په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٩\٢٠١٠

حوکمی ئیسلامیی ‌و سزای به‌ردبارانکردن!


شوان سدیق   


گوایە‌ "زینا"ی کردووە‌، کۆماری ئیسلامی ئێران، بڕیاری دە‌رکردووە‌، سە‌کینە‌ محە‌مە‌دی بە‌سزای به‌ردبارانکردن حوکم بدات، لە‌لای دە‌سە‌ڵاتی ئێرانی ئیسلامی بڕیاری به‌ردبارانکردنی خە‌ڵک‌ یە‌کە‌م جارنییە‌، وە‌لێ ئە‌وە‌ی نامۆ و جێگای نە‌فرە‌ت ‌و ریسواکردنی کارێکی وایە‌، لە‌لای کۆمە‌ڵگە‌ی نێودە‌وڵە‌تییە‌، چونکە‌ ئێران بە‌پێی یاسای حکومڕانی ئیسلامییانە‌ی ئێستای وڵات لە‌ساڵی 1979 تا ئێستاکە‌ بە‌پێی راگە‌یاندنە‌ جیهانییە‌کان، نزیکە‌ی 150 کە‌س بە‌تۆمە‌تی "زینا"کردن بە‌سزای به‌ردبارانکردن حوکمدراون، ئە‌مە‌ش بە‌پێی مادە‌ی (86)ی یاسای تاوانی ئە‌و وڵاتە‌ دێت.


ئە‌م بڕیارە‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران، سە‌بارە‌ت بەدۆسێی ئە‌و خاتوونە‌ بووە‌ بە‌جێگای هە‌ڵوە‌ستە‌کردن لە‌لای خە‌ڵک ‌و بە‌رپرسانی زۆربە‌ی وڵاتە‌ ئە‌وروپایی ‌و ئە‌مریکییە‌کان، جگە‌ لە‌وە‌ی کە‌رێکخراوە‌ی لێبوردە‌ی جیهانی‌و سە‌رۆکی فە‌ڕە‌نساو لویز لۆلادای سە‌رۆکی بە‌ڕازیل‌و خاتوو کارلا سارکۆزی هاوسە‌ری سە‌رۆکی فە‌ڕە‌نسا ناڕە‌زایی خۆیان لە‌و بڕیارە‌ نیشانداوە‌و هاوخە‌می مرۆدۆستیی خۆیشیان بۆ دۆسێی سە‌کینە‌و دە‌یان‌و سە‌دان ژن و گە‌نج لە‌ئێران نیشانداوە‌.


بە‌ڵام ئێمە‌ی خە‌ڵکی کوردستان، لە‌بە‌رانبە‌ر بڕیاری سزای بە‌ردبارانکردنی هاوره‌گه‌زه‌ دراوسێکانمان بێدە‌نگین، بە‌ڵام باوە‌ڕناکە‌م بێدە‌نگیمان لە‌وە‌دابێت، کە‌یاساو دادگایە‌کی وامان پێباش بێت، نە‌خێر، چونکە‌ خە‌ڵکی کوردستان ساڵانێکی زۆر بە‌دە‌ستی رژێمێکی هاوشێوە‌ی دە‌سە‌ڵاتی ئیسلامییانە‌ی ئێستای ئێران، کە‌خە‌ڵکی وڵاتە‌کە‌ی خۆی به‌ردباراندە‌کات، رووبە‌ڕووی سە‌رکوت‌و زیندانی‌و کیمیایی‌و ئە‌نفال و زیندە‌ بە‌چاڵیش دە‌کراین.


لە‌کوردستان لە‌لایە‌ن خە‌ڵکانێکە‌وە‌، ئە‌وە‌ندە ‌شین بۆ خە‌ڵکی فە‌ڵە‌ستین دە‌کرێت، کە‌ئە‌وانیش گیرۆدە‌ی دە‌ستی حیزبە‌ توندڕە‌وە‌ ئیسلامی‌و دە‌سە‌ڵاتی داگیرکاری ئیسرائیلن، یان ئە‌وە‌ندە‌ هە‌ڵوێستمان گوێ لێبوو، دە‌ربارە‌ی‌ گوایە‌ قە‌شە‌ (تیری‌ جۆنز)ی داوایکردووە‌، "قورئان" بسوتێنرێت، نیو هێندە‌ هە‌ڵوێستمان نە‌بینیوە‌ لە‌سە‌ر بڕیاری سزای بە‌ردبارانکردنی مرۆڤێک کە‌میللە‌تانی دونیا بە‌مافی خۆیان زانی هە‌ڵوێست وە‌ربگرن.


بە‌ڵام ئە‌و بێدە‌نگییە‌ی ئێستامان بە‌رانبە‌ر بڕیاری به‌ردبارانکردنی سە‌کینە‌ محە‌مە‌دی، کاریگە‌ری نێگە‌تێڤی دە‌بێ! چونکە‌ ئە‌گە‌ر لە‌رووی ئینسانی‌و مافە‌کانی مرۆڤیشە‌وە‌ سە‌یری بکە‌ین، بە‌دە‌ر لە‌هاوسێیە‌تی بێگومان گرنگە‌ هە‌ڵوێستمان هە‌بێت. چونکە‌ شمشێری ئیسلامییانە‌ هە‌ڕە‌شە‌یە‌ بۆ سە‌ر ئینسانە‌کان!


لە‌ئێستادا زۆربە‌ی حوکمە‌ ئیسلامییە‌کان، یان ئە‌و دە‌سە‌ڵاتانە‌ی کە‌ئیسلامی سیاسی تێیدا باڵادە‌ستن، دە‌سە‌ڵاتێکی تاکڕە‌و تۆتالیتاریان لێ دە‌رچووە‌. جا هە‌ر دە‌سە‌ڵاتێکیش گە‌ر دیکتاتۆر بێ، داهێنە‌ری جیاکاری چینە‌ کۆمە‌ڵایە‌تییە‌کانە‌و یاساکانیشی هێندە‌ گرانن، مە‌رگ چاوە‌ڕێی ئە‌و کە‌سە‌ دە‌کات، گە‌ر پە‌یڕە‌وی نە‌کات.
لە‌وڵاتانی خۆرئاوادا زۆر حیزبی ئاینی مە‌سیحی هە‌ن، بە‌ڵام داوای ئە‌وە‌ ناکە‌ن، کە‌ئاینی مە‌سیح ببێتە‌ بنە‌مایە‌ک بۆ یاسادانان، یان هیچ نە‌بێت بە‌قە‌ولی ئە‌وان بکە‌ن لە‌بڕیارە‌کاندا. بێگومان ئە‌وان نە‌ بە‌گژ ئازادییە‌کانی خە‌ڵکیدا دە‌چنە‌وە‌، نە‌هە‌قی ئە‌وە‌شیان هە‌یە‌ خە‌ڵک چی دە‌خوات‌و چی دە‌پۆشێ‌و چۆن، کوڕو کچێک لێک نزیکدە‌بنە‌وە‌. بە‌ڵکو دژی دە‌ستتێوە‌ردان‌و فۆڕمێکی ئاینیشن گە‌ر بیە‌وێت لە‌کێشمە‌کێشە‌کانی وڵاتدا تێوە‌بگلێت.


ئە‌وان بە‌پێچە‌وانە‌ی حیزبە‌ ئاینییە‌کانی خۆرهە‌ڵات، یان دە‌سە‌ڵاتی وڵاتێکی وە‌کو ئێران، یاخود حیزبی ئیسلامی وڵاتانی دی عە‌رە‌بی، دژی نایە‌کسانین‌و لە‌هە‌وڵی گە‌ڕانە‌وە‌ی شکۆی ئینسانە‌کانن، بە‌ڵام هە‌وڵی حیزبە‌ ئاینییە‌کان لە‌ناوچە‌کانی خۆرهە‌ڵات، بۆ بە‌رتە‌سکردنە‌وە‌ی ئازادییە‌کانی ئینسانە‌و هە‌موو هە‌وڵکیان، بە‌گژداچوونە‌وە‌ی دە‌نگی جیاوازو رێگاخۆشکردنە‌ بۆ کاری توندرە‌ویی فیکری‌و دۆزەخ نیشاندانی دونیایە‌ لای خە‌ڵکی کۆمە‌ڵگەکان.


وە‌کو وتمان شمشێری ئیسلامی هە‌ڕە‌شە‌ن بۆ سە‌ر هە‌موو کۆمە‌ڵگای مرۆڤایە‌تی بە‌تایبە‌تی ئە‌و کۆمە‌ڵگانە‌ی کە‌ تاهە‌نوکە‌ش گیرۆدە‌ی دە‌ستی نە‌ریتێکی نامۆن، کە‌ بە‌هۆی داگیرکاری‌و دابە‌شبوونی خاکە‌کە‌یان بە‌سە‌ر وڵاتی دیدا. جا کوردیش وە‌ک ئە‌و میللە‌تانە‌ی دیکە‌ کە‌گیرۆدە‌ی یاسای نە‌تە‌وە‌کانی دە‌ورووبە‌رە‌.


هە‌رچە‌ندە‌ ئە‌ستە‌مە‌ جارێکی دیکە‌ ئیسلامییە‌کانی کوردستان بتوانن هێزگە‌لێک بن، کە‌ باز بە‌سە‌ر ئە‌‌‌‌و گوتارە‌ ئایدیۆلۆژییە‌ چە‌ق بە‌ستووە‌‌‌ی خۆیان بدە‌ن، وە‌کو هە‌ر رە‌وت‌و بزاوتێکی سیاسی کامڵ‌‌‌‌ بۆ بە‌سە‌رە‌تا سادە‌کانی دیموکراسیە‌ت. بە‌ڵام دە‌کرێت نمونە‌ی حوکمی هێزە‌ ئیسلامییە‌کانی ناوچە‌ی هە‌ورامان‌و هە‌ڵە‌بجە‌ بۆ خۆمان بە‌هە‌ند وە‌ربگرین، کە‌ لە‌ساڵانی رابردوودا چیان بە‌سە‌ر خە‌ڵکی ئە‌و ناوچانە‌ هێنا بە‌تایبە‌تی جیلی گە‌نج، بێگومان حوکمە‌کانی ئە‌وانیش، بە‌بیانووی "زینا"کردن، یان دە‌رچوون لە‌نە‌ریتی دینی یە‌ک فە‌رهە‌نگی بە‌دە‌رنە‌بوون، لە‌به‌ردبارانکردن‌و ئازاردان، یان کوشتن.


کە‌واتە‌ بە‌رهە‌می دە‌سە‌ڵات‌و حوکمکردنی هێزو باڵە‌ ئیسلامییە‌کان، هە‌رگیز بە‌دە‌رنە‌بوون لە‌حوکمێکی یە‌کسان‌و دادپە‌روە‌رانە‌و دادپە‌روە‌ریش نابن، کۆماری ئیسلامی ئێستای ئێران سە‌رچاوە‌ی نمونە‌ گە‌لی هە‌موویانە‌!

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق