په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٦\٢٠١٢

هۆزان مەحمود:

پیرۆزیی خودا و پیاو لە کۆمەڵگای ئێمەدا وەکو و یەکە.


سازدانی: هاوژین غەریب

رۆڵی ڕۆشنبیران لە پرسی ژندا.

 

 

هاوژین غەریب: رۆڵی ڕۆشنبیر لە پرسی ژندا چۆن دەبینی؟

 

 

 

هۆزان مەحمود: کارێکی ئاسان نیە بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ڕۆلێ ڕۆشنبیران قسە بکرێ، چونکە بیرو بۆچونی جیاوازیان هەیە و‌ ڕۆڵی هەمویان وەکو یەک نییە. بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم کە کۆمەڵگای کوردستان بە هەموو ئیلیتە خوێندەوار و سیاسی و ڕوشنبیرەکەیەوە ئیلیتێک نەبوە کە توانای بەرهەم هێنانی فیکری هەبوبێت لە پەیوەند بە زۆر پرسی گرنگ لە کۆمەڵگادا. زۆرتر دوبارەکردنەوە و پارا فرەیس کردنی کار و بەرهەمی فیکری بیریارە جیهانی یەکان باوە لای ئێمە. چونکە ئێمە کۆمەڵگایەکین بە بەردەوامی لە ژێر داگیرکاریدا بوین و بەرهەمی فیکری پەیوەست بەم کۆمەڵگایەوە نەیتوانیوە شکڵ بگرێ و بەردەوامی هەبێت. ناجێگری و نەبونی ئاسایش و ئاشتی حەتمەن کاریگەری نێگەتیڤی بوە لەم بوارەدا. دیارە تا ئێستا لە‌ کوردستان زۆربەی کایەکان هەر لە سیاسەتەوە بیگرە تا ئابوری و هونەر و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن تا "بەرهەم هێنانی زانست" ئەگەر بونی هەبێت کایەیەکی سەرتاپا پیاوانەیە و سانسۆر کراوە‌. بۆیەش لە ئاست پرسێک بە ناوی پرسی ژن و قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی لەوەها فەزایەکدا بێگومان کاتی دەوێت. بەشێکی پەیوەندی بە ئێمەی ژنیشەوە هەیە کە تا چەند کار دەکەین بۆ ئەوەی پرسی ژن بکەینە پرسی هەموو کۆمەڵگا.

ئەوندەی من دیقەتم کردبیت ڕۆشنبیری کورد بەشێکیان لەسەر پرسی ژن قسە دەکەن، دەنوسن و داکۆکی دەکەن. هەندێکیشیان ژن قارەمانی هەندێک لە ڕۆمان و داستانەکانیانە، جەستەی ڕوتی ژن دەبێتە سێکس ئۆبجێکتی شیعری هەندێک لە شاعیرانیش‌. زۆرێکیشیان پێیان وایە ژنی کورد دەبێت خۆی خۆی ڕزگار بکات و خەتای خۆیەتی کۆنەپارێزی تێک ناشکێنێ و خۆی ئازاد ناکات. من نەم دیوە و پێدەچێت هەڵەش بم لەم بۆچونانەم، بەڵام یەک جاریش من نەمدی پیاوی ڕۆشنبیری کورد نەفرەت لەو ڕۆڵە جێندەری و هێترۆسێکسوالە پیاوانە (ماسکولینە)‌ بکات کە کۆی سیستمی دەسەڵاتداری بە فاشیزمی بەعس و بزوتنەوەی نەتەوایەتی کوردی یەوە بە سەریدا سەپاندوە‌. سەرەڕای ئەوەش گلەیی دەکەن کە گوایە ژنی فێمینیستی کورد پیاوبە سەرچاوەی چەوسانەوەی خۆی دەزانێت..
سەرەڕای دەنگهەڵبڕین و پشتیوانی کردنیان لە هەندێک کەمپین و کاری ژنانی چالاک بەڵام بەبڕاوی من ڕۆڵیان لە ئاستێکی بەرتەسکدا بووە، تابۆ شکێن نەبون نە خۆیان و نە پیاوانی کۆمەڵگاکەیان نە دینی سیاسی و نە دەسەڵاتیان نەخستۆتە بەر ڕەخنە و بەرپرسیارێتی یەوە بە شێوەیەکی کارا.. دەکرا ئەوان لە ڕێگەی نوسین و کۆڕ و سیمینارەکانیانەوە ڕچە شکێنی یەک بکەن و کۆمەڵێک نۆرم و بەهای داسەپاو هەیە تێکی بشکێنن، گەنج زۆرتر گوێ بۆ ئەوان دەگرێ و ئەوان پیاوی ڕۆڵ مۆدێلن بۆیان وە دەتوانن کاریگەری بەجێ بێڵن بەسەریانەوە.


هاوژین غەریب: پێتوایە رۆشنبیری کورد بەشێکە لە سیستمی پیاوسالاریی؟


هۆزان مەحمود: ئێمە بەرلەوەی باسی ڕۆشنبیری کورد بکەین دەبێت باس لە دەسەڵاتێک بکەین کە سەرمایەداریە و پشت بەستووە بە دین، پیاوسالاری، جیاوازی چینایەتی و جێندەری، ڕەگەز پەرستی و پیاو مەزنی بنەمای وەها سیستمێکن.

کۆی ئەم سیستمە زەقترین و توندوتیژ ترین پیاوەتی (ماسکولینیتی) بەرهەم هێناوە وە دەشیهێنێ. ژن ژنە و پیاو پیاو، سەرتاپا کۆمەڵگایەکی هێترۆسێکسوال و پیاو پەرست. پیرۆزیی خودا و پیاو لە کۆمەڵگای ئێمەدا وەکو و یەکە وە نێر بون ئیمیتیازە. ڕۆشنبیری کوردیش زادەی ئەم پرۆسە ئاڵۆزەیە لە بەهاو نۆرمی داسەپێنراو. هەندێکیان هەوڵیانداوە و پێ یانوایە ئەمەیان تێپەڕ کردوە،‌ بەڵام من پێم وابیت هەروا ئاسان نی یە و ناتوانم باوەڕبکەم کە ڕۆشنبیر و سیاسی و ڕوناکبیران بە چەپ و ڕاست و لیبراڵ و سۆسیال دیموکراتەوە بە تەواوی داماڵرابن لە پیاوسالاریی و کۆنەپارێزی یەک کە بەشیک بووە لە پەروەردە کردنیان لە ڕێگەی خێزان، قوتابخانە و شوێنی کار و مزگەوت.

هاوژین غەریب: بۆچی رۆشنبیری کورد سیستمی پیاوسالاریی تێپەڕ ناکات؟

هۆزان مەحمود: زۆربەی وڵاتانی سەرمایەداری دونیا پیاوسالارین و کوردستانی ئێمە سەرمایەداری - خێڵەکی و پیاوسالارییشە. لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا ڕۆشنبیری کورد چۆن بتوانێت وەها سیستەمێک تێپەڕ بکات؟ کاتێک کە کۆمەڵگا چاوەروانە نێرەکانی زۆر "پیاوانە"‌ ڕەفتار بکەن، بنوسن، قسە بکەن، هاوسەرگیری بکەن و هێترۆسێکسوال بن، دەنگ گڕ بن، زبر بن، نەرم و نیان و ئارام و دەنگ ناسک نەبن. چونکە هەرشتێک لەدەرەوەی ئەو نۆرم و پێوانە داسەپاوانەدا بێت پیاو دەکاتە مێینە (فیمینین). ئەی نەت بیستوە کە ئەگەر پێاوێک تا رادەیەک ئارام لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی ڕەفتار بکات پێی دەڵین ژنانی؟ تا ئەم ساتەش ڕۆشنبیری کورد ئەم مەرز و پێوەر و نۆرم و نەریتە پیاوانەیەی بە تەواوی تێپەڕ نەکردوە. من ئاوات دەخوازم کە نەوەی نوێی ڕۆشنبیران و سیاسی و کەسانی چالاک بتوانن ئازایانە ئەم دیواری جیاکاری جێندەریە و کۆمەڵگا هێترۆنۆرمەتیڤە بهێننە ژێر پرسیار و لەبەر یەک نۆرمەکانی هەڵ وەشێنن و ئەوەی لە ژێر ناوی پیرۆزیی و سەروەریی و داب و نەریتی باوو باپیران پێمان دەفرۆشن و بازاڕ گەرمی بۆ دەکەن تێکی بشکێنین.

هاوژین غەریب: رۆشنبیران لە زەمەنی قسەکردندا داکۆکیکاری سەرسەختی پرسی ژنن بەڵام پێتوایە لە جەوهەردا وابن؟

هۆزان مەحمود: لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر ئێمە لە دونیایەکی پڕ لە نۆڕمی دژ بەیەک وپڕ لە ناڕاستگۆیی و نامۆیی مرۆڤ بە خۆییدا دەژین. مرۆڤ دەتوانێت ئاواتە خوازی دونیایەکی یەکسان و ئازاد و ڕەنگاوڕەنگ بێت و کار بۆ ئەو ئامانجە بکات. جا ڕۆشنیر، چالاکوان، سیاسی، نوسەر، هونەرمەند، پارتەکان و هەر کەسێک بەجۆرێک دەیەوێت ئەم دونیا غەرق بوە لە ئازار و چەوسانەوە و کۆیلەیی‌ ڕزگار بکات. ئەوەی کە ئایا هەموو مرۆڤەکان بە تایبەت ڕۆشنبیر لە جەوهەردا ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکەن پراتیکی دەکەن؟ من ناتوانم بە بەڵێ و نە وەڵامت بدەمەوە. هەموو مرۆڤێک ناچارە لەم دەوروبەرە ناپاک و ناڕاست و ئاڵۆزو سەختەدا شەری مانەوەی خۆی بکات لەوەش گرنگتر پێویستە سەیری ئەو پەیوەندیە ئاڵۆزەی بەینی ژن و پیاو بکەین لە دونیای ئێمەدا. تا تێستاش حەڵاڵ و حەرام و گوناحە و عەیبە و شەرم و حەیا و ناموس مێشکی ژن و پیاوی کوردی پێ پڕکراوە. ئاخر لە کۆمەڵگایەکدا کە مرۆڤ غەرقە لە درۆکردن لەگەڵ هەست و حەز و ئاواتەکانی خۆی، کۆمەڵگایەک ڕەگەزی نێر و مێ وەکوو دوو بونەوەری نایەکسان و نامۆ بەیەک پەروەردە کرابن، چۆن دەکرێ چاوەڕێی هەڵوێستی ڕاستگۆیانە بکەین لە کەس؟ ئەمە پاساو نیە بۆ کەم هەڵوێستی یان پارادۆکسێک کە تاکی کورد و بەتایبەت ڕۆشنبیری کورد تیایدایە. بەڵام گرنگە بزانین زۆر جار لە دەرەوەی ئیرادەی خۆت ناتوانیت زۆر شت بکەیت. ڕۆشنبیریش مرۆڤە و لەدەرەوەی ئەم کایەیە نیە. خۆ ئەگەر نەتوانێت ئەوەی کە دەیڵێت لەسەر داکۆکی ژن لە جەوهەردا کاری پێ بکات پێم سەیر نیە. چونکە من وەکوو تاک یان فەرد سەیری ئەم هاوکێشەیە ناکەم، من سەیری کۆی ئەو هاوکێشانە دەکەم کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەن وە شکڵ دەدەن بە کەسایەتی تاک. من سەیری ئەو فەزا ئاڵۆز و نا تەندروستە دەکەم کە تاکی کوردی تیا پەروەردە دەبێت و خۆ ئەگەر هەوڵی خۆ گۆڕین و تازەکردنەوە بدات هەر لەوانەیە یەکەم جار هاوڕێ نزیکەکان و کەسەکانی خۆی لۆمەی بکەن. بەڵام دیسان دەبێت ئەمانە شەڕی لەگەڵ بکرێت شەڕێک کە ناچاریت زۆر کەس لە خۆت زویر بکەیت و پێویستە چۆکیش بەدەسەڵات دادەین بۆ گۆڕانکاری لەم فەزایەدا.

هاوژین غەریب: لە چەند رۆژی رابردوودا رەخنەت لە د. عەبدوڵا پەشێو گرت لەسەر بەکار هێنانی وشەی "ماکەر" لە شیعرێکدا ئەمە بۆچی؟

هۆزان مەحمود: من وەکوو ژنێک بە مافی خۆمی دەزانم کە ڕەخنە بگرم جیاواز لە ڕێزم بۆ پەشێو کە شاعیرێکە توڕەیە لەو دۆخەی کوردستان و شیعری زۆرە بۆ ئەم مەبەستەش. بەڵام نابێتە هۆی ئەوەی کە ڕەخنەی ئاراستە نەکرێ بە تایبەت کە پەشێو ئەمە یەکەم جاری نی یە لە شیعرەکانیدا زمانێک بەکار دێنێ کە دژە ژنە و کۆنەپەرستیی بەسەریدا زاڵە‌. گەورە بوون لە کوردستان و ژیان لە فەزایەک کە کۆنەپارێزی و کولتوری دژە ژن تیا زاڵە زۆر مرۆڤ هەستیار دەکات بەرامبەر ئەوشتانەی کە کۆمەک دەکات بە هێشتنەوەی ئەم بە ناو کولتور و دابونەریت و قسە و زمانە کە سەرتاپا دژە ژنە. هەر بۆیەش کاتێک گوێم لێ بوو دوای چەندین ساڵ ژیان لە ئەوروپا هێشتا پەشێو بەو شێوەیە شیعر بۆ گەنجەکانی کۆمەڵگاکەم دەڵێ نەدەکرا بێ دەنگ بم. چونکە دەزانم ئەوان چەندە دەچنە ژیر کاریگەری ئەم شیعرانەوە. ئەگەر کەسانی وەکو ئێمە ڕەخنە نەگرین و هەوڵ بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا نەدەین لە هەمو ئاستێکدا ئەی کێ ئەو کارە بکات؟

هاوژین غەریب: پێتوانیە ئەمەی تۆش جۆرێکە لە پیرۆزکردنی ژن؟

هۆزان مەحمود: ڕەخنە گرتن لە شیعر و ئەدەب و زمان ئەرکی زۆرێک لە هەڵسواڕوانی بواری پرسی ژن و فێمینیستەکانە‌. لە غەربدا بە لایەنی کەم لە سی بۆ چل ساڵ لەمەوبەرەوە ژنانی فێمینیست ڕەخنەی جیدیان لە زمانی ئاخاوتن و نوسین و وشە گەلێک هەبووە لە زمانە جۆراوجۆرەکاندا کە دژە ژن بووە. تا ئەم ساتەش ئەم شیکاری و رەخنانە زۆر جێگای گرنگی هەیە لە بەرەنگاربونەوە لەگەڵ زمانێک کە پیاوسالاریی و سێکسیزم و ڕاسیزم و هۆمۆفۆبیا بەرهەم دێنێ. جا لە ئاخاوتنێکی سادەی ڕۆژانەی بەینی مرۆڤەکان بێت تا دەگاتە شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و گۆرانی و هتد. بۆیەش چاوەڕوانی لە کەسانێک کە خۆیان بە ڕوناکبیر و ڕۆشنبیر و شاعیر و هونەرمەند دەزانن زیاترە بۆ ئەوەی لە زمان و بەرهەمە هونەری و فیکری یەکانیاندا کە لە ناو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە دوبارە پلەدوویی و ژێردەستەیی ژن بەرهەم نەهێننەوە. هەربۆیەش ئەمە پیرۆزکردنی ژن نیە بەڵکو دەکرێ وەکو و ڕەخنەیەکی ژنانە بۆ ئەدەبی پیاوانەی کوردی سەیر بکرێ.

هاوژین غەریب: دەیان جاریتر ئەم شاعیرە وشەی "نێرە کەر"ی بەکار هێناوە بۆ ئەوەیان دەڵێی چی؟

هۆزان مەحمود: لەگەڵ ڕێزم بۆ بەڕێز عەبدوڵا پەشێو وەکو مرۆڤێک، بەڵام لە راستیدا لەم سەردانەی ئەخیری بۆ کوردستان دیسان ئەوەم بەدی کرد کە ئەم شاعیرە ئێستاش بە مێنتالیتی ساڵی شەست و حەفتاکان دەنوسێت کە هەندێک لە وشەکانی کە بەکاری دێنێ بەڕاستی جێگای ڕەخنەیە. بە داخەوە خەڵکی لای ئێمە چونکە لەم دەسەڵاتە بێزارن وشەگەلێکی لەم بابەتە دەبێتە مایەی خۆشحاڵی بۆیان و وە تەنانەت تیکراری دەکەنەوە.. لە کاتێکدا ئەگەر بە وردی گوێ لە هەندێک لە شیعرەکانی ئەم بەڕێزە بگرین کۆمەڵێک وشەی تیایە کە باشترە نەوترێت. بڵاو بونەوەی وەها کولتورێکی شیعری بۆ کۆمەڵگایەکی وەکو کوردستان هیچ کۆمەکێک ناکات. هەربۆیەش وشەی ماکەر و نێرەکەر و کۆمەڵێک تێرمینۆلۆجی لەم بابەتە جێگای داخە نەک پێ زانین و دووبارە کردنەوە.

پرسی ژن و ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان.

هاوژین غەریب: رەوشی ژن لە هەرێمی کوردستان چۆن دەبینیت؟

هۆزان مەحمود: جیاواز لەوەی ژنان تا رادەیەک لە فەزای گشتیدا دەبینرێن و لە هەندێک بواردا دەردەکەون کە پێشتر لە ژێر سایەی ڕژێمی بەعسدا ئەم دەرکەوتنەیان نەبووە. بۆ نمونە ئێستا ژنان لە زۆر بواری وەکو و بەشداری سیاسی، خوێندنی باڵا، ڕاگەیاندن، هەندێک پۆستی سیاسی و ئیداریدا هەن و ڕۆڵ دەبینن بەڵام دەتوانین بڵێین کە ئازادیە فەردی و مەدەنی یەکانیان زۆر لە ئاستێکی نزمدایە وەکار و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا تا ئێستا بەهای کاری پیاوانی نیە. جیاکاری جێندەری، کوشتن لەسەر بەهانەی شەرەف، هەموو جۆرەکانی تری توندوتیژی تا ئێستاش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ژیان و سەلامەتی ‌ژنانی ئەم هەرێمە.

هاوژین غەریب: زۆرجار لەلایەن دەزگاکانی حکومەتی هەرێمەوە باس لەوە دەکرێت کە رەوشی ژن بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو باشتر بووە پێتوایە ئەمە تاچەندە راستە؟


هۆزان مەحمود: پێویستە ئێمە بزانین کە مەبەستی دەسەڵات لە ڕەوشی ژنان چییە و باشتر بونی ئەم ڕەوشە لای ئەوان یانی چی و بە چ پێوەرێک؟ من دەپرسم ئایا کوشتن و سوتاندنی سەدان ژن لە کوردستان جێگای پرسیاریان نیە؟ ئایا خەتەنە کردنی لەسەدا شەستی کیژۆڵەکانی کوردستان مەسەلەیان نیە؟ دەستدرێژی جنسی و توندوتیژی وەزیفی و جیاکاری جێندەری و کۆیلەکردنی ژنانی سیاسی ناو حزبەکانیان کێشە نی یە؟ هەراس کردنی ژنان و کچانی شار لەسەر شەقامەکان کێشەی ئەم دەسەڵاتە نیە؟ بێکاری و بڵاوبونەوەی لەشفرۆشی و توندوتیژی ناوماڵ کێشە یان نیە؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری تر بە بیری مندا دێت کە لەم دەسەڵاتەی بکەین. سەرەڕای هەندێک دەستکەوتی کەم بەڵام ڕەوشی ژنان بەرەو باشی نەچووە بە بڕاوی من وە بەم شێوەیەی ئێستاشی بەرەو باشی ناچێت. دەبێت ئەوە بزانین دروست بونی نوخبەیەکی بەکارهێنەری ژنانی دەوڵەمەند و کەمینەیەکی چینی مام ناوەند بە مانای باشتر بونی ڕەوشی ژنان نیە هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا ژنان لە ڕوی ئازادی و مافە فەردی یەکانیانەوە هەر کۆیلەن.

بەڵکو زیاد بونی ڕێژەی ژنانی کەم دەرامەت یان بێ دەرامەت و بێ پشت و پەنا مەسەلەیەکی گرنگە و پێوستە ئاوڕی لێ بدرێتەوە. دروست بونی مۆڵەکان و بازاڕە ڕەنگاوڕەنگەکان بۆ ساغ کردنەوەی کاڵا جیهانیەکان تەنها نو‌خبە گەندەڵەکەی ژنانی سەربەدەسەڵات دەرەقەتی دێن و زۆربەی ژنانێک کە لە ستانداردێکی نزمی ژیاندان تەماشاکەری ئەم وەزعەن. ئەمەش دروست بونی جیاوازی یەکی چینایەتیە کە گروپێک هەست بە "سەردەستەیی" خۆی بکات بەهۆی توانای کڕینیەوە و گروپێکی تر هەست بە"ژیردەستەیی" خۆی بکات بەهۆی بێ دەسەڵاتی و نەبونی توانای کڕین و خەرج کردنەوە. ژن کە تا ئێستا لە کۆمەڵگای کوردستاندا مرۆڤی پلە دووە بە هۆی جێندەرەوە و دوبارە لە پرۆسەی بە سەرمایەداری کردن و بە بازاڕکردنی کوردستاندا ژن دەکرێتەوە بەژێر دەستە و ئەمجارە بە بڕاوی من دەبێتە پلە سێ و چوار. ئەمەش پێوسیتی بەوە هەیە بەرهەڵستی بکرێت و ئەو سیستمەی ئەم دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریە دروست دەکات بەدەرەجەی یەکە‌م بەرپرسیارە.

هاوژین غەریب: ئەوە رۆڵی کێیە رەوش و هۆشیاری ژنان بەرەو پێش دەبات؟

هۆزان مەحمود: ژنان هەروەک ئاماژەم پێدا ئامادەییان هەیە لە هەندێک بواردا بەڵام زۆر بەرتەسکە. هەر بۆیەش لەم فەزایەدا کە ژنان لە سەرەتای جێ کردنەوەی خۆیاندان بە زۆر، ئەوا بەرهەم هێنانی فیکر و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بە ژن و پیاوەوە کارێکی ئاسان نیە. چونە فەزایەک لە کوردستاندا خوڵقاوە کە ڕۆژانە ڕوداوەکان و گۆڕانکاریەکان ئەوەندە بە خێرایی تێپەردەبن کە هیچ شتێک ناتوانێت بە پرۆسەیەکی هێمن و ڕەوتێکی عەقڵانی تێ پەرێ و بەردەوامی پێ بدرێ. غیابی بەرهەم هێنانی فیکر و نەبونی ڕادیکاڵیزمێک لە کۆمەڵگادا کە تابۆ شکێن و ڕچە شکێن بێت هەستی پێ دەکرێ لە کوردستاندا. لە جێگای ئەودا خیتابی دینی و نەتەوەیی و کۆنەپارێزی پەرەی سەندوە ئەمەش پاشەکشەی زیاتر بە هەر پرۆسەیەک دەکات کە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بێت.
ئەمە ئەو فەزایەیە کە بەداخەوە کاری زۆری دەوێت و بە بڕاوی من دەکرێ بڵێێن ئەرکی هەر مرۆڤێکی خەمخۆر و یەکسانی خواز و مرۆڤ دۆستە کە خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە هۆشیارکردنەوەی ژن و پیاو و کۆمەڵگا بە گشتی. حەز دەکەم ئەوەش بڵێم کە پیاویش لە وەها کۆمەڵگایەکدا ئازاد نیە و هۆشیار نیە بە پێی پێویست. هۆشیار کردنەوەی ژن و پیاو پەیوەستە بە یەک. ناکرێ لە کۆمەڵگایەکدا کە سێکسیزم و راسیزم و ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و سیاسەتی نیو لیبرالی سەرتاپای داگیرکردوە بە تەنها هەوڵ بۆ هۆشیاری ژنان بدرێ وە ئەمەش بخرێتە ئەستۆی ژن خۆی بە تەنیا! دیارە ئەمە گرنگە بەڵام پیاویش دەبیت بە ئاگا بێت کە ئەویش بەجۆرێک کۆیلەی ئەو کۆمەڵە فاکتەرەی سەرەوەیە کە باسم کرد.

هاوژین غەریب: رێکخراوەکان رۆڵیان چیە لە ئازادیەکانی ژنان و بەرەو پێشچوونیان؟

هۆزان مەحمود: دەمەوێت ئەوە ڕون بکەمەوە کە لە کوردستان تێ گەیشتنێکی ناڕۆشن هەیە لەسەر ڕێکخراو بەگشتی، ڕێکخراوی ژنان بە تایبەتی. ڕێکخراو نە دەوڵەتە، نە دەسەڵاتی موتڵەق و راستەوخۆی هەیە و نە دەتوانێ لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا زۆر شت بگۆرێ کە دەیان و سەدان ساڵە ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە لە کۆمەلگای پیاوسالاریدا. کاتێک دەسەڵات کەمتەرخەمە و بۆشایی جێ دێڵی لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا لە زۆر بواردا هەروەک لە کۆمەڵگای غەربیەکانیشدا بەدی دەکرێ، زۆرێک ڕێکخراو و گروپی فشار و ڕەوتی کۆمەڵایەتی و فیکری جیاواز دێنە ئاراوە هەم بۆ شیکردنەوەی ئەم دۆخە کۆمەڵایەتیە و هەم بۆ گوشار خستنە سەر دەسەڵات بۆ وەڵام دانەوە بە خواستەکانیان. ڕێکخراوەکانی ژنی کورد بۆ پرسی ژن بە سەربەخۆیی نەهاتونەتە کایەوە بۆ داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی ژنان. بەڵکو زادەی فەزایەکی تا بڵێی سیاسی وە حزبی بوون لە کوردستان و مێژویەکی دوری نیە بەڵکو دەتوانین بڵێین لە ساڵی 1991 بە دواوە وەکو و کۆمەڵێک ڕێکخراو لەشاردا دروست بون و هەمان قسەی پیاوانی ناو حزبەکانیان دوبارە کردۆتەوە لەسەر مەسەلەی ژن.. بۆیەش ناکرێ لەوەها ڕێکخراو گەلێک چاوەڕوانی زیاترمان هەبێت. یەک کێشەی سەرەکی کە هەیە لە کوردستان ئەوەیش نەبونی بزوتنەوەیەکی ژنانە کە سەربەخۆ و‌ دوور لە عەقڵ و مەنتیقی پیاوانی حزب دروست بێت و بناغەی فیکری خۆی هەبێت وە زۆر ئازایانە و‌ ڕاشکاوانە داکۆکی لە ئازادی و مافی ژنان بکات. لە هەر حاڵێکدا پێم وایە بوونی ڕێکخراوی ژنان باشترە لە نەبوونی و حەتمەن هەندێک لەمانە کاری باشیانکردووە بۆ ژنان. بەدیهێنانی ماف و ئازادی‌ و تێکشکاندنی کولتوری پیاوسالاری و کۆنەپارێزی کۆمەڵایەتی بە تەنها لە هاتنە مەیدانی ژنان وەکو هێزێکی کۆمەڵایەتیدا دەتوانێت زامن بکرێت. نەک ئەوەی ژمارەیەک لە ژنان وەکو کارمەند لە ڕێکخراوە جیاوازەکاندا کار بکەن و ببنە بەشێک لە بیرۆکراسی ڕێکخراوەیی.

هاوژین غەریب: پێتوایە ئاستی رێکخراوەکانی ژنان وەک پێویستە؟

هۆزان مەحمود: کێشەی ژن لە هەرێمی کوردستاندا تایبەتمەندی خۆی هەیە، کۆمەڵگایەک کە لە ژێر ڕکێفی ڕژێمە قەومی و دیکتاتۆرە فاشیەکاندا مێژویەکی بەڕێکردوە. کۆمەڵگایەک پۆلەرایز کراوە لە ڕوی سیاسیەوە حزب وە ئەندام بون لە حزبدا و پشتیوانی کردن لە حزب و سیاسەتەکانیان سیمای سیاسەتی ئەم ناوچەیە بوە بۆ ساڵانێکی زۆر. هەر بۆیەش ئێمە کۆمەڵگەیەکی زۆر حزبی و سیاسیمان هەیە، ئەم بیست ساڵەش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاکان و ڕێکخراوی ژنانیش دروستکراو و دامەز‌راوەی حزبن و شان بەشانی کێشەی نێوان حز‌بەکان ئەمانیش ئەجێنداکانیان بەو ئاقارەدا بردووە لە بواری پرسی ژناندا. بۆیەش لەوەها ڕۆڵێکدا ڕێکخراوی ژنانی حزب ناتوانێت لەو چوارچێوە بەرتەسک و دوگماتیکە حزبییە دەربچێت کە بۆی دیاریکراوە. تێڕوانین و گوتاریان زۆر پیاوانەیە و هەر لە ڕوانگەی سەرکردە پیاوەکانیانەوە سەیری پرسی ژن دەکەن. هەربۆیەش بە بڕوای من ڕۆڵیان لەسەر هۆشیار کردنەوە و ڕێکخستنی ژنان بۆ مافەکانیان بە پێی پێویست نییە. دیارە گرنگە ئەوەش بڵێین کە کار کردن لە کۆمەڵگای کوردیدا لەسەر پرسی ئازادی و یەکسانی ژن بەراستی کارێکی ئاسان نیە بەتایبەت ئەگەر بتهەوێت تابۆ شکێن بیت. زۆر بە ئاسانی ژن دەکەوێتە بەر نەفرەتی خەڵک و وەکو کەسێکی تێکدەری "پیرۆزیی یەکانی" کۆمەڵگا چاوت لێ دەکرێ ئەمەش ئاسان نیە و زۆر ژن ئامادە نین ئەم سەختیە قبوڵ بکەن. بۆیەش خۆیان هەندێکیان تا ئێستاش نەیان توانیوە بە پێی پێویست لە دواکەوتوی و کولتوری کۆنەپارێزی خۆیان داماڵن. هەربۆیشە بە گرنگی دەزانم کە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەم خەباتەدا لە دژی کۆنەپەرستی و زوڵم و چەوسانەوە هاوکار بن و هەموو بەناو پیرۆزییەکان کە مرۆڤ دەکەنە کۆیلە بهێننە ژێر پرسیار و گوتارێکی ئەلتەرناتیڤ دروست بکرێت لەدژی ئەم گوتارە ناڕۆشن و داسەپاوانە.

هاوژین غەریب: زۆرینەی توندوتیژیەکانی بەرامبەر ژنان دەکرێت لەم هەرێمەدا لە ناوچەکانی دەرەوەی ناوەندی شارەکانن، بەڵام چالاکی رێکخراوەکان لە ناوەندی شارەکانە، پێتوایە هۆکار چیە چالاکی رێکخراوەکان ناڕواتە دەرەوەی ناوەندی شارەکان؟

هۆزان مەحمود: زۆربەی توندوتیژیەکان بە تەنها لەدەرەوەی شارەکان نین، شار خۆی پڕیەتی لە شێوازی جۆراوجۆری توندوتیژی، بەڵام ئەوەی کە لە شوێنە بچوکەکاندا زیاتر دیارە دوو هۆکاری هەیە. یەکەم بچوکی ئەم شوێنانە و کەمی دانیشتوان ئاسانترە بۆ دیاریکردنی کێشەکان و ڕێژەی توندوتیژیەکان. دووەم کەڵەکە بونی ئەم توندوتیژیە دەگەڕێتەوە بۆ فەرامۆشکردنی شارۆچکە و قەزا و ناحیەکان لە بواری فرسەتی کار و خوێندن و نەبونی خزمەتگوازری و دابڕان و جیاوازی کردنێکی زۆر لە بەینی شارە گەورەکان و شارۆچکە و قەزا و ناحیەکان. ڕودانی ئەم توندوتیژیانە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو فەزا کۆنەپەرستانەیەوە هەیە کە لەکورستاندا زاڵە نەک ئەوەی کە بە شێوەیەکی" بایەلۆژیک" ئەم خەڵکە حەزیان لە توندوتیژی بێت لە شارۆچکەکاندا. دیارە گرنگە ژنانی ئەم شوێنانەش خۆیان ڕیکخراو بکەن و سەنتەرو ڕێکخراوی ژنانیان هەبێت بۆ داکۆکی لە مافی ژن و هۆشیار کردنەوەی ژنان. خەڵکی ئەم ناوچانەش گرنگە فشار بخەنە سەردەسەڵات بۆ پێ ڕاگەیشتن و نەهێشتنی ئەو جیاکاریە زۆرەی کە لە دابین کردنی خزمەتگوزاری یەکاندا هەیە.
_______________________________________
پرۆفایل:
- هۆزان مەحمود، چالاکی بواری مافەکانی ژنان.
- کەسایەتی یەکی سیاسی چەپ و‌ ناسراوە لە ناوەندە جیهانی یەکاندا.
- لە بواری پرسی ژنان، عەلمانیەت و داکۆکی لە ئازادی بیروڕا. لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری بەناوبانگی بەریتانی وتاری بە زمانی ئینگلیزی بلاو بۆتەوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام دراوە‌.
- هۆزان دەرچووی بەشی سیاسەتی گشتیە لە زانکۆی نۆتینگهام.
- لە ئێستادا خەریکی تەواو کردنی ماستەرە لە خوێندنی جێندەر لە زانکۆی لەندەن.

 

ماڵپه‌ڕی هۆزان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک