په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٦\٢٠١٣

هودا خەلیل:

حکومەت هیچی بۆ ژن نەکردووە ئەوەی بەدەستهاتووە بەرهەمی قوربانیدانی ژنانە.

 


هەولێر: هاوکات لەگەڵ سازکردنی ئەو کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەی لە بارەی پرسی میدیاوە ئەمڕۆ دەستی بەکارەکانی کرد و بڕیارە لە تەوەرەیەکیدا باس لە پرسی ژن و میدیا بکات، کچە راگەیاندنکار و هاوکاری وارڤین (هودا خەلیل) رایگەیاند، زۆرێک لە ژنانی میدیاکار رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا حکومەت یەک وشەی لەبارەوە نەوتوون.

(هودا خەلیل) نووسەر و کچە بێژەری دیاری کایەی میدیای بینراوی کوردی، لە چەند رۆژی رابردوودا، لە لایەن کەسانی نەناسراو رووبەڕووی شەپۆلێک لە سووکایەتی و پەلاماردان بووەوە و تۆمەتی هەبوونی گرتەی سێکسی درایە پاڵ، بەڵام تا ئێستا حکومەت و داواکاری گشتی هیچ هەوڵێکیان لە پێناو بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی ئەو کارە نەخستووەتەگەڕ.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین) ئەو کچە میدیاکارە رایگەیاند، لە رابردوودا، هەریەک لە (ئەڤین ئاسۆ، دەشنێ موراد، ئیمان فه‌رمان) و ئێستاش (من) رووبەڕووی شەپۆلێک سووکایەتی و ناوزڕاندن بووینەتەوە، ئادەی با حکومەت پێمان بڵێ بۆ رێگرتن لە تیرۆری کەسایەتی ئەم ژنە راگەیاندنکارانە چی کردووە.

گوتیشی: "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەدەستهاتووە بۆ ژنان دەست و دیاری حکومەتی هەرێم نییە، بەڵکو ئەوە بەرهەمی رەنج و قوربانیدانی هەموو ئەو ژنانەیە کە بەڕووی توندوتیژیدا هاوار دەکەن و دەنگیان بەرز کردووەتەوە، با حکومەت یەک نموونەمان لە بارەی چارەسەکردنی ریشەی کێشەی توندوتیژی بۆ بخاتەڕوو".

هەروەها گوتی: "ئەوەی لە هەرێم روودەدات، هاوشێوەی نییە لە جیهاندا، چونکە لێرە بەرپرسانی سیاسی و ئیداری و حزبی لە ریزی پێشەوەی ئەو کەسانەن کە توندوتیژی دژ بە ژنان ئەنجام دەدەن و هەوڵی ئیستیغلالکردنی ژنان و تەحەڕووش پێکردنیان دەدەن".

روونیشیکردەوە، تا ئێستا حکومەت و داواکاری گشتی لە بارەی ئەو تۆمەت و سووکایەتیانەی دراونەتە پاڵی هیچ کاردانەوەیەکیان پیشان نەداوە و گوێی خۆیانیان لێ خەواندووە.

ئەم وتانەی (هودا خەلیل) لە کاتێکدا دێن، کە بەشی میدیای دەزگای وارڤین بۆ پرسەکانی ژن، رەتیکردەوە بەشداری ئەو کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە بکات، کە ئەمڕۆ لە هەولێر بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی میدیا و بەرپرسانی سیاسی دەستیپێکردبوو، هەرچەندە داواکرابوو، دەزگاکە وتاری هەبێت.

سەبارەت بە رەتکردنەوەی بەشداریکردن لەو کۆنفرانسە، بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ پرسەکانی ژن، (لەنجە عەبدوڵڵا) رایگەیاندبوو، ئەوان نایانەوێت بەشداری لە کۆنفرانسی بێ کرداردا بکەن.
 

 

٣٠\٥\٢٠١٣

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک