١١\٣\٢٠١٥
هۆکاری وەرگۆڕانی
ئامانجەکان.
هەژێن
- بەشی
دووەم -
ڕەتکردنەوەی
سیستەم و پێکهاتە و ڕێکخستنی قووچکەیی چینایەتی، واتە پێچەوانە
خۆڕێکخستنەوەی ئازادیخوازان لە پێکهاتەی ئاسۆیی و زنجیرەیی
ناچینایەتیدا.
هەرچەندە ئامانج لە پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەریی و ڕامیارییەکان
دژایەتی سیستەم و ڕەتکردنەوەی پێکهاتەی چینایەتی بێت، بەڵام بەداخەوە
تا تاکو ئێستا سەرەنجام هەموو هەوڵ و تێکۆشانی مرۆڤە ئازادیخواز و
یەکسانیخواز و خۆبەخشکارەکان ناڕاستەوخۆ بووەتەوە بە بەهێزکەرەوەی
سیستەم و پێکهاتەیەك کە دژایەتیانکردوون و ئامانجیان لەنێوبردنیاب
بووە. بۆ نموونە زۆربەی ڕێکخراوە کرێکاریی و جەماوەرییەکانی ژنان،
خوێندکاران، فەرمانبەران، پەککەوتان، کەمئەندامان، خانەنشینان، ..تد
پاش سەدە و نێوێك تەنیا ئاریستۆکراسی (Aristocracy)یان بەرهەمهێناوە و
ڕۆڵیان میانجیگەریی نێوان خاوەنکار و کرێکاران، میانجیگەریی سەروەران و
ژێردەستان، مشەخۆران و ڕەنجخوراوان بووە و وەك ڕامیاران و پارتییەکان
بوونەتە ئامراز بۆ بەناوبانگبوون و خۆشگوزەرانی کەمینەیەکی
دەسەڵاتخوازی سەرووی ئەو ڕێکخراوانە و لە هەموو بارەکاندا تەنیا
خۆشباوەڕیی پاشڕەوانیان بە ڕزگارکەریی پارتییەکان و سەرانی پارتییەکان
بەهێزکردووە و لە بەرانبەردا وەك هاوتەریبی سیستەمە چینایەتییەکە تاکی
ژێردەست و ناڕازییان لە هەموو خۆبەکاربوون و خۆڕزگاریی و
خۆبیرکردنەوەیەك خاڵیکردووەتەوە.
هەموو پارتییە بەناو کۆمونیست و سۆشیالیستەکان یا بوونەتە بەشێك لە
سیسەمی پارلەمانی یا بەهۆی کودەتا و دەستەمۆکردنی ڕاپەڕینەکانەوە
بوونەتە کوتەکی سەر سەری ئەوانەی کە بەناویانەوە خۆیان قووتکردووەتەوە
یا بەهۆی سەرکەوتگەریی و سکتاریزم و ململانێی دەسەڵاتخوازانەی دەستە و
گروپ و ئاراستەکانی نێویانەوە وەك ڤایروس بەردەوام لە کەرتبوون و
وەچەخستنەوەدابوون، کە لە هەموو بارەکاندا تەنیا خۆشباوەڕیی
پاشڕەوانیان بە ڕزگارکەریی پارتییەکان و سەرانی پارتییەکان بەهێزکردووە
و لە بەرانبەردا وەك هاوتەریبی سیستەمە چینایەتییەکە تاکی ژێردەست و
ناڕازییان لە هەموو خۆبەکاربوون و خۆڕزگاریی و خۆبیرکردنەوەیەك
خاڵیکردووەتەوە. تاکی ناڕازیی و یاخیان بەناوی سۆشیالیزمەوە لە
ڕێکخستنی قووچکەیی هاوشێوەی سیستەمە چینایەییەکە ڕێکخستووەتەوە و بە
مێخی گەورەتر و خۆخوزانەتر بە کۆمەڵی چینایەتییەوە شەتەکیانداوەتەوە.
ئەگەر بەوردی سەرنجبدەین بێجگە لە جیاوازیی ڕواڵەتیی پاگەندە و بەڵێنە
سەرخەرمانییەکان، هیچ جیاوازییەكی لە پێکهاتە و ڕێکخستن و میکانیزم و
پەیوەندی نێوخۆیی ئەو ڕێکخراوە بەناو "سۆشیالیستیی و کۆمونیستی"یە
جەماوەریی و پارتییانە و ڕێکخراوە زەرد و پاشکۆکانی دەسەڵات و پارتییە
بۆرجوازییەکان و سیستەمی چینایەتی و ڕەوت و ئاراستەی چینایەتیدا نییە و
هەموویان تەواوکەری یەکدین.
لێرەوە بەو سەرەنجامە دەگەین، کە گرنگ نییە ئێمە پاگەندەی چی دەکەین و
چەندە لە دروشمداندا خۆمان سووردەکەینەوە و دەستەکانمان ڕادەوەشێنین و
چەندە خۆمان بەکوشتدەدەین و چەندە خەڵك بۆ بەکوشتدان کۆدەکەینەوە،
نەخێر، گرنگ ئەوەیە ئێمە چەندە دەتوانین پێچەوانەی ئیدئۆلۆگەکانی
سەرمایەداری بیربکەینەوە، چەندە دەتوانین پێچەوانەی ڕێکخستنی بۆرجوازی
خۆمان ڕێکبخەین و چەندە دەتوانین ئافەرێنەری پێکهاتەی ناچینایەتی ىین؛
ئیدی ئەو پێکهاتەیە خێزانێك بێت یا فێرگە و شوێنی کار و گروپی خۆجێی و
ڕێکخراوەی جەماوەریی و تۆڕی کۆمەڵایەتیی نێو شارەکان و هەرێمەکان و
هەرەوەزییەکانی کار و خزمەتگوزاری و پێکهاتەی سەرتاسەریی کۆمەڵ بێت.
ئەمەش بەو ئەزموونگەریی و خاڵەمان دەگەیێنێت، کە ناتوانین بە ڕێکخراوەی
قووچکەیی و میانجیگەر تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی پەرەپێبدەین.
ناتوانین بە پارتیی و ڕێکخستنی ڕامیاریی وەك قووچکەییترین پێکهاتەی
چینایەتی خۆمان ڕزگاربکەین. ناتوانین بە پاشڕەویی و دەستەمۆیی بیر و
کاریزما و ئۆتوریتەی کەسانی دیکە خۆمان ڕزگاربکەین. ناتوانین بە
ڕێکخستن و پێکهاتەی قووچکەیی، ڕێکخستن و پێکهاتەی قووچکەیی چینایەتی
ڕەتبکەینەوە. لەبەرئەوە لەبەردەم ئەم پرسیارەدا خۆمان دەبینینەوە و
وەڵامنەدانەوەی تەنیا هەزاربارەبوونەوەی هەڵە و شکست و نائومێدییەکان
بەرهەمدەهێنێتەوە:
ئایا ئێمەی ژێردەست و نەدار توانای خۆڕزگارکردنمان هەیە؟
ئەگەر وەڵام ئەرێییە، چۆن و بە کامە میکانیزم و شێوازی ڕێکخستن و
بیرکردنەوە و بڕیاردان؟
ئەگەر وەڵامەکە نەرێیە، دەی ئیدی بۆ ڕزگارکەرانمان بەناوی ئێمەوە
ڕێكخراو و پارتیی و ..تد قووتدەکەنەوە و ئێمە بەکوشتندەدەن، بۆچی
بەخۆیان ئێمە ڕزگارناکەن؟
ئەگەر وەڵام ئەوەیە، هێزی یەکگرتووی ئێمە مۆتۆری هەموو گۆڕان و شۆشێكە،
دەی ئیدی چ پێویستمان بەڕابەریی و ڕێکخستن و بیرکردنەوەی ئەوانەی
دەرەوەی خۆمان هەیە؟
_______________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/hokariwergoran1.htm
٩\٣\٢٠١٥
ماڵپهڕی ههژێن
|