حیزبی مام و
برازا، یەکێتی ژن و پیاو، کۆمپانیای زاوا و غەزوور.
عەلی مەحموود محەمەد
- ئەدهەم بارزانی داوا دەکات دەنگ بە بارزانی و لیستی کوردستانی
بدەن:هەقی خۆیەتی ناکرێت لە کونی خۆی هەڵگەڕێتەوە،دوایی بە دەردی
ڕێوێکە دەچێت.
- تیڤی KNNشەوان لە جیاتی خەڵکی مەدەنی گۆڕانخواز بێننە سەر شاشە،ئەو
دەموچاوانەمان پێ نیشان دەدەن خەڵک 18ساڵە زەندەقی لێیان چووە،لە
داخیان نیوەی کوردستان سەری خۆی هەڵگرتووە،نازانم ئەم بەڕێزانە بە
نیازن گۆڕان بکەن یان کودەتا؟.
- نەوشیروان مستەفا قورئانێکی بە دیاری لە شێخی کرمچنە و بەرماڵ و
پەرتوکێکی کۆنی لە شێخی تەریقەتی نەقشبەندی وەرگرت،نازانم مامە
ڕەزاییەکان دیاریەکەیان چی بوو؟،هاشاکردن لەڕابردوو دەریۆشیشی بە دوادا
هات،ترسم هەیە دوای هەڵبژاردن لە جیاتی دانیشتن لەسەر کورسی پارلەمان
دەوامی تەکیە بکات.
- مەسرور بارزانی:گرنگ ئەوەیە بزانن دەنگ بە کێ دەدەن و کێ خوێنی
ڕشتووە:وەڵا برا تۆ نەک خوێن دڵۆپەیەک ئارەقیشت نەڕشتووە و ئێستاش کول
فی کولیت لەم کوردستانە،بە خوێن و ئارەقە بێت کەس دەنگ بە تۆ
نادات،وەلێ بە پارەو دەمانچە و وەنەوشە بێت هەموو خێڵ و عەشیرەتەکان لە
خزمەتتان.
- سبەی:کەسوکاری ئەنفالکراوەکان نایانەوێت بکرێنە بانگەشەی هەڵبژاردن:
مەگەر نازانن گۆڕەکانیشان کراوە نەک خۆیان،دیارە شەوان سەیری
تەلەفزیۆنەکەی خۆتان ناکەن،ئاسکە بۆ ئێوەو نیشتمان بۆ
بەرامبەرەکەتان،تکایە شەهیدانیش مەکەنە دوژمنی یەکتر،موستەشار و
کەسوکاری شەهیدانتان پێکەوە لە نێوان خۆتان دابەشکرد.
- مەحمود سەنگاوی:ئەوەی دەنگ بە لیستی کوردستانی نەدات مێشکی
دەتەقێنم،ئەمەیە شازی دیموکراتیەت،ئەرێ گەلۆ ئەمە هۆلیودە یان
هەڵبژاردن؟.
- ڕۆژنامەی بەرزان مانگانەی بڕا:ئازادی بە شەرتی ملکەچی،کۆمەڵگەی
مەدەنی بەمشێوەیە لەدایک دەبێت،ئەوە ناوی بارزانە موچەکەی بڕا،گەرمیان
بوایە دادگایش دەکرا،ئەوان لە 1975کە ئاش بەتاڵیان کرد مام قادر لە
گیرفانی خۆی بارزانی دەرکرد،ئەوان منداڵەکانیان کوردستانیان
تاڵانکرد،مام قادر کۆمەڵێک منداڵی ساڵحی بۆ کورد پەروەردە کرد،ئاوا
پاداشتی درایەوە.
- نێچیرڤان بارزانی:نابێت دەسەڵاتدان بە ئافرەت لەسەر بنەمای خزمایەتی
بێـت:دیارە بەڕێزت بە مێژووی تێکۆشانت گەیشتویتە بەو جێگەیە،خزمایەتی
نەبوایە ئێستا وەک ئێمە مانان یان لە شێخەڵا حەلوات دەفرۆشت یاخود لە
کامپێکی هاندەران کارتی تەلەفۆن!.
- کۆنفرانسی چەپەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەهەولێر بەسترا،لە کۆی
53بەشدار بوو تەنها سیانیان ژن بوو:ئەمە کۆنگرەی چەپە وایە،هی ڕاست
بوایە ئەو ژنەی بهاتایەتە بەر دەرگا بە پەرەمێز دەسوتێنرا.
- محەمەدی حاجی مەحمود:دەنگەکانی 92یان خستە سندوقی بی کەی سییەوەو لە
کڵاو قاسم تەقاندیان،هیوادارم ئێوەش دەنگی 2009 نەکەنە ڕاپۆرتەوەو لە
تاران وئەنقەرە بیفرۆشنەوە.
- ئاوێنە:محەمەد تۆفیق کەسایەتی دووەمی کۆمپانیای وشە،کەواتە عەینەن
تاس و عەینەن حەمام ئەمیش بووە کۆمپانیای زاواو غەزوور.
- بارزانی:تا من ماوم ناهێڵم جارێکی دیکە خوێنی کورد بە دەستی کورد
بڕژێت:هیوادارم هەروا بێت لەو کاتەی کورسیەکەشت چارەنووسی دەکەوێتە
مەترسییەوە،ئەدی خوێنی ئەوانەی لە ڕابردوو بە خۆڕایی ڕژا کێ حیسابیان
بۆ دەکات؟،تکایە گۆڕی بێسەروشوێنکراوانیش ئاشکرا بکە،دادگای ئازاد لە
کوردستان هەبێت هەمووتان دەرگاتان لێدەگریت،ئەوەی کوڕی خەڵک بە بێتاوان
بکوژێت با بزانێت لە گۆڕیشدا بێت هەر دادگایی دەکرێت لە چ عەبایەک خۆی
پێچابێت.
- تاڵەبانی پێشوازی لە خزمانی میراودەلی کرد،نەوشیروانیش ستایشی
مێژوویانی کرد:خۆ پاڵاوتن ئەوەندە خێری هەبێت بۆ عەشیرەت،دوو دەفتەر
هیچ نییە،هەقی وایە لە ئایندە هەر عەشیرەتەی یەکیان خۆی
هەڵبژێرێت،ئەوجا بە چەند بەرامبەر پاداشت دەکرێنەوە،هەرچەندە داخوازی
کەسوکاری خالید گەرمیانی لەچاو410 خانووی خزمانی میراودەلی هیچ نەبوو
کەچی لە بری پێشوازی دەرکران،خۆ هەموو دەزانن ئەوان شەهیدیان هەیە
ئەمانیش دەوڵەمەندن لە کۆنە وەزیری بەعس و فەوجی خەفیفەی زۆر و
تاوانباری ئەنفالچی!.
- نەوشیروان مستەفا:چاوەڕوانی فتواین،لە مارکسیەتەوە بۆ گۆڕان،لە
گۆڕانەوە بۆ بەرماڵ،لە بەرماڵەوە بۆ فتوا،ئەی لە فتواوە بۆ
کۆێ؟؟،هیوادارم وەک عادل عەبدولمەهدی و جەعفەر نومەیری نەگاتە شۆڕشی
ئیسلامی؟،نازانم ماڵپەڕی سبەی دەنگی ئازادە یان دارالفتوا؟،لە بەرواری
18-7فتوای خۆی دا!.
- چاودێر:نەوشیروان مستەفا هەڕەشەی کوشتنی لە کارمەندانی دەزگای وشە
کردووە:ئێوەش سەری خەڵک دەتەقێننەوە،مەگەر نازانن کەشکیش برای دۆیە.
- کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئەوەندە داوای مونازەرەیان لە بارزانی کرد
سۆیان بوەوە،باشە ئەو ڕاگەیاندنانە ئەوەندە دەربەستی دیموکراسین،بۆ
داوای مونازەرەی سەرۆک لیستەکان ناکەن؟،ئەمەیە سەربانێک و دوو هەوا.
- جاران دەمان وت:کرێکاران و گەلانی زۆر لێکراوی جیهان یەکگرن!،لەم
هەڵبژاردنە دەڵێین:موستەشار و ئاغا و شێخ و خاوەنانی تەریقەتەکانی
کوردستان بە پشت و پەنای خۆتان سەرمانخەن.
- کاک کەمال میراودەلی:مناڵەکانم خوێندنیان هەیە بۆیە خێزانەکەم
نەگەڕایەوە بۆ بەشداریکردن لە بانگەشەی هەڵبژاردن،دیارە سستەمی خوێندنی
ئینگلاند هاوینەیە!دنیایەکی سەیرە.
- چەند ئەفسەرێکی گۆڕان:ئەوەی داکۆکی لە تاوانکاران وەک سوڵتان هاشم و
تاریق ڕەمەزان دەکات بدرێتە دادگا،برا پارتی و یەکێتی بە وەرگرتنی جاش
و تاوانکارانی کورد دەستیان پێکرد،تابە هاشم سوڵتان و تاریق ڕەمەزان
گەیشت،ئێوەش قۆناغی یەکەمتان بە وەرگرتنی موستەشار و تاوانکاران
بڕی،نازانین ئیتر ئەوەی بەڕێزتان بە کوێ دەگات؟.
-ئاگر لە ماڵی مولازمێکی سەر بە لیستی گۆڕان بەردرا،بانگەشەیە دەیان
سوتێنن،بیبەنەوە ئاگر لە جەستەی دوا کەسیان بەرە دەن،ئیبراهیم خەلیل
4ساڵ شەڕی بۆکرا،17%ی بودجە پێویستی بە قەڕنێکە.
http://www.awene.com/Goshekan.aspx?Jimare=17
|