په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٤\٢٠١٥

هزرێک بۆ دوای رووخان.


شوان حەسەن     

 

کاتی خۆی ئەمەریکا بۆ ئەوەی دژایەتی کۆمەنیست و پێشکەوتنخوازەکان بکات، پشتیوانیی لە هێزە ئسولی و کۆنەپەرستەکان دەکرد،(١) بە داخەوە دەسەڵاتی سیاسی کوردیش لە باشوور لە هەناوی ئەو پڕۆژە کۆنە لەدایک بووە، یەکەم دەسەڵاتێکە سەربەخۆیی سیاسی نییە و پشتیوانیی هەرێمیی هێشتویەتەوە و لە چارچێوە گشتییەکەی ناوچەکە جێگای بۆ کراوەتەوە، دووەم لە ڕووی هزریش ڕێگا چارەیەکیتری نییە بۆ مانەوەی، جگە لە چاولێکەری سیستەمە گشتییەکەی دەوروبەری، بۆیە نە ئەو دەتوانێت لە ئیسلامی سیاسیی جیابێتەوە و نە ئیسلامی سیاسییش لەو جودادەبێتەوە، ، گەرچی ناوە ناوە لێشیان دەکوژی، بەڵام هەرگیز کاریگەریی لەسەر پڕۆژە گشتییەکە نابێت، ئەوان دەیانەوێت بە بەردەوامیی نمایشی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.


ئەمن هەڵەبووم لەوەی کە باوەڕم وابوو ئیسلامیش وەک مەسیحیەت چاکسازیی تێدا دەکرێت.(٢) دوای گەڕانێکی زۆر گەیشتمە ئەو باوەڕە، کە ئیسلامی سیاسیی نەک دین لە دەوڵەت جوداناکاتەوە، تەنانەت ئامادەییشی تێدا نییە دین و خورافییات لێک جودابکاتەوە. ئیسلامی سیاسیی چەمکی دەوڵەتی لە دین تواندۆتەوە، چونکە باوەڕەکەی هەڵگری هەقیقەتی ڕەهایە و خۆی بە خاوەنی گۆی زەوی دەزانێ. ئەو خاڵانەشی کە گوایە لەسەری ڕازین، بە ئەگەرەکان دەیخنکێنن، بۆ نموونە دیموکراتی، بەو مەرجە رازیین، کە حوکمی گەل بدرێت بە خودا، بۆ ئەوەی خاڵە سەرەکییەکی سیکولاری تێدا بکوژن، مێژوو لە چەندین وڵاتدا ئەو ئەزموونانەی بۆ یەکلاکردووینەتەوە، کە ئیسلامی سیاسیی میانڕەو بوونی نییە، بەڵكو ئەو ئەزموونانەی ئیسلامی سیاسیی تا ئەو کاتە میانڕەون، کە هێز دەگرنە دەست، چونکە ئەوان ئامانجێکی دیاریکراویان هەیە، لە گفتوگۆکانیشدا، تەنها بە دوای سەرکەوتندا دەگەڕێن، ئەگەر کاتیش بێت، بۆیە ئەمن گەیشتوومەتە ئەو باوەڕە کە هیچ پێویست ناکات وتوێژکردن لەگەڵ ئیسلامی سیاسییدا لەسەر تێکستی دینی بێت، بەڵكو دەبێت لەسەر ئەو یاسا و دەستوورە هاوچەرخە بێت کە دین تێیدا دەسەڵات نییە، بەڵکو تەنها بەشێکە لە ئازادی تاک، بۆیە ئیسلامی سیاسیی دەکەوێتە دوو خانە یا دەبێت ئاینی ئیسلام لەناو ببات یا مرۆڤ، چونکە نە مرۆڤ دەتوانێت بژی لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی ئیسلامی سیاسی و نە ئاینیش دەتوانێت وەک ئایدلۆژیایەک لەو سەردەمە پێشکەوتنخوازە خۆی بگونجێنی، کەواتە ئاین ڕووبەڕوی یەکلابونەوەیەکی سەخت دەبێتەوە.


ناتوانم بە بێ قسەکردن لەسەر ئەو پرسیارە، ئەو بابەتە بەجێبهێلم؛ پرسیارەکەش ئەوەیە: باشە بۆ ڕاگەیاندنی کوردیی شێوازی چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ کەسایەتیەکانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیی لەو ڕوانگەیە کە بڕیاری یەکلابوونەوەی ئازادی تاک بەدەست ئەوانە؟ بە کێ دەگوترێ شەهید؟ بە کێ دەگوترێ کافر؟ سزای فڵانە کار چۆنە؟ سزای فڵانە کردەوە چییە؟ ئاخر تاوانە تۆ ئەقڵ و پێوەرەکان بە هەڵە و ڕاست لەودا ببینیتەوە، یا بە زمانی ئەو چاک و خراپ لەگەڵییان بدوێی. ئایا تۆ بۆ خۆت نازانی هێرش بۆ خاکەکەت دەهێنن و دەیانەوێ سیما و ناسنامەکەت بسڕنەوە؟! ئاخۆ مافێکی ڕەوای خۆتە داکۆکی لە خۆت بکەیت؟ ئایا چ پێویستت بەوە هەیە لە مەلایەک بپرسی ئایا کێ شەهیدە یان نا؟ ئەوە پێوەری مرۆڤبوونی خۆتە،کە ئەو کێشەیە یەکلادەکاتەوە نەک دەقەکەی ئەو، ئەو کاتەی تۆ ڕێگە بەوان دەدەیت خەڵك بە کافر تۆمەتبار بکات، شەرعیەتی ئەوەی دەدەیتێ بە کەیفی خۆی خەڵک بکوژێ، چونکە لە جیهانی ئەو کافرەکان دەبێت بکوژرێن. ئیسلامی سیاسیی دەبێت سنووری بۆ دیاری بکرێت و فێر بکرێت ڕێز لە ئازادیی تاک و گشت بگرێت. هەروەک دەبێت هەقی بەسەر ئەوەوە نەبێت چی دەخۆین و چی دەپۆشین، چی...، بۆیە نابێت ئەو بۆ مان دیاری بکات.


هەندێک بە ناو عەلمانی بۆ ئەوەی هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکەن، چەند مەلایەک دەکەن بە سەرچاوە و لەگەڵ خۆیان دەیانهێننە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان، بەمەش دەیانەوێ پێمان بڵێن، فەرموو ئەوە مامۆستا دەڵێت ئەو کارە لە قورئان ڕێگەی پێدراوە، باشە ئەدی بۆ قسە لەسەر هەڵە و ڕاستیی بابەتێکی وەک خۆی ناکەن؟ بۆ نموونە فرەژنیی ،گەر بمانەوێ باسی ئەو دیاردەیە بکەین چ پێویستمان بە مەلا هەیە، بۆ دەبێت ئەو ڕێگەیە بۆ ئەوان واڵا بکەین؟ چ لە مەسەلەکە دەگۆڕێ؟ لە جیاتی ئەو مەلایە بۆ خۆت نایەی باسی قێزەوەنیی و وێرانیی ئەو حاڵەتە بکەیت، تەنها بیرکردنەوە لەو جیهانە، مرۆڤ هێڵنجی دێت تێیدا. باشە ئەدی ئەوانەی کە مەلا فەتوای لەسەر دەدات، ڕێگە پێدراوە بیکەین؟(٣) هاوسەرێتی تاک لە گەورەترین قەیرانە دایە، کەچی ئیسلامیش نەک هەر پێی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو دەیەوێت بە کێشەیتر ژن بکاتەوە قوربانی، کەچی تۆ دەیهێنی کێشەی فرەژنییمان بۆ چارەسەر بکات؟ پێکەوەژیان بڕیارێکی ئارەزوومەندانەی دوو کەسە و پێویستی بە هیچ یاسایەک نییە، جگە لەوەی ئەو دوو کەسە بۆ خۆیان دایدەنێن. پێویست بەوە ناکات بگەڕێینەوە بۆ هیچ سەرچاوەیەک. مرۆڤی شارستانیی لەمێژە لە ژێر ئەو چەترە دەژی و ئاسوودەشە، چونکە بێ کۆت و بەندە.


ئیسلامی سیاسیی گرووپێکی زۆر ترسناکە، جا بە هەر شێوەیەک بێتە پێشەوە، ترسناکترینیان ئەو گرووپانەن کە باوەڕیان بە حیزبایەتی نییە، چونکە سیاسەتەکەی ئەوان ئەوەیە لە ژێرەوە کۆمەڵگە هەڵتەکێنن و پرسیار و گومان نەهێنە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەقلیەت و کلتووری قبوڵنەکردنی ئەوانیتر زۆر بە زەقیی تێیاندا دیارە، دکتۆر عەبدولەتیف کە یەکێکە لە سەرکردەی دیارەکانی سەلەفیەکان لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی، بە توندیی ڕەخنە لەو ئیماندارە دەگرێت، تەنها لەبەر ئەوەی سڵاویان لە کەسێکی سەر بە کۆمەڵی ئیسلامی کردوە.


بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبینین ئیسلامی سیاسیی گەمەیەکی سەرکەوتوو دەکات، چۆن دەسەڵاتی کوردی خاک و هەستی نەتەوەیی کردوە بە پرۆژەکەی خۆی، ئەو دین دەکات بە پڕۆژەی سیاسیی خۆی و بازنەیەک بۆ تۆ دیاری دەکات، بە ناوی خوا و پێغەمبەر دەدوێت، بۆ ئەو زۆر ئاسانە خولانەوە لە ناو ئەو بازنەیە، چونکە ئەو چاک دەزانێ زۆرینەی کۆمەڵگە ئیسلامە، ئەگەر سیاسیش نەبێت، بۆیە دەبێت ئیسلامی سیاسی وەک ئایدلۆژیای مامەلەی لەگەڵدا بکرێت، جا چی دەکات بە سەرچاوە بۆ خۆی لێرە و لەوێ ئەوە کێشەی خۆیەتی، پێویستە ئەو نوێنەرایەتیەی لێبستێندرێتەوە و بە پرنیسپەکانی سیاسەت مامەڵەی لەگەڵدا بکریت و بە چەمکی ڕەخنە و ڕەخنەلەخۆگرتن، بانگ بکرێتە سەر مێزی گفتوگۆ، نەک بە ئەقلیەتی پیرۆزبوون و حوکمی شەریعەت.


- زەبروزەنگ لە هەناوی پیرۆزبووندا لە دایک دەبێت و بیریش سنووردار دەکات، دەقی پیرۆز و کەسی پیرۆز، بەشێکی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتی بە بێ تێگەیشتن دەهێڵیتەوە.
- لە ڕوانگەی ئەوەی ئیسلام نابێت لە گەڵ زەمەندا بگونجێت (ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بۆ خۆی ئیرهابێكی گەورەیە).
- ئەو بیرە ترسناکەی ئیسلامە سیاسییەکان هەیانە، گوایە ئەوان خاوەن گۆی زەوین و دەبێت لە کافرەکان ڕزگاری بکەن، ئەوە بیر کردنەوەیەکی نەخۆشە، نابێت ڕێگای پێبدرێت.
- نابێت ڕێگا بە ئیسلامە سیاسییەکان بدرێت، هێرش بکەنە سەر ئازادیی تاک و کۆمەڵ.


ئەمن وای بۆ دەچم تووشی هەڵەیەکی گەورە دەبین، ئەگەر بێتو لە بەرەی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسی بگرین، دەبێت لەو بازنەیە دەرچین کە دەسەڵاتی سیاسی بۆی کێشاوین و بۆمان دەکێشێت، دەسەڵات و ئیسلامی سیاسیی، جمکن، مانەوەی ئەو بارودۆخە ترسناکە، زیان بە ئیستا و داهاتوومان دەگەینێت، دەبێت بگۆڕێت، چونکە ڕێگاچارەی مانەوەی بزرکردوە.


ئێمە ڕۆژانە ناڕەزایی خەڵکمان گوێ لێدەبێت کە باس باسی خیانەت، دزیی، گەندەڵیی، درۆ، .... دەکەن، بە جۆرێک هەست ناکرێت متمانە لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا مابێت. ئەوەی تاکەکانی ناو دەسەڵات دەیڵێن لە بەرپرسێکی بچووک تا دەگاتە سەرۆکی هەرێم، هەق بە لای خەڵکەوە دەبێت کە گلەییان لێدەکەن. ئەوەش لە خوێندنەوەیەکی گشتییدا، ڕووخانی ئەو دەسەڵاتەمان بۆ روون دەکاتەوە.


لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی میسر قسەیان لەگەڵ پیرەمێردێک کرد لە مەیدانی ئازادیی و لێیان پرسی: هەست بە چی دەکەیت لەو ڕۆژەدا، گوتی بە شەرمەزاریی، ئەوە ٢٠ ساڵ زیاترە ئێمە ئەو قسانە دەکەین و هیوامان هەبوو دەسەڵات گوێمان لێبگرێت و چاکسازیی بکات، بەڵام نەوەیەک دروست بوو یەکسەر مقەسێکی لەو بارودۆخەدا و کۆتایی بە بارودۆخەکە هێنا. ئەوەی مرۆڤ دەیبینێ لە هەرێمەکەی ئێمەدا، هەمان سیناریۆیە و دووبارە دەبێتەوە. دەسەڵات هەزار شانسیتریشی بدەیتێ چاکسازیی ناکات، ڕاستر بڵێم ئەو دەسەڵاتە پەکی کەوتوە و توانای چاکسازیی نییە. دەسەڵاتی باشوور تێکەڵاوییەکە لە ئەنجومەنێکی خێڵەکیی، پشتیوانیی دەرەکیی، بیری ئیسلامی سیاسیی، هێزێکی عەلمانی هەلپەرست. ئەوانە پیکهاتەیەکی ترسناکیان لەسەر ئێستا و داهاتووی ئەو میلەتەدا دروست کردوە.


ئەگەر ١٧ی شوبات بە نموونە وەرگرین، ئەو پێکهاتەمان بۆ ڕوونتر دەبێتەوە: ناڕەزایی خەڵك لە ژێر دروشمی "ارحل" بوو، کەچی چەند حیزب و ڕێکخراوێک هاتن ڕێچکەکەیان گۆڕی. ١٧ی شوبات پێی گوتین هیچ حیزبێکی سیاسیی کوردستان خاوەنی بڕیاری سیاسیی سەربەخۆی خۆی نییە، هێزە ئیسلامییەکان خۆپیشاندانەکایان کرد بە هی خۆیان، هێزە چارەسەرەکەیان بە شێوەیەکی خێڵەکیی بوو، گرووپێک سەردانی (سەری ڕەش)ی کرد، هێزی سیکولارە هەلپەرستەکەش بوو بە پاشکۆیان، بە ناوی چاکسازیی بارودۆخەکەیان سڕکرد، دەرئەنجامەکەش یەکگرتنی کۆی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بوو، دژی دەنگە پەرتەوازە ناڕازییەکانی "ارحل".


ئەوەی بۆ من غەمە، بێ بەرنامەیی و بیرنەکردنەوەیە لە دوای ئەو دەسەڵاتە. ئێمە تا ئیستا لە بازنەی ئەو دەسەڵاتە دەسوڕێینەوە و تا ئێستاش کەسەکانی ناو ئەو دەسەڵاتە نوێنەرایەتییمان دەکەن. بۆ نەمانتوانیوە لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتەدا، هێزێک دروست بکەین ؟ ئایا ئەوە زیرەکیی دەسەڵات نیشان نادات کە تاکەکانی باوەڕیان بە یەکتر نییە؟ ئێمە کە هێندە لە ئیسلامی سیاسییی دەترسین کوا هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکەمان بۆ ئەوەی بەرامبەریان بوەستینەوە؟ ئێمە لە کاتی بەعسدا کۆمەڵێک بازنەی مارکسییمان هەبوو، ئەی بۆ لە سای سەری ئەو ئازادییەی هەیە پێشکەوتنخوازان لێک نزیک نابنەوە؟ ئایا نامەنەوێت کۆتایی بەو هەموو دزیی و خیانەت و ماڵ وێرانییە بێنین؟ یاخود باوەڕناکەین ئەو بارودۆخە هەڵوەشێتەوە و بە دەردی لیبیا و یەمەن و چەند وڵاتیتردا بچین؟


بە ڕاستی ئەمن لە هەڵوێستی گشتیی شەقامی کوردی و ڕۆشنبیرەکەی ناگەم. دەسەڵاتی کوردی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات و ئامادە نییە یەک شتی بچووکیش بە گوێی ئەو خەڵکە بکات. ئەمن نەمبیستووە بەرپرسێکی سەربازیی یا مەدەنی، کە دەیان بەڵگەشی لەسەر بێت و خەڵک داوابکات و دەسەڵات لایدابێ یا خود سزادرابێت. ئەوەش تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دەسەڵات دەیەوێت خەڵک فێری ڕێگەی مەدەنی نەبێت و هەست بە واتایەک نەکات. ئەمن وای بۆ دەچم، هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ ئەوەی لێک نزیک ببینەوەو بیر لەو دەسەڵاتە بکەینەوە تا لەو بارودۆخە ڕزگارمان بێت، هەر هیچ نەبێت لە ڕووی هزر ئەو قۆناغە ببڕین. کەواتە قسەکردن و بابەت نووسینمان لەسەر قۆناغی دوای ئەو دەسەڵاتە، دەکرێت رێگە چارەیەک بێت بۆ دەرچوونمان لەو قەیرانەدا.


جارێک لەگەڵ دۆستێکم وتوێژمان بوو گوتی: پێم خۆشە شەیتان بێت بەس لە بن دەست ئەوانە دەربچین، ئەو قسەیە زۆر ئازاری دام ، بۆیە گوتم: ئەمن هێندە قەیران لە گوتەکەی تۆ دەبینم، هێندە لەو دەسەڵاتەدا نایبنم، ئاخر تاوانە ڕۆشنبیرێک بە دوای ڕێگەچارەیەکدا نەگەڕێت، بە ڕستەیەکی ئەوها خۆی بکوژی. ئەمن ئێستاش دەڵێم مرۆڤ نابێت چارەنووسی خۆی و وڵاتەکەی یا خود مرۆڤایەتی بخاتە ناو گەمەیەکی ئەوها، پێویستە هەوڵ بدەین بە ژیرانە لەو بارودۆخە دەرچین. ئێمە گەر باوەڕمان بەوە هەبێت کە لەسەر ئەو گۆی زەوییەدا، چەندین وڵاتی مودێرن هەن، تاکەکانی ئاوات بە ساڵی پار ناخوازن، بەڵكو بەرنامە بۆ سبەینێ دادەنێن. ئەوە دەرچوونمان لەو قەیرانە ئاسانتر دەکات.

___________________________
١- وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جون فوستر دالاس ئەو پێشنیارەی پێشکەشکرد، بۆ دژایەتی کۆمەنیستەکان یەکەم لە ڕێگای وشیارکردنەوە کۆمەڵگە، پەروەردە، ئاوەدانکردنەوە، تەندروسیی و تا دوایی. دووەم بە بە‌هێزکردنی ئوسولییەکان و ململانێی تائیفی و مەزهەبی و، بەهێزکردن پروپاگەندەو فەتوا، دژی شیوعیەکان و بە باوەڕنەبوونیان بە خودا... . وەک ئاشکرایە ڕێگای دووەمیان هەڵبژارد، چۆن ئەو تیۆرییە دەگۆڕدرێت، یەکەم ئیرادە و تێگەیشتنی وڵاتە لاوازەکان، بەرامبەر بەو ڕاستییەی، کە ئەوانن وڵاتی بەهێز دروست دەکەن، بۆ ئەو خاڵەش تەنها پێویستیان بە گەڕانەوەی بەهای هاوڵاتیبوونە لە وڵاتەکانیاندا، دووەم ئەو ڕێگایە ناتەندروستەی وڵاتە بەهێزەکان گرتوویانەتە بەر، وا خودی نەخۆشییەکە دەرگای خۆیان گرتووە و تووشی حالەتی بەخۆداچوونەوەی کردوون، لە ترسی شەقامی خۆیان، تاکە چارەسەر بۆ ڕزگاربوون بارودۆخی ناوچەکە، ئەوەیە هێزە باڵادەستەکان دەبێت پشتیوانی خەڵکە پێشکەوتنخوازەکان بکەن تا هاوسەنگییەک دروست ببێت. دەکرێ پرسیارەکەش ئەوها بکرێت ئایە ئەو کوردانەی لە دەرەوەی کوردستان دەژین، کاردەکەن بۆ بەرژەوەندیی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین، یان وڵاتی دایک؟ ئەوانیش لەو پرۆسەیە بەرپرسیارەتیان بەر دەکەوێت.
بۆ زانیاریی پتر، تەنها ئەو بابەتەم دانا دەنا سەرچاوە زۆرە.
www.bintjbeil.com/articles/ar/020103_haykal.html
٢- وا بزانم گەڕانەوەمان بۆ کتێبە ئاینیەکان، پەیوەندیی بەوە هەیە لە کاتی خۆی گرنگییمان پێنەدەدا و گرنگییدانی ئێستاشمان وا خەریکە زیاتر خزمەتی بازاڕی ئیسلامی سیاسیی دەکات، چونکە زۆر جار بە بیری ئیسلامییەکان دەیخوێنینەوە، نەکەوتوینەتە سەر ڕێڕەوە ئەکادیمییەکە، ئیسلامە سیاسییەکانیش ئەو دەرفەتەیان بە باشیی قۆزتۆتەوە.
٣- خەڵكێک هەیە زۆر بە ئەرێنیی باسی ئەو فتوایەی سەید موحسین حەکیم دەکەن دەربارەی حەرامکردنی کوشتنی کورد، بەڵام هەمان سەید فتوایەکیتر دەدات دژی شیوعیەکان کەس باسی ناکات، لە کاتێکدا خودی فەتوا ئەوە ناهێنی مرۆڤی وشیار بیکات بە سەرچاوەی باش.


ماڵپهڕی شوان حهسهن

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک