| 
			 
			١٥\٤\٢٠١٤ 
			
			(حیزب)ی دەمامک و 
			دەموچاوەکان. 
			
			
			  
			شوان عوسمان     
			 
			
			 
			لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی و بە تایبەتی لە (کوردستان)یشدا سیاسەت 
			بووەتە دەمامکێک و راستی دەموچاوە شاراوەکان دادەپۆشێت، (حیزب)یش خۆی 
			لەخۆی بۆتە دەمامکێکی گەورە بەسەر دەموچاوەکاندا دابەش دەبێت و کاڵای 
			بەقەد باڵا بە رادان دەدات و رووی راستەقینەی کەسەکان بزر دەکات، ئەوەی 
			بیەوێت لە (حیزب)ێک ئیش بکات دەبێت دەست لە کەسێتی خۆی هەڵگرێت و 
			خاوەنی کۆمەڵێک دەمامکی دەستکرد بێت تا بتوانێت ببێتە خاوەنی کۆمەلێک 
			دەموچاوی وەرگیراو ، بە هۆی ئەوانەوە دەتوانێت لە چەند بوار و بارێکی 
			نادیاردا رۆلێکی دیاری هەمەڕەنگ ببینێت، ئەوکات سەر لە دەوروبەری خۆی 
			تێک دەدات و بەمەش ئامانجی گەورە دێتە دی کە شتێک بکەی تا بزانن شتێکت 
			کردووە، ئەو کەسانە ناچارن تا پێگەیەک بۆ خۆیان بگرن بە گوێرەی خواست و 
			ئارەزووی (حیزب)ەوە دەموچاوی خۆیان دابتاشن و دەمامکی خۆیان دابدڕن و 
			کارەکتەریان بگۆڕن... 
			
			 
			هاوکات ئەوان دەبێت بە عەقلیەتی ئەمڕۆکەی سیاسەتی باوەوە رەفتار بکەن 
			ئەگینا دەموچاوی هەرزان زۆرن، یەکێکی دیکە هەر دەبێت جێگەی ئەوان 
			بگرێتەوە، هەروەها ئەوان دەبێت لە ناوەوە و دەرەوەی پێگەو پێکهاتەی 
			(حیزب) دا خاوەنی کۆمەڵێک دەمامک ودەموچاوی تایبەت بە خۆیان بن تا لە 
			ناوەوە و دەرەوەیاندا خۆیان بخەنە روو ، ئەوکات زۆر بە ئاسانی دەتوانن 
			لەگەل (سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ناوەند و جومگەکانی دەسەڵات و 
			ستراتیژی حیزب) هەروەها جەماوەری (حیزب) و هاوڵاتیان و نەیارانی 
			(حیزب)یش لە ئانوساتی خۆیدا دەموچاوی تایبەتی خۆیان دیاری بکەن... 
			
			 
			بۆیە دەتوانین ئەمڕۆکە (حیزب) بە ناوێکی دیکەوە ناوزەد بکەین، (حیزب)ی 
			دەموچاوە گۆڕاوەکان، چونکە لەیەک چرکەساتدا جۆرەها دەموچاو تەشریف دێنن 
			و تەشریف دەبەن هەروەها دەگۆڕێن، لەبڕی ئەوەی (حیزب) ببێتە مقەستێکی 
			تیژ بۆ بڕین و دادڕانی دەمامکەکان، دەبێتە دەمامکێکی گەورە بۆ شاردنەوە 
			و پۆشینی روخسار و رووکەشی راستەقینە و داپۆشینی بنچینەی قەلپ و 
			نارەسەنی ناوەوەی کەسەکان، بۆیە (حیزب) بۆتە کۆمپانیایەکی نیشتیمانیی 
			هاوردەکردنی دەموچاوی دەستکرد و ناسروشتی و خەسلەتی نادروست.. 
			
			 
			هەروەها ئەمڕۆکە لە بن هەر دەمامکێکی سیاسی تەنیا یەک دەموچاو و یەک 
			رەنگ و یەک دەنگ نابینرێت و نابیسترێت، بەڵکو بە گوێرەی پێویست و 
			بەرژەوەندی گەورە و کەس و کەسایەتیەکانی (حیزب) دەگۆڕێن و خۆیان 
			دەگۆڕن، ئەوە کارەساتە کە لە بن هەر دەمامکێک کۆمەڵە دەموچاوێکی 
			ناسەقامگیر و ناراستگۆ هەبێت، کە لە کاتوساتی ئەوان بیانەوێت ئەو خۆی 
			دەگۆڕێت دەگۆڕێت، ئەوسا ئەو کۆمەڵگایە دەبێتە جەنگەڵێک لە چەند روویی و 
			فرەکەسێتی نەخۆش لەیەک کەسدا، لەبڕی ژینگەیەک بێت و جێگەی ژیانی تێدا 
			ببێتەوە، دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ لە پێناو مانەوەدا، لەبن پێستی هەر مەڕێک 
			کۆمەڵە گورگێک خۆیان دەشارنەوە...  
			
			 
			ئەگەر هەر دەموچاوێک دەنگ و رەنگێکی جیاواز بدات، کەوابوو ئێمە لە هەر 
			چرکەساتێکدا رووبەرووی کۆمەڵێک دەنگ و رەنگ و دەموچاوی سیاسەتمەدارێکی 
			جیاواز دەبینەوە، کەوابوو چۆن بتوانین لەگەل ئەو هەموو دەمامک 
			ودەموچاوانە هەلسوکەوت بکەین، ئایا دەبێت ئێمەش ببینە خاوەنی کۆمەڵێک 
			دەمامک و دەموچاوی جیاواز یاخود کۆیلەی ئەو دەموچاوانە بین، ئەوکاتیش 
			خۆمان هیچ جیاوازیەکمان لەگەل ئەواندا نابێت، دەبێت ئێمە لە بەرامبەر 
			ئەو دەمامک و و دەموچاوی سیاسیانە بە ئاگا بین و خاوەنی هۆش و هزری 
			خۆمان بین، خۆشباوەڕ نەبین و باوەر بە هەموو شتێکیان نەکەین و گومان لە 
			هەموو قسە و گفت و بەلێن و بڕیارێکیان بکەین... 
			
			 
			ئەوکات ئەوان هەست دەکەن خۆیان رووبەرووی یەک کەس و یەک کەسێتی 
			نابنەوە، بەڵکو کەسانێکی شارەزا و لێزان و پڕ رەنگودەنگی هۆشمەندی 
			جیاواز کە لە زمانی هەموو رێنووس و فاریزە و خاڵ و پیتی قسەکانیان 
			دەگەن و هیچیان نامۆ نین پێیان، هەروەها بۆ ئەوەی هەمیشە ئەو ترسە لە 
			بەردەمیاندا قووت ببێتەوە، دەبێت دەست لە سۆز و ساویلکەیی خۆمان بەر 
			بدەین و هەمیشە لە ئامادەباشی بردنەوەی ئەو شەڕە سپیەدا دابین کە فەزای 
			(دیموکراتی) ئەنجامی دەدات، تا هەموو ئەو دەمامک و دەموچاوانە ئاشکرا 
			دەکەین و بۆ کۆمەڵگاش راستی ساغ دەبێتەوە، ئەوەش بێگومان ئەرک و کاری 
			رۆشنبیر و بیرمەندەکانی کۆمەڵگایە کە نابێت ببن بە قوربانی ئەوان و 
			بەرژەوەندیەکانی خۆیان، تا نەبن بە پردێک بۆ پەڕینەوەی ئەوان بۆ 
			ئەودیوی دونیای سەلامەت...  
			
			 
			٢٠١٤ - هۆلەندە 
			
			
			ماڵپهڕی 
			شوان عوسمان  
			
			  
			
			  
			
			  
			
			  
			 |