په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

هۆکارەکانى چرچبوونى پێست و چۆنیەتى چارەسەرکردنى..


و: کەژاڵ عەلا


چرچبوون بریتیە: لە دروست بوونى خەتى نێوان برۆکان و سەر ناوچەوان و دەور وبەرى دەم و چاو و گۆناکان . ئەم نیشانانەش لەو کەسانەى کە جگەرە خۆرن زووتر بەدى دەکرێت کەپێى دەوترآ چرچبوونى پێشوەخت، چونکە جگەرە خواردن ئەبێتە هۆى کەم بوونەوەى ڕێژەى چەورى لە ژێر پێستدا  و کەمبوونەوەى ئارەزووى خواردن و سەرئەنجام ئەبێتە هۆى خراپى بارى تەندرووستى و وشکبوونەوە و چرچبوونى پێست بەهۆى لەدەست دانى دروست بوونى پڕۆتینى "کۆلاجین". جگە لەمانەش پێستى وشک زووتر لە پێستى چەور ڕووبەڕووى ئەم کێشەیە ئەبێتەوە.


وەک ئاشکرایە پڕۆتینى کۆلاجین گرنگترین پڕۆتینە بۆکارى ڕێکخستن و پاراستنى پێست لە ئەندامەکانى لەش و ئێسک و کڕکڕاگەدا. ئەگەر بێتوو گەشەى کۆلاجین لەلەشدا ڕووبەڕووى نەخۆشى ببێتەوە ئەوا پێست دووچارى تێک چوون و چرچ بوونەوە دەبێت.

هەروەها ئاو و هەوا، نەخۆشى بۆماوەیى، تیشکى خۆر ، سەرکەوتنى تەمەن هۆکارێکە بۆ کەم بوونەوەى پڕۆتینى کۆلاجین لە لەشدا. هەربۆیە کەسانى بەساڵاچوو پێستیان شل دەبێتەوە و شێوە لاستیکیەکەى لەدەست دەدات. قەڵەو کاتێک لاواز ئەبێت بەهۆى لە دەست دانى چەورى ژێر پێست دووچارى شلبوونەوەى پێست دەبێت. جگە لە دوورستبوونى کۆلاجین کەسانى تووڕە و مڕومۆچ بەهۆى کرژبوونى ماسولکەکانیانەوە زووتر تووشى چرچبوونى پێست دەبن.

چەند خاڵێکى گرنگ بۆ چارەسەرکردنى چرچبوونى پێستى دەم و چاو:

1_ بەکارهێنانى کرێمى ڕێک خستنى پێست تا ڕادەیەک ئەتوانێت بۆ ماوەیەک چرچى نەهێڵێت لەسەر دەم و چاو.
2_ خۆ پاراستن لە تیشکى خۆر.
3_خۆپاراستن لە جگەرە کێشان: چونکە جگەرە کێشان ئەبێتە هۆى خەتى قوڵ لەم لاو لاى لێوەکان و دەور و بەرى چاوەکان.
4_ خۆپاراستن لە گرژکردنى ماسولکەکانى پێست لەکاتى ئاخاوتندا چونکە کەسانێکى زۆر هەن لەکاتى گفتو گۆکردندا زیاتر بەهۆى سۆزداریەوە خەت دروست دەبێت لە سیمایاندا، ئەوجۆرە کەسانە لەوانەیە وابزانن کەئەم خەتانە گرنگ نین و کاتین بەڵام زۆر بەى کات ئەبنە هۆى دروست بوونى خەتى هەمیشەیی  و ئەمێنێتەوە.
5_ لەزۆربەى لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتوە بەکارهێنانى ڤیتامینات ئەتوانێت تا ڕادەیەک پێست بپارێزێت لە چرچ بوون لەنموونەى: ڤیتامینەکانى C و A و E بەڵام لەهەمان کاتیشدا زۆر بەکارهێنانیان زیانى لێدەکەوێتەوە.
6_لەبەر ئەوەى هۆڕمۆنى (ئیسترۆجین) هۆڕمۆنى سەرەکى ژنانەیە  و ڕۆڵى سەرەکى ئەبینێت لە پاراستنى جوانى پێست و لاوێتیدا، ئە و ژنانەى سووڕى مانگانەیان ڕاوەستاوە واتا( لێچوونەتەوە) لەم ژنانەدا ئاستى ئەم هۆڕمۆنە کەم دەبێتەوە و دەبێتە هۆى چِرچ بوونى پێست. بەڵام بەهۆى پزیشکى تایبەتیەوە ئەتوانن چارەسەر بکرێت و تا ڕادەیەک ئەم کێشانە کەم بکرێنەوە.
7_ خۆ ڕاهێنان لەگەڵ ژیانێکى سادە و تەندروست، خۆبەدوورگرتن لە دڵەڕاوکێ و سۆزدارى، بۆ پاراستنى پێست گرنگە.
8_ ماساژ کرنى پێست کاریگەرى باشى هەیە بەڕێگەى بەکارهێنانى کرێمى تایبەتیەوە لەلایەن پزیشکەوە.
9_ ئەنجام دانى لەیزەر بۆ چارەسەرکردنى چرچبوونى پێست کاریگەرە.
10_ تازەترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنى چرچبوونى پێست کە لەم دوایەدا دۆزراوەتەوە دەرزیلێدانە بەبەکارهێنانى مادەیەکى تایبەتى بۆ ژێرپێست لەلایەن کەسانى پسپۆر لەم بوارەدا. بەڵام ئەم ڕێگەیەش کاتیە و لەڕاستیدا چرچ بوونەکە بۆ هەمیشە لەناو نابات، بەڵکو بۆ ماوەیەکە و ئەوەش پەیوەندى هەیە بە جۆرى پێستەکەوە، لە هەندێک کەسدا لە 3 تا 9 مانگ دەخاێنێت. دواتر ئەوکەسە دەتوانێت ئەم دەرزیە دووبارە بکاتەوە.

سەرچاوە: (سایتى زنان امروز)