٢٣\٢\٢٠١٤
حیزبی شیوعی لە نێوان
چەمکی ریفۆرم و رادیکال دا!

نەهرۆ
بێگومان چەمکی
ریفۆرم و رادیکال لەسەر یاسای ماتریالیزمی دیالیکتیکی
مارکس ئیش دەکا وەک ئالیەت ! بەو پێیە
ریفۆرم گۆرانێکی چەندایەتی یە،
رادیکالیش گۆرانێکی چلونایەتی یە ! یان بە واتایەکی تر
ریفۆرم سەر لە
نوێ رێکخستنەوەی شێوەو شکڵە یان ئارایشکردنیەتی!
لەسەردەمی شەری سارد و بوونی بلۆکی سوسیالیزم بەرابەری یەکیتی شورەوی
جاران و ئامادەبوونی هاوپەیمانیەتی وارشۆ، حیزبە شیوعیەکان
بیرکردنەوەیان رادیکالانە بوو!
گوتاری هەر حیزبێک دوو دەمە بوو، دەمێکی روو لە وڵاتانی سەرمایەداری و
دژایەتی ئیمپریالیزمی جیهانی بوو، دەمێکێشی دژ بەرژیمی ئەو وڵاتانە بوو
کە خەباتیان تیا دەکرد!
لەم سەردەمە حیزبە شیوعیەکان بروایەکی نەگۆریان بە چەمکی دیکتاتوریەتی
پرولیتاریا بوو، پێیان وابوو شیوعیەکان پێشەنگی چینی کریکارن وەک لە
مانیفیستی کومونیست دا هاتووە، لە دواییش دا هەر دەبێ دەسەڵات بەدەستی
چینی کرێکارەوە بێ!
لەم قۆناغە ئەدەب و هونەر بەهەموو ژانرەکانیەوە خرا بووە خزمەتی
ئایدۆلۆژیەتی چینی کرێکارەوە، دەبوایە ئەدەب مۆرک و ناوەرۆکی چینایەتی
بێ! هونەر ئاڵا بێ لە درختی سوسیالیزم! تەنانەت تیئاترو مۆسیقاش
گرتبووەوە، دەبوایە لەروانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکارەوە بۆ هەموو
پێناسەو مەسەلەیەک بروانی، بۆ نموونە پێناسەی میژووی مرۆڤایەتی
لەسەراپای گۆی زەوی بریتی بوو لەململانی نێوان هەردوو چینە سەرەکیەکەی
کۆمەڵگا ! بەشێوەی کلاسیک ژێر خان و سەرخان قالب بەندی کرابوو!
لە ئاستی واقعیش دوست و دوژمن دیاری کرابوو بۆ نموونە دوست و پاڵپشتی
شیوعیەکان سێ باڵ بوو، یەکیتی شورەوی، جوڵانەوەی کرێکاری و سوسیالیستی
لە وڵاتانی سەرمایەداری دا لەگەڵ بزوتنەوەی رزگاریخوازی جیهانی!
ئەمانە پێکەوە گریی درا بوون هەر لەسەر ئەو بنەمایە ئەنتەرناسیونالیزمی
یەک و دوو ساز کرا، کۆبوونەوەی کۆمنترن دەکرا کە تایبەت بوو بەحیزبە
شیوعیەکان لە وڵاتانی روژهەڵات!
لەم سەردەمە شیوعیەکان توندڕەو بوون بە چەمکی سپی و رەش مامەڵەیان
دەکرد ! پێ یان وابوو راستی رەها لای خۆیانە!
بەڵام لە ساڵی ١٩٨٥ بەدواوە کە تێزی گلاسنوست و بیروسترویکا راگەینرا
بە واتای ئاشکرایی و سەرلەنوێ دروستکردنەوە، زۆر چەمک و بۆچوون و
پیناسە کەوتنە ژێر پرسیارەوە، مەسەلەی پاراستنی ژینگە و مەترسی
گەورەبوونی کونی ئۆزۆن هاتە کایەوە هەروا مەسەلەی مافی چارەی خۆ نووسین
و سەربەخۆبوونی گەلان وەک داخوازییەکی رەوا کەوتە روو!
تەنانەت مامەڵەو هەڵویستیان بەرانبەر وڵاتانی سەرمایەداری و بەتایبەت
ئەمریکا گۆرا، چی دیکە وەکو ئیمپریالیزمی جاران سەیری ئەمریکا ناکەن
بگرە هەندی جار وەک شەریک بۆی دەروانن!
لە دیکتاتۆریەتی پرولیتاریا پاشگەز بوونەوە، پێیان وابوو لەم بارەیەوە
جاران لە دوگمی ئایدۆلۆژی ژیاون، سەبارەت بە مافی سەربەخۆبوونیش
بەکردەوە لە وڵاتی خۆیان پەیرەویان کرد، ئەوە بوو لە یەکیتی شورەوی
پازدە کۆمار جیابووەو کە پێشتر لەسەر بنەمای فیدراڵی پیکەوە
بەسترابوونەوە!
ئەم شل کردنە لە بواری فیکری و عەمەلی رەنگی دایەوە، دیارە ئەمە بە دەر
نەبوو لە دەستێوەردانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکی کە دواتر بینیمان بەچ
شیوەیەکی دراماتیکی رژیمە شیوعیەکانی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات یەک لە
دوای یەک هەرەسیان هێنا!
بە بێ ئەوەی ئاڵتەرناتیڤی نۆی ئامادە بێ!
یەک لەو خاڵانەی کە یەکیتی شورەوی لەگەڵ ئەمریکا رێککەوت گۆرینی
باڵانسی هێزەکان بوو بۆ باڵانسی بەرژەوەندی نێوان هەردوو لایان وەک
ئێستا رەنگدانەوەکەی ئەبینین لە کێشەی هەڵگیرساوی وڵاتی سوریا!
لەرووی ئابوریشەوە لە ناوخۆی شورەوی دەستبەردانی پلانی ناوەندی ئابوری
بوونەوە کە بازاری سوسیالیستی جارانی بەرێوە دەبرد! دواتر تەبەنای
بازاری ئازادی ئاراستە کراویان کرد لەسەر بنەمای رکەبەرایەتی و کوالیتی
و جۆری کاڵا!
یەکیتی شورەوی پێوابوو لە رووی ئابورییەوە شکستی خواردووە هۆی ئەم شکست
خواردنەشی گەراندەوە بۆ ئەوەی زیاد لە پیویست بایەخی بە خۆپرچەک داوە
وەک ململانییەک لەگەڵ ئەمریکا، کامیان لەوی تریان باشترو پێشکەوتوو ترە!
هەروا بەشی لە داهاتی ئابوریی تەرخان کرابوو بۆ خزمەت کردنی سیاسەتی
دەرەوەی کە ئەویش لە یارمەتی دانی جوڵانەوەی سوسیالیستی بوو لە وڵاتە
سەرمایەدارەکان لەپاڵ بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلانی جیهان!
خاڵیکی تر کە پروسەی گلاسنوست و بیروسترویکا چەختی لەسەر کرد ئەویش
گۆرانی جیهانی جاران بوو بۆ گوندێکی بچکۆڵانە بە هۆی شورشی تەکنۆلۆژی و
زانیارییەوە، ئەگەر جاران تەنیا باسی رەنجی کرێکار کرا وەک هیزو کاری
بازوو ئێستا باسی کاری هزری دەکرێ لە پاڵیا، چەمکی کرێکاری یەقە سپی
هاتە کایەوە، ئەوانەی رۆژانە هەشت سەعات لە پشت کومپیوتەرەکانیان
دادەنیشن بەشێوەیەکی سیستەماتیکی کاروباری کۆمەڵگا بەرێوە دەبەن!
لەم پروسەیەدا یەکیتی شورەوی هەستی بە لێپرسراویەتی کرد بەرانبەر
پێشهاتەکانی جیهان وەک مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێ یەم بەڵام لە
واقیع دا بینیمان دوای نەمانی شەری سارد چەندین شەری ناوخۆ و لۆکاڵی
بەرێوە چوو وەک شیشان و یوغسلافیای جاران دواتریش جەنگی ئەمریکاو
هاوپەیمانانی ناتۆ لە ئەفغانستان و عیراق و لیبیا!
لە بیروسترویکاو گلاسنوست خاڵیکی تری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا وروژێنرا
گوایا یەکیتی شورەوی و کۆمۆنیستەکانی جاران لایەنی روحی تاک و
کۆمەڵگایان فەرامۆش کردووە، پێیان وابوو دەبێ خوێندنەوەی نوێ بۆ ئەم
لایەنە بکرێ و بەشێوەیەک کە شیوعیەکان هەقیان نەبێ بەسەر لایەنی برواو
ئیمانداری خەڵکەوە، ئەم حاڵەتە بەشێکە لە فەرهەنگی کۆمەڵگا، دەبێ وەک (
سوابت ) وەرگیری بەڵام بەمەرجی تێکەڵاوی یاساو سیاسەت نەکرێ! پێم وایە
ئەم هەنگاوەش سازشێک بوو بەرانبەر ئەمریکا کردیان، لەبەر ئەوەی لە
ئەمریکا بە پێ یاسا کەسی ئاتەئیست یان بێ باوەر نابێ هەبێ ! هەر وەک
چۆن خوێندنی فەلسەفەی مارکسیزم تا ساڵی ١٩٦٠ لە زانکوەکانی دا قەدەغە
بوو!
لەرووی سیاسی یشەوە شوعیەکان بروایان بە بلورالیزم هینا بە واتای چەند
حیزبی و بەشداریکردن لە پروسەی هەڵبژاردن و رێزگرتن لە دیموکراسیەت و
مافی مرۆڤ و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بەشیوەکی ئاشتی ئامێز!
تەنانەت لە پەیرەوی ناوخۆیان دا پرنسیپی ناوەندی دیمۆکراسی خرایە ژێر
لێکۆڵینەوەو پرسیارەوە، ئێستا کەمایەتی بۆی هەیە بیرورای خۆی لەسەر
رووبەری رۆژنامەکانی حیزب بڵاوبکاتەوە، تەنانەت پانتایی مافی مرۆڤ ئیشی
لەسەر کرا بە شیوەیەک ئێستا ( ئیجتیهاد ) هەیە لە نێو حیزبە شیوعیەکان
داو لە ئەزمونی بیرو کەلتورو فەرهەنگی مروڤایەتی کەڵک وەردەگرن!
روونتر بڵێم ئێستا حیزبی شیوعی بیریکی پۆپۆلیستی یی هەیە بە واتای
سنوور لە نێوان چینەکان دانانێ وەک یەکەیەکی ئینسانی لەگەڵ تێکرای چین
و توێژەکانی کۆمەڵگا مامەڵە دەکا، هەر بۆیە لەم ساڵانەی دوایی بیروکەی
(حکومە رەشیدە) هاتە کایەوە کە پێداگری لەسەر گەشەپیدانی مرویی و
ئابوری دەکا ! لەلایەن حیزبی شیوعی کوردستانەوە!
لەبەر روشنایی ئەم زانیاریانەی سەرەوە نامۆ نییە کە ئەمرۆ حیزبی شیوعی
وەک جاران رادیکال نییە بەڵکو حیزبێکی
ریفۆرمخوازە، حیزبێکی نەرمخوازە
دەیەوێ لەگەڵ لایەنەکانی تر لەسەر پانتایی عیراق و کوردستان شان بە
شانیان درێژە بەکاروانی خەباتی خۆی بدا وێرای جیاوازی لە بیروباوەرو
بۆچوونیان!
ئێستا وەک جاران حیزبەکان پێشرەوایەتی رەهای کۆمەڵگا ناکەن، ئەوە
ناکۆکیەکانی کۆمەڵگایە دەتەقێتەوەو دەبێتە هێزی فیزیکی و سەنگی
حیزبەکان ئاراستە دەکا و هەڵویست بەسەریاندا فەرز دەکەن!
دیارە لە هەموو زەمان و زەمینەیەک دا داخوازی سەرەکی ئابوری یە ئەوجا
مەتلەبی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی بەدوای دا دێت، بۆیە گرنگ
ئەوەیە کۆمەڵگا لە لایەنی کەمی رەفاهیەت بژێ، ئەوەندە گرنگ نییە هەڵگری
چ ئایدۆلۆژیەتێکن بەمەرجی ئایدۆلۆژیەتی حوکمرانان سنوور بۆ ئازادی تاک
و رادەربرین ومافی مرۆڤ و مافی ئافرەت دانەنێ و لە خزمەتی بەرەو پێشەوە
چوونی کۆمەڵگا دابێ بە دیوی کراوەیی دا نەک بە دیوی داخراوەیی دا!
٢٢\٢\٢٠١٤
- نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ
|