١٢\١٢\٢٠١٠
هۆنراوهى لیریکی
کوردی.

فەرەیدون سامان
نامەوێ بۆ چەمک و واتای هۆنراوهى لیریکى بگەڕێمەوە کە لای ئێمە بە
هۆنراوهی گۆرانی و لای عەرەبیش بە (شعر غنائي) ناسراوە، زۆر جارهەندێ
لە شاعیران و نووسەرانى ئێمە بە هەڵە لە پێناسە وچەمکەکانی تێیگەیشتوون،
بەگشتی هۆنراوهى لیریکى هەڵگرى کۆمەڵێک مەرج و خەسڵەتە کە جیاوازە
لەگەڵ بەشەکانى دیکەى هونەرى نووسینى هۆنراوه ، ئەم مەرجانەش بە کورتى
لەم خاڵانە بەرجەستە دەبن:
- هۆنراوهى لیریکى بە زۆرى پشت بە کێش و
بڕگەو ریتمێکى موزیکى ئاسان دەبەستێ، هەرچەند دەکرێ لە هۆنراوهى
نوێشدا ئەم خەسڵەتانە بەدەربکەون،وەلێ پێویستی بەجۆرێک لە دابەشکردنی
میلۆدی ناسادە هەیە و چینەکانی ئاوازەکە یەک ریتم نین ، ئاوازدانەرانی
ئێمە سەبارەت بە زۆر هۆکار لەوانەش نەشارەزایی و ناکارامەییان و
بەکەمێک تەوەزەلیشەوە کەمتر خۆیان لەقەرەی هۆنراوهی نوێ داوەو لە
ئەزموونى شاعیرانى هاوچەرخى کوردا کەمتر ئەو مەرجە هونەرییانەی
هۆنراوهی نوێی لیریکی بەدەرکەوتوون، مەگەر شاعیرانێکى وەک گۆران و
پەشێو هەندێک شاعیرى تر خۆیان لە قەرەى ئەو ئەزموونە جوانە دابێت.
بەڵامیش ئەمانیش شاعیری تایبەتمەند نین لە نووسینی هۆنراوهی لیریکی
دان رەنگە بەرێکەوت ئەم شێوازە هۆنراوهیان هۆنیبێتەوە.
- هۆنراوهى لیریکى هەڵگرى پەیامێکى
ئاشکرایە بە روونى مەبەست دەپێکێ، تا رادەیەک ئەم خەسڵەتە کەمتر لە
هۆنراوهى لیریکى کوردیدا بەرچاو کەوتووە، کە جگە لە وەسف و پێداهەڵان
یان گازندەوگلەیی شتێکی دیکە نابینرێ ، مخابن ئەو دەقانەى بە ناوى شیرى
لیریکیەوە دەنووسرێن کەمتر هەڵگرى پەیامێکی مرۆڤدۆستانەن، هۆنراوهى
لیریکى کوردى لە رووى رەهندەکانى واتاو قوڵى فیکرییەوە هەژارەو هێشتا
نەیتوانیوە خۆى لە قەرەى ئەزموونى هۆنراوهى لیریکى گەلاانى دراوسێ و
بیانى بدات شاعیرى لیریکى کوردى هەمیشە لە هەوڵى ئەوە دابووە زۆرترین
دەق بەرهەم بهێنێت زێتر خۆى بە خەڵک بناسێنێ و ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە
دەستکەوتى مادى و مەعنەوى وەدەست بێنن، بێ ئەوەى هەوڵى ئەوە بدەن
ئەزموونى هۆنراوهى لیریکى خۆیان قوڵتر بکەنەوەو ئاستى نووسینى خۆیان
بگەیننە ئەزموونێکى قوڵى هونەرى، رەنگە هەر لەبەر ئەو هۆکارەبێت ئاستى
هونەرى گۆرانى نوێ ى کوردى لاواز بێت و خەڵک گوێ لە گۆرانى بیانى بگرن.
وەک چۆن لە هۆنراوهی لیریکی ئێرانی و عەرەبی و تورکیدا دەبینرێن، بە
گشتى ئەم ژانرە هۆنراهریه لای شاعیرانی ئێمە وێرای سۆزو وکەف وکوڵێکی
هەرزەکارانەو دواتر بازرگانی پێوەکردن،لەکایەی هونەری و میدیاکانی
کوردستاندا بە رێرەوێکى ئاڵۆز تێپەڕیوە، هێشتا لەوەسفێکى رواڵەتى و
زمانێکى ناهونەرى و ساکار هیچ بایەخێک بەهاى ئێستاتیکی ئەم ژانره
جیاوازهی هۆنراوهى کوردە نەدراوە.
ماڵپهڕی فهرهیدون سامان
|