په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٩\٢٠١٣

هۆکارەکانی بەدەوڵەتنەبوونی کورد!


سیروان کاوسی    

- بەشی دووەم -


لەپێشەکیی ئەم بەشەدا بەپێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینم ئاراستەی ئەو بەڕێزانە بکەم پشتگیری و رەخنەوپێشنیازی خۆیان بۆ بەشی یەکەمی ئەم بابەتە مێژووییە نارد. ھیواموایە بەردەوام بن لەناردنی رەخنە و پێشنیازەکانتان!

رووخاندنی ئیمپراتۆریی ساسانی، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر جێننشینەکانی پەیامبەری ئیسلام و سوپای ئیسلام دانا، متمانە و باوەڕ بەخۆبوونی لەنێویاندا پەرەپێدا. دڵنیابوون پاش شکانی ئیمپراتۆریی ساسانی، بەھاسانی دەتوانن ناوچە و وڵاتانی دی داگیربکەن. لەبەر ئەوە سڵیان لەو بەرخۆدانە پەرتوبڵاوانە نەدەکرد کە لە کوردستان و ئێران بەرەوڕوویان دەبووەوە. بەکورتی، ھۆکارەکانی شکستی ئیمپراتۆریی ساسانی دەتوانین لەم چەند خاڵەدا بەرجەستەبکەین:

 

١- دەستنیشانکردنی شاری تیسەفۆن بۆ پێتەختی ساسانی کە لە خوارووی کوردستان و لەسەرسنووری نێوان حکوومەتی ساسانی و ھۆزەکانی عەرەبدا ھەڵکەوتبوو، گەورەترین ھەڵەی شا و فەرماندەکانی سوپای ساسانی بوو، ھیچکاتێک باوەڕیان نەدەکرد، خێڵەکانی بیاباننشینی عەرەب ببنە جێی مەترسیی بۆسەر پێتەختی ساسانی. ئەوە بوو لەگەڵ داگیرکردنی پێتەخت و ھەڵاتنی شای ساسانی، شیرازەی حکوومەت و سوپا تێکچوو.

٢- ھێرشی ترکان بۆ رۆژھەڵاتی حکوومەتی ساسانی لەوکاتەدا سەرقاڵیی گەورەی بۆ ساسانی دروستکردبوو.

٣- لەنێوبردن و کوشتنی شازادەکان و سەردارانی بەناوبانگی ساسانی لەلایەن شای ساسانی (خوسرەو پەرویزەوە) لەترسی ئەوەی کودەتای بەسەردا نەکەن.

٤- راگەیاندنی سەربەخۆیی لەلایەن گوستاھم خاڵۆی خوسرەو پەرویز بەپشتیوانیی کوردانی خۆراسان و، جەنگێکی چەندین ساڵە لەدژی سوپاکەی.

٥- کوشتنی ''مەردانشا'' حوکمڕانی ناوچەکانی خانەقین و ئیلام ومەندەلی لەلایەن خوسرەو پەرویزەوە بێزارییەکەی زۆری لەنێو کوردانی ناوچەکە لەدژی حکوومەتی ساسانی بڵاوکردەوە.

٦- کوشتنوبڕینی دەیان ھەزار پێڕەوی ئاینی مەسیحی و مەزدایزم لە زەمانی خوسرەو پەرویز بەھاندانی پیرەکانی زەردەشتی کە دژی پەرەسەندنی ئەو دوو ئاینەبوون.

ئەمانە و چەندین ھۆکاری دی، بوونە ھۆی ئەوەی کە ئیپمراتۆرییەکی گەورەی وەک ساسانی بە ماوەیەکی کەم لە بەرامبەر سوپای ئیسلام تێکبشێت. بەلام سەرەڕای شکستی ساسانییەکان، وەک پێشتر باسمکرد، لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان و لە ئێران خەڵک ئامادەنەبوون بندەستیی عەرەب قەبووڵ بکەن و، واز لە ئاینەکەیان بھێنن.


بەرەنگاریی کوردان لەدژی سوپای موسڵمانان و ملنەدانی بەبندەستیی، بووە ھۆی رقوبێزارییەکەی زۆر بەرامبەر بە کورد، دەسەلاتداران و مێژوونووس و شاعیرانی عەرەب گەلێک وتەی ناشیرین و چیرۆکی سەیروسەمەریان لەدژی کورد بڵاوکردەوە. دواتریش کە دەسەلاتدارێتیی ئیسلامیی لە عەرەبەوە گوێزرایەوە بۆ بنەماڵەی عوسمانی سوننە و سەفەویی شیعە، ئەمانیش وەک دەسەڵاتداران و مێژوونووس و وێژەڤانانی عەرەب، لەنێو گەلانی خۆیاندا شەپۆلێکی دژ بەکوردیان بڵاوکردەوە.


''عەلی کوڕی حسێن مەسعوودی'' مێژوونووس و جۆگرافیزانی ناوداری عەرەب کە لەساڵی ٨٩٦ بۆ٩٥٧ی زاینیی ژیاوە، سەبارەت بە کورد لەکتێبەکەی بەناوی ''مروج الذھب و معادن الجوھر'' نووسیویەتی: ''پەیدابوونی رەچەڵەکی کورد لەئاکامی زیناکردنی شەیتان و کەنیژەکانی سلێمان پێغەمبەرەوە بووە!''.


شاعیرێکی دیکەی گەورەی عەرەب بەناوی ''ئەبوو العلاء المعری'' ساڵی ١٠٥٧- ١٠٥٨ لەکتێبەکەیدا بەناوی ''رسالە الغفران'' دەڵێ: ئەبووموسلم خۆراسانی و خوشکەزاکەی بەناوی ''بابەکی خوڕەمی'' ھەروەھا فەرماندەی لێھاتوو ''خدری کوڕی کاوس'' ھەرسێ کورد و زەندیقی بوون''. ھێژای گۆتنە وشەی ''زەندیق''ی لەزمانی عەرەبیدا بەرامبەر کەسێ یان کۆمەڵەخەڵکێک بەکاردەبرێت کە رەوشتنزم و تاوانکار و بێدین و پاشکەوتووبن.


لێرەدا ناوی ''ئەبووموسلم'' ھێنرا، بابزانین بۆچی ئەو شاعیرەی عەرەب، ئەبووموسلم بە''زەندیق'' نێودەبا، لەکاتێکدا ئەبووموسلم یەکێ بوو لەسەردارانی گەورەی ئیسلام!؟


''ئەبووموسلم'' ناوی ''بێزادان'' کوڕی ''ونداد'' بووە، ساڵی ٧١٨ی زاین ھاتووەتە دنیاوە. لەکوردەکانی خۆراسان و لەناودارانی مێژووی کورد و دنیای ئیسلام ئەژماردەکرێت. جەنگاوەرێکی ئازاو لێھاتووە بووە و، لەسەردەمی خۆیدا ناوبانگی بەھەموو ولاتانی ئیسلامیدا بڵاوبووەتەوە. بێزادان لەخۆراسانەوە پشتیوانی خۆی لەبنەماڵەی ''عەباسی'' رادەگەیەنێ و دەکەوێتە دژایەتیکردنی حکوومەتی ''ئۆمەوی'' یەوە. ساڵی ٧٤٥ی زاینی، لە خۆراسانەوە سوپایەکی گەورە لەکورد و فارس دەخاتەڕێ، سوپای بەنی ئۆمەییە لەشام و میسر تێکدەشکێنێ، پاشان لەنەبەردێکی گەورە و چارەنووسساز کە لەناوچەی خانەقین روویدا، شکستی گەورەتر بەسەر سوپای ئۆمەویی دێنێ، پاشماوەی سوپای ئۆمەویی بەرەو بەغدا ھەڵدێن. ساڵی ١٣٢ی کۆچی بەرامبەر بەساڵی ٧٤٩ی زاینیی، ئەبووموسلم ھێرشدەکاتە سەربەغدا و لەگەڵ لەشکری حکوومەتی ئۆمەویی بەرەوڕووی جەنگێکی گەورە و گراندەبێ، دوای کوشتنی دەیانھەزار سەربازی عەرەب، سوپاکەی ئۆمەویی تێکدەشکێنی و ''مەروان'' دواخەڵیفەی بنەماڵەی ''ئۆمەویی'' دەکوژێ و، ئیمپراتۆری ئیسلامیی دەداتەدەستی ''ئەبولعەباس عەبدۆلڵا سەفاح'' سەرۆکی عەشیرەتی ''عەباسیی''.


ئەبولعەباس دوای بوونی بەخەڵیفە، رێزێکی زۆر لە ئەبووموسلم دەگرێ، خەڵاتیدەکا و، حوکمڕانیی خۆراسانی پێدەسپێرێ و، دەسەلاتی تەواوی خۆراسان دەداتە دەستی. ئەبووموسلم لەخۆراسان ھێزودەسەلاتی خۆی پەرەپێدەدا، بەناوی خۆیەوە دراو لێدەدا و، بێ ئیزنی خەڵیفەی بەغدا حوکمڕان بۆ ھەرێمەکانی خۆراسان و ئەفغان و وڵاتانی سەرووی خۆراسان دەستنیشاندەکا. دوای ماوەیەک ناوبانگی ئازایەتی و خۆشەویستیی ئەبوموسلم، ترس دەخاتەدڵی ''مەنسوور'' خەڵیفەی دووەمی عەباسییەوە. بڕیاردەدا لەخۆراسان دووریخاتەوە و، پێشنیازی حوکمڕانیی میسر و سووریای پێدەکا، بەڵام ئەبووموسلم قەبووڵی ناکا. ئەوجا خەڵیفە مەنسوور پیلانی کوشتنی دادەڕێژێ، بەنێوی دیدار و مێوانداریکردنی بانگێشتی دەکات بۆ کۆشکی خۆی، سەربازەکانی ئاگاداردەکا، کاتێک سێ جار چەپلەم لێدا، ھێرش بکەنەسەری و بیکوژن. ئەبووموسلم بەپیلانەکە نازانێ، بانگھێشتنەکەی خەڵیفە مەنسوور قەبووڵدەکا. کاتێک لەگەڵ پاسەوانەکانی دەگەنە دەروازەی کۆشک، ئاگاداریان دەکەن چ کەسێک بەچەکەوە نابێ بچێتە نێوکۆشکەوە و چەکەکانیان لێدەستێنن. ئەوجا خەڵیفە مەنسوور لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەبووموسلم، دەڵێ: ''راستە تۆ خزمەتی گەورەت بە بنەماڵەی ئێمە کرد، بەڵام تۆ تاوانێکی زۆرت ئەنجامدا، بەبیانووی پشتیوانی لەئێمە، عەرەبێکی زۆرت کوشتن، تۆ بەرامبەر نەتەوەی عەرەب تاوانت کردووە. باشدەزانم چیت لەمێشکدایە، دەتەوێ خیانەت لە من و بنەماڵەکەم بکەی!''. ئەبووموسلم بە توندی دژی قسەکانی دەوەستێ. ئەوجا خەڵیفە مەنسوور سێ جار چەپڵەلێدەدا، سەربازەکان دەڕژێن بەسەریدا و دەیکۆژن. ئەم رووداوە ساڵی ٧٥٥ی زاینی روویدا.

 

ئەبووموسلم لەکاتی کوشتنیدا تەمەنی ٣٧ ساڵ بوو. لەسەردەمی ئەبووموسلمدا یەکەمین ھەلی گەورەی مێژویی بۆ کورد ھەڵکەوت کە دەستبگرێت بەسەر ئیمپراتۆریی ئیسلامیدا. ئەبووموسلم نەک ھەر کورد بەڵکو ھەموو گەلانی ئێرانی بەفارس و بەلووچ و ئەفغانی لەگەڵ بوو. شەڕوشۆری نیوخۆیی نێوان ھۆزەگەورەکانی عەرەب لەسەردەسەلات و خەلیفایەتی، بڕستی لێبڕیبوون. سەدان ھەزار عەرەب ببوونە قوربانیی جەنگی نێوخۆیی. گەر بھاتایە ئەبووموسلم بەناوی خەڵیفەی موسوڵمانانەوە قسەی بکردایە و پێتەختەکەی دوور لەسنووری عەرەب لەنێوجەرگەی کوردستان دابنایە، کورد دووسەت ساڵ دوای دامەزرانی ئیمپراتۆریی ئیسلامیی، دەیتوانی گەلانی ناوچەکە بەعەرەبیشەوە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، سنوور و دەسەلاتی خۆی و سەروەریی خۆشی دەپاراست، وەک ئەوی دواتر ترکان و فارسان بەناوی ئاینەوە بەپشتیوانیی کورد، کردیان و پێیگەیشتن...


دوای کوشتنی ئەبوومسلم، شاعیرێکی عەرەب بەناوی ''ئەبوو دلامە'' کە لەساڵی ٧٨٠ی زاینیدا مردووە، لەھۆنراوەیەکدا ئەبووموسلم خۆراسانی بەمرۆڤێکی خوێنڕێژ نێودەبا و دەڵێ:


''ئەی ستەمکار و خوێنڕێژ کە بەنووکی شمشێرەکەت سەری شەشسەت ھەزار لەرۆڵەکانی رەگەزی گەورەی عەرەبت پەڕاند. ئەی باوکی تاوان و بێڕەوشتیی، ئایە پاداشتی چاکە و خێر و مێھرەبانیی یەزدانی مەزن دەبێ بەم شێوە بدەیتەوە؟ ئەتۆ لەدەوڵەتی ئەبوو جەعفەر مەنسووردا ھەوڵی غەدر و خیانەتت دا! بەڵام من لێتناگرم، چۆنکە پیشەی باوباپیرانی کوردت ھەر تاوان و زۆرداریی بووە!''.


کوژرانی ئەبووموسلم (بێزادان)، رقوبێزارییەکی زۆری لەنێو دڵی کوردان وگەلانی ئێرانیدا بڵاوکردەوە. راپەڕین لەھەموو لایەکەوە سەریھەڵدا. ئەگەرچی ئەبووموسلم بەناو موسڵمان و لەریزی پێشەوەی سەردارەکانی گەورەی دنیای ئیسلامدا بوو، ھەروەھا زۆرینەی کوردیش لەوکاتەدا ببوونە موسڵمان، بەڵام ھێشتا لەژێر کاریگەریی ئاینی مەزدایزم و زەردەشتدا مابوون و، پێرەوانی دوای ئەبووموسلم بەسەرۆکایەتیی بابەکی خۆرمدین کە خوشکەزای ئەبووموسلم بوو، باوەڕیانوابوو: ''ئەبووموسلم نەمردووە و دەگەڕێتەوە و، دادپەروەریی لەجیھان دادەمەزرێنێ، ئەبووموسلم بەلەش مردووە، بەڵام رۆحی لەنێوماندایە و وەک رابردوو سەرکردەیەتیمان دەکات!''، بێگومان سەرچاوەی ئەم رامانە ئاینییە دەگەڕێتەوە چەندھەزارساڵێک لەمەوبەر، بۆ پێش ئاینی مووسایی و عیسایی و بوودایی واتە بۆ سەردەمی ''میترایزم'' کە دەڵێ: ''رۆژێک میترا دێتە سەرزەوین و ھەرچی خراپەیە لەسەر زەوین لەنێویدەبا''. ئەم رامانە لەمیترایزمەوە گویزرایەوە بۆ ئاینی زەردەشتی و دواتر ئاینی مەسیحی و ئەوجا ئاینزای شیعە کە دەڵێ: ''ئیمامی زەمان رۆژێک رادەبێ و، جیھان لەخراپە دەسڕێتەوە''.

 

نیشانەیەکی دیکەی بۆچوونی پێڕەوانی بابەکی خۆرمدین لەسەر ئاینی زەردەشتیی ئەوەبوو، باوەڕیان بە ''گەڕانی رەوان''، ''رۆح''، ''دۆنادۆن'' (تناسخ بقاء) بوو، ئەوی کە پێڕەوانی ئاینی ''یاری'' و ''ئێزدی'' ئەمڕۆکە باوەڕیان پێیەتی.

شۆرشی خۆرمدین بە سەرۆکایەتیی بابەک کوڕی مەرداس!


شۆرشی بابەک (پاپەک) ی خۆرمدین، لەمێژووی ئیسلامدا بە گەورەترین بزووتنەوەی چەکداری لە دژی ئیمپراتۆریی ئیسلامیی تۆمارکراوە. ئەم بزووتنەوەیە لەساڵی ٨١٦ وە تاکو ٨٣٦ بۆ ماوەی بیست ساڵ درێژەی کێشاوە.


ھەر لەسەرەتای دامەزرانی رژێمی ناسیۆناڵی فارسی لەلایەن رەزاشای پەیلەویی کە دەکاتە نێزیکی سەدساڵێک بەرلە ئەمڕۆ، لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوەی رژێمی پاشایەتییەوە سیاسەتێکی واگیرایەبەر، مێژوویەکی پڕلەشانازیی بۆ گەلی فارس بنووسن، کە سەرچاوەکەی لەکۆرشی ھەخامەنشییەوە دەستپێدەکا و، کۆتاییەکەشی دەگاتە رەزاشای پەھلەویی، دواتریش ئەم سیاسەتە لەزەمانی حەمەڕەزاشا زیاتر گرنگیی پێدرا و، زۆرێک لە خەبات وبزووتنەوەکانی ئازادیخوازیی گەلانی دیکە لەوانە کورد، ھەربەناوی بزووتنەوەی ئێرانییەوە تۆمارکرا و، ھەوڵدرا بنەچە و چاوکانییەکەی ببەستنەوە بۆ رەگەزی فارسەوە. یەکێ لەو بزووتنەوە گەورانەی پتر لە ھەزارساڵێک لەمەوبەر لەدژی دەسەلاتدارێتیی ئیسلامیی لەرۆژھەڵاتی کوردستان ھەڵگیرسا، فارس خۆی لێکرد بەخاوەن و نێوی ''خرمدینان'' (خوڕەمدینان)، لەسەر بزووتنەوەکە داناوە. گەلانی ئێرانی ھەروەھا گەلی کوردیش ھەر بەم نێوەوە ئەوڕۆکە دەیناسێ، کە ئەمە زۆر دوورە لەڕاستییەوە. بەباوەڕی من، پێش پاپەک و لەسەردەمی ''جایدان'' ی مامۆستایدا، کە دواتر دەچینەسەری، نێوی ''خۆرمدین'' یان لەسەر شۆرشەکەیان داناوە.

 

خۆرمدین لەدوو وشەی ''خۆر'' و ''دین'' ەوە ھاتووە، پێرەوانی ئەم بزووتنەوەیە لەسەر ئاینی مەزدایزم و زەردەشت بوون، خۆر یان خۆرەتاویش ھێما و نیشانەیەکی پیرۆزی سەردەمی ئاینی میترایزم و مەزدایزم و زەردەشتیی بووە و ئێستاش ھەروایە. ''خۆر'' یان ''ھۆر''ی کوردی لەھێندی دەبێتە سور، لەئینگلیزی دەبێتە ''سان. وشەی ''خۆڕمشەھر'' کە ئێستا بووە بە ''خرمشھر'' ئەوی عەرەبەکان پێیدەڵێن ''محممرە'' مانای ''سوور'' ی ھەیە، وەک ''سوورێن'' لەکوردی، ھەموو ئاماژەن بۆ رەنگی ئاگر و رۆناکی خۆر، مێژووی ئەم رامانە وەک ئاماژەمداپێی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میترایزم و مەزدانیزم و زەردەشتی. بندەستبوونی کورد بەدرێژایی سەدانساڵ و، سیاسەتی بەپیلان وبەرنامەی داگیرکەران وایکردووە، کورد مێژووەکەی خۆی لەبیرچێتەوە و، ئەو مێژووە بەراست بزانێ کە داگیرکەران بۆیاننووسیوە و بەگوێیدا داویانە و دەیدەن.


ھەربەنیشانەی پیرۆزیی ''خۆر''، چەکدارەکانی سوپای بابەک جلی سۆریان لەبەرکردووە. عەرەب کە وشەی ''خۆر'' ی نەزانیوە بە ''خۆڕەم'' وەریانگرتووە. ئەگەرچی فارس بە ''خۆر'' دەڵێن ''خورشید'' یان آفتاب، بەڵام کە پرسیاریان لێبکەی: ''وشەی خۆر چ مانایەکی ھەیە؟'' نایزانن. لەئەلفوبیی فارسیدا ''ڕ'' ڕێی قەلەو نییە، بۆیە وشەی ''خوڕەم'' یان لەعەرەبییەوە وەرگرتووە. پاش تێپەڕبوونی سەدانساڵ ئێستاکە، کورد نەک ھەر لەو مێژووە پڕسەروەرییەی خۆی بێئاگایە، بەڵکو فارسەکان بەناوی ''جنبش بابک خرمدین'' خۆیان لێکردووە بەخاوەن، چەند ساڵێکیشە ترکانی ئازەربایجان لەرۆژی کوژرانی بابەکدا دەچنە سەر قەلاکەی لە چیای ''بەز'' بەناوی پاڵەوان و ئازادیخوازێکی گەورەی رەگەزی ترک یادیدەکەنەوە. ئەمە لەکاتێکدا لەو چاخەی ئاگری بزووتنەوەی خۆرمدینان لەسەرووی رۆژھەڵاتی کوردستان ھەڵگیرساوە، چ نەتەوەیەکی دیکە جگە لە کورد لەو ناوچەیە نەژیاوە. ئێستاش دەیانھەزار ''یارسان'' لەئازەربایجان ھەن، کە زمانەکەیان بووە بەترکی بەڵام دوای سەدانساڵ ئاینەکەیان پاراستووە و، لەبۆنەکانی یارسان لە داڵەھۆ و ڕێژاو و ناوچەی ''کرند'' ی سەر بە کرماشان، ھەموو ساڵێک ھەزاران یارسان لە ئازەربایجانەوە دەچن بۆ کوردستان بۆ بەشداریی لەڕیوڕەسمەئاینییەکەیان. سێ ساڵێک لەمەوبەر فیلمی بۆنەیەکی ئاینی یارسان کە لەکوردستانەوە ناردبوویان بۆم، ناردم بۆ تەلەفزیۆنی ''زاگرۆس'' کە لەشاری ستۆکھۆڵم بەرنامەکانی پەخش دەکات! ئەمە بەڵگەیەکی روونە بۆ ئەوەی بەتەواوەتیی دڵنیامان کا ئازەربایجانی ئێستا، بەشێک بووە لەخاکی کوردستان و، دانیشتوانەکەی پێرەوی ئاینی زەردەشتی بوونە.


ھەڵبژاردنی ناوی ''خۆرم دین'' (ھەتاوم دین)، (دینم ھەتاو) پێوەندیی بەرامانە ئاینییەکەوە ھەبووە، ھەتاوپەرستراوە. خۆشەویستی و حەزوخولیای ئێستای کوردیش بۆ ئاگرکردنەوە ھەر بۆ ئەو مێژووە ئاینی و فەلسەفییەی کۆنی کورد دەگەڕێتەوە. ئێستاش لەزۆرێک لەناوچەکانی ژاوەرۆ و ئەردەڵان وھەورامان، کاتێک سوێند دەخۆن، دەڵێن ''بەو رۆجیارە قەسەم''. رۆجیار مەبەست لە ھەتاوە. بێگومان ھەڵدانەوە و شەنوکەوکردنی مێژووی رابردوومان، پێویستی بەخۆماندووکردنێکی زۆر و پشوودرێژی و بوونی ناوەندێکی زانستی - مێژوویی ھەیە، بۆ ئەوەی مێژووی سەدانساڵ نادیار ودزراوی کورد بدۆزرێتەوە و، کورد ببێتەوە بەخاوەنی ئەو مێژووەی کە سەدانسالە نوقمی تۆزوخۆڵ و تەمومژ بووە.


بابەک کە لەسەرچاوە ئەرمەنییەکاندا ناوی بە ''باب'' ھاتووە، کوڕی کابرایەکی رۆنفروشی گەڕۆک بەناوی ''مەرداس'' (ناوە ئیسلامییەکەی عەبدۆڵڵا) بووە. مەرداس لەخوارووی ناوچەی لۆڕستان و، لەشاری تیسەفۆن لەدایکبووە. مەرداس ھێشتا ژنینەھێناوە لەباشووری کوردستانەوە روودەکاتە ئازەربایجان و لەگوندێک بەناوی ''مێمز'' نیشتەجێدەبێ. لەوێ لەگەڵ ژنێکی یەکچاو بەناوی ''ماھڕوو'' ھاوسەرگیریدەکا، سێ کوڕیان دەبێ، بچووکترینیان نێودەنێن ''حەسەن'' کە دواتر بە ''بابەک'' نێوبانگی دەڕوا. حەسەن ھێشتا ساوادەبێ، باوکی بۆ راو دەچێتە کێوی بەناوبانگی سەبەلان، لەسەرتاشێک ھەڵدەدێرێ، بەھۆی شکانی پشتییەوە چەند حەفتەیەک زیاتر ناژی و دەمرێ. دایکی بابەک دەبێتە کارەکەر و جلشۆری مالان، بابەکیش تاکو تەمەنی دوانزەسال دەبێتە شوانی گوندەکەیان. پاشان دەچێتە گوندی ''سەراو'' لای وەستایەک دەبێتە مەیتەر و شارەزای دەستەمۆکردنی ھەسپ. تاکو تەمەنی ھەژدەساڵی بەچەندین پیشەی دیکەوە ژیان دەباتەسەر، ئەوجا دەگەڕێتەوە بۆ گۆندەکەیان بۆلای دایکی.


لەناوچە شاخاوییەکانی نێزیک گوندەکەی بابەک و گوندی ''بەز''، دوو سەرۆکخێڵی دەستڕۆیشووی خاوەنسامان بەناوی ''جاویدان'' و ''ئەبووعومران'' ھەبوون، لەلایەک دژی یەک بوون، لەلایەکی دیشەوە، ھێزی چەکداری خۆجێییان دامەزراندبوو، خەڵکیان ھاندەدا بۆ دژایەتیکردنی حکوومەتی ئیسلامی و دەسەلاتی عەرەبەکان. لەرۆژێکی وەرزی زستاندا ''جاویدان'' لەگەڵ دەستەیەک چەکداری ھاوڕێی، لەڕێگەی ''زەنگان'' (ZENGAN) کە فارس کردوویانەتە (زنجان) '' ZENCAN'' بۆ گوندی ''بەز'' (BEZ) لەنێو بەفر و کڕێوەدا بەشوێن ماڵ و پەناوپەسێوێکدا دەگەڕێن، دەگەنە ماڵی بابەک. لەبەر ھەژاری و دەستکورتی، دایکی بابەک ناتوانێ چ خواردنێکیان بۆ دانێ، بەڵام تەندووریان بۆ ھەڵدەکا و خۆیان لەبەریدا گەرمدەکەنەوە. بابەکیش سەرقاڵی خزمەتکردنی ھەسپی جاویدان وھاوڕێکانی دەبێ. جاویدان بانگی بابەک دەکا و، دەینێرێ بۆ کڕینی خواردەمەنی و شەراو بۆخۆیان و ئاڵف بۆ ھەسپەکان. بابەک دەڕوا و ھاتنەوەی زۆرناخایەنێ و، شتەکانی داوایانکردبوو، دێنێتەوە مالەوە. ''جاویدان''، بابەک دەدوێنی، زیرەکی و قسەزانی و چوستوچالاکییەکەی سەرنجی رادەکێشێ. جاویدان بەدایکی دەلێ: بابەک بسپێرە بە من بۆ پێڕاگەیشتن بە باخ و زەویوزارەکەم پێویستم پێیەتی. دایکی بابەک دەڵێ قەبووڵی دەکەم بەمەرجێک ھەموو مانگێک ٥٠ درھەم لەبری کاری ''حەسەن'' (بابەک) بنێری بۆم. جاویدان قەبوڵیدەکا و حەسەن لەگەڵ خۆیدەبا. لەو رۆژەوە ''بابەک'' پێدەنیتە ریزی خۆرمدینانەوە....


''جاویدان'' چەند رۆژێک بیروباوەڕی خۆیان و ئامانجی راپەڕینەکەیان بۆ بابەک دەگێڕێتەوە. بابەک بەگیانودڵ قسەورامانی جاویدان وەردەگرێ و، بەڵێندەدا ببێتە دڵسۆزی ھەمیشەیی رێبازەکەیان. چەندمانگێک دوای مانەوەی بابەک لای جاویدان، لەشەویخوێنێکی لەنەکاوی دارودەستەی ''ئەبووعومران''، جاویدان بەسەختی برینداردەبێ، بەڵام بابەک وھاوڕێکانی دەتوانن ھێرشەکە تێکبشکێنن و، لەناوچەی خۆیان دووریانخەنەوە. جاویدان بەھۆی سەختی برینەکەیەوە دەمرێ، بەڵام پێش مردنی لای ژنەکەی ''وەسیەت'' دەکا کە دوای خۆی ''بابەک'' ببێتە سەرۆکی پێرەوانی خۆرمدین. ژنەکەی جاویدان وەسیەتەکە بە بابەک رادەگەیەنێ و، دەڵێ: ''سبەی ھەموو خێڵ و چەکدارەکان لەوەسیەتی جاویدان ئاگاداردەکەم کە پێش مردنی وەسیەتی کرد حەسەن ببێتە جێنشینم! گەورەو بچووکی خێڵ بەبانگەوازی ژنەکەی جاویدانی کۆچکردوو کۆدەبنەوە، پێیاندەڵێ: ''جاویدان پێش ئەوەی بمرێ وەسیەتی کرد حەسەن (بابەک) ببێتە جێنشینی''.

 

کەسایەتییەکانی ھۆز و فەرماندەکانی لەشکر، دەڵێن بۆچی پێش مردنی ئێمەتان ئاگادارنەکرد کە گوێمان لەوەسیەتەکەی بێت؟. ژنەکەی جاویدان دەڵێ چۆنکە ھەریەکەتان لەشوێنێ بوون، ھاتنی ھەمووشتان لەشوێنی جیاجیاوە مەترسیدار بوو، پاشان جاویدان کتوپڕ باری تەندروستی تێکچوو، نەدەکرا دەمودەست بگەنەئێرە. بێوەژنەکەی جاویدان درێژە بەقسەکانی دەدا و دەڵێ: ''دوای ئەوەی جاویدان وەسیەتی کرد و گیانی دەرچوو، ئەوجا رۆحی ھاتەدەرەوە و چووە نێوجەستە ورۆحی حەسەنەوە. ئێستا رۆحی جاویدان لەلەشی حەسەندایە و ھەرکەسێک سەرپێچی کا، ئەوا بە بێدین ئەژماردەکرێت!''. گەورەکانی خێڵ وھەموو چەکدارەکان سوێندیانخوارد، چۆن لەجاویدان پشتیوانییاندەکرد، ئاوەھاش لەفەرمانەکانی حەسەن پشتیوانیدەکەن. چەند رۆژیک دواتر بێوەژنەکەی جاویدان لەبۆنەیەکی زۆر ئاساییدا بەبەشداریی تێکڕای ردێنسپی و گەورەکانی عەشیرەت و جەماوەر و ھێزی چەکداری خۆرمدینان، بوو بە ھاوسەری ''حەسەن''. حەسەن لەو رۆژەدا رایگەیاند لەمەبەدوا نێوم ''بابەک'' ە. ئەوی لەبۆنەکەدا بوو، سەری رێزیان بۆ بابەک دانەواند و وەک سەرۆکی تازەی خۆیان قەبووڵیانکرد.

___________________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/hokarekanibe.htm

 

ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک