په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

هۆرۆسکۆپ .. ئەزموونێکى شانۆیى.


محەمەد خدر


مێژووى شانۆى ئەزموونگەریى لە کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەمەى شانۆکار عەلى سعێدى لە ساڵى 1959دا بە شانۆیى (پردى دوژمن) لە شانۆى نۆژەن دەستى بە ئەزموونکرد، پاشان سەرهەڵدانى تیپى نوێخوازانى شانۆ،و ئەزموونەکانى هونەرمەندى ئەکادیمى تەحسین شەعبان لەساڵى 1970،تا ساڵى 1978و درووستبوونى تیپى شانۆى ئەزموونگەریى، لە ساڵانى هەشتاکاندا کەم و زۆر ئەزموون بوونى هەبوو،لە نەوەدەکاندا بوونى تەواوى هەبوو، لەگەڵ کردنەوەى پەیمانگەى هونەرە جوانکانى کەرکووک لە ساڵى 2003 ، ئەزموون بوو بە تایبەتمەندیى زۆرێک لە کارەکانى مامۆستایان و قوتابیانى پەیمانگاکە، ئەمڕۆیش لە میانى چەند دێڕێکدا هەوڵدەدەین خۆێندنەوەیەکمان هەبێت بۆ ئەزموونى کاردۆ لە (هۆرۆسکۆپ)دا کە تێیدا هەوڵیدابوو دەستەواژەگەلێکى نێو دەقەکانى سامۆیل بیکت لەیەک کۆبکاتەوە ، دیارە رەشکردن وتاریککردنى شوێنى نمایشتەکە جۆرێک سرووتى تایبەتى بە کارەکە بەخشیبوو،هەڵبەتە لەوەدا سوودى لە شوێن بینیبوو ، توانیبووى دوور لە جوانکردن و رازاندنەوە لە کۆت و بەندەکانى رزگارى بکات ، و لە گەوهەرى خواوەند بەدواى روحدا بگەڕێت تاکو لە نزیکەوە سەبارەت بە دۆخى مرۆڤى سەرەتاکانى سەدەى بیستویەک مەرگەساتێک بخوڵقێنێت.


گەر باس لە کارەکتەرى یەکەم بکەین کە کاردۆ بەرجەستەى کردبوو لە رووى جەستەیى و فکرییدا هاوشێوەى (کلۆد)ە لە کۆتایى گەمەدا،چەند جارێک یاخیدەبێت بۆ ئەوەى بگەرێتەوە بۆ نێو(لە چاوەڕوانى گۆدۆدا)ئیدى لە نزیک ئەو ژیانە ووشکەدا لەلاى درەختەکە دشێوێت و تێکدەچێت.


بەڵام (تەڵعەت مەجید) کە کارەکتەرى دووەمى بەرجەستە دەکرد،وێڕاى هەوڵەکانى بۆ رۆچوونە نێو یارییە شانۆییەکە کە لەگەڵ کەسى یەککەمدا درووستیکردبوو چەند جارێک لە هەوڵەکانیدا سەرکەوتوو نەبوو.


لەم نمایشتەدا دەرهێنەر توانیبووى جۆرێک لە پیرۆزى بە شانۆ ببەخشێت وەک ئەوەى لاى گریکەکان باوبووە، ئەمەش بەوە دەستیپێکرد کە واى لە بینەرکرد بە پێى پەتى بچنە شوێنى نمایشتەکە، هەروەها شوێنەکەى گۆڕیبووە سەر ئەشکەوتێک بۆ پەرستش کە لە زۆربەى ئایینەکاندا هەبووە،دواتر دەف و ناڵەو نزاى دەروێشانە و مۆم و لاواندنەوەیەک لەشێوەى لاواندنەوەى قەشەکانى بەکارهێنابوو کوژاندنەوەى مۆمەکانیش کۆتاییهێنان بوو بە تەمەنێکى دوور و درێژ، دەکرا بە هەڵکردنەوەى تەنها مۆمێک ژیان بگەڕایەتەوە بەڵام بڕیاردرا بە تاریکى کۆتایى پێبێت، وەک زۆربەى کارەکانى بیکیت بینەر لە نێو ئەتمۆسفێرێکى تاریک و لە نێوان دیالۆژ و کارەکتەرى ناسازدابوون.


(هۆرۆسکۆپ )بۆ کاردۆ وەک دەرهێنەر و ئەکتەر بۆ( تەڵعەت)یش وەک ئەکتەر بە ئەزموونێک دەژمێردرێت و بەشێکە لە ئەزموونى شانۆى لە کەرکووک کە زیاتر لە پەنجا ساڵە بوونى هەیە و رەنگە پەنجا ساڵى تریش بەردەوامبێت.


 

erxewan@yahoo.com