په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٧\٢٠١٧

ھۆنراوەی (٢ رۆژ لە ئەستەنبۆڵ) ئاستێکی ئاسۆیی بیرکردنەوەی شاعیر.

ئاری محەمەد سابیر  

 

شاعیر و شیعر وەک (گوێز) توێکڵ و کاکڵ و پەلک و ناوکی یەکترن و تەواوکەری یەکترن، گەر شاعیر واتە پەلک و توێکڵ باش و بەھێز بێت شیعرەکە واتە ناوک و کاکڵەکەی باش و بەھێز دەبێت. شاعیر و پەلک پارێزەری شیعر و ناوک و کاکلن، شیعر ھەست و سروشە و نەستیشە لای شاعیر کات وساتی نیە !شیعر، گوتن و دەڕبڕین و نوسینێکە ھی ئێستا جیاواز لە ھی دواتر ھی ئەمساڵ جیاواز لە ھی پارساڵ، لێرەدا ھونەری شیعر دێتە کایەوە کە (ھونەر) ھاتە کایەوە (بیرکردنەوە) دێتە کایەوە لای (شاعیروخوێنەر) بیرکردنەوەیەک لە ئاستی (ئاسۆیی و ستونی) بۆ شیعر(ھۆنراوە) کەواتە شیعر بۆ (خود) نیە بۆ (گشتە) پەلکێشمان دەکات بۆ رابردوو ئێستاو داھاتوو.

 

بیرکردنەوەی (ئاسۆیی و ستوونی) لە (دەق) بوونی ھەیە تا چە ند یەکیان زاڵە بەسەر (دەق) یانیش خوێنەر بەکامە ئاست دەڕوانێتە دەقەکە، ئەمەش جار ھەیە دەقەکە بڕیاڕدەدات چونکە شاعیر خۆی (ئاسۆیانە) دەقەکەی بەرھەم ھێناوە نەوەک شۆڕبوونەوە قوڵبوونەوەی (ستوونیانە) بۆ (دەق).

 

ھۆنراوەی (٢ رۆژ لە ئەستەنبۆڵ) شاعیر (نەژاد عەزیز سورمێ) ھەم لە بیرکردنەوەی شاعیر خۆی ھەم لای خوێنەر ئاستێکی بیرکردنەوەی (ئاسۆیی) شاعیر و تێگەیشتنێکی (ئاسۆیی) خوێنەر دەبینرێت، بەتایبەت گەر بەراوردی بە ھۆنراوەکانیتری شاعیر بکەین کەزیاتر بیرکردنەوەیەکە بەرەوە ئاستی (ستوونی).

 

ھۆنراوەی (٢ رۆژ لە ئەستەنبۆڵ) خوینەر ماندوو ناکات لە قوڵبوونەوەو شۆڕبوونەوەی ماناو مەغزاکان خوێنەر ھەست بە تێگەیشتنێکی زوو ڕاستەوخۆ دەکات لە ئاست ھۆنراوەکە باس و خواسی ھۆنراوەکە. شاعیر نەیویستووە بە دوو (٢) رۆژ ناشتوانرێت (ستوونیانە) بیربکاتەوە خوینەریش پێویستی بە بیرکردنەوەی (ستوونیانە) نیە بۆ ئەم ھۆنراوەیە گەر پێشینەیەکی رۆشنبیری و مێژوویان ھەبێت. ھەم شاعیر خۆی نەیویستووە (ستوونیانە) بە دوو رۆژ بۆ مەسەلەکان بچێت ھەم خوێنەریش گەر (ستوونیانە) بۆ مەسەلەکان بچێت سەرئێشە دەیگرێت.

 

خاوەنی ھۆنراوەی ( ٢رۆژ لە ئەستەنبۆڵ) وەکو ( نالی و حاجی و پیرەمێرد) شاعیرە ئەمە درێژکراوەی ئەو مێژوەیە کەتاکو ئێستا رۆشنبیرو شاعیرانمان ھاوسۆزن بەرانبەر بە ئەستەنبۆڵ بەڵام شاعیری ئێستامان بێمنەت نەوەک وەک ( نالی و حاجی وپیرمێرد) بێ گفتوگۆ بێ شیکردنەوە ئەستەنبۆڵیان بە جێگاو حەوانەوەی خۆیان زانیوە ، شاعیری ئێستامان دیاڵۆگ و گفتوگۆ دەکات بەرگریش دەکات لە مافی کەسانێک کە دەربەدەروو لێقەوماون لە وڵاتی ئەستەنبۆڵ، شاری ئەستەنبۆڵ ھەرچەند وەک مافوورێکی ڕازاوەو گەش بەڵام بێ گیان بۆ ھەندێک کەس بە تایبەتی بۆ شاعیری (٢رۆژ لە ئەستەنبۆل).

 

باروودۆخی (نالی وحاجی قادری کۆیی و پیرەمێرد) شێوەوجۆرێک بوو لە یاخی لە وڵاتی خۆیان کە (کوردستانە) بەرامبەر بە ناعەدالەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەم بەڵام بە پێچەوانەوە شاعیری ئێستامان یاخیە لە ناعەدالەتی ئەستەنبۆڵ بەرامبەر ئەو کەسانەی ڕووی تێدەکەن و نیشتەجێن کە لە سەردەمی (نالی و حاجی و پیرەمێرد) نەبووەو ھەستی پێنەکراوە.

 

شاعیری ئێستامان خۆی بە داکۆکیکار و بە لێقەوماو نازانێت بە دوو رۆژ ھەڵوێستی خۆی پەخشکردووە واتە شاعیری ئێستامان ئەو گرێیە شل و نەرمدەکاتەوە گرێی ئاوارەیی و غەریبی کە ھەبووە لە سەردەمانی پێشوو چونکە شاعیری ئێستامان دوو رۆژ لە ئەستەنبوڵە و وڵاتی خۆی ھەیە لێی ڕازیە پێچەوانەی (نالی و حاجی و پیرەمیرد).

 

گەر بیرکردنەوەیەکی (ئاسۆیانە) بۆ ھۆنراوەی (٢رۆژ لە ئە ستەنبۆڵ) بکەین دەبینین شاعیر بە دوو رۆژ ئەوە ھەستەی لا دروستبووە ئەی گەر چەندین رۆژ بمێنێتەوە واتە دەزانێت دوو سەد ساڵیش بێت (ئەستەنبۆڵ) قبوڵی من ناکات ھەر رۆژێک بێت دادگایمان دەکات چونکە ئەستەنبۆڵ ئەو ئەستەنبۆڵەی زەمانی (نالی و حاجی و پیرەمێرد) نیە! ئەستەنبۆڵ ھی ھەمووان نیە و تەنیا بۆ چەند رۆژێک و بۆ گەشت لەسەر ئەم مافوورە ڕازاوەو گەشە پاڵکەوە و ھەرچەندە ئۆقرەو حەوانەوەشت نیە.

 

 

areezendiny40@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک