په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٥\٢٠١٩

حیزب وەك مۆڵ، حیزبی وەك مار و مێروو، بژاردەی رستكراو.


ئەرسەلان مەحمود  


حیزب و حیزبیەكانی ئەمڕۆی كوردەواری لەگشتیدا، لەم كەلوپەل و مۆڵانە دەچێت بەفۆڕم و ڕواڵەت نوێگەرو، بەپڕاكتیك و ناوەرۆك لەواقیعدا كۆنینەو بێ‌ بەها، ئەوەی بخوازی و بتەوێ‌ لەماركێت و مۆڵەكاندا هەیەو حازر بەدەستە، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری ئەم كاڵاو كەلوپەلەكانە چۆن پەیوەندییەكیان بەڤێرژنە سەرەكییەكەوە نیەو نەماوە وەك ماركەو لەڕوی كوالێتییەوە، ئا ئاوهاو زیاتریش حیزب و حیزبیەكان ترازاون لەحیزب و حیزبیەكانی لاڕێبوون لەئەداو كاری حیزبیدا.

مەسەلەن: رێفۆرمیست، سێكۆلار، سۆسیالیست، ماركسیست، ناسیۆنالیست، تەكنۆكرات، فێمێنیست، ئیسلامیست و ئاینگەرا، رۆشنبیری پەتی و پەتیاری لیبڕاڵ و ڕەجیعیگەرا، هەمان ئەو كاڵاو كەلوپەلە كۆنینەو بێبەهایانەی بازاڕن، هەمان ئەم ناوە بێ‌ ناوەرۆك و، هەمان ئەو ماددەو هەمان ئەو مەعدەنە بێ‌ كوالێتییەن لەبنەمادا هیچ پەیوەندییەكیان بەڤێرژنە ئەسڵییەكەی ئایدیاو فەلسەفەی حیزب و هزرینە حیزبیەكانەوە نیەو نەماوە، تەنانەت بەحەوت پشتیش ناچنەوە سەر سەرچاوە سەرەكییەكەی وەها دنیا بینیەك، بەڵام بێپەرواو لەبازاڕێكدا، هاوبەش و مغەوەش، بێئەوەی تاكە یەك پرسیار دەربارەی رەگ و ریشەی ئەم هەڵمەت و هزرینە لاڕێكارە جەوهەرییە لەخۆیان بكەن، ڕۆژانە سەرگەرمی موزایەدەو هەڕاجكاری هەڵوێست و چنینەوەی بەرهەمی كەسابەتی تایبەت و تەمومژاوین!!

سیاسیەكان و حكومەت، ئەم فەزاو فەوزاو بەرەڵڵاخانە بازاڕییەی لەمۆڵەكان و لەژیانی حیزبدا دەگوزەرێ‌، بێگومان بەهۆی كاڵبوونەوەی مۆڕاڵە بەپرەنسیپ و دیسپلینكراوەكان لەپێكهاتەو ژیانی حیزبیدا، هەروەها لەغیابی دەستورو نەبوونی دەسەڵاتێكی بەبنەما چاودێریدا، ناو ناوە بازاڕی ئازادو، ئازادی بازار، حیزبی ئازادو ئازادی حیزبی!! مەترسیەكانی ئەم مێگەل بەمۆدەكارییە، چۆن لەمۆڵەكاندا بێگومان بەناوی مۆدە فرۆشییەوە كڕیار لەباری دەرونیدا شۆك دەكاو گیرفانەكانی بەتاڵ دەكات، ئاواو خراپتریش غیابی كاری مەنهەجی و جێمانی حیزب لەوەزیفە ئەساسیەكەی خۆی، سیحرێكە سەرئەنجام سەر بەحیزبیەكان و لەوێشەوە سەر بەتەواوی یەكە پێكهێنەرە جڤاتییەكان دادەنەوێنێت، ئەمانجەكەیش ڕوونە: لەپێناو دەستگرتنە بەمانەوەی خۆیان و هاڕاندنی ئیرادەی نوێكاری و گۆڕانكاری لەیەكە پێكهێنەرە حیزبی و جڤاتیەكاندا،

هەرگیز لە بازرگانی نەزۆك، لەحیزب و حیزبی كۆنینە فرۆش، لە چالاكوانی بەمنگە و چەنە فرۆش، لە رۆشنبیری دەست و دەم و داوێنفرۆش و، لە بژاردەی دەستگێر، لە مار و مێروە حیز فرسەتەكان، لەمانەی لەوپەڕی ناپسپۆڕی و بێ ئەمەكیدا، بێگومان لەسەر حسابی شۆڕش و سەركەوتنە بەدیهاتووەكان، مەبەست و بێ‌ مەبەست، مناسەبەو بێ‌ مناسەبە، بەناوی كوردایەتی و لەسەر كەوڵی ناوە شكۆدارو رۆحە یاخییەكان بالۆرە لێدەدەنەوە، چاوەڕوانی ئەوە مەكەن میرات و دەست مایە لەگەڵ نەوەكانی داهاتوودا دەستاو دەست پێبكەن، ئەمە ئەم ڕەفتار و دەرئەنجامەیە بە زمانی مۆڕاڵ پێیدەڵێن: تەڵەكەباز و فێڵبازیگەرایی.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک