بۆ ئەو کێشانەیان بۆ دیموکراسیخوازان دروست کرد ؟ نامەیەک بۆ ئەو کەسانەى تائێستا لەکوردستاندا باوەڕیان بەخەباتی سیاسی ماوە.
ئەو گرفتانەى لەم دواییەدا بۆ حیزبی دیموکراسیخوازان دروستکرا زۆر قسەى لەسەر کرا، بەڵام ئەوەى تائێستا وتراوە تەنها ئەنجامی دەرکەوتنی کێشەکان بووە نەک ئەو هۆکارانەى کێشەکانی دروستکردووە.پێمان باش بوو بەم پەیامە کراوە هەندێک ڕاستی نەوتراوی ئەو کێشانە بخەینە پێشچاوی ڕاى گشتى کوردستان ،چونکە بەشێکی ئەو کێشانەى ئەمڕۆ بۆدیموکراسیخوازان دروست بووە تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندیدارە بەو گرفتانەى لەکوردستاندا بۆئازادیە سیاسیەکان دروست ئەکرێت،بەشێکی تریشى ئەو شێواوی و گەندەڵى و شڵەژانە نیشان ئەدات کەسیاسەت و ئەخلاقیاتی چالاکیە سیاسیەکان لەهەرێمی کوردستاندا گیرۆدەى بووە ، ئەگەر چی هەر لەسەرەتایشەوە نەبونی هاودەرفەتی ( تکافۆ الفرێە ) ی هێزەسیاسیەکان و ناعەدالەتی و نالەبارى ئەو دۆخە سیاسیە نیشان ئەدات کە ژیانی فرە حیزبی کوردستانى تیایە. ئێمە کەلەلاى خۆمانەوە بڕیارى پیاچونەوەو سەرلەنوێ داڕشتنەوەى ئەو میکانیزمە باوەى حیزبایەتی کردنمان داوە،هەمیشە تێبینی و سەرنجی خۆمانمان نەشاردۆتەوە لەسەر ئەو گرفتانەى کە مۆدێلە سواو و تەقلیدیەکەى حیزبایەتی کردن لەکوردستاندا توشى بووە . بۆیە کە ئێستا دەمانەوێت بەمیکانیزیمێکی ترو ئامادەباشیەکی ترەوە درێژە بەو خەباتە بدەین کە لەساڵى 1994 ەوە خەڵکانێکی دیموکراسیخواز و نیشتمان پەروەر دیموکراسیخوازانیان لەپێناودا دروستکردوە،لەجاران زیاتر داواى کارى پێکەوەیى و هاوکارى نێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنە دیموکرات و چەپەکان ئەکەین،لەهەموو کات زیاتر ئامادەین سەربازی ونی ڕێگاى خواست و داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بین.لێرەدا کورتکراوەیەکی ئەو هۆیانەى کێشەکانی ئەم دواییەى دیموکراسیخوازانی دروست کرد ئەخەینە پێشچاو،بەهیواین بتوانین وێنەیەکی رون ئەگەر چی بەکورتیش بێت بخەینە پێشچاوتان. لەساڵى 2002 وە بەهۆى هەڵوێستی دیموکراسیخوازان لەسەر هەندێک کێشەى وەک پێشێل کردنی ئازادیەسیاسیەکان و بەدیارى کراویش کوشتنی کادرەکانی حیزبی کۆمۆنیستى کرێکارى لەسلێمانى ،بودجەى ڕەسمی حیزبی دیموکراسیخوازان ڕاگیرا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان – ئیدارەى سلێمانی ، ئەمەش سزایەک بوو بۆ هەڵوێستە سیاسیایەکانی ئەم حیزبە . لەساڵى 2005 ەوە وەکو یارمەتی بڕى ( 4 ) چوار ملیۆن دینارى عیراقی لەمەکتەبی پەیوەندیە کوردستانیەکانى PUK بەخشرایە ئەم حیزبە ، لەمانگی 6 /2007 دا ئەو بڕە یارمەتیە ڕاگیرا بەبێ هیچ هۆیەکی ڕاگەیەنراو ، ئێمە هەوڵماندا لەهۆى ڕاگرتنەکەى بپرسین بەڵام برادەرانى پەیوەندیەکان ماوەى دیدارەکەیان دورخستەوە ، ئەوە بوو لەکۆبونەوەى 30/6 کۆمیتەى سەرکردایەتى پێشنیارکرا کە هیچ بڕیارێک نەدەین تاوەکو هۆى ئەو هەڵوێستەى یەکێتى نەزانین لەبەرامبەرمان . بەڵام زۆر راشکاوانە چەند برادەرێک لەسەرکردایەتى ئاگاداربوون لەهۆى راگرتنەکەو گوتیان " هەرهەوڵێک بدرێ بێ سوودە ، چونکە مەکتەبى پەیوەندیەکان چەند داوایەکیان لە ئێمە هەیەو مەسەلەى گەڕانەوەى یارمەتیەکەیش پەیوەستە بەجێ بەجێ کردنى ئەم داوایانەوە .. " ئەوە بوو دواى دووکەرت بوونى دیموکراسیخوازان یارمەتیەکە گەڕایەوە بۆ ئەوبرادەرانە ى کەچونە ژێر بارى داخوازیەکانیان . ئیتر بۆمان دەرکەوت کۆى ئەو داوایانەى دیموکراسیخوازانی لەپێناودا دووکەرتکرا بریتی بوو لە : 1- گۆڕینى سکرتێری حیزب . 2- کشانەوە لەبەرەى گۆڕان . 3- کێشانەوەى ئەو داوایەى کەلەسەر حکومەتى هەرێم تۆمارمان کردبوو لەسەر بڕینى بوجەى حزبیمان لەساڵی 2002 ەوە . 4- گۆرینى زمانى رەخنە گرتنمان لە بەرامبەر دەسەڵات . بەگشتى ئەوەى لەدیموکراسیخوازان ئەویسترا ئەوە بوو ببێـتە حیزبێکی کارتۆنی پارەخۆر و بێ دەنگ،دواتر لەڕەوتی ئۆپۆزسیۆن بونی خۆى بکشێتەوە و شتێکی نەمێنێـت بەناوى سەربەخۆیى ئیرادەو بڕیارى سیاسیەوە. جێی وەبیرهێنانەوەشە ئەو برادەرانەى مەڵبەندی سلێمانی زۆر راشکاوانە دەیانگوت '' باوەڕمان بەحزبایەتیکردن نەماوە وەکو خەباتکردن و ئۆپۆزسیۆن بوون ، بەڵکو پێویستە هەوڵى ئەوەبدەین لەڕێگەى حزبایەتیەوە بژین''، بۆئەم کارەشیان نمونەیان بەچەند حزبێکی تر دەهێنایەوە. لەئەنجامى ئەم کێشانەدا دوو بۆچوون دروست بوو. . یەکەمیان چونەژێربارى ئەم داخوازیانە بوو کەلەسەرەوە نوسراوە ، ئەوە بوو کردیان دووەمیش ئەوەبوو کەحزبایەتیەکى هاوسەنگ و پەیوەندیەکى دۆستانە لەگەڵ لایەنەکان بکەین و ئەوەندەى پێمان دەکرێت بەشێک بین لەجوان کردنى ژیانى حزبایەتى لەکوردستاندا و هەوڵبدەین نمونەى ئەو ئۆپۆزسیۆنە دیموکراسیە پێشکەش بکەین کە ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان پێویستیەتی. دیارە لەئەنجامى ئەم دووبۆچونە جیاواز و ناکۆکەدا سەرکردایەتی کە بەسکرتێریشەوە 12 کەسە بو بەدوو بەشەوە ، لەئەنجامى دەرچون لەپرەنسیپ و دیسپلینى حزبى و دروستکردنی کەشێکی غەوغائیانە لەکۆبونەوەکەدا هاوڕێ (شکرالله) لەنوسراوێکدا داواى دەست لەکارکێشانەوەى لەپۆستى سکرتێرىو سەرکردایەتى کردو کۆبونەوەکەى بەجێهێشت،دواى ئەو سێ ئەندامى مەکتەبى سیاسى و دوو ئەندامى سەرکردایەتى کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت ، بەڵام هەر ئەوکات لەسەر داواى ئەو هاوڕێیانە هاوڕێ (شکرالله) داواى نوسراوى دەست لەکارکێشانەوەکەى کردەوە ، بەڵام هاوڕێ سامان عەلا بۆ مەبەستى تایبەت لاى خۆى گلى دایەوەو نەیگەڕاندەوە. بەپێى پەیڕەوى ناوخۆیمان کۆبونەوە بەبێ ئامادەبوونى (نیوە+1) شەرعیەتى نیە. بەڵام ئەو برادەرانە لەبەر نەشارەزاییان بە پرنسیپ و دسپلینەکانى حزب لە بەناو کۆبوونەوەى 7/7/2007 کەباسى دەکەن بە6کەس 2 ئەندامى یەدەگى سەرکردایەتیان بەرز کردۆتەوە بۆ ئەندامى بنەڕەتی ، بەبێ ئەوەى هاوڕێیانى مەکتەبى سیاسى وسەرکردایەتى بەهیچ شێوەیەک داواى دەست لەکارکێشانەوەیان کردبێ دەڵێن دەست لەکارکێشانەوەى ئەو هاوڕێیانەمان پەسند کردووە ، یەکەم بڕیاریش پێی هەستاون دەستکارى کردنی سیستەمی موچەو زیادکردنی موچەکانی خۆیان بووە لەو پارەیەى کە لەدیموکراسیخوازان بڕاو گەڕێنرایەوە بۆئەوان ، وەک ئەوەى غەنیمەیان دەستکەوتبێت ، لەکاتێکدا بەپێى مادەى(نۆ بڕگەى 6) لەپەیڕەوى ناوخۆ : دەبێت بۆ هەر سەرخستن و هەر سزادانێکى حیزبی کادرى سەرکردایەتى دوو لەسەر سێی دەنگی سەرکردایەتی دەستەبەر بێت ، واتە 8 ئەندام لە 12 ئەندامەکەى سەرکردایەتی دەنگى بۆبدا . بۆیە لەدواى کۆبونەوەى 30/6 ئەو برادەرانە هەرچى بڕیارێکیان وەرگرتبێت و هەرچیان وتبێت ناڕەوایەو ، لەسە ربنەمایەکی ناڕەوایش بیناکراوە و تەنها تەعبیر لەبۆچون و خواست و تموحاتی ئەو کۆمەڵە خەڵکە دەکات ، نەک هەڵوێستی دیموکراسیخوازان. لە ڕونکردنەوەیەکی شپرزەو لاوازدا لەم ڕۆژانەدا بەناوى ( مەکتەبى راگەیاندنى حزبى دیموکراسیخوازان) ەوە بڵاوکراوەتەوە هەر درێژەى هەمان لێکدانەوەو تێگەیشتنە هەڵەکان دەبینین،چونکە مەسەلەى (هەڵبژاردنەوەى سکرتێر) ی وەکو کێشەى سەرەکی وروژاندووە، لەکاتێکدا هەموی 10 مانگە سکرتێرمان هەڵبژاردوە لەکۆنگرەیەکی گشتى حیزبدا ، ماوەى هەر خولێکی سکرتێریش لەدیموکراسیخوازاندا سێ ساڵە ، کەواتە نە سکرتێر ماوەى کارکردنی تەواو کردوەو نە کاتی هەڵبژاردنەوەیشى هاتووە ، هەرکەسێکیش لەم کێشانەدا مەسەلەى سکرتێر بێنێـتەوە بەرباس تەنها بۆئاوەژوو کردن و چەواشەکردنی ڕاستى کێشەکانە، بۆیە مەسەلەى گۆڕینى سکرتێر( هاوڕێ شکرالله حمەدامین) کەخرایە روش پێشنیارو داواى ناوخۆى دیموکراسیخوازان نەبوو، هێندەى پەیوەندی بەچەند کێشەیەکەوە هەبوو کەلەدەرەوە و لەلایەن چەند کەسێکی ناو مەڵبەندی سلێمانیەوە ئەهێنرایە ناوکۆبونەوەى سەرکردایەتى دیموکراسیخوازنەوە. دواى تەشەنەکردنی ئەم کێشانە چەند کەسایەتی و حیزب و لایەنێکی دۆست هەوڵیاندا ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە کە لانی کەمی هەردوو باڵى ناکۆک پێى ڕازی بن ، ئێمە لەلاى خۆمانەوە گفتوگۆو دانوستانمان ڕەتنەکردەوە ، بەڵام ئەو برادەرانە یەکڕانەبون و هەریەکەو لەلاى خۆیەوە شەن و کەوی ئەکرد ، تەنانەت یەکێک لەو برادەرانە کەهەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەواندابووە و پێی خۆشبوو بەیەکەوە کاربکەین دەیگوت ''چەند برادەرێکی ئێمە لەدەرەوە قورمیش دەکرێن و پێیان باشە بەیەکەوە نەبین چونکە دەڵێن : بەم شێوەیە کەمین و پارەکە چاکتر بەشمان دەکا ''. دیارە ئامانجێکی ئەو کێشانەى کە بۆحزبى دیموکراسیخوازان دروستکرا خەریککردنی کادر و هاوڕێکانیەتی بەکێشەى لابەلا ى ناوخۆییەوە بۆئەوەى نەیپەرژێـتە سەر ئەو کارو ئەرکانەى لەپێناویدا دروست بووە ، تائەو ڕادەى کە ئێستا کەسانێک تایبەتکارکراوە و پارەو نانیان کەوتۆتە سەر ئەو نوسین و بەیانە کۆڵەوارانەى لەسەر ئێمە ئەینوسن ، ئێمە لەلاى خۆمانەوە بڕیارمانداوە چیتر وەڵامى ئەم بڵاوکراوە و قسەلۆکە بێ بنەمانە نەدە ینەوە کە دژمان ئەنوسرێت ، ئامادەیش نین خۆمان بەو کێشانەوە خەریک کەین ، هەربۆیە بەڵێن بەخەڵکی کوردستان ئەدەین کە هەر بەردەوام ئە بین لەسەر خەبات و تێکۆشانى خۆمان ، هەرچەندە کۆسپ و ئاستەنگیەکانى ڕێگەکەشمان زۆربێت.
سەرکەوێ خەباتى دیموکراسیانەى میللەتەکەمان.
مەکتەبى سیاسى حزبى دیموکراسیخوازانى کوردستان 30/8/2007 هەولێر
|