په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٢\٢٠١٢

هۆزان مەحمود:

بە هەزاران ژن دەهێنرێنە کوردستان بۆ کاری لەشفرۆشیی.


سازدانی: ستیڤان
ئەحمەد

ستیڤان ئەحمەد: کوشتنی ژنانی کورد لە ئەوروپا بۆتە دیاردەیەکی دزێو. بە بڕوای تۆ کوشتنی ژنانی کورد لە ئەوروپا بۆچی دەگەڕێتەوە؟

هۆزان مەحمود: ژنکوشتن لە ئەوروپا لە ناو رەوەندی کوردیدا بۆتە کێشەیەکی زۆر گەورە. ئەم دیاردەیە لە زۆرێک لە رەوەندەکانی تریشدا هەیە کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیاوە هاتوون. بە بڕوای من کۆمەڵێک هۆکار هەن نەک تەنیا یەک هۆکار. لە سەرەتاوە ئێمە ئەوەمان لە بیر نەچێت ژنکوشتن لە هەموو کۆمەڵگەکانی جیهان هەیە جا بە بیانوو و شێوازی جیاواز و لە ژێر هۆکاری جیاوازدا.

یەکێک لە هۆکارەکانی کوشتاری ژنان لە کوردستان لە دوای راپەڕینەوە ئەویش زیندووکردنەوەی کولتوور و داب و نەریت و دەسەڵاتی تەکیە و خانەقا و مزگەوت و سەرۆک خێڵەکانە کە دەسەڵاتێکی رەهایان پێدراوە بە بیر و هۆشی دەیان ساڵ لەوەو بەرەوە مامەڵە لەگەڵ ژن بکەن. هۆکارێکی تر پیاومەزنییەکی توندوتیژ و پیرۆزکراو لە ناو کۆمەڵگەدا کە جوداکارییەکی تەواوی جێندەریی و پایەبەرزیی و سەروەربوونی پیاو بەرهەم دێنێتەوە لەهەموو بوارەکاندا.

میلیتاریزەی کۆمەڵگەی کوردستان لە چەند دەیەی رابردوو تا ئێستا جێپەنجەی هەڵسوکەوتی مەدەنیانە و ئەمڕۆیی لە پیاو ساندۆتەوە. پیاوسالاریی کوردیی پیاوسالارییەکە پشت بەستوو بە چەک و توندوتیژیی و ئەتوریتی رەها، کە ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی توندوتیژیی بێ وێنە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بکەوێتەوە بەرامبەر بە ژن و بە تاکەکانی کۆمەڵگە بە گشتیی. بۆیە پیاوی کورد لەم باکگراوندەوە هاتوون و بەم سەروەرییە نێرینەیەوە پەروەردە بوون و کە دێنە ئەوروپاش بەهەمان ریتمی ئەوێ لێ دەخوڕن.

لەلایەکی تریشەوە ئەوەمان لە بیر نەچێت کە کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکان بە گشتیی خەڵکی ئەوروپا و بە تایبەت ژنانی ئەوروپا وا وێنا کراون لایان کە "بەرەڵان و پیاو پێگەیەکی وای نییە لایان و لەگەڵ هەموو کەسدا سێکس دەکەن". ئەمە بەکورتی وێنایەکە کە زۆرێک لە تاکی کورد هەیەتی لەسەر رۆژئاوا. دیارە زۆرێک لە پیاوی کورد کە دێنە ئێرە پێ یان وایە دەبێت ژن و کچیان بپارێزن لەم "بێ بەند و باری"یە و خۆ ئەگەر بەو شێوەیەی کە پیاوان پێیان خۆشە وا رەفتار نەکەن ئەوا کوشتن و توندوتیژیی بەکار دێنن. بۆیەش بەکارهێنانی کوشتن و توندوتیژییەکی زۆر بەرچاو تا ئێستاش لەناو خانەوادەی کوردیی بەدی دەکرێ بۆ هێشتنەوەی کچان و ژنان لەو رۆڵە ترادیشناڵەدا و پاراستنی سەروەریی و ئەو پیاوەتییە ئەندێشەییەی کە پێی پەروەردە بوون.‌

ستیڤان ئەحمەد: گرنگیی دروستکردنی هۆشیاریی سێکسیی لای تاکی کورد، چۆن دەبینیت؟ پێتوانییە راگەیاندنی کوردیی هێشتا شەرم لە ورووژاندنی بواری سێکس دەکاتەوە؟

هۆزان مەحمود: کاتێک باس لە هۆشیاریی سێکسیی دەکرێ لە کۆنتێکستی کوردستاندا وەک ئەوە وایە دەبێت کەسێک یان لایەنێک بێت و وەکو فریادڕەس هۆشیاریی سێکسیی دروست بکات لای تاکی کورد. لە کاتێکدا ئەمە هەڵەیە، هۆشیاریی سێکسیی تا ئێستاش لە زۆر شوێنی دونیا لە ژێر پرسیاردایە. کاتێک باس لە سێکس وەک پەیوەندییەکی بەینی دوو مرۆڤ دەبێت لە کۆنتێکستی چینی دەسەڵاتداردا و لە دونیابینی ئەوان بڕوانین بزانین لە کۆمەڵگەدا چ جۆرە نموونەیەک لە پەیوەندیی مرۆڤ رێگە پێدەدەن بە پێی یاساکانیان‌.


کۆمەڵگەی کوردیی سەرتاپا کۆمەڵگەیەکی هێترۆسێکسوالە و بە فەرمی تەنیا پەیوەندییەک کە رێگە پێدراوە پەیوەندیی "ژن و مێردایەتییە" واتە ژن شوو دەکات بە پیاو بە مارەیی و بە کۆنتراکتێک. بۆیەش پیاو میحوەرە و شتەکانی تر لە دەوری ئەو پیاوبوونە و دەسەڵاتی ژنهێنانی پیاودا رێک دەخرێن. بە پێی شەرعیش بێت ژن موڵکی پیاوە و هەرکات پیاوەکەی ویستی جوتبوونی هەبوو دەبێت ئەم ژنە ئامادەیی نیشان بدات. کەواتە شتێک لەم ناوەدا مانای نییە بەناوی پەیوەندییەکی یەکسانی دوو لایەنە و هۆشیاریی دروستکردن لەسەر ئەم شێوازی پەیوەندیی گرتنە.

ئەوەی هەیە و بانگەشەی بۆ دەکرێ ئەم شێوازە لە هاوسەرگیریی و پەیوەندییە کە ژن نایەکسانە و دەبێت حەز و ئارەزووی پیاو تێر بکات. لەگەڵ ئەوەشدا تاکی کورد بە هیچ جۆرێک ئازاد نین لە دەربڕینی هەست و حەز و ئارەزووە ئینسانییەکانی خۆیان. بە بڕوای من زۆرێک لە پەیوەندیی هاوسەرگیریی کە دەکرێ لە کوردستان زۆرێکی لە دەرەوەی خواست و حەزی هەردوو کەسەکەیە و زۆرتر وەڵامدانەوەیە بە ئەرکێکی شەرعی و کومەڵایەتی و رازیکردنی دڵی خانەوادەیە.

بۆیەش زۆر جار لەم پرۆسانەدا هەردووک لا بە تایبەت ژن وەکو ئەوە وایە دەستدرێژیی سێکسیی بکرێتە سەری لە چوارچێوەی هاوسەرگیریدا. بۆیەش دەستدرێژی جنسیی لە چوارچێوەی هاوسەرگیریدا بۆتە نۆرم لە وڵاتی ئێمە و قبوڵ کراوە، ئەسڵەن وەکو تاوان مامەڵە ناکرێ لەگەڵی. هەر بۆیەش تا ئەم تابۆیانە نەشکێنرێن و مرۆڤ بە ژن و پیاو و ترانس جێندەرۆو هۆمۆسێکسوال، بایسێکسوالەوە ئازاد نەبن لە دەربڕین و دەستنیشانکردنی خۆشەویستی خۆیان و پەیوەندیی ئازادانە لە دەرەوەی داب و نەریتی سەدەیەک لەوەپێش ئەستەمە هۆشیارییەک دروست بکرێت لەو بوارەدا.‌

ستیڤان ئەحمەد: هەست ناکەیت پیاوی کورد تەنیا وەک ئامڕازێکی سێکسیی سەیری ئافرەت دەکات؟. هەرواش پێتوانییە ئافرەتی کورد هەمیشە پارێز لە پیاو دەکات و وەک پەلاماردەر لێی دەڕوانێت؟

هۆزان مەحمود: لە زۆر شوێنی دونیا ئەم کێشەیە هەیە و بە تایبەت لەم دونیای گلۆبالایزبوونی سەرمایە و بە کاڵاکردنی ژنان و فرۆشتنیان بۆ کاری لەشفرۆشیی بەسەر مەرزی دەیان وڵاتی دونیادا تێپەڕیان دەکەن. کە ئەمە بۆتە یەکێک لە پڕ دەرامەتترین بازرگانییەکانی ئەم سەردەمە، دەی کەواتە مشتەرییەکان پیاون و کڕیارن. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین مرۆڤایەتی و ماف و ئازادیی تا دێت کەم رەنگ دەبنەوە لە سایەی بازاڕی ئازاد و نیۆ لیبرالیزمدا کە لەسەر بنەمای سوودکردنی بێ ئەندازە دەچێتە رێوە.

رۆژ بە رۆژ ژنان لە ماف و ئازادییەکانیان دەدرێت و کۆمەڵگە لە جاران زیاتر سێکسیزم و کولتووری دژەژن و بە کاڵاکردنی ژن تیا پەرە دەسێنێ. کوردستانی ئێمەش لەم شاڵاوی بازاڕی ئازاد و کەڵەکەکردنی سەرمایەیەدا بێ بەش نییە. ئەوەتا بەردەوام بە سەدان و هەزاران ژن دەهێنرێنە کوردستان بۆ کاری لەشفرۆشیی. بۆیەش کاتێک کە هەموو پەیوەندیی دوو مرۆڤ کورت دەکرێتەوە بۆ سوود و بەرژەوەندیی بێگومان نە پیاو ژن وەک یەکسان سەیر دەکات و نە ژن دەتوانێت بە تەواوەتی متمانە بە پیاوی کورد بکات.

لایەنێکی تریش ئەو ترساندن و تۆقاندنەیە کە خانەوادەکان لای کچەکانیان لە تەمەنێکی گەنجییەوە دروستی دەکەن لایان کە متمانە بە پیاو نەکەن و پیاو وەک بوونەوەرێکی "دەستبڕ، دەستدرێژکار و هەوەسباز و بێوەفا" وێنا دەکرێ.. ژنیش وەک مرۆڤێکی "ساویلکە، بێ ئەزموون، بێ دەسەڵات و گەوج" کە دەبێت هەمیشە بترسێ و متمانە بە پیاو نەکات و خۆی تەسلیم بە پیاو نەکات. ئەمە ئەو پەروەردە سەقەتەیە کە ئێمەی پێ گەورە کراوین. بۆیەش تا ئەمە وا بڕوات نە ژن نە پیاو لە وڵاتی ئێمەدا ئازاد نابن و هیچ کاتیش ناتوانن ئاشت بن پێکەوە و یەکتر بناسن تەنانەت ئەگەر دەیان ساڵیش پێکەوە بژین، چونکە ئەم پەروەردەیە لە منداڵییەوە کارتێکردن دادەنێت لەسەر کەسایەتی و متمانەی هەردوولا بە یەک.

ستیڤان ئەحمەد: بەم دواییانە هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە تەنیا لە شاری سلێمانی ٤٠٠ ماڵی لەشفرۆشیی هەیە. ئایا فراوانبوونی ئەو دیاردەیە لە کوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە و چۆنیش دەتوانین بەرەنگاری ببینەوە؟

هۆزان مەحمود: لەشفرۆشیی لە کوردستان دیاردەیەکی تازە نییە. ئێستاش کە دەسەڵات خۆی ئەم ئامارانە دەزانێ و مەرزەکانی کوردستانی ئاواڵا کردووە بۆ بازرگانەکانی لەشفرۆشیی و هێنانی ژنانی جیاواز لە وڵاتی جیاوازەوە نیشانی دەدات کە ئەمە دەستی کەسی باڵای تێدایە لە حکومەت خۆیدا.

بە پێی زۆرێک لەو لێکۆڵینەوانە کە لەم بوارەدا کراوە لە وڵاتی جیاواز نیشانی دەدات کە بە بەبێ زانیاریی و هاوکاریی کەسانی پلە بەرز لە حکومەتەکاندا، ئەم بازرگانییە ناکرێ ئەنجام بدرێ. لەلایەکی ترەوە بە کاڵاکردنی ژن و ریکڵام کردن بۆ لەشفرۆشیی و بە ئۆبژێکتکردنی جەستەی ژن وەکو رووبەرێک بۆ خۆخاڵیکردنەوەی هەست و حەزە دڕندەکانی پیاوان رۆڵی زۆرە لەسەر بوونی ئەم شوێنانە. دیارە لە کوردستان کڕیاری زۆری لێیە، بۆیەش ئەم ماڵانە ئاوا بە ئاشکرا هەن.

 

ماڵپه‌ڕی هۆزان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک