په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٤\٢٠٢٠

حوكمی درۆ و ڕێگەی دۆزەخ.


ئەرسەلان مەحمود  


بێدادی و كێشە زۆرو زەوەندە ئانی و ڕیشەییەكانی هەرێم، ئەزەلی و ئاسمانی و هاوردە كراوی ئێرەو ئەوێیەك نین، زادەی زیهنیەتە تەوەزەلە كەمخوێنە خود ویستانەو خود پەسەندانەو خود سەپاندنە هەمەكییانەی عەقڵیەتی خێڵەكییانەی حكومڕان و حكومڕانێتی خێڵگەران.

خێڵ، چونكە ناتوانێ‌ لەگەڵ دەرەوەی بەرژەوەندییە خێڵگەراییەكەی خۆی بسازێ‌ و بگونجێ و ببینێت‌، وەك هەمیشە كار لەسەر ناچار كردنی دەرەوەی خۆی دەكات بیگونجێنێت لەگەڵ خۆیدا، دەسەڵات و حوكمی خێڵگەرایی چونكە ئیرادەو هێزی تەجاوز كردنە دەرەوەی دنیابینییە خێڵەكییەكەی خۆی نییە، هەردەم لەبیانوێك زیاترو هەمیشە لەپاساوێك زۆرترو بەردەوام لەسیناریۆیەك پتری هەیە تا لەڕێگەیەوە ناوی خۆی لەوانی تر بنێت و ئەوانی تریش بەناوی خۆیەوە ناو بنێت.

سەرەكیترین و گرینگترین كاری خێڵ و بابای خێڵگەرا تەمومژاوی كردنی حەقیقەتە، مەسەلەن ئەوەی باش و پۆزەتیڤە فەزڵەكەی دەگەڕێنێتە بۆ خۆی باوانە ڕیشەییەكەی خۆی، ئەوەی خراپ و نێگەتیڤیشە ئۆباڵەكەی بەمل ئەوانی تری دەرەوەی خۆیدا ئەدات، هەرگیز نەخۆی دەباتە ژێر پرسیارەوەو نەئیعترافیش بەكورتبینیەكانی خۆی دەكات، هەروەكچۆن نەڕێگەش ئەدات ڕێگەكە لەبەردەم ئەوانی تری غەیرە خۆی كراوە بمێنێتەوە.

هەر دەسەڵاتێكیش پاوەرەكەی لەبری خزمەت و كرانەوە بەڕوی خۆی و دەرەوەی خۆیدا "پاوساو" بێت، بەحەشامەت و قەدو قیافەو دیوەخان و مانۆڕو ڕێكپۆشی و ڕیبات نیە، بیەوێ‌ یان نەیەوێ‌ دەسەڵات و هەژموونێكە نەخۆش، نیشانەی ئەوەیە نەك هەرگیز نەیتوانیووە لەئێستادا بژی بەڵكە هەردەم لەهەوڵی ئەوەدابووە‌ ئێستاش بخاتەوە ژێر باری ئەم لەڕابردودا ژیاوییە مردومراوەی خۆی.

لەڕاستیدا ئەوەی پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستانی نەكرد، دەوڵەتان و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نەبوون، لەبنەمادا دەسەڵاتی عینادو هزری زەوتكاری ئازادییە فەردییەكان و ترسانی خێڵ و بابای خێڵگەرا بوون لەبەواتا بوونی سەربەخۆیی زاتی تاك، ئەوەی حدودەكانی خستووەتە سەر گازەرای پشت بەڕوی داگیركاراندا خەڵك نیە، زیهنیەت و عەقڵیەتی بۆماوەیخوازو تەشریفاتگەرە، ئەوەی نیشتمانی كردوە بەمۆڵگەی دامەزراوە ئیستغباراتی و ئەمنییە هەرێمایەتی و دەولیەكان و تەرتانێنی شەیتان میللەت نیە، ئەم هزرینە خۆپەسندو خۆویست و خۆسەپێنەیە، ئەمە گەلی كورد نییە سامانی ژێرخان و سەرخانی وڵاتەكەی هەرزانفرۆش كردوەو بەناوی كوردایەتی و ڕۆمانسییەتی قەومییەوە كەوتووەتە جەنگی تایبەتەوە لەگەڵ عیراق و تەواوی لایەنە سیاسیەكان لەپێناو مانەوەی خۆی و خودوێناكردنەوەی خۆی، خێڵە، ئەوەی نان و مووچە بڕە حوكمی درۆیە، مەنتیقی بەڕەش و سپیكار بینینە لەحوكمڕانێتیكردندا!

حوكمێك جورئەتی خۆخستنە ژێر پرسیارەوەی خۆی نەبێت، ناتوانێ‌ لەدواندنی دەرەوەی خۆی خۆی سەركەوتوو بێت و پرسیار لەوانی تری غەیرە خۆی بكات، خۆبە هەبوونی دنیایەك سەفارەتخانە نییە دیبلۆماسیەتی لەكوێ‌ بوو، حوكمێك لەبری خەڵك هەموو هێزو توانستەكانی خۆی هەر خۆخەریكردن بێت بەخودی خۆیەوە، هەم وجودی خۆی دەخاتە زلكاوی قەدەرو هەم دەرفەتی ژیانیش لەبەردەم خەڵكدا ناهێڵێت، خۆبە ماڵ و مۆڵ و هۆتێل و مۆتێل و تەلارو كۆشكە بڵندو باڵا لەهەورەكان نیە، بازاڕی ئازادو زەمانەتی حەیاتی لەكوێ‌ بوو!

شەرمەزارییەكی گەورەیە لەژێر وەها سایەو سێبەرێكدا، بێدەنگی ببێتە شای هەموو شتێت، مایەی نیگەرانییەكی قوڵ و كوشندەیە كەرەم نەكەی لەوەتەی هەی لەوەها ملهوڕییەك نەیەیتە خوارەوە، بەدەستی خۆت ڕێگە بەرەو دۆزەخ بگریتەبەرو ئەم پەتایە بەر نەدەیت!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک