٣٠\٣\٢٠١٣
هزر و رامانی
حیزبسالارییی قووڵترە لە هزر و رامانی پیاوسالاریی.

تاریق یوسفی
ئەگەر چاوبخشێنین بە مێژووی دوور و نزیک دا، دەبینین کە زۆر هەبوون لە
ئەو هزر و رامان و نەریتە پاشوەڕۆیانە کە مرۆڤی خوارەوەی خۆیان وەک
موڵک و کۆیلەی خۆیان سەیرکردوە و هیچ بەهایەکیان بۆ دانەناون بێجگە لە
بەکارهێنانیان، هەر لە خواوەندە بێدەمامکەکانەوە بگرە تا خواوەندە
مدەمامکدارەکان و ئەوانەی خۆیان وەک سێبەری خوا و پاشا، ئاغا، شێخ،
دەوڵەت، و دواهەمینیشیان حیزب بە هزر و رامانێکی دەستەڵاتداریی و
خۆبەخاوەن زەوی و خۆبەخاوەن مرۆڤ دەبینن.
خواوەندەبێدەمامکەکان؛ ئەوانەی بەئاشکرا هاواریان دەکرد و خۆیان بە
مەزنی مرۆڤەکان دەبینی و سەرەوەی خۆیان هیچکەسیان نەدەدیت و دانیانپێدا
نەدەنان لە چەشنی فەرعەون و فەرعەونەکان کە مرۆڤکوشتن و مەڕکوشتن بێ
جیاوازی بوو لەلایان و مرۆڤەکانیش خۆیان باوەڕیانهێنابوو کە ئەوانە
خوان و ئەمانیش قوربانیی ئەوانەن، هەر بۆیە کۆمەڵگە وەک مێگەل
هەڵسوکەوتیان دەکرد و ئەوانیشیان وەک خاوەنی کۆمەڵگەکەیان دەبینی.
پاشا، شێخ و دەرەبەگەکانیش یەک لە دوای یەک میراتگری هەمان هزر و
رامانی پاشوەڕۆ و خوێنمژی مرۆڤەبەخواوەندبوەکان بوون، پاشا هێزی هەموو
وڵات لەدەستیدا بوو، ئیرادەی دانیشتوانی وڵاتیش هەمووتەسلیمی پاشایە،
واتە؛ پاشا بڕیاردەر و خاوەنوڵاتە و دانیشتوانی وڵاتیش هەموو سەربازی
ئەون و بڕیاری پاشا وەک بریاری خوا سەیری دەکرێت وگوتنەکانیشی بێ
بیرکردنەوە پەسەند دەکرێت. دەرەبەگەکان؛ واتە نوێنەری پاشا یان
پاشائاسا لە هەرکوێیەک بووبن، لە شار یان لە گوند ئەوا هەرخۆیان
بڕیاردەر بوون و هەموو دانیشتوانیش تەنیا جێبەجێکەر بوون و دەرەوەی
ئەوە مافێکی دیکەیان نەبووە، کامە زەوی و ڕەزوباخی پڕپیت بوایە ئەوان
خۆیاندەکرد بە خاوەنی و داگیریان دەکرد، کامە کچی جوانی خێڵ یان شار و
گوندی ژێردەستەڵاتیان بوایە بێ یەکودوکردن دەیانخواست، ئیدی کچ منداڵە
و ئاغا پیرەپیاو هیچ گوێی پێ نەدەدرا، هەرکەسێکیش سەرپێچی بکردایە هەر
لە سەرتاشینیەوە بگرە تا دارکاریکردن و کوشتنیشی؛ مافیان بە خۆیان دەدا
و سەرەوەی خۆشیان یاسایەک نەبوو.
شێخەکانیش لە ڕێگای دینەوە و (خۆنزیکبوون و یەکپشتبوون لەگەڵ
پێغەمەرەکان) خۆیان پێناسە دەکرد و خەڵکیش وەک خوا دەیانپەرەستن. خەڵک
سوێندی گەورەیان سەری شێخ و گۆڕی شێخ و ماڵی شێخ بوو، کامە مەڕی چاخ
ومریشکی گۆشتن بوو دەبوایە هەر شێخ بیخواردایە، زۆربەی مرۆڤەکانیش
بەشانازیەوە خۆیان بە دەروێشیان دەزانین و زۆریشیان خۆیان بە سەگی شێخ
وپاسەوانی بەردەرگای شێخ دەزانی و هاواریان دەکرد "سەگی بەردەرگاتین یا
شێخ!" و شێخیش دەستێکی بە سەری هەرکەسیان دا بهانیایە؛ ئەوا
لەبەرامبەردا شێخ پارچەیەک زەوی وەردەگرت و کامە مانگاش پڕشیر بوایە
هەر پێشکەش وشایانی شێخ بوو.
سیستمی دەوڵەتی و دەوڵەت بەنێوی پارێزگاریکردن لە مرۆڤەکان هەموو
مرۆڤایەتیان تەفروتونا کرد و نەک هەر مرۆڤیان نەپاراست؛ تەنانەت
مرۆڤیان لەناوبرد و هەموو مرۆڤایەتیان کردووە بە دژی یەکتر و ژیانی
مرۆڤەکانیان وێرانکردووە، هەزاران ساڵە سیستمی دەوڵەت دروست بووە و
دەوڵەت هەیە کەچی مرۆڤەکان هەر لە نەهامەتی وچارەڕەشیدا دەژێن، مرۆڤ تا
ئێستاش خێروخۆشی لە سیستمی دەستسازیی مرۆڤ نەدیوە و تا دەشڕوات ژیانی
تاکی کۆماڵگەی مرۆیی بەرەو تەنگبوون ونائارامی دەڕوات.
گەلی کورد بە درێژایی مێژوو خوێنی بە دەستی یەک بە یەکی ئەم سیستمانە
ڕژاوە و نهاکەش بەردەوامە، درێژەی هەمووئەمانەش ئێستا حیزبایەتیە،
بەڵام بەنێوی کوردایـێتی و نەتەوایێتی و نیشتمانپەروەرێتی، بەداخەوە!
حیزبایەتی ئەمرۆ سەرەوەی هەموو بەهائەخلاقیەکانە و سەرەوەی
هەمووپیرۆزیەکانیشە، بەئاشکرا دەبینین بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد
دەکرێتە قوربانیی حیزبایێتی وپارتایێتی، قسەی حیزب سەرەوەی گەل و
نەتەوەیە، لەبری ئەوەی حیزب ئیرادەی خۆی تێکەڵ بە ئیرادەی نەتەوەکەی
بکات؛ کەچی ئیرادەی نەتەوەکەی تەسلیم بە خۆی دەکات و خۆشی تەسلیم بە
وڵاتێکی دیکە یان هێزێکی دیکە دەکات، ئەمرۆ حیزبیش ئەندامانی خۆی وەک
بەندەی خۆی چاولێدەکات و وەک کۆیلەیەک لەگەڵی دا هەڵسوکەوت دەکات.
حیزبەکان؛ ئەندامەکانی خۆیان وەک موڵکی خۆیان چاولێدەکەن نەک موڵکی
گەلەکەیان، هەر بۆیەش دەتوانن سزایان بدەن، دەریان بکەن، بەشەڕیان
بدەن، بیان کوژن و کەسیش نەتوانێت پرسیاربکات کە بۆچی و لەبەرچی
وادەکەن.
زۆرجار باس لە پیاوسالاری دەکرێت و ڕخنەدەگیرێت کە پیاو؛ ژن بە موڵکی
خۆی دەزانێت، هەر بۆیەشە هەڵسوکەوتی ناشایستی لەگەڵ دا دەکات و ماف
بەخۆی دەدات، بەڵام حیزبەکان زۆر پتر لە پیاوسالاری حیزبسالاریی دەکەن
و هەڵسوکەوتیشیان لەگەڵ ئەندامانیان ناشایستە، ئەگەرپیاو تەنها لەگەڵ
ژنێک خراپ بێت ئەوا حیزب لەگەڵ کۆمەڵێک خراپە، ئەگەر ژن بەتاک
هەتکبکرێت و بێڕێزیی پێ بکرێت؛ ئەوا حیزب بەپۆل بێڕێزی دەکات وهەتکی
حورمەتیان دەکات، ئەگەر پیاو تەنیا ژنێک وەدەربنێت؛ ئەوا حیزب بە گرووپ
و بەدەستە ئەندامانی خۆی وەدەرناوە و تۆمەتی جۆربەجۆریشی بۆ
هەڵبەستوون. دیارە پیاویکی نەزان و نەفام و زۆردار ژن بەموڵکی خۆی
دەزانێت و شوێنکەوتوی سیستمی دەرەبەگی وشێخگەرایە و ڕێگاش نادات هیچکەس
ڕخنەی لێ بگرێت، و دەڵێت ژن ژنی خۆمە و هیچکەس بۆی نیە دەستبخاتە
ژیانمەوە، بەڵام هەمان بیرکردنەوە وهەمان تێڕوانینیش لە حیزبەکان هەیە
و خۆشیان ناودەنێن حیزبی مۆدێڕن و دیموکرات؛ کەچی ئەگەر ئەندامێکیان
بکوژرێت، خۆیان بیکوژن یان خۆی بکوژێت ئەگەرپرسیاربکەی ئەرێ ئەم
ئەندامەی ئێوە بۆچی کوژرا یەکسەر لەوەڵام دا دەڵێن بەتۆ چی! ئەندامی
خۆمانە و هیچکەس بۆی نیە لێی بکۆڵێتەوە، هەر بۆیە بەڕاستی حیزبایەتی
نزمتر یان قوڵترە لە پاشایێتی و شێخایێتی و پیاوسالاریش.
ئیتر؛ دەبێت گەلی کورد ئەندامانی حیزبەکان لە بە موڵککردنیان ڕزگاربکات
و ڕێگاش نەدات حیزب ببێتە خاوەنی جەستە و هێز و ئیرادەی تاکی کورد،
دەبێت گەل مافی خۆی هەبێت و خاوەن ئەو دەستەڵاتەش بێت کە ماف بخوازێت
لە حیزبەکان و ڕێگەی حیزب نەدات ئەسپی خۆیان بە ئەو شێوەیەی دەیانەوێت
تاوبدەن، با گەل! چەکوشەکەی ئیبراهیم هەڵبگرن و بتی حیزبسالاریی
بڕووخێنن و لە جێگای دا؛ سەروەری دابـنـێن.
tariq_yusifi@hotmail.fi
|