٢٦\١٠\٢٠١٣
حیزبی شیوعی لە نێوان خۆڕێکخستن
و ئەندامگیریی.

نەهرۆ
بێگومان قسەکردن لەسەر رەوت و سیاسەت و
هزر و باری رێکخراوەیی و جەماوەریی
حیزبی شیوعی ئەرکی کۆنفرانس و
کۆنگرەکانە، بۆیە من پێم باشە ئەوانەی
پابەندیی حیزبییانن
هەیە لەو چوارچێوەیە هەنگاو هەڵهێنن بە
مەبەستی چاکسازیی
و گۆڕانکاریی
لە نێو حیزبدا،
بەڵام بۆ یەکێکی وەک من کە کەسێکی
سەربەخۆ و دۆستی حیزبی شیوعییمە،
دەکرێ بە نیازی هەڵسەنگاندن و خستنە رووی پێشنیار
بیروراکانم بە ئاشکرایی بخەمەڕوو،
لێرەدا من ناڵێم حیزبی شیوعی لە قەیران دایە، وشەی قەیران
واتایەکی قووڵی
هەیە بەڵام دەشێ بڵێین
پێگەی جەماوەریی لاوازە!
هەندێ کەس لە ژێر ناو و ناتۆرەی
جودا جودا سەرەنێزەی رەخنەکانیان ئاراستەی
سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی دەکەن..
لەوەش زیاتر دەچن کێشەکان
دەخەنە نێو ململانێی کەسیی.. کە گوایا فڵان و فیسارە کەس شیاو
نین و خاوەنی دەستکەوت و مافی تایبەتیین و
لەگەڵ دەسەڵات تیوەگلاون و پشتیان کردۆتە مافە سەرەکییەکانی
خەڵکی زەحمەتکێش!
لێرەدا من ئەم شێوازە لە رەخنە بە شێوەیەک
لە کودتا و پاکتاوی بەرانبەر
دەزانم، ئەگەر نە ئەوانیش خۆیان بە شیوعی
دەزانن و مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە
قوربانییدان! کەواتە هەر کەسێکی دڵسوز دەیەوێ گۆمی
مەییوی حیزب بشڵقێنێ دەستی بە هەموو دۆست و
ئەندامان و سەرکردایەتی و تەنانەت سکرتێرەوە
بێ، من وا وێنای پڕۆسەکە دەکەم لە وێنەی
مەشکەژەنین، تۆ دەبێ مەشکەکە بژەنی بە بێ
ئەوەی دڵۆپێک دۆ بەربێتەوە لە
هەمان کاتدا لە درێژەی ژەنین کەرە
دروست دەبێ، کەرەش ئەو هاورێیانەن کە بە پێی
شەرعییەتی حیزبیی و دەنگهێنان دەبنە
خەڵکانێکی شیاو بۆ سەرکردایەتی و رابەرایەتی
حیزبی شیوعی، هەموو گرووپ و حیزبێک یەک ناوەندی هەیە، ئەگەر نە دەبێتە
هەڵلا و هەر کەس بۆ خۆی
و لە کاری حیزبیی و ریکخراوەیی
دەردەچێ!
جێگای داخە ئەوەی من تێبینییم کردووە لە
رەخنەی هەندێ کەس پشوویەکی هاریکاریی
و هاوکاریی کاری
بەکۆمەڵیان نییە، لە روانگەی تەسکی بەرژەوەندیی
کەسییەوە رەخنە دەگرن وەک لە دەستدانی
پیگەیەکی حیزبیی یان بە دەستنەهێنانی
دەنگ لە کونگرە و کونفرانسەکان، زۆر گرنگە
کەسی شیوعی هەناسەی
کاری بەکۆمەڵی هەبێ و
خۆی و بەرژەوەندیی خۆی بکاتە قوربانیی ئامانجەکانی حیزب، میژووی
ماندووبوونی کەسانی دی بخوێنێتەوە، لە کاتی
رەخنەشدا دەستی بە بەرانبەرەکەیەوە بگرێ تا
نەکەوێ یان نە رووخێ، بە رای من رەخنە بۆ
بونیادنانە نە رووخان و تێکدان و شەلم کوێرم کەس نابوێرم و شەرە دەنووک
و خودەرخستن و هەڵ قۆستنەوەی کەسانی دیکە بە
مەبەستی بەرزبوونەوە و وەدیهینانی خەونی خوردە بورژوازیانە،
لێرەدا پێم باشە ئاماژە بۆ چەمکی دڵسوزیی
لای بوونگەرایەکان بکەم کە دەڵێ ئەو دڵسوزییەی
بە رواڵەت دەینوێنی
بەرانبەر بە هەر مەسەلەیەک لە ناوەرۆکدا
دڵسوزیی نواندنە بەرانبەر خود مەبەست لێرەدا
پەیدۆزکردنی رەگی
خودخوازییە یە لای کەسەکان!
وەک ئاشکرایە لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی ئەندامانی پەرلەمان، حیزبی
شیوعی یەک کورسی بەدەستهێنا، ئەم دەستکەوتەش
لە راستییدا کەمە ئەگەر بەراوردی بکەین
لەگەڵ میژووی پڕ لە قوربانیی
و سەروەریی حیزبی
شیوعی، بۆیە هەق وایە هەموو رەخنەکان ئاراستەیەکی شەرعیی وەرگرن لە
روانگەی دڵسوزیی بۆ خەڵکی زەحمەتکێش و
ئامانجەکانیان هەنگاو هەڵهێنن، لێرەدا من پێم باشە دڵسوزانی حیزبی
شیوعی چەند گرووپیک دەستنیشان بکەن بە
مەبەستی هەڵسەنگاندنی باری هزریی و سیاسیی و
ریکخراوەیی و جەماوەریی، لەبەرئەوەی لەم
روژگارە لە سەردەمی گەشەکردنی تەکنولوژیا
و زانست کەس ناتوانی بیێتە فریادڕەس
و دارە ئەفسووناوییەکەی موسا بگرێ بە
دەستەوە و دەستبەجێ
گۆڕانکاریی بکا،
باشتر وایە رەخنە و هەڵسەنگاندنەکان کاری
چەند گرووپێکی شارەزاو دڵسوز بێ، ئاگادار بێ لە پەیوەندیی
شاراوە و ئاشکرای
بەرنامەکاری سیاسیی لەسەر ئاستی کوردستان و وڵاتانی
ناوچەکە و جیهان، بۆ نموونە لێکدانەوە بکرێ
بۆ ئەوەی بۆچی ئێمە خاوەن ١٢ هەزار یادەوەریین،
کەمتەرخەمیەکانی ئێمە لە چ بوارێک دایە؟ ئاخۆ مارکسیزم وەک فەلسەفە
پاشەکشەی کردووە و ئێمە نایزانین،
یان دەبێ مارکسیزم موتربە بکرێ بە کەلتوور
و فەرهەنگی کومەڵگای کوردەواریی!
ئاخۆ شێوازی هەڕەمی دەسەڵاتی رێکخراوەیی
نەکەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، هەروا دەشێ لێکدانەوەی دەروونشناسیی
بکرێ کە بۆچی یادەوەرییەکان
دەچن بۆ لای پارتی و بزووتنەوەی گۆران و
یەکیتی و پارتە ئیسلامییەکان، نهێنی چوونی
ئاراستەی مێشکی جەماوەر بۆ لای ئەوان لە چی دایە و لە چی بەرجەستە ئەبێ
لە لایەنی هزرییان لە کەسایەتییان
لە میژوویان لە هەڵویستی رۆژانەیان، ئەمانە تێکرا بخرێتە ژێر پرسیارەوە
و لە کۆڕ و کۆبوونەوەی تایبەت قسەی
لێ بکرێ، بە شێوەیەکی ستوونیی و ئاسۆیی لێک
بدرێتەوە!
لە راستییدا یادەوەریی
جوگرافیایی هەیە وەک سیمبولی شوێن هەروا
میژوویشی هەیە وەک سیمبولی کات، ئاخۆ حیزبی
شیوعی کێماسییەکانی لە شوێنە کە نەیتوانیوە
پەیامەکەی بگەیەنێتە هەموو کارگە و کێڵگەکان
و بنەماڵە هەژارەکان یاخود کاتە بەو
واتایەی دابڕاوە
لە رێڕەوی بیرکردنەوەی
سەردەمیانەی خەڵک!
هەندێ کەس دەڵێن بۆیە حیزبی شیوعی جەماوەری لەدەست داوە چونکە لە
دەسەڵات دایە و پاڵپشتی دەسەڵات دەکا، ئەگەر وا
بێ خۆ پارتی لایەنێکی سەرەکیی
دەسەڵاتە کەچی زۆرترین دەنگی هێنا، کەواتە
مەسەلەکە ئەوە نییە حیزبی شیوعی لە دەسەلات
دایە یا ببێ بە ئۆپۆزسیۆن،
کرۆکی مەسەلەکە کارکردنە
لەسەر یادەوەریی خەڵک، حیزبی شیوعی
نەیتوانیوە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە کار
لەسەر یادەوەریی مرۆڤی
کوردستانیی بکا، رەنگە ئەمەش بگەرێتەوە بۆ
کەمیی ژمارەی کادیرەکانی یان
پەرتەوازبوونیان بە هۆی جۆراوجۆر یان
نەبوونی کۆمەکی دەرەکیی
و ناوەکیی بە
شێوەیەکی نەگۆر، رەنگە ئەو بودجەیەی ئێستا
هەیە و بۆی تەرخان کراوە پەیوەست کرابێ بە
کۆمەڵی مەرجەوە کە ئێمە لێرەدا ئاگاداری ناوەرۆکەکەی
نەبین!
با بگەرێمەوە سەر ناونیشانی بابەتەکەم کە خۆی لە حیزبی شیوعی لە نێوان
(خۆڕێکخستن) و (ئەندامگیریی)دا
دەدۆزێتەوە!
رەنگە ئەم دوو وشەیە لە فۆڕمدا وەکو یەک
بێتە بەرچاو بەڵام لە ناوەروکدا جیاوازییان
هەیە، بۆ نموونە (خۆڕێکخستن)
کارکردنە لە نێو پانتایی
خودی خۆت و کوکردنەوەی ئەو وزانەی کە
خاوەنداریی لێ دەکەی،
(سەربازگیریی)ییش
کارکردنە لە دەرەوەی قەبارەی خۆت، بە واتای
راکێشانی کەسانی نوێیە بۆ ریزەکانی حیزب، لە
راستییدا من ئاماری رێکخراوەییم لەبەردەستدا
نییە بەڵام وا هەست دەکەم حیزبی شیوعی لە
کایەی پەیداکردنی ئەندام لاوازە یان بە جارێ
وەستاوە، جاران بە هۆی کۆمەکی
سۆڤیەت و حیزبە شیوعییەکانی
جیهان، خەڵک خۆی رووی لە حیزبی شیوعی دەکرد
و داوای بەئەندامبوون و هاتنەریزەوەیان دەکرد، ئەو ماوەیە خەڵک بە
شەپۆڵ دەهاتن، ئەم بە شەپۆڵ
هاتنەی خەڵک، جۆرێ لە لەخۆڕازیبوون و
دوورەپەریزیی لای هاورێیانی
سەرکردایەتی دروست کرد.. بە
رای من سێبەری ئەم گیانی بەرزەفڕییە
تا ئێستاش ماوە!
سەرکردایەتی حیزبی شیوعی وا بیری دەکردەوە کە خەڵک پیویستی بە وانە،
ئەوان پێویستیان بە خەڵک نییە، هەمیشە
دەیانگوت زۆرە و بۆرەمان ناوێ، کەم و
پوختمان دەوێ، ئەو بایەخەی بە بنەماڵەی
شیوعی و کوڕی
شەهیدەکان دەدرا بە خەڵکی ئاسایی نەدرا، هەمیشە بە گومانەوە لە خەڵکی
تازەیان دەروانی!
بگرە لە کایەی خۆڕێکخستن و ئامادەکارییش
لاوازە، ئەو دۆست و ئەندام و لایەنگرانەی
رەخنە ئاراستەی حیزب دەکەن دژایەتیی دەکرێن
یان لە زۆر باردا
تیۆرەکەی بافلۆف
بەسەریاندا پەیڕەو دەکەن و
فەرامۆشیان دەکەن، سەرئەنجام
ئەوەش دەبێتە هۆی وازهینان و دوورکەوتنەوە
لە ریزەکانی حیزب!
لێرەدا ئەگەر حیزبی شیوعی
ئەندامگیریی لە ئیرادەی خۆی نەبێ، خۆ
ئامادەکاریی و خۆڕێکخستن لە ئیرادەی خۆی
دایە.. بۆ لێی کەم تەرخەمە، بۆیە من
خوازیارم هاوڕێیانی دەرەوە
و ناوەوە بە یەک ئاراستە
کار بکەن و نەکەونە سەنگەرگرتن لە
یەکتر، ئەرکی چاکسازیی و
گۆڕانکاریی و
دەسنیشانکردنی هەڵەکان ئەرکی هەمووانە!
دەرکردنی راگەیاندنی
واژۆکراو و یاداشتننامە لە دەرەوەی راگەیاندنی حیزب وەک چەقۆیەکی
دوو دەمە لە لایەکەوە دوومەڵەکە دەتەقێنێ
و چاکی دەکاتەوە لە لایەکی دیکەش هەڵیدەدرێ،
مەبەست لە هەڵدرین ئەوەیە، هەندێ لایەن و دەزگای راگەیاندن بە نەرێنیی
کەڵکی لێوەردەگرن وەک لە مانشێتێک نووسرا بوو (حیزبی شیوعی تەقەی
تێکەوت)!
دەزگای راگەیاندنی لایەنێکی بورژوا یان لیبرال
پشتی بە حیزبی شیوعییەوە نەێشاوە،
لە زمانی رەخنە و
ناکوکییەکان تێناگا
یان خۆی لە دەبەنگیی دەدا!
بۆیە هەر هەوڵ تەقەلایەک لە دەرەوەی حیزب ئەوان بە نەرێنیی
کەڵکی لێ وەردەگرن!
بەڵام من دڵنیام لە توانای کادیر و
سەرکردەکانی حیزب کە کاتێ رووبەڕووی
قەیران دەبنەوە چۆن هەڵسوکەوت دەکەن و چ
میکانیزمێک بەکاردەهێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان!
بە رای من شوورەییە
مرۆڤ چ لە ئاستی کەسیی یا لە ئاستی گرووپ و
حیزب کەموکوڕییەکانی خۆی
دەستنیشان نەکا و بە خۆیدا نەچێتەوە
بە مەبەستی هەنگاوهەڵهێنان بەرەو ئایندەیەکی
باشتر بە تایبەتییش ئەو ئایندەیەی
پەیوەست بێ بە چارەنووسی خەڵکی زەحمەتکێشەوە، هەر وەک پێشتر
ئاماژاەم پێی دا حیزبی شیوعی نە وەک حیزبێکی
سیاسیی تیکوشەر و خاوەن ئەزموونە بەڵکو
یانەیەکی روشبیرییش بێ..
دەبێ نهێنی هەڵکشان و داکشانی لە رووی جەماوەرییەوە بخاتەڕوو!
بێدەنگبوون و شینەکردنەوە
و هەڵویست دەرنەبڕین ناوەندی
تێگەیشتن و فەرهەنگی حیزبی شیوعی دەخاتە ژێر
پرسیارەوە!
دوا تێبینییم ئەوەیە لەم ساڵانەی دواییدا
حیزبی شیوعی (ئەرک)ی سیاسیی جیهێشووە
وسەرقاڵێ (ئەرکی)ی
سەندیکایی و خواستەنییە.. ئەم شێوە
کارکردنەش یان ئەم رێبازە
وای کردوو کە حیزب چاونەبڕێتە دەسەڵات وەک
ئامانجی سیاسیی و بەدەسهێنانی برێک
لەو دەستکەوتانە، ئەم
شێوە کارکردنە بە
رای من زیاتر حیزب لە چوارچێوە دەگرێ
لەوەی کە ئازادانە دەست و پێی بکاتەوە
و خەریکی کاری سیاسیی بێ بە شێوەیەک
گاریگەریی زیاتر بنوێنی لەسەر
گۆرەپانی کوردستان!
بە هیوای چاکسازیی
گۆڕانکاریی.. بە مەبەستی پێشخستنی رۆڵی
حیزب نەک بە نیازی لەت
لەت کردن و لاوازکردنی!
تێبینیی: ئەم بابەتە بە
پێی تێڕوانینی خۆم نووسراوە..
نە دژایەتییکردنی کەس مەبەستمە نە پاڵپشت و
ستایشی کەسم کردووە، من وا بۆ مەسەلەکان دەڕوانم..
بێ گومان خوێنەرانی
بەڕێزیش بۆچوونی
تایبەتی خۆیان هەیە!
٢٤\١٠\٢٠١٣
- نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ
|