٧\٨\٢٠١٣
هزر و فەلسەفە، لە
فەزای (گازینۆی منداڵان)دا.

بڵند رۆستەم
چیرۆکی ھەموو ژیانێک،
چیرۆکی ئازارێکە. (شۆپنھاوەر).
سیاسەتی مۆدێرنیتە ھەموو جیھانی داگیرکردووە.
(بێرمەن).
زۆربەی ئەو لێکۆڵینەوە و لێدوانانەی لەسەر دەقی ئەدەبی کوردی کراون ،
خاڵین لە ڕوانگە فکرییەکان ، نەک ھەر فکر نەکراوەتە کەرەستەیەک ، بەڵکو
ھەست بە دوورخستنەوەی خوێنەر لە فکر دەکرێ.
قسەکردنی ھەندێ لە ڕەخنەگرانمان لەسەر زمان، قسەکردنە لەسەر (ڕێزمان -
قواعد - (grammar بە (ناو و جێناو و
ئاوەڵناو و ئاوەڵکار و گرێ و ڕستە و چاوگ ....ھتد)یەوە ، بێئاگا لەوەی
زمان پەیوەندی بە فکرەوە ھەیە و بۆ خۆی باسێکی فکرییە .
(فۆڕمالیستەکان) پێیانوابوو بەشێکی ئەدەب ھیچ نییە جگە لە
بەکارھێنانێکی نامۆی زمان .
کێشە فکری و سایکۆلۆجییەکان ئەوکاتەی سەرھەڵدەدەن , لە ڕێگەی زمانەوە
چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە .
زمان ئەو پردەیە کێشە فکرییەکان لەسەری دەپەڕنەوە و دەگەنە (کەسی دووەم
) ، کەسی دووەم وەڵامی دەبێت و بەھەمان پرد دەینێرێتەوە بۆ (کەسی یەکەم)
کە پرسیاری لا دروستبووە بە سوود وەرگرتن لە تێز و دژە تێزی نووسەران ،
ھەندێ جار پردەکە ئەوەندە لەگەڵ ئەو کێشانە ئاشنایەتی دروستدەکا ،
دەبێتە بەشێک لە ئەوان(زمان دە بێتە بەشێک لە کێشەکان ) .
لێرەوە و لە چەند ڕوانگەیەکی فکری ، قسە لەسەر ڕۆمانی (گازینۆی
منداڵان)ی (کاروان کاکەسوور) دەکەم .
١- منداڵیی (مامۆستا سوھاد) .. (مامۆستا سوھاد)ی لێبووردە.
(کاروان) لەو ڕۆمانەشیدا ھاوشێوەی بەرھەمەکانی تری , دەگەڕێتەوە بۆ
منداڵی . (مامۆستا سوھاد)ی کارەکتەری پیر ، داوا لە شۆفێری تاکسییەکان
دەکا بیبەنە (گازینۆی منداڵان ) ،ئەوان بێئاگا لەوەی ئەو گازینۆیە
شوێنێکە بۆ قسەکردن لەسەر منداڵی ، جوێنی پێدەدەن و بە شێت و نەخۆشی
دادەنێن ، تا یەکێک لە شۆفێرەکان پێی ڕادەگەیەنێ ئەو گازینۆیە ئیستا
نەماوە و کراوەتە ئاپارتمانێکی بەرز ، سینەماکە کراوەتە گەراژی سەیارە
و ئەوەی مابێتەوە مزگەوتەکانن کە ئەوانیش زۆر گۆڕاون .
(مامۆستا سوھاد) گوێی بە جوێنەکانیان نەدەدا، ئەو گوێ پێنەدانە زادەی
خۆ بە کەم نەزانین و زادەی تێنەگەیشتنی بەرامبەرە ، بەڵام ئەوە
تێگەیشتنی ئەوە لە سایەق تەکسییەکان کە وادەکا لە لەحزەیەکدا خۆی بە
زەرفی پەتاتە و مەنجەڵی ماست بچوێنێ .
یەکێک لە بنەماکانی تیۆریەی (ئادلەر ) ، ئەو ھەستی خۆ بە کەم
زانینەبوو کە (نیتشە ) پێشتر باسیکردبوو .
زۆرجار کۆیلە بەھۆی ھەستکردنی زۆری بە خۆ بە کەم زانین ، دەبێتە
فریادڕەسی دونیا و بانگەشەی شەڕکردن دەکا لەگەڵ خود و ھەمیشە لە
شکستەوە بۆ بردنەوە و لە بردنەوەوە بۆ شکست دەڕوا ، تا مرۆڤێک
دروستدەبێت بەرگەی ڕەشەباکان دەگرێ .
سەردەمی منداڵیی ھەموومان پڕە لە گەورەکان ، ئەوەی گۆڕاوە لەگەڵ
ئێستادا ھاوکێشەکان نییە، ئاڕاستەی ھاوکێشەکانە .
بەریەککەوتنی ( کاروانی منداڵ) لەگەڵ گەورەکان لە ڕابردوودا ، گۆڕاوە
بۆ بەریەککەوتنی (کاروانی گەورە) لەگەڵ (خودی منداڵ) کە منداڵێکە لە
زەین و ناخی (کاروانی ئێستا)دا گەمە دەکا ...
حەزەکانی سەردەمی منداڵیی مرۆڤ ئەو کاتە دەگۆڕێن , کە مرۆڤەکە تەمەنی
گەورە دەبێت .
لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار کە زۆرترینیان پەیوەستن بە فەزای گشتی و
دەوروبەرەوە ، ناکرێ چیتر ئەو مرۆڤە (this human)
لە کۆڵاندا کۆلارەکەی بفڕێنێ و شەق لە تۆپ بدا ، بەڵام ئەمە ئەوە
ناگەیەنێ حەزی منداڵبوون و گەڕانەوە بۆ منداڵی لە دڵی ئەو مرۆڤەدا
مردبێ ، ئەوەتا کۆلارەکەی منداڵیی تا ئێستا ھەڵگرتووە ، کۆلارەکەی
کۆنبووە , بەڵام ھێشتا ھەر کۆلارەیە ، کەچی ئەو مرۆڤە چیتر منداڵ (child)نییە
و ناشبێتەوە بە منداڵ .
ئەو حەزکردنە لە منداڵی و بیرکردنەوەیە لە منداڵی، لە بەرھەمەکانی (کاروان)دا
تا دوا پلەی پەرتبوون دەتەقێتەوە .
(مامۆستا سوھاد)ی کارەکتەر , بانگەشە بۆ کامڵبوونی خۆی ناکا ، خۆ
ڕەنگیشە لە ڕابردوودا ھەوڵی کامڵبوونی دابێت و زەمەن ئەوی کردبێتە
شوێنێک بۆ مردنی منداڵی .
(ڤۆڵتێر)یش بانگەشەی ئەوەی نەدەکرد فەیلەسوفێکی پڕۆفیشناڵە ، بەڵام
ئەمە واتای ئەوە نییە ئەو وەکو شیکەرەوەی فەلسەفە و عەشقی دانایی و
ڕۆشنگەری نەناسین .
ھەست بەو پچڕانە ئەبەدییە دەکەین کە ژیانی (مامۆستا سوھاد)ی بۆ دوو
بەرە دابەشکردووە ، یەکێکیان ڕابردووێکی وێرانە و ئەوی تریان
داھاتوویەکی نادیارە. قەیرانەکان وایان لە (مامۆستا سوھاد) کردووە ,
بیربکاتەوە (بیر لە ڕابردوو بکاتەوە ) .
چەمکی لێکبووردن لای (مامۆستا سوھاد) لەوکاتەوە بەیاندەبێت , کە گوێ بە
جوێن و سوکایەتی و بەدحاڵیبوونی ئەوانیتر نادات .
ئەو گوێ پێنەدانە ئاماژەیە بۆ چەندین گوێ پێنەدانی تر لە ڕابردووی
نادیاردا ، ئەو کە ئێستا خۆی ناسیوە ، ناسینی ئەوانی تر بۆ ئەو دژوار
ناکەوێتەوە .
ڕەخنەگرتن جیایە لەو حاڵەتەی (مامۆستا سوھاد) لە بەرامبەر ئەوانیتردا
تێیدەکەوێ .
گوێپێنەدانی (مامۆستا سوھاد)یش زادەی لێکبووردنە نەک خۆدزینەوە .
لە (ھاکسلی) تەنزنووسیان پرسی:
( تۆش وەکو (فرجیناۆڵف) بە ڕەخنەی ڕەخنەگران دڵتەنگی؟).
گوتی :
نەخێر کارم لێناکەن ، چونکە قەت ڕەخنەکانیانم نەخوێندۆتەوە.( ھاکسلی
نمونەیەک بوو بۆ خۆدزینەوە) .
(جۆن لۆک) وەکو فەیلەسوفی خۆشەویستی (ڤۆڵتێر) دەردەکەوت کە بیری
قەبوڵکراوی زۆرینەی فەیلەسوفانی پێش مۆدێرنەی بە بێ بناغە دادەنا .
لای (ڤۆڵتێر) دیدی (جۆن لۆک) بۆ (ناسین) جێدەستی خۆی جێھێشت لەسەر
دینناسی کۆنەپارێز کە ڕۆحی نەمری بە بنەمایەکی قەبوڵکراو و سەقامگیر
دادەنا .
جەوھەری لێکبووردنی (ڤۆڵتێر) خودایە ، خودایەکە مرۆڤ بۆ لێکبووردن
بانگھێشت دەکا و خودایەکی واقیعییە و میتافیزیقی نییە .
بوونی خوداوەند مرۆڤ مەحکوم دەکا بە ناسینی خود ، ئەوکاتەی لە بچوکی
مرۆڤ تێدەگەین ، ئەو خۆناسینە لێکبووردنی لێدەکەوێتەوە .
کەواتە لای (ڤۆڵتێر) بۆ مرۆڤێک کە لە بەردەم ئەگەری گۆڕان و
ھەڵەکردندایە ،لێکبووردن ئەرکێکی سیاسی و دینییە و میوەی تێگەیشتن و
تێڕوانینی عەقڵانی مرۆڤە .
لە بیریشمان نەچێ ، (ڤۆڵتێر) وەکو ھیومانیستێک پێیوایە چەمکی کەرامەت و
ڕێزی مرۆڤ , لە پێش چەمکی نەتەوەوەیە .
٢- شانازیکردن یان دژەکەی.
(کاروان) دەگەڕێتەوە بۆ منداڵی و ئازارەکانی منداڵی دەنووسێتەوە ،
ڕاستییەکان دەگێڕێتەوە بە شێوەیەکی ئەدەبی و لە چوارچێوەی ڕۆماندا کە
پەیوەندی بە چوارچێوەی تریشەوە ھەیە ، گوێ بە ئازارەکانی ئەو
گێڕانەوەیەش نادا ، ئەمەش تەواو پێچەوانەی (نیتشە)یە کە پێیوابوو ئازار
لە ھەناوی ڕاستیدا بوونی ھەیە.
(نیتشە) بە بەردەوامی لە ڕاستی ھەڵدەھات و لە دونیای یۆتۆپیا
نزیکدەبۆوە ، ژیانی واقیعی بە ئازاربەخش دادەنا و ھێشتنەوەی بوونی لە
نۆرینگی (ئیستاتیکییە)وە بە جێگەی تێڕامان دەزانی .
لای (شۆپنھاوەر) مەرکەزی ئازار دونیای دیاردەیە و دەرککردن بە راستی ,
کۆتایی ئازارە .
(شۆپنھاوەر)ھەوڵی دەرککردنی زیاتری بە ڕاستی دەدا، تا بگاتە ئەو ژیانە
گۆشەگیرییەی کاری بۆ دەکرد کە لە ژیانی ئایدیالی چڕدەبێتەوە .
( کاروان) لە دەستپێکی ڕۆمانەکەیدا ، باسی حەزێکی بەدیھاتووی سەرەتای
گەنجێتی خۆی دەکا کە حەزی نووسین و بوونە بە نووسەر .
ئەوەی گۆڕاوە لەو مەودایەدا مەسەلەی شانازیکردنە بە نووسین کە دواجار
ھەر لەبەر ئەوەی نووسەر شانازی بەنووسین و نووسەربوونی خۆیەوە ناکا
دەڵێ :
((مانای وایە تاکو ئێستا نە دێڕێکم نووسیوە و نە نووسەریشم.))
.
(نیتشە) لە سەرەتاوە حەزی لە مۆسیقا و بوون بە مۆسیقار دەکرد . ئەوەی (نیتشە)
لە (کاروان) جیادەکاتەوە (شانازیکردنە بە پیشە) .
(نیتشە) شانازی بە مۆسیقاوە دەکرد و دەیگوت : ژیان بەبێ مۆسیقا ھەڵەیە
و مەینەتی و دوورکەوتنەوەیە .
شانازیکردنی ( نیتشە) بە مۆسیقا عەشقی (واگنەر) دروستدەکا و (واگنەر)
وەکو خۆشەویسترین کەسی (نیتشە) و مۆسیقارێک کە شتە نەبینراوەکان
نیشاندەدا دەردەکەوێ .
(نیتشە) کتێبیک لەسەر مۆسیقای (واگنەر) دادەنێ و لە قۆناغی شێتبوونیدا
ئەوکاتەی وێنەی (واگنەر)ی دەبینی بە ئەسەفەوە دەیگوت :
( رۆژانێک عاشقی ئەو پیاوە بووم .).
شانازینەکردنی (کاروان) بە نووسین ، عەشقی کاروان بۆ خود و نووسەرێکی
دیاریکراو دروستناکا ، بەڵکو عاشقبوون بە منداڵی کە مەرکەزی یەکەمی
عەشقە سەرھەڵدەدا وەکو (عەشقی باڵا) کە کۆی عەشقەکانی تر بە نوتفەی
سادەیی بۆنخۆشکراون لە ئاستیدا .
شانازیکردنی (نیتشە) بە مۆسیقا ، شانازیکردن نییە بە پیشەی
شانازیکەرەوە ، (نیتشە) لە چەند ئاوازێک زیاتری نەبوو کە ھەوڵی دەدا
لەسەر پیانۆ لێیانبدا و کەسیشمان (نیتشە)مان وەکو مۆسیقار نەناسیوە .
شانازینەکردنی (کاروان) بە نووسین ، شانازینەکردنە بە پیشەی خودی
شانازینەکەرەوە ، (کاروان) چەندین پەرتوکی ھەیە و ئەومان وەکو نووسەرێک
ناسیوە .
شانازیکردن رێگر نییە لە بەردەم چێژ بینین . دەکرێ نووسەر شانازی بە
نووسینەوە نەکات و چێژیش لە نووسین وەربگرێ . (کاروان ) خۆی و ھەست و
ئایدیاکانی تەرخاندەکا بۆ نووسین ، بۆیە ناشێ دوای بڵاوبوونەوەی
کتێبەکانی ھەست بە ئارامی نەکا.
لێرەدا پێمخۆشە ئاماژە بە بەھەڵەداچونی رۆشنبیرانی کورد بکەم لە ئاست (نیتشە)دا
:
مەحاڵە بەبێ خوێندنەوەی سەرجەمی بەرھەمەکانی (نیتشە ) لە (نیتشە)
تێبگەین ، چونکە فکری (نیتشە) بەش بەشە و ھەر بەشێکی فکری ئەو لە
بەرھەمێکیدا کۆبۆتەوە ، خوێندەوەی سەرجەمی بەرھەمەکانی (نیتشە)
کۆکردنەوەی ئەو پارچانەی فکری (نیتشە)یە ، ئەوەتا ھەرکە قسە دێتە سەر (سوپەرمان)،
ئەوان باسی (نیتشە) دەکەن و قسەکردنیان لەسەر (نیتشە) قسەکردنە لەسەر (سوپەرمان
) ، لەکاتێکدا (لووسین)ی فەیلەسوفی یۆنانی کە دوو سەدە دوای زاینی
ژیاوە ، یەکەمین کەس بووە ئەو وشەیەی بەکارھێناوە ، دواتریش (موللەر)
بەکاریھێناوە، تەنانەت (گۆتە)ش لە ھۆنراوە دراماتیکییەکانی نێو (فاوست)دا
بانگەشەی وەھا مرۆڤێک دەکا .
٣-
گازینۆی
منداڵان

_______________________

گومان
سەرجەمگیری
رەخنە
(تۆماس ھۆبز ) و (سپیونزا) میتافیزیکی تایبەت بەخۆیانیان داڕشت و ئینجا
پێشکەشیان کرد .
(کاروان )یش دەیەوێ جۆرێک لە فکر و فەلسەفە بگەیەنێتە خوێنەر کە خۆی
دایڕشتوون خودئاگایانە و ناخودئاگایانە .
ناخودئاگایبوونی نووسەر دەبێتە پەراوێزی شتێکی گرنگتر کە ھەیکەلیەتی
ڕۆمانەکەیە.
(خۆرخیس لویس بۆرخیس) پێیوایە رەنگە لێکچون ھەبێت لە نێوان چیرۆکی ئەو
و (وێرانە خاک)ی (ئیلیۆت)دا ، بەڵام ئەم لێکچونە خود ئاگایانە نەبووە ،
(بۆرخیس) دەڵێ :
(ئیلیۆت) لەو شاعیرانەیە کە بەدڵم نین.
پارێزگاری رێنیسانس لە ماتماتیک بووە ھۆی ئەوەی بنەما عەقڵانی و
ئایدیاکانی فەلسەفەی (لایب نیتز) و (دیکارت) سەرەنجەکان رابکێشن .
پارێزگاریکردنی (کاروان)یش لە وشە لەو ڕۆمانەیدا بۆ سەرەنجدانی خوێنەرە
لە گۆشە دوورەکانی وشە کە ئەوەی دەیانبینێ چاوی وشە زۆر و زەبەندەکان
نییە و چاوی فکرە .
"سەیر ئەوەیە (مەیسوون)ی پوورزای، کە دوای مردنی دایکوباوکی لە ماڵی
ئەوان ژیاوە، لەبەر ئەو چاوە سوورانەی خۆشی ویستووە، بەڵام چونکە دایکی
پێی گوتووە بیکاتە ھاوسەری خۆی، ئەوا ھەمیشە بە گومانەوە لێی ڕوانیوە،
بگرە وای زانیوە دەیەوێت فریوی بدات..".
(گومان) لەو دەقەدا چەمکێکی سەرەکییە و زوو زوو خۆی مانیفێست دەکا ،
بووە بە بناغەیەک بۆ نووسینی ڕۆمانەکە ، تەنانەت گومان لە خودی ئەقڵ و
لۆجیک دەکرێ (ئەمەش ھەمان دیدی رەخنەیی ئادۆرنۆیە لە ڕۆشنگەری ) .
ڕۆشنگەریی باوەڕی بە تواناکانی ئەقڵ و ئەقڵانیەت ھەبوو ، وەکو بناغەی
پێشکەوتن دەیبینین .
باسی (تیشکەشان) نموونەی کەمبوونەوەی بەھای عەقڵە ، ئەو کاتەی (تیشکەشان)
دوای پەنجاوسێ ساڵ لە ھاوسەرگیری بڕیاری جیابوونەوە دەدات و (مامۆستا
سوھاد ) نازانێ (تیشکەشان) ھەر بەئانقەست ئەو پارچە جلانەی جێھێشتووە
کە دواتر لەناو جانتایەک تەقەتیان دەکا یان لە یادیانی کردووە؟
(گازینۆی منداڵان) پشتی بەسەرجەمگیری نەبەستووە بۆ باسکردنی دیاردەکان
و جۆرێک لە رێژەیبوون بەدیدەکرێ ، ئەگەر بانگەشەی ئەقڵانیەت و
زانستگەرایی کردبێت ، خۆی لە سەنگی نەریتە ئەفسانەیی و یۆتۆپییەکان
داماڵیوە و جیھانبینییەکەی فاکتێکی ئەزموونی نیە بە تەنھا ،بەڵکو
پەیوەستیشە بە ئەزمونەکانی ژیانی رۆژانەوە .
سەرجەمگیری لە بواری فکردا جێگەی ڕەخنە و ھەوڵوەستە لەسەرکردن بووە ، (ماکس
ھۆکھایمەر) و (تیۆدۆر ئاگۆرنۆ) ,ڕەخنەی تووندیان لە ڕۆشنگەری گرت و
تۆمەتباریان کرد بە گرتنەبەری میتۆدێکی ماتماتیکی ئیمبریقی و مەتریالیی
ساددە و سەرجەمگیری لە باسکردنی دیاردە سروشتی و مرۆڤایەتییەکاندا .
" (مەیاس) پرسی:
- گۆڕی کێ...؟! ھیی ژنەکەی...؟! ئەوەیە پیاو...!!
ژنی خۆی بە خەنجەر لەتوکوت دەکات و تەرمەکەی لە قەڵات فڕێ دەداتە خوارێ،
دواییش لەسەر گۆڕەکەی دەگریێ.
(شەمام) بە پیشەی خۆی، کە ھەمیشە شتەکانی لە ڕێگای گاڵتەوە دەردەبڕی،
لەژێر لێوانەوە گوتی:
- ئای لەو مردووگێیە...!! باز بە سەر
زیندوواندا ھەڵ دەدات و بۆ لای.....
(نەخشە) چاوی لێ نووقاندن، کە قسەی وا نەکەن" .
پەیوەست بەو ڕۆمانەی قسەی لەسەر دەکەین ، ڕەخنە و وزە ڕەخنەییەکان وەکو
کردەیەک دێنە ئاراوە و وەکو ئەلتەرناتیڤێک بۆ ستایشکردن سەرھەڵدەدەن ،
بەو پێیەی ڕەخنە مەرجی پێویستی بیرکردنەوە و تێگەیشتنە و بناغەی
پێشکەوتنی کولتوری ھاوچەرخە ، دەکرێ ببێتە سەنتەری زۆربەی بابەتەکان و
دواجاریش ببێتە شتێک بۆ ڕەخنەلێگرتن (ڕەخنەگرتن لە ڕەخنە) .
ڕەخنە کارلێکە لەگەڵ ئەو فەزایەی لە چرکەیەک لە چرکەکاندا ئەو
سڕبووانەی لەسەر بێمانایی سڕبوون دەتەقێنێتەوە ، ئەوانە پەراوێز دەخا
کە شتێکن بە تەنھا و دەیانەوێ ببنە کۆی شتەکان .
ڕەخنە لە ڕۆمانەکەدا کراوەتە کەرەستەی گەیشتن بە لووتکە و لەو
روانگەیەوە بایەخی زۆر بەجوانیناسی دراوە .
پەیوەست بە بۆچونی (گوڵمەن) و (ھیگل) و (لۆکاچ) ، دەبێ ھونەر و ئەدەب
بۆ دەستەبەردارکردنی ئەوپەڕی تۆکمەیی تێبکۆشن . نوێنەرانی (ئیکسپرسیونیزم)
و (فۆتۆریزم) تۆکمەیی بەرھەمیان لا گرنگ نەبوو .
لێرەوە دەقەکە دەبێتە وشیاری بۆ گروپە کۆمەڵایەتییەکان و تا دەگاتە
ئاستی فەزای ئەو گروپە کۆمەڵایەتییانە .
ڕەخنەی (مامۆستا سوھاد) لە جێھێشتنەکەی (تیشکەشان) ، ڕەخنەی (تیشکان )
لە ونبوونی (گوڵباران) ی کچی ، ڕەخنەی (یەڵدا)ی شاگردی چایچی لە (تیشکان)
خۆی .. نموونەی ڕەخنەیی ڕۆمانەکەن ...
٤- لە شەقامی تێگەیشتندا دابەزین ھەیە:
"(مامۆستا سوھاد) گوێی بە جوێنەکان نەدەدا، چونکە دەیزانی ئەو گەنجانە
ھیچ شتێک لەبارەی ئەو گازینۆیەوە نازانن".
(گازینۆی منداڵان) ئەزمونێکە خوێنەر دەگەیەنێتە سنوورەکانی بوون و
کۆتاییەکانی وەھم ، خاڵی زاڵبوونی عەقڵە بەسەر مەسەلە ئەخلاقی و
مەعنەوییەکان، خۆ فڕێدانی خوێنەرە بۆ نێو ئاگایی نووسەرەکەی و
دوورکەوتنەوە لە پەرجوی ڕۆژانە، شتێکە کە بە قەبارە بچوکە و بەھایەکی
چڕی ھەیە .
ھاوشێوەی وتارەکەی (دیڤید ھیوم) بە ناوی (وتارێک لەمەڕ سروشتی مرۆڤەوە)
کە بۆ قسەکردن لەسەر کێشەی دووھەم تەخانکرابوو ،(گازینۆی منداڵان) لە
بەرگێکی ئەدەبیدا ھەوڵێکە بۆ قسەکردن لە بابەتە ئەخلاقی و مەعنەوییەکان
، ئاشکراکردنی ئاڕاستەی فکرە ، ئەم ئاشکراکردنەش دەرەنجامی بیرکردنەوەی
فەلسەفی جیھانی ڕۆژئاوایە و گەڕانەوەشە بۆ ژینگە رۆژھەڵاتییەکە کە
منداڵیی نووسەری تیا قەتیس ماوە و نووسەر لە ڕێگەی (گازینۆی
منداڵان)ەوە ، ھەوڵی ڕاچڵەکاندنی منداڵە رۆژھەڵاتیەکە کە خودی نووسەرە
دەدا .
ئەمانە جیاوازیگەلێکی تری میتۆدی (کاروان)ن لەگەڵ ئەو میتۆدانەی (سەلیم
بەڕەکات و یەشار کەمال و شێرزاد حەسەن و عەتا موحەمەد و بەختیار عەلی و
....ھتد ) ئیشیان لەسەر دەکەن ، ھەڵبەت بینینی ئەو جیاوازییانە وەکو
خۆیان ، بۆخۆیان دەبنە پێدەشتی چەندین جیاوازی تر .
ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە ، تێگەیشتنی زیاترە . نزیککردنەوەی
مرۆڤ لە ئەفسانە و سەندنەوەی رۆح لێی و بڕیاردانی پێشوەختە لەسەر ئەوەی
بوونی مرۆڤ خەسڵەتێکی میتافیزیکی نیە لەبەرئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی
ئاسمانی نییە و سەر بە زەوییە ، توشی تێنەگەیشتمان دەکا لەو مرۆڤەی کە
ئەوەی جیایدەکاتەوە خودی تێگەیشتنە ،مرۆڤێک (ڕۆح + جەستە)یە ، بە
تایبەنی مرۆڤی مۆدێرن کە باوەڕی بە یاسا ئاسمانییەکان نییە و کار بۆ
بەزەویکردنی یاساکان دەکا ، لای ئەو یاسا ئاسمانییەکان کولتوری و
کۆنەپارێزن .
ئەم ئایدیایانە کێشەن لەبەردەم مۆدێرنیتە کە بە درێژایی دەیەی ڕابردوو
وەکو باسێکی فەلسەفی باسیدەکرا ئەگەرچی زۆر لە ڕۆشنبیرانی زانستە
مرۆییەکان بەشدارییان تیاکرد .
ئەوەی گرنگە لەو گۆشەیەدا , قۆناغی سەرھەڵدانی مۆدێرنیتە نییە (وەک
ئەوەی زۆر لە مێژوونووسان خۆیانیان بۆ تەرخان کردووە ) ، گرنگ
دۆزینەوەی خاڵە جەوھەرییەکانی ناو مۆدێرنیتەیە کە لە گرینگترینیان :
(ھەموو جۆرە ھێزێکی مەعنەوی بکەوێتە دەرەوەی عەقڵی مرۆڤ ، نرخی نابێ و
لە کۆتایشدا بەیەکجاری بەلاوە دەنرێ .).
لای (نیتشە) ئەو ڕاسیۆنالیتە و بەلاوەنانی ھێزی میتافیزیکی بە جۆرێک
گەشە دەکا, دواجار (نیتشە) کۆی بارودۆخەکە لە ڕستەیەکدا کورت دەکاتەوە
:
(چەند سەیرە !! ئەو پیرە خواناسە لە جەنگەڵەکەی خۆیدا نەیبیستووە خودا
مردووە) .
تێگەیشتن لە بۆشایدا دروستنابێت ، تێبینیکردن و سەرەنجدان لە قۆناغێکدا
دەگۆڕێن بۆ بیرکردنەوە و بیرکردنەوەش تێگەیشتن بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێ ،
یان ڕاستر بڵێین :
تێگەیشتن لە ھەناوی بیرکردنەوەدا خۆی مەڵاس داوە .
تێگەیشتن کاردانەوە بەدوای خۆیدا دەھێنی ، تێگەیشتن لەو کاردانەوەی
تێگەیشتن بەرھەمی ھێناوە نایەتە کایەوە تا لەو سیاقە تەقلیدییەی ھەیە
دەرنەچین و بڕیارەکانمان باکگراوندێکی فکری و مەعریفی لە خۆ نەگرن .
( نیتشە) ھاوشێوەی روانگە بایۆلۆجییەکە دەڵێ مرۆڤ تەنھا لەشە و ھەموو
ئاژەڵێکیش لەشی ھەیە و مرۆڤ وێرانکەرترین ئاژەڵە .
٥- (گازینۆی منداڵان) لە شەقامی تاریک و ڕوونی فەلسەفەدا پیاسە دەکا.
"ئەو باوەڕی وابوو پیری لەو کاتەوە دەست پێ ناکات، کە دەچینە ناو
تەمەنەوە و پێستمان چرچ ھەڵدەگەڕێت، پشتمان کۆم و ملمان لار دەبێتەوە،
بەڵکو ھەر کاتێ ئەو شتانە بە کار دەھێنین، کە لەگەڵمان لە دایک نەبوون،
ئەوا جێگای پیری لە گیانی خۆماندا دەکەینەوە... دەیگوت ھەمیشە مرۆڤێکی
ڕووت لە مرۆڤێکی پۆشتە گەنجترە".
ئێستا جۆرێک لە کۆدەنگی پەیدابووە لەنێوان مێژوونووسانی ھزری فەلسەفیدا
لە بابەتی دابەشکردنی فەلسەفە بۆ چوار چاخی دیاریکراو :
١- چاخی دێرین.
٢- چاخی ناوەڕاست.
٣- چاخی نوێ.
٤- چاخی ئێستا.
چاخی چوارەم (چاخی ئێستا) قابیلی گۆڕانە .
( ئێستا ) بەنسبەتی داھاتوو رابردووە و دەکرێ لە داھاتوودا وەکو کۆنە و
نەزۆک باسی بکرێ .
ئەوەی (ئێستا) دەگۆڕێ بۆ (ڕابردوو) ،ھاتنە پێشەوەی سەردەمێکی تری
فەلسەفییە کە بە (چاخی پێنجەمی فەلسەفە) ناویدەبەین .
گومانم نییە شتێک لە داھاتوودا نایەتە پێشەوە بەناوی (کۆتا چاخی
فەلسەفە) وەک ئەوەی ھەندێ لەبیرمەندان پێشبینی مردنی فەلسەفە دەکەن لە
دوارۆژدا .
مردنی فەلسەفە ھاوزەمان کوشتنی ئەدەبیاتە .
لێرەدا وشەی (کوشتن)م بەکارھێنا و وشەی (مردن)م بەکارنەھێنا ، چونکە لە
وەھا بارودۆخێکدا ئەدەبیات مەحکوم دەکرێ بە مردن .
بەسەنتەرکردنی عەقڵ و ھەستەکانمان بۆ ھەستکردن بە بوونی مرۆڤ ،
دوورکەوتنەوەیە لەو مرۆڤە .
دەکرێ مرۆڤ ڕاستەوخۆ دەرک بە بەشێک لە حەقیقەتەکان بکا ( لەوانەش
حەقیقەتی بوونی من لێرە) ، لەو میانەدا زانین دەستدەکەوێ .
(سۆسەگەراکان) بۆچونێکی نزیک لەمەی منیان ھەیە ئەگەر ھەمان بۆچونیشیان
نەبێ ، ئەوان باوەڕیان وایە بۆ ھەستکردن بە بوونی خۆمان ، دەبێ
ڕاستەوخۆ پەی بەو ڕاستییە بەرین . (سۆفیستەکان) سۆسەیان بەتاکە
کەرەستەی پێزانین دادەنا .
(ھنری بێرگسۆن) سۆسە بە تاقە ڕێگای گەیشتن بە حەقیقەت دادەنێ و
بانگەشەی بەدەستھێنانی مەعریفەی فەلسەفە دەکا لەو ڕێگایەوە .
سەرجەمی کارەکتەرەکان لەو ڕۆمانەدا لە بوونی خۆیان دڵنیان ، ئەمەش بۆ
مانیفێستبوونی (بوونی من)ی (کاروان) دەگەڕێتەوە .
ھەست کردن بە خود ئاسانترە وەک لە ھەستکردن بە ئەوانیتر .لە ڕێگەی
دڵنیابوون لە بوونی (من) ەوە ، کارەکتەرەکان لە بوونی جێناوە
سەربەخۆکانی تریش دڵنیا دەبنەوە .
ئەسڵەن ئەو کێشەی بوونی من و ئەویترە وەکو کێشەیەک نەخزاوەتە نێو
پانتایی وشەکانی دەقەکەوە ،ھەر بۆیە ھیچ کارەکتەرێک ناکەمە (من) و
ئەوانیتر بە دەرەوەی ئەو منە .
من ئەو کێشەیە بە چارەسەرکراوی دەبینم لەودیو وشەکان کە مەبەستم
خەیاڵێکە گوزارشت لە نووسەر دەکا . مەرج نییە کارەکتەری سەرەکی ڕۆمان
ئەو (من)ە بێت کە خستمانە روو .
ئەوەی زیاتر چارەسەری ئەو کێشەیەی کردووە ، تەکنیکی نووسینی ئەو
ڕۆمانەیە بە بەراورد لەگەڵ بەرھەمەکانی تری (کاروان) کە دیاریکردنی
کارەکتەری سەرەکی ئەو ڕۆمانە دژوار دەکەوێتەوە و زۆربەی کارەکتەرەکان
وەکو کارەکتەری سەرەکی دەردەکەون .
لە ڕۆمانەکەدا (فەزای کۆمەڵایەتی )ڕۆڵی ھەیە لە چەسپاندنی بەھا
ئاکارییەکان ، ئەوەی وا لە (تیشکەشان) دەکا لە (مامۆستا سوھاد)
دووربکەوێتەوە ، کاریگەری ئەو فەزا کۆمەڵایەتییەیە .
بەشێک لە بەھا کۆمەڵایەتییەکانیش لە خودی کارەکتەرەکان و ئافراندنی
کارەکتەرەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە ، (نەریمان) نموونەی ئەو
کارەکتەرانەیە :
"بەڵام دوایی بۆم دەرکەوت (نەریمان) مەبەستێکی زۆر جیاواز لەوەی منی
ھەیە"
ئەگەر لای (دۆرکھایم) بەھا کۆمەڵایەتییەکان کۆمەڵە ھزرێکی داماڵراو بن
و حوکمگەلێکی کۆمەڵایەتیبن کە ئەوەی دیاریان دەکا کۆمەڵگایە و بە
شێوەیەکی زۆرەملێ ویژدانی گشتی بەسەر تاکەکاندا دەسەپێنێ ، ئەوا لای (پروتاگۆراس)
مرۆڤ پێوەری ھەموو شتێکە و لای (نیتشە)ش سۆپەرمان تێپەڕێنەری بەھاکانی
کۆیلەیە وەکو (بەزەیی و خۆشویستن و چاکەکاری و ...ھتد) .
نووسەر خودئاگایانە بە شێک لەگەمە فەلسەفییەکانی خوڵقاندووە و
خودئاگایانەش کاریگەری فەلسەفەی لەسەر بووە .
بۆ ڕوونکردنەوەی خودئاگایبوون ، (جۆرج سیمنۆن ) دەکەمە نموونە :
(جۆرج سیمۆن) پێیوابوو کاریگەرییەکی خودئاگایانەی (گۆگۆل) و (دیستۆڤسکی)
لەسەرە و تەنانەت دیاریشیکردووە کە کاریگەری (دیستۆڤسکی) کەمتر بووە.
٦- ئاڕاستەی پۆزەتیڤی ، ئاڕاستەیەک بەرەو کەنارەکانی تێکست.
"- ئەگەر لێم بپرسن لە تەرمی باوکم و لە
ڕۆحی کامیان بگەڕێتەوە، باشترە، ئەوا بە دڵنیاییەوە یەکەمیان
ھەڵدەبژێرم، چونکە ھەست دەکەم ناتوانم ئەو بە زیندوویی ببینم، لە
کاتێکدا لام ڕوون نییە ئاخۆ بە تەنیا دەگەڕێتەوە، یان لەگەڵ خوشکوبرا
شێتەکانم.".
(کاروان) لەو دەقەیدا فەلسەفەیەکی داڕشتووە کە سەربەخۆیەتی و سەر بە
فەیلەسوفان نییە .
ناولێنانی فەلسەفەکەی (کاروان) خانەبەندکردنی تێکستەکەیە ، فەلسەفەیەکی
ئەدەبییە کە ناکرێ قسەی لەسەر بکرێ لە ساتی پەراوێزخستنی دەقدا ،
فەلسەفەی نێو دەقی ئەدەبییە و سوودی کەمی لە فەلسەفەی دەرەوەی دەقە
ئەدەبییەکان وەرگرتووە .
من بە پێچەوانەی (میلان کۆندێرا) پێموایە دەکرێ ڕۆماننووس فەلسەفەیەکی
تایبەت بە خۆی ھەبێت و لە دەقەکانیدا مانیفێست ببێت .
(چیخۆف) و (کافکا) و (موزیل) فەلسەفەی تایبەت بە خۆیانیان ھەبوو ، بگرە
کاریگەرییان لەسەر فکری فەلسەفی بیرمەندانی تریش ھەبوو .
لە بەرھەمی زۆر لە ڕۆماننووسەکان فەلسەفەی گونجاو ھەیە بە بەراورد
لەگەڵ فکری فەلسەفی بیرمەندانی تر کە بە فەیلەسوف ناویاندەبەین .
ئەو شتانەی ڕۆماننووسەکان لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیاندا دەیاننووسنەوە
دەربارەی باوەڕی فەلسەفی خۆیان ، پێکھاتەی فەلسەفییان تیایە .
بوونی گومانیش لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیاندا دواجار دابڕ نییە لەو
گومانەی فەیلەسوفەکان لە بەیانکردنی فەلسەفەی خۆیاندا توشی دەبن .
ھەست بە جۆرێک لە کۆنتاکت دەکەم لە نێوان (گازینۆی منداڵان) و (پۆزەتیڤیزم)دا
(کۆنتاکت بەمانای کاریگەری نایەت ).
فەیلەسوفە نوێیەکان و لەناویشیاندا ئەو فەیلەسوفانەی بە مەتریالیزم
قایل نەبوون ، لە میتافیزیکا دوورکەوتنەوە .
دوورکەوتنەوە لە میتافیزیکا وادەکا جیھان چۆنیەتییەی سیستەمێکی سروشتی
بێت و کەتەلۆکەکەی یاساگەلێکی دیار و دەستنیشانکراوبێت .
پۆزەتیڤیزم خاوەنی کاریگەری دوو جەمسەرەیە ، لەلایەکەوە بە فەلسەفەی
ئەزمونگەرایی (لۆک) کاریگەرە و لاکەی تری فەلسەفەی ڕەخنەیی (کانت ) ە .
ھەر (کانت)یش بە دامەزرێنەری سەرەکی پۆزەتیڤیزم دادەنرێ لەپاڵ (جۆن
ستیوارت میل) و (سپنسەر)دا .
توێژینەوەکانی لۆژیکی (جۆن ستیوارت میل) و ڕێبازی ئاکاری و
تێڕوانینەکانی لە کایەی ئابووریدا ، بناغەکەیان پۆزەتیڤی ئەزمونگەرییە
.
لێرەدا نامەوێ زیاتر قسە لەسەر (میل) بکەم ، ھۆکارەکەشی ھەیکەلیەتی (گازینۆی
منداڵان) .
لەوەناچێ قسەکردن لەسەر (میل) لەپاڵ (گازینۆی منداڵان)دا ئەدەبی
بکەوێتەوە .
ڕاستەوخۆ دێمە سەر دوو فەیلەسوفی تری (پۆزەتیڤیزم) : (ئۆگەست کانت ) و
(ھربرت سپنسەر ١٨٠٣-١٨٧٣).....
(سپنسەر) کاریگەری فەلسەفەی (ھیوم) ی لەسەربوو . کاریگەری (کانت) و (میل)یشی
لەسەربوو کە لە پاڵ (سپنسەر)دا دەبنە سیانەی پۆزەتیڤیزم .
سیانەکە یەک ماڵی پۆزەتیڤیزم کۆیاندەکاتەوە ، کەواتە (سپنسەر) سوودی لە
ھاوماڵەکانی خۆی وەرگرتووە .
لە ماڵە فکرییەکەی (کاروان)دا ، (کاروانی یەکەم) سوود لە دوو لە
ھاوماڵەکەی خۆی وەردەگرێ کە دەکرێ بە (کاروانی دووەم ) و (کاروانی
سێیەم) ناویانببەین ، ئەمەش ھەمان ئەو گەمە خودییەیە کە من لە
لێکۆڵینەوەیەکمدا لەسەر (پەیکەری ست رافۆن) باسمکردووە ، ئەوەی گۆڕاوە
بوونی فەلسەفەیەکی جیاوازە لە پاڵ گەمە خودییەکەدا ، بۆیە گەمەکەش وەکو
گەمەیەکی جیاواز دەردەکەوێ ئەگەر ھەمان گەمەش بێت .
(مامۆستا سوھاد) لە دەقەکەدا تەقینەوەیەکی ئەدەبی دەتەقێتەوە و
بەرھەمەکەشی کۆمەڵێک کارەکتەری نێو ڕۆمانەکەیە لەناو ئەو کارەکتەرانەش
خودی (مامۆستا سوھاد) ی تیایە .
تەقینەوەی (مامۆستا سوھاد ) کۆتایی (مامۆستا سوھاد) نییە ،
دەرکەوتنەوەی (مامۆستا سوھاد)ە بە بچمێکی تازەوە و ھاوکات گەڕاندنەوەی
(مامۆستا سوھاد)یشە بۆ خاڵی سەرەتا ، بەڵام تەقینەوەکە واتای سیفەتی
سەرەکیبوون ناگەیەنێ ، (مامۆستا سوھاد ) کارەکتەرێکە لەپاڵ
کارەکتەرەکانی تر با خاڵی دەستپێکردنیش بێت .
تەقینەوەکە مانای پەرەسەندن دەگەیەنێ ،پەرەسەندی دونیای نێو ڕۆمانەکە و
پەرەسەندنی کارەکتەرەکانیش کە لە (مامۆستا سوھاد)ەوە سەرچاوەیان گرتووە
و دواتر بوونەتە کارەکتەری سەربەخۆ .
کەواتە پەرەسەندنی نێو رۆمانەکە لە شتێکەوە سەرچاوە دەگرێ .
(سپنسەر) لە رەوتی پەرەسەندن لەسەر بناغەگەلێکی میکانیکی- خۆکرد تێدەگا
و لە دەرەوەی دەقی ئەدەبیدا ھەموو شتەکان دەخاتە نێو ڕەوتی
پەرەسەندنەوە ، وەک بیەوێ بڵێ جیھان بەر لە دروستبوونی شتێکی یەکانگیر
بووە و ڕاستەکە ئەوەیە کە بە (وزە) ، (جوڵە) ، (مادە) ناویببەین ،
چونکە سروشتە ناوەکییەکەی یان جەوھەرە ڕاستەقینەکەی نەناسراوە .
ئەو شتە یەکانگیرە تەقیوەتەوە و سەرەتا تەنە ئاسمانییەکانی لێپەیدابووە
،پشت بەست بە دۆزینەوە بایۆلۆجییەکەی (لامارک ) و (داروین) ، جیھانی
ئەندامی لە نائەندامییەوە سەریھەڵداوە ، وزەش نەگۆڕە بەڵام قابیلی
دابەشبوونە .
"- تۆ بڵێی منداڵەکانیشمان بچنەوە سەر
باوکیان و ئاوا ڕەنگی چاویان سوور دەربچێت...؟!
(پەریھان) دەڵێت:
- بۆم دەرکەوتووە ھیچ چاوێک نییە ڕەنگی سوور،
شین، قاوەیی، ڕەش و سەوز بێت... دەھا ئەوە چاوەکان نین ئێمە دەبینن،
بەڵکو ئێمەین ئەوان دەبینین، بەڵام بە چاو نا، بەڵکو......"
لە دەقەکەدا کارەکتەرەکان بەردەوام پرسیار لە یەکتری دەکەن و دیالۆگ
دروست دەکەن ، دەقەکەش مەملەکەتی پرسیارەکانە .
کەسایەتی و پێگە و ئاستی مەعریفی کارەکتەرەکان لە پرسیارەکانیاندا خۆی
مەڵاس داوە ، خوێنەر لە ڕێگەی ئەو پرسیارانەوە کە کارەکتەرەکان
دەیانکەن , ھەست بە جۆری بیرکردنەوەی کارەکتەرکان دەکا.
پرسیارەکانیش دابەشدەبن بەسەر دوو بەرەوە :
بەشێکیان ئەو پرسیارانەن کارەکتەرەکان لە یەکتری دەکەن و لەگەڵ ئەو
وەڵامانەی بەدوای پرسیارەکاندا دێن ، ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە
ڕێرەوێکی تایبەت و دیاریکراو وەردەگرن .
نووسەر لە ڕێگەی پرسیارکردنەوە درێژە بە گێڕانەوەی ڕووداوەکان دەدا و
پرسیارەکان دەبنە چرایەک بۆ بینینی رووداوەکان وەکو خۆیان و
کارەکتەرەکانیش ڕۆڵ دەبینن لە بیناکردنی ڕووداوەکاندا .
بەشی دووەمی پرسیارەکان ئەو پرسیارانەن کە لە ھەناوی دەقەکەدا ھەستیان
پێدەکرێ و لە دوای خوێندنەوەی دەقەکە دروستدەبن، بە پێچەوانەی کۆمەڵە
پرسیاری یەکەم کە لە ئانی خوێندنەوەدا دروستدەبن .
چۆنیەتی ڕوودانی ڕووداوەکان و ھۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکان بەیەکەوە
گرێدراون ، واتە نووسەر لە یەک کاتدا دوو پرسیار دەکا :
- بۆچی ئەمانە ڕوویاندا ؟
- ئەمانە چۆن ڕوویاندا ؟
(کانت ) لە قۆناغی سێیەمدا کە بە (قۆناغی پۆزەتیڤی ) ناویدەبا ،
داوادەکا پرسیار لە ھۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکان و دیاردەکان نەکرێ ،
بەڵکو تەنھا پرسیار لە چۆنیەتی ڕوودانیان بکرێ .
لای (کانت) فکری مرۆیی لە قۆناغی سێیەمدا لە وەھمەکانی میتافیزیکا
دوورکەوتەوە و پەی بە مەحاڵبوونی ڕەھا برد و شیکردنەوەی ڕووداوەکان لە
ئانی گێڕانەوەی ڕوودانیان بۆ فاکتەری نادیار کە ناکرێ ڕاستەوخۆ ھەستیان
پێبکەین ، پوچێتییە بۆخۆی .
شیکردنەوەی ڕووداوەکان بە ھێزی ئیلاھی و سیحری نابێت ، بەڵکو
ڕووداوەکان بە رووداوی تر شیدەکرێنەوە .
کەواتە ئیشکردنی مرۆڤ لەسەر مەعریفەی زانست و چاککردنی ڕەوشە
کۆمەڵایەتیەکان کە تەقەڵای دەوێ ، ئامانجی یەکەمە .
٧- پەیوەندی نێوان ڕۆماننووس و کارەکتەرەکانی ڕۆماننووس:
بۆ دروستبوونی کارەکتەرێکی جیاوازی نێو ڕۆمان ، بوونی نووسەرێکی
جیاوازیش مەرجە . ژیانی (دیستۆڤسکی) کە پڕیەتی لە نەھامەتییە گەورەکان
، گەورەیی بەخشیوە بە (ڕاسکۆڵنیکۆف) .
گەورەیی (ڕاسکۆڵنیکۆف) بۆ نووسەرەکەی دەگەڕێتەوە ، سەرەرای ئەو
خەیاڵانەی (ڕاسکۆڵنیکۆف) مەلەیان تیا دەکا . (ئەکاکی ئەکاکیفیجی) لە
ئینتیزاری کەسێک وەستاوە کە بەبێ ئەو ناتوانێ ڕێبکا ، ئەو کەسەش خودی (گۆگۆل)ە
، واتە (ئەکاکیفیجی) ناوبانگییەکەی بەستراوەتەوە بە نووسەرەکەیەوە .
قسەکردن لەسەر نووسەر ، قسەکردنێکی ڕاستەوخۆ نییە لەسەر کارەکتەر ،
پەیوەندی نێوان کارەکتەر و نووسەر پەیوەندییەکە لە چوارچێوەی دەقدا
دروستدەبێ.
ئەو بارودۆخەی (ئەمیر) تێیدەکەوێ حەزی نووسەرەکەی نییە ، بارودۆخی (ئافۆنسۆ)
لە (ھاوشێوەکانی پیاوێک)ی (ساراماگۆ)دا ، بارودۆخی ھەردوو کارەکتەرەکەی
نێو (مرۆڤ و مشکەکان)ی (جۆن ستاینبێک) و...ھتد ، دوورن لە ویستی
نووسەرەکانیان لەسەر ئەرزی واقیعدا ..
ئایا پێویستە رۆماننووس چۆن مامەڵە لەگەڵ کارەکتەرەکانی بکا ؟
ھەندێ لە رۆماننووسەکان کارەکتەرەکانیان واقیعین و چیرۆکی ئەو
کارەکتەرانەیان بەخۆیان بینیوە یان بیستووە .گواستنەوەی ئەوکارەکتەرە
واقیعییانە بۆ نێو دونیای وشە و دەق ، دەوەستێتە سەر توانست و ئاست و
مەیلی نووسەرەکە .
نووسەر ھەیە ئەوەی بینیویەتی و بیستویەتی ھەر ئەوەش دەگێڕێتەوە ،
دەستکاری ناکا و کردەی ئاوێتەکردن پەراوێز دەخا . نووسەری ترمان ھەن
کارەکتەرە واقیعییەکان تێکەڵاوی دونیای خەیاڵی خۆیان دەکە ن ، بەشێک لە
خەیاڵەکان واقیعین و لە ڕووداوی دیکەوە وەرگیراون کە ھەر بە ڕاستی
ڕوویانداوە ، بەشەکەی تر بەرھەمی خەیاڵی نووسەرەکەن کە دەقەکەی پێ
ڕازانراوەتەوە ، خۆ ڕەنگیشە بەبێ ئاگاداری نووسەرەکە ئەو رووداوانەی
نووسەر بە بەرھەمی خەیاڵی خۆی دایاندەنێ ، پێشتر ڕوویاندابێ یان لە
داھاتوودا ڕووبدەن .
(کاروان) کارەکتەرەکانی ڕووت ڕووت نەگواستۆتەوە بۆ نێو دەقەکانی ،
بەڵکو خەسڵەتی تایبەتی پێداون کە لە دوورەوە بناسرێنەوە ، واتە
کارەکتەرەکانی ڕۆمانی (کاروان) لە کارەکتەری تر ناچن و جیاوازن بە
مانای وشەی جیاوازی .
کارەکتەری ڕۆمانەکانی (کاروان) ، ئامادەگییان تیایە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ
خودی خۆیان بە ئامانجی تێگەیشتن لە نووسەر .
(کاروان) بە درێژایی نووسینی ڕۆمانەکە ,خۆی نەخستۆتە نێو بەرگی یەک
کارەکتەرەوە و کارەکتەرەکانی تری لەگۆشەنیگای ئەو کارەکتەرەوە نەبینیوە
.
ھەندێ لە ڕۆماننووسەکان چونەتە نێو بەرگی ئەو کارەکتەرەی بۆتە سەنتەر ،
بەڵام (کاروان) لە (گازینۆی منداڵان)دا تاقە کارەکتەری سەنتەری نییە تا
بچێتە بەرگی ، زۆربەی کارەکتەرەکان بوونەتە سەنتەر .
خۆخستنە نێو بەرگی کارەکتەرێک لە ڕۆماندا ، زۆرجار کاریگەری دەبێت
لەسەر کەسایەتی کۆمەڵایەتی رۆماننووس کە بە سلبی تەواو دەبێت ، لەو
ڕووەوە رەنگە ڕۆماننووس نەتوانێ درێژە بە ڕۆمانەکەی بدا . تێکچوونی
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆماننووس ،زۆرجار کاریگەری دەبێت لەسەر
خودی دەق .
نووسەرە گەورەکان بۆ تێگەیشتن لە بەشێک لە کارەکتەرەکانیان ،پێویستییان
بە سەرەنجدان و وردبوونەوە و گەڕان و پشکنینە .
کارەکتەرەکان پێگەی خۆیان بە ئاسانی نادەن بەدەستەوە ، ڕەواش نییە
نووسەر بەناحەق کارەکتەرەکانی بکوژێ ، وەک ئەو ڕۆماننووسەی یەکێک لە
کارەکتەرەکانی دەکوژێ و دواتر چەندین رۆژ بۆی دەگریێ..
٨- سوود وەرگرتن و گواستنەوە بۆ نێو دەق.
(دۆگلاس) لە ڕۆمانەکەیدا سوودی لە دیالیکتیکی ئیسکۆتلەندی وەرگرتووە و
قارەمانی چیرۆکەکانی لەجیاتی وشەی (money)
دەڵێن (baubees) ، لەجیاتی (children)
دەڵێن (bairns) ، لە ئینگلیزی کۆن و
نەرویجی کۆنیشدا ھەمان ئەم وشانە بەکاردەھاتن .
(کاروان) لەو دەقەشیدا ھەندێ وشەی ئینگلیزی بەکارھێناوە و ڕەونەقێکی
بەخشیوە بە دەقەکەی ، وشەی (کازینۆ) بەکارھاتووە لە شوێنی (گازینۆ) ،
ھەڵبەت وشەی (گازینۆ ) کوردی نییە و وشەیەکی بازاڕییە ، لە وشە
ئینگلیزییەکەوە وەرگیراوە .
"من دەڵێم دایە زوو کۆچی دواییی کرد، کەچی خۆی لە سەرەمەرگ پێی گوتم:
- مانگا ئەوپەڕی پانزدە ساڵ دەژیێ، پەریھان،
بەڵام من مانگایەکی ئاسایی نەبووم، بۆیە ھێندە زۆر ژیام".
(کاروان) لە (گازینۆی منداڵان)دا ژانرە ئەدەبییەکانی تێکەڵکردوون ،
شیعری ئاوێتەی دەقەکەی کردووە کە ڕۆمانە .
ڕاستی من پێم سەیرە!!! (کاروان) تا ئێستا شیعری نەنووسیوە ، شیعر
فۆڕمێکی جیاواز و سەربەخۆی ھەیە ، دەکرێ ئاوێتەی دەقی تر بکرێ (وەک
ئەوەی کاروان ئاوێتەیکردووە) . (کاروان ) لە رۆمانەکەیدا (ڕۆماننووس و
شاعیر و وێنەکێش)ە لە یەک کاتدا ...
کۆتایی : لەگەڵ (کاروان کاکەسوور) و (جۆرج سیمنۆن) و (جان دۆس پاسۆس)دا.
با بەراوردکارییەک بکەین لەنێوان ئەزموونی نووسینی :
١- (کاروان ) و (جۆرج سیمنۆن):
لای (جۆرج سیمنۆن ١٩٠٣ - ١٩٨٥) ئەو ئاوەڵناو و ئاوەڵفرمانانەی تەنھا
وەزیفەیان کارلێکە لەگەڵ خوێنەر و دەوریان نییە لە زماندا و تەنھا بۆ
جوانکاری بەکارھاتوون ، شایستەی پەراوێزخستنن .
(سیمنۆن) دەیگوت :
(ئەگەر ڕستەیەک جوان بێت بەڵام مانای نەبێت و جێگەی خۆی نەکاتەوە ،
دەبێ بیسڕینەوە . من لەکاتی پاکنووسیدا ئەگەر رستەیەک مانای نەبێت با
زۆر جوانیش بێت ، ئەوا بێ دوودڵی رەشیدەکەمەوە .).
(کاروان)لەو دەقەیدا لە زمانی کارەکتەرەکانیەوە ڕستەی جوانی داڕشتووە ،
وەلێ داڕشتنی وشە جوانەکان لەسەر حیسابی مانا نەبووە ، بۆیە لەوەدەچێ
کەمتر لەکاتی پاکنووسی و پێداچوونەوەدا ،ڕستەکان پێویستییان بە لادانی
وشە ھەبووبێت.
لای (کاروان) ڕووداوەکان بەش بەشن و بە یەک ئاڕاستە ھەنگاو نانێن ،
بەشێک لە ڕووداوەکان لە سەرەتاوە قالبی خۆیانیان وەرگرتووە . لێرەدا
قالب بەندی مانای سنووردارکردنی ڕووداوەکان ناگەیەنێ ، ڕێکخستنی
ڕووداوەکانە تا ئاستی گێڕانەوە .
ھەندێ لە ڕووداوەکان تەواوکەری رووداوەکانی بەر لە خۆیانن و بە
لاوەنانی ئەو ڕووداوانە کوشتنی ڕووداوەکانی پێشترن کە دواجار بە مەرگی
ڕۆمانەکە کۆتایی دێت ، بەڵام بەشێک لە ڕووداوەکان سەربەخۆن و پشت بەست
نین بە ڕووداوەکانی بەر لە خۆیان .
گرنگترین تایبەتمەندی ڕۆمانەکانی (کاروان کاکەسوور) کە تا ئێستا
ڕەخنەگران باسیان نەکردووە و ھەر ئەو تایبەتمەندییەش (کاروان ) لە
سەرجەمی ڕۆماننووسەکان جیادەکاتەوە لە ناویشیاندا (جۆرج سیمنۆن) ،
ئەوەیە کە :
(ڕۆمانی کاروان چەند ڕۆمانێکە لەنێو دوو توێی یەک ڕۆماندا).
لای (جۆرج سیمنۆن)بارودۆخەکە تەواو جیاوازە ، ئەزموونی نووسینی (سیمنۆن),
رێک پێچەوانەی ئەزموونی نووسینی (کاروان)ە لە ڕووی رووداوەکانی
رۆمانەوە ، ھەروەھا (سیمنۆن) ھەموو رۆژێک یەک فەسڵی تەواوی دەنووسی ،
بەبێ دواخستن . واتە ئەگەر ٤٨ کاتژمێر نەخۆش بکەوێ ، دەبێ فەسڵەکانی
پێشتر ڕەشبکاتەوە ، ئەمەش کۆتایی نووسرانی ڕۆمانەکەی پێدەڵێن (ئەوەی
نووسراوە یەکسان دەکرێ بە سفر).
٢- (کاروان) و (جان دۆس پاسۆس).
(کاروان) بەکەمی باسی بەرھەمەکانی خۆی دەکا ، ڕەنگە بۆچونێکی تا
ڕاددەیەک نزیکی ھەبێت لە (جان دۆس پاسۆس) کە پێیوایە ناخۆشترین شت لە
دونیادا ئەوەیە بتەوێ لەبارەی بەرھەمی خۆتەوە قسە بکەی .
ئەوەی وای لە (پاسۆس) کردووە وەھا بۆچونێکی ھەبێت ، لەبەر ئەوە نییە (پاسۆس)
نووسەرێکی لاوەکییە و شانازی بە بەرھەمەکانیەوە ناکا . (جان پۆل سارتەر)
دوای نووسرانی زنجیرەی ( USA)ی (پاسۆس) ،
وتارێک دەربارەی (پاسۆس) دەنووسێ و بە گەورەترین نووسەری دادەنێ کە لە
ژیاندا مابێت .
چەند لێکۆڵینەوەیەکم بینیوە لەسەر دەقی (کاروان) کە نەیانتوانیوە
دەقەکە وەکو خۆی ببینن ، یان بەلایەنی کەمەوە بەشێکی دەقەکە ببینن و
دروست ھەڵوەستەی لەسەر بکەن , ڕەنگە بەشێکی پەیوەندی بە لاوازی ھێزی
دانپیانانەوە ھەبێت کە ھێزێکە بۆ ڕەخنەگر کەرەستەی سەرەکییە ،
لاوازبوونی ئەو ھێزە وادەکا ڕەخنەگر ئەو شتە نەنووسێتەوە کە دەیبینێت
لە دەقەکەدا .
ئەو کێشەیەی (کاروان) ھەمان کێشەی (پاسۆس)ە کە نووسینەکانی لە (ڤێرجینیا)
لێکدانەوەی ھەڵەیان بۆ دەکرا ، چونکە دەقەکانی دەربارەی خەڵک و پرس و
کێشەکانیان بوو ، (پاسۆس) دەستی خستبووە سەر مەسەلە زەقەکانی ئەو
بەھەڵەداچوانە ، (پاسۆس) لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی دەڵێ :
(ھەمیشە ئەو بابەتانە ئازار و گومان لای خوێنەر دروست دەکەن ، بۆیە
ئاساییە پەرچەکردار دروست بکەن).
___________________________
سەرچاوەکان:
١- Lo sono cosi cosi / carmelo caizzone/ Italia/
1988
٢- Narciso e Boccadoro / Herman Hesse / traduzione
di Cristina Baseggio/direttore responsabile :pietro boroli /
mondadori daeagostine /Milano/ 1988
٣- patrica cornwell / postmortem /traduzione di
Marco Amate / direttore responsabile :pietro boroli/Milano/ 1988
٤- La fatorria degli animali /
traduzione di Bruno Tasso / direttore responsabile : pietro boroli/Milano/
1988
٥- ژولی سادا - ژاندرون، تساھل در اندیشە غرب، ت: عباس باقری " تھران"
٢٠٠٣.
٦- مدرنیتە و اندیشەی انتقادی... بابک احمدی... چاپ چھارم اسفند، ١٣٨٠.
٧-الفلسفة الحدئثة،
نصوص مختارة، ترجمة:
د. محمد سبیلا.
٨- بڵند باجەلان، منارەی داھێنان: خوێندنەوەیەک بۆ چیرۆکی منارەی
ئاوەدانیی کاروان کاکەسوور، گۆڤاری گەلاوێزی نوێ ژمارە (٥٨)، ٢٠١٢.
ماڵپهڕی بڵند رۆستەم
|