په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١٢\٢٠١٠

هۆزان مەحمود:

دەیان کەیسی ده‌ستدرێژیی و به‌کارهێنان و توندوتیژیی دژ بە ژنان لە کوردستاندا بە نهێنی ماوەتەوە.


سازدانی: هەڵۆ مەرگەیی


هه‌لۆ مه‌رگه‌یی: بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکەی جیهان، چەوساندنەوەی ئافرەتان ریشەیەکی قوڵی مێژویی هەیە، ئایا ژنان بۆچی دەچەوسێندرێنەوە؟


هۆزان مەحمود: چەوساندنەوەی ژن و توندوتیژیی لە دژیان، دیاردەیەکی تازە نییە. سەرچاوەی مێژوویی ئەم چەوسانەوەیە، دەیان باس و لێکوڵینەوەی لەسەر ئەنجامدراوە، زۆر فاکتەر خراونەتەڕوو بۆ لێکدانەوەی ئەم چەوسانەوەیە. بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵێک هۆکار خراونەتەڕوو وەکو جیاوازی جێندەری، رەگەز، جیاوازی چینایەتی، دین، کولتور، پیاوسالاریی کە هەڵبەتە بەپێی خەباتی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە سیاسی و پێشکەوتوخوازەکان، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، ئاستی ئەم چەوسانەوەیە فەرقی هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی چەوەسانەوەی ژنان، توندوتیژیی لە دژی ژنان، لەهەموو کۆمەڵگاکاندا بەدی دەکرێت و دەکرێت بوترێت کە شێوەکانی توندوتیژیی لە دژی ژنان و بازرگانیکردن بە جەستەیانەوە، بوونەتە سیمایەکی هاوبەشی کۆمەڵگای سەرمایەداری.


هه‌لۆ مه‌رگه‌یی: پێتان وایە ئاریشەی کۆی پەیوەندییە مرۆییەکان، سێکس بێ؟ ئایا ئەوەی لە نێوان ژن و پیاوێکدا روودەدات، دەشێ وەک ئاوێنەیەک بۆ هەموو پەیوەندییە مرۆییه‌کان، ئەژمار بکرێ؟


هۆزان مەحمود: ئەوەی کە تەواوی پەیوەندییە مرۆییه‌کان لە مەسەلەی سێکسدا ببینرێتەوە بەتایبەت لە کەیسی پەیوەندییەکانی ژن و پیاودا، ئەوە تێڕوانینێکی زۆر دینییە واتە ئیسلامییە، چونکە تەنها لە قورئاندا ژن و پیاو وەکو دوو کائینی سێکسی چاویان لێدەکرێت، نەک وەکو دوو مرۆڤ. هەربۆیەش بە بڕوای من ئەم جۆرە لە تێڕوانینی دینی، بووەتە عەقڵییەتی گشتی. یەک مەسەلەی گرنگی دیکەیش کە حاشا هەڵنەگرە و دەبێت لە کۆمەڵگای ئێمەشدا دەرفەتی قسەکردن و ئازادی دەربڕینی لەسەر بکرێتەوە، ئەویش مەسەلەی هۆمۆسێکسوالێتییە. ئەمە ئەو تیۆرەی کە پەیوەندی ژن و پیاو تەنها لە سێکسدا ببینێتەوە، دە‌‌هێنێتە‌ ژێر پرسیار، چونکە ئەگەر بە پێی ئەو‌ تیۆرەی ئێوە بێت، ئەوا دەبێت پەیوەندی پیاو لەگەڵ پیاو (گەی) یان ژن لەگەڵ ژنیش (لیسبیان) وا سەیر بکرێت؟ من پێموایە پەیوەندییەکانی جێندەر، بەردەوام لەگۆڕان دان و ئەو شیکردنەوە دینی و ترادیشناڵانە بەرەدەوام دەکەونە ژێر پرسیار و نادروستیان دەسەلمێنرێت. ئەوەی کە لەکۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا رۆڵێکی جێندەری ستیریۆ تایپ کە تەنها پەیوەندی ژن و پیاو بەڕەسمی دەناسرێت و سەپێنراوە کە هەموو ژن و پیاوێک (هێترۆسێکسوالن) ئەمە جێگای پرسیارێکی گەورەیە، چونکە مرۆڤ دەتوانێت حەز و خۆشەویستی و پەیوەندی دەرونی و جەستەیی خۆی لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆی، واتە ژن بۆ ژن، پیاو بۆ پیاو (بای سێکسواڵ) بێت، واتە ژن هەم حەزی بۆ ژن هەبێت و هەم حەزیشی بۆ پیاو هەبێت، هەڵبەت پیاویش هەروەها. هەربۆیەش ئەو جۆرە تێڕوانینەی کە بەس پەیوەندی ژن و پیاو بە ڕەسمی دەناسێت، دەیخاتە قاڵبێکی سێکسییەوە، زۆر لێکدانەوەیەکی ترادیشناڵ و دینییە، چونکە خودی دابەشکردنی ڕۆڵی جێندەری، دروستکردێکی کۆمەڵایەتییە و سەپێنراوە بەسەر مرۆڤدا.


هه‌لۆ مه‌رگه‌یی: مرۆڤی کورد هەر لە قۆناغی منداڵییەوە تا گەورەبوونیشی، لێوڕێژ کراوە لەبیروباوەڕ و وێناگەلی باو، بە چ شێوەیەک دەتوانێت، لە دۆزینەوەی خۆی و گێڕانەوەی کەسێتی بێشوناسی خۆیدا، سەرکەوتووبێ؟.


هۆزان مەحمود: ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورە و دەردناکە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، کوڕ هەر لە منداڵییەوە لەسەر ئەوە باردەهێنرێت کە ببێتە پاسەوانی مێینەکانی ناو خێزانەکەی و دواتریش هاوسەرەکەی. جیاواز لە خورافاتی دینی و کۆمەڵێک پەر‌وەردەی نادروست لە رێگای هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە وەکو قوتابخانە، مزگەوت، خانەوادە، حیزبی سیاسی، حکومەت و میدیاکان. هەموو ئەمانە بەشدارن لە دروستکردنی کەسایەتی نێر و مێ لە کۆمەڵگای ئێمەدا. هیچکام لەمانە کولتوری یەکسانی و رێزی بەرامبەر و مافی مرۆڤ و تێکەڵبوونی ژن و پیاو و رەفتارکردنی ئەم دوو رەگەزە وەکو دوو مرۆڤ نەک وەکو دوو جەستەی سێکسی، فێری مرۆڤ ناکەن. ئێمە بەم جۆرە لە پەروەردە و رەفتار، لە ڕێگەی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە لە بەناو پەروەردەییە، چەندین نەوە لەدوای یەک دروست دەبێت و خۆیشی هەمان پەروەردە و عەقڵییەت دەسەپێنێتەوە. ئێمە لە کۆمەڵگاکەماندا ئاپارتایدی جێندەری بەدیهاتووە لە ئەنجامی ئەو هۆکارانە. بۆیەش بۆ تێکشکاندنی ئەم هەموو جیاکاری و هەڵاواردن و دابەشکردنی پاراستنی شەرەف بەسەر پیاو و ڕاگرتنی شەرەفیش لەناو لینگی ژندا، پێویستی بە شۆڕشێکی گەورە هەیە کە تەواوی ئەم پێناسە و رۆڵ دابەشکردنانە لەبەریەک هەڵتەکێنێ.


بە بڕوای منیش، هیچکات ژن و پیاو ناتوانن شوناسی خۆیان هەبێت تائەو کاتەی پیاو لە کۆمەڵگای ئێمەدا خۆی بە خاوەنی ژن بزانێت و ژنیش خۆی بە شەرەفی خانەوادە بزانێت. مەحاڵە هیچیان هەست بە ئازادی جەستەیی و فیکری و دەروونی بکەن. یەک هۆکاری گرنگی دیکەیش ئەوەیە کە مرۆڤه‌کان بە ژن و پیاوەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا نامۆن بە پەیوەندییە رۆحی و جەستەیی و مرۆییەکان و هیچکات رێگا نەدراوە لە جوانی ئەو پەیوەندییانە تێبگەین. زۆر گرنگە مرۆڤ هەست بە شوره‌یی و گوناح و حەرام و شەرم و ئەم جۆرە کولتورە دینیانە نەکات و بتوانێت لە دەرەوی بازنەی حەرام و حەڵال ژیانێکی ئاسودە بەرێتە سەر. ئێمە بە بوونی خۆمان و جەستە و دەروون و هەست و حەز و ئارەزووەکانی خۆیشمان نامۆین. جا ئیتر تا مرۆڤی کورد لەو دایلەمای دین و خورافە و دابونەریتە کۆنانە نەچێتەدەر، مەحاڵە شوناسی خۆی هەبێت.


هه‌لۆ مه‌رگه‌یی: ئێوە چۆن لە "ئابڕوو" وەک چەمک، وەک جەوهەر و رەنگدانەوەی کۆمەڵایەتی تێدەگەن، دەکرێت بپرسین ئابڕوو بە لای ئێوەوە چییە؟


هۆزان مەحمود: بەلای منەوە، ئابڕوو ئەو چەمکە درستکراوەیە کە کۆمەڵێک کۆدی دیاریکراوە بەتایبەت بۆ ژن بۆ پابەندبوون پێوەی و پاراستنی شەرەفی خانەوادە، خێڵ، دەسەڵات، تادەگاتە کۆمەڵگا. ژیانەوە و بەردەوام بوونی ئەم چەمکە بۆ ڕاگرتنی ژن وەکو موڵکی پیاو یان خانەوادەکەی پەیوەستە بە مانەوە و ڕاگرتنی سیستیمی پیاوسالاری خێڵەکییەوە‌ لە کۆمەڵگای ئێمەدا.


ئابڕوو وەکو دێوەزمەیەک یەخەی بە کۆمەڵگای کوردی گرتووە و گیانی سەدان و هەزاران ژنی کردۆتە قوربانی. لەبەر ئەوە بە بڕوای من، چەمکی ئابڕوو، شەرەف، ناوبانگی خانەوادە گرێدراوەتەوە بە مۆڕال و سێکسەوە. ئەم وشەیە وەبیرهێنەرەوەی هەمیشەییە بۆ کچان، کە لە تێکەڵی سێکسی و گۆڕینەوەی خۆشەویستی و حەز و ئارەزووی خۆیان لادەن، هەرشتێک ببێتە مایەی لەناوبردنی پەردەی کچێنی ئەوە بە لەدەستدانی ئابڕوو هەژمار دێت. ئەگینا ئەم هەموو کوشتارەی ژنان لەکوردستان بۆ ڕوو دەدات؟ کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگای ئێمە گرێدانی مۆڕاڵ و سێکسە بەیەکەوە، لەکاتێکدا ئەم دوانە زۆر جیاوازن لەیەکتری.

 
هه‌لۆ مه‌رگه‌یی: لە کوردستاندا زۆرجار باس لەوە دەکرێت، کە ئافرەت لە دەزگاکاندا به‌کارهێنان دەکرێن، بۆچی؟


هۆزان مەحمود: کاتێک کە کۆمەڵگا لە ژێر سیستمێکی سەرمایەداری پیاوسالاریدا بەڕێوە بچێت و مرۆڤه‌کان بەسەر چین و توێژی جیاوازدا دابەش بکرێن، ئیدی مرۆڤ دەبێتە بەندەی ئەم نیزامە و مەجبورە هێزی کاری خۆی بفرۆشێ. لەم حاڵەتەدا بوارەکانی کارکردن دەکرێتە‌ وەزیفە و سیستیمی کاری هایراکی و پۆست و وەزیفەکانیش لەڕاستای خزمەتکردن بە جیاوازیە چینایەتیەکاندان و داهێنانی مرۆڤ دەچێتە‌ خانەی بازرگانی و ژن وەکو کاڵایەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئیدی چۆن ژن به‌کارناهێنرێت؟


هەر لە دامودەزگاکانی حکومەت ‌و حیزبە سیاسییەکانیان و تادەگاتە شوێنەکانی دیکەی کارکردن، زانکۆکان و میدیا و خانەوادەکان، ڕۆژانە گیان و جەستە و کەرامەتی‌ ژن دەشکێنرێت و بێدەنگی لێدەکرێت. لە کۆمەڵگای ترادیشنالی کوردیدا به‌کارهێنانی ژن بەشێوازی جیاواز و شاراوە ڕودەدات، ئاخر ژن لەکوێ سکاڵا بکات؟ چ دامودەزگایەک هەیە کە ژن بتوانێت سکاڵاکانی خۆی بەرێتەلای، ئەگەر هەراسان بکرێت و به‌کاربهێنرێت؟ لەبەر ئەوەی جەستەی ژن و ئەوەی پەیوەندی بەسێکس هەبێت، دەچێتە خانەی شەرەفەوە و ژن بۆ خۆی کراوە بە به‌رپرسی لەدەستنەدانی شەرەفی خانەوادەکەی و ئەگەر وانەکات، ئەوا دەبێت ئاکامه‌که‌شی قبوڵ بکات کە کوشتنە. هەر بۆیەش دڵنیام دەیان کەیسی ده‌ستدرێژیی و به‌کارهێنان و توندوتیژیی وەزیفی لە کوردستاندا هەیە و بەنهێنی ماوەتەوە.

 

ماڵپه‌ڕی هۆزان مه‌حمود