هۆکارى
هەڵوەرینى جەماوەر لەحیزب.
ئیسماعیل عەبدولڕەحمان
بەئاسانى بۆمان دەردەکەوێت کەجەماوەرى گەلەکەمان بەسەر دوو بەرەدا
دابەش بوونە ، بەرەیەک قەت بەدواى هەڵوێستدا ناگەڕێن بەڵکو تەنیا
بەدواى بەرژەوەندیە تایبەتیەکانى خۆیانەوەن جابۆ بەدەست هێنانى ئەو
بەرژەوەندیە سڵ لەچونە باوەشى هیچ لایەنێک و حکومەتێکیش ناکەنەوە وەک
بەرەى جاش و ناپاکەکان ، بەرەکەى تر ئەگەر بەژمارە کەمتریشبن ئەوە
هەردەم بەدواى هەڵوێستەوەن و وەک هەنگ ئاسا لەهەرلایەنێک هەڵوێست
بەدیکرا بەو پەڕى پەرۆشیەوە لەو هەڵوێستە دەئاڵێن ، کەهەر ئەو تێک
ئاڵانە جەماوەریەیە هاوسەنگیەکان دەگۆڕێت ، بۆیە هەرکاتێک لایەنێکى
سیاسى هەڵوێستى لێبەدى کرا ، ئەوە یەکسەر جەماوەر ئەو لایەنە لەهەورازى
هەڵبژاردن سەردەخات ، کەواتە جەماوەر بەئەرکى شەڕەفمەندى خۆى هەڵدەستێت
، بەڵام کاتێک لایەنى سەرکەوت و خۆى لێ بگۆڕێت و نەتوانێت درێژە
بەهەڵوێستەکەى بدات و وابزانى بەشانوشەوکەتى خۆى سەرکەوتو بووە ، ئەى
ئەو جەماوەرە بەشەرەفە چى بکات جگە لەدورکەوتنەوە لەو لایەنەى کەسەرى
خستوە ؟ ئەو حاڵەتانە چەند جارێک لەلایەنەکان ڕوى داوەو هیچ لایەکیشیان
پەندى لێوەرناگرن کەبەو هەڵوێستەوە بمێنەوە ، چونکە تام و چێژى
لایەندارى بۆ جەماوەرى بەهەڵوێست تەنیا هەڵوێستە گەر هەڵوێست نما ئەوە
جەماوەریش هەنگ ئاسا لەدەورى ئەولایەنە بێتامە دوردەکەونەوەو لەدواى
شیرنەمەنى ترى هەڵوێستدا دەگەڕێن هەروەک چۆن کاتێک کۆمەڵى ئیسلامى
ئەمەریکا لێیدا و ئەمیرەکەیانى گرت ئەو بەرەى جەماوەربوو هەڵوێستى
وەرگرت و دەنگى بەکۆمەڵدا نەک ئەو خەڵکە هەمووى ئەندامى کۆمەڵ بوبن وەک
ئەوەى سەرانى کۆمەڵ پێى لەخۆبایى بوون و خۆیان لەو هەڵوێستە داماڵى
کەبەهۆى غەدرى ئەمەریکاو یەکێتى کرابووە بەرى ، زۆرم پێ سەیرە ئەو
لایەنانە بەو شێوە خۆپەرستیە سیاسەت دەکەن ، ئەى چۆن نازانن جەماوەرە
تەنیا تائەوکاتە پاڵپشتیانن تاهەڵوێستیان لێبەدی دەکرێت؟ دەنا دواى بێ
هەڵوێست بوون لەوانەیە جەماوەر بێزى نێت سەیری ئەو لایەنەش بکات
کەلەمەو پێش دەنگى پێدابوو.
ئینجا کەئێستا باسى جەماوەر هەڵوەرینى کۆمەڵى ئیسلامى دەکرێت ئەو قسەیە
زۆر هەڵەیە چونکە ئەوەى سەرەتا کۆمەڵى سەر خست لەهەڵبژاردنەکەى یەکەم
جەماوەرى حیزبى کۆمەڵ نەبوو بەتەنیا ، بەڵکو ئەو جەماوەرەبوو کەعەوداڵى
دواى هەڵوێستى مەردانەى لایەنێکن بەبێ جیاوازى ئایدلۆژیا.
کەواتە کەلەو هەڵبژاردنەى ئەمجارەش بزوتنەوەى ئیسلامى دەنگى باشى هێنا
ئەوە ئەو بڕە جەماوەرە دەنگى پێدا کەبەهۆى بانگەشەى تاکە لیستى ئیسلامى
و دڵسوتان بەبزوتنەوە بوو ، بەڵام کەئێستا دەبینرێت بزوتنەوە زەڕەیەک
هەڵوێست و تاڕەخنەو گلەیەکى لەدەسەڵات نییە و خواخوایتى وەزارەتێکى
بدەنێ ، ئەوە خەیاڵى خاوە جارێکى تر جەماوەرى پێ هەڵبخەڵەتێ ، چونکە
ئەو جەماوەرەش مادام لەدواى شرینى هەڵوێست بگەڕێت بێگومان جەماوەرێکى
هەنگ ئاسا بەهەستەو دەزانێت جارێکى تر بەئاسانى تاڵاوەکان شیرن
نابنەوە.
جاهەر ئەو جەماوەرە بەهەڵوێستەش بوو دەنگى بەلیستى گۆڕانداو گۆڕانى سەر
خست بەبێ ئەوەى ئەندامە بەرزەکانى لیستى گۆڕان پێشبینى سەرکەوتنى لەو
جۆرەبکەن ، لەکاتێکدا ئەوان دڵە ڕاوکێیان بوو لەکەمى ئەو ناوانەى
گەشتبوە دەستیان کە بەڵێنیان بەگۆڕان دابوو دەنگیان پێبدەن ، هەروەک
کاک ........و کاک......... کەسەرپرشتى ڕێکخستنى ڕۆژهەڵاتى هەولێریان
دەکرد بۆ جەماوەر کۆکردنەوە ئەو دوو کەسە داواى هاوکاریان لەمن کرد
بەحوکمى ئەوەى برادەرایەتیمان هەبوو ، ئەوان گوتیان لەگەڕەکەکەى ئێوە
هەزارماڵەو نزیکەى سێ هەزار دەنگ دەرى تیایە کەچى ئێمە لەو گەڕەکە
تەنیا چوار ناومان لەلایە ئەویش دوانیان وڵامى تەلەفۆنەکەشمان نادەنەوە
کەواتە ماوەتەوە دوو کەس ، ئەو دوو بەرپرسە باڵایەى لیستى گۆڕان بەو
شێوەیە پەرۆشى خەڵک بوون ، بۆیە گوتیان واباشە ماڵ بەماڵ بگەڕێن و
ڕۆژنامەى ڕۆژنامەو پاشکۆى ڕۆژنامەى گۆڕاننیان بدەینێ منیش گوتم قسەکتان
پێبڵێم گوتیان فەرموو گوتم بەخواى ئەو جارە لەو هەڵبژاردنە دەنگێکى زۆر
باش دێنن هیچ پێویست ناکات ماڵ بەماڵ بگەڕێن و توشى کێشەش بن ، گوتیان
چۆن دەزانى خەڵک لەخۆڕا دەنگ بەگۆڕان دەدات گوتم کاکە ئێوە وەلەو من
بەخۆم هەرگیز باوەڕ بەگۆڕانى کەسایەتى ئێوە ناکەم ، بەڵام خەڵک بەجۆرێک
لەلیستى گۆڕان حاڵى بووە کەهەڵوێستێکى بوێرانەى هەیە بۆیە خەڵکیش
بوێرانە دەنگى پێ دەدات ، ئینجا لەو گەڕەکەى ئێمە کەلیستى گۆڕان چوار
ناوى لەلابوو کەچى زیاتر لەچوار سەد دەنگى هێنا بەو مەرجەش لەمەو پێش
ئەم گەڕەکە بەهەوادارى لیستى چاکسازیش دادەنرا ، ئینجا دواى بەدەست
هێنانى ئەو دەنگە چاوەڕواننەکراوەى لیستى گۆڕان ئێستا بەرپرسانى لیستى
گۆڕانیش ئەوانەى لەهەولێرن لەخۆبایى بوونیان پێوەدیارەو وادەزانن تازە
ئەو بایە لەو کونەوە دێت ، بێئاگان لەوەى زۆرێک لەخەڵکى واپەنجەى
دەگەزى و پەشیمانە چونکە خەڵکى وایاندەزانى نەوشیروان بەخۆى دێتە
پەرلەمان و بەرانبەر بارزانى دەوەستێ و یەکێتیش لەقوژبنێکى پەرلەمان
دەپەستێ ، کەچى خۆى لەئەندام پەرلەمانیش کشاندەوەو نەشهاتە هەولێر
کەواتە ئەو هەڵوێستانە کاتین وەک کەفى سەر ئاو وایە کە نهما
جەماوەریشى نامینێت و ئەو بەرەى جەماوەریش بەردەوام لەدواى
هەڵوێستەوەیەو هەر جارەى سەر خەرى لایەنێکە ئەگەر هەڵوێستى کاتیشى
هەبێت کەمەرجیش نییە لایەنى هەڵوێست وەرگر ئیسلامى بێت یان عەلمانى
بەڵکو گرنگ هەڵوێستەکەیە لەپێناو بەرژەوەندى گشتى ، بۆیە پێویستە
بزانین هەڵوێست بوونى هەر لایەنێک بەرەکەى جەماوەربوونە بێ هەڵوێستیش
هەڵوەرینى جەماوەرە ، هیچ لایەنێکیش بەتەماى ئەندامانى خۆى ناگاتە هیچ
سەرکەوتنێک بەڵکو تەنیا شەپۆلى زۆرینەى جەماوەرە کەلەڕێگاى
هەڵبژاردنەوە حیزب دەگەیەنێتە لوتکەى دەسەڵات .
ary_esmail@yahoo.com
|