی حیزب سەبارەت بەلادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لەحیزبدا،ساڵی
١٩٢١، ل ٧٩٠-٧٨٩، فارسی، منتخب اپار.
٢- ئی ھێچ کار ،ل ٦٨-٦٩ ، شۆڕشی ڕوسیە، لە لینینەوە تا ستالین،بە
ئینگلیزی.
٣- ھەمان سەرچاوە
٤- لینین، ل ،٧٩٠ پرۆژەی سەرەتایی بڕیارنامەی کۆنگرەی دەیەمی حیزب
سەبارەت بەلادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لەحیزبدا،ساڵی ١٩٢١، فارسی،
منتخب اپار.
٥- ل ٨٢١، لینین، فارسی، منتخب اپار.
www.marxists.org/archive/lenin/works/1921/sep/20.htm
٦- لینین، پرۆژەی سەرەتایی بڕیارنامەی کۆنگرەی
دەیەمی حیزب سەبارەت بەلادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لەحیزبدا، ل
٧٩٠-٧٩١، فارسی، منتخب اپار.
٧- ل ٨١٢، لینین، دەبارە مالیات جنسی، فارسی، منتخب اپار.
٨- تۆنی کلێف ،ل٧٠، سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیا، بەزمانی عەرەبی.
٩- ھەمان سەرچاوە، ل ٧١.
١٠- ھەمان سەرچاوە
١١- ئارنست ماندل، دەربارەی بیرۆکراسی، تیۆری "جێنشینی"، فارسی.
www.marxists.catbull.com/…/ma…/works/1973/boorokrasi.htm
١٢- ھەمان سەرچاوە.
١٣- ھەمان سەرچاوە.
ماڵپهڕی ئاسۆ کهمال
|