٥\٨\٢٠١٢
حوکمی پۆست
ئیسلامیزم.

شوان سدیق
بەپێی ئامارێک لەکاتی ھاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی دادوگەشەپێدان تا
ئەمڕۆ کە ماوەی (١٠) ساڵ دەکات، ١٦٧٧ کەس لە زیندانەکانی تورکیا
گیانیان لە دەستداوە، ئەم ئامارەش لە دوای ئەوە دێت کە (سەعدوڵڵا
ئەرگین) وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندووە، لە ماوەی ١٠ ساڵدا، (١٦٧٧)
کەس لە ناو زیندانەکانی ئەو وڵاتە گیانیان لە دەستداوە، کە (٥٢)
زیندانیان لە ساڵی (٢٠١٢) گیانیان لە دەستداوە, سەعدوڵڵا ئەرگین
رونیشیکردۆتەوە، لە ساڵی ٢٠١١ (٢٦٨) زیندانی گیانیان لە دەستداوە،
بەوپێیەش بێت ساڵی رابردوو زۆرترین زیندانی گیانیان لە دەستداوە.
وەزیری داد ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا لە زیندانەکانی تورکیا (٩٨)
زیندانی ھەیە کە ھەمیشە پێویستیان بە یارمەتی ھەیە و بە تەنیا ناتوانن
پێویستیەکانیان دابین بکەن ـ ھەروەھا (٢٠٤) زیندانی نەخۆشیش ھەن.
بڵاو بوونەوەی ئەم ھەواڵە رەنگە لە ئێستا بەراورد بە حوکم و
دەسەڵاتەکانی دی تورکیای رابردوو زیاتر جێگەی ھەڵوەستەکردن بێت، بە
حوکمی ئەوەی دەسەڵاتی ١٠ ساڵەی تورکیا زیاتر دەسەڵاتێکی ئیسلامی بووە،
ھەر وەک ئەوەی کە دەڵێن ئەم دەسەڵاتەی ئێستا خێر و خۆشییەکی زۆری بۆ
تورکیا و گەلانی ناوچەکە بە دوای خۆی ھێناوە، سەرانی دادو گەشەپێدانیش
زۆرجار خۆیان بە سەرفیری ئاشتی و مرۆڤ دۆست وێنا دەکەن!
پۆست ئیسلامیزم و ئاکارەکانی؟ پرۆژەی پۆست ئیسلامیزم یەکێکە لەو
پرۆژانەی کە توێژەرانی بواری زانستە سیاسی و ئیسلامییەکان و سۆسیۆلۆژیا
بە پرۆژەیەکی ھەمە بابەتیانەی دادەنێن بەراورد بە پرۆژەی ئیسلامیزم لە
ئێران و وڵاتانی ناوچە عەرەبییەکان، ھەروەھا پرۆژەکانی فەندامێنتالیزمی
ئیسلامی کە ھەروەک نووسەر توژێرەی بواری زانستە ئیسلامییەکان لە پاریس
ئۆلیڤەر روا (ئوسامە بلادن) بە کارەکتەر و سەرمەشقی تەمسیلی رادیکاڵی
فەندامێنتالیستی نوێی دادەنێت.
بەڵام بەگوێرەی پێناسەی زانستی سیاسی ئەوەی ئیسلامیزمی سیاسی و
فەندامێنتالیزمی رادیکاڵی ئیسلامی لە پۆست ئیسلامیزم جیا دەکەنەوە،
ئەوەیە کە پۆست ئیسلامیزم توانای ھەڵکردن و گونجاندنی لەگەڵ ھێز و
لایەنە عەلمانی و دینی و پرۆژە نەتەوەییەکانی تری کۆمەڵگا ھەیە واتە
کێشەیەکی ئەو تۆی لەگەڵ دینداری و بێ دینی نییە ئەگەر دەرفەتیش بۆ
دەسەڵاتێکی ئیسلامی نەبێت، لە وڵات ئەوا پۆست ئیسلامیزم بەر بەرەکانێی
بۆ بوونی حکومەتێکی ئیسلامی ناکات، ھەر وەک ئەوەی ئیسلامیزم و
فەندامێنتالیزمی ئیسلامی بانگەشەی بۆ دەکەن.
ئەمڕۆ پرۆژەی پارتی و دادو گەشەپێدانی تورکیا بە یەکێک لە پرۆژەکانی
پۆست ئیسلامیزم دا دەنرێت، ھەر وەک و توژێرەرانی بواری سۆسیۆلۆژیای
ئیسلامی و زانستی ئیسلامیش جەختی لەسەر دەکەنەوە، کە داد و گەشەپێدانی
تورکیا زیاتر پرۆژەیەکی پۆست ئیسلامیزمە بەڵام ئایا ئەم ھێزە
توانیویەتی ئەو بەڵانسە رابگرێ و ببێتە پرۆژەیەک کە لەسایەی حوکمێکی
ئیسلامی جیاواز لە حوکمەکانی تر خۆش بەختی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی
ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا بێنێتە ئاراوە.
ئەوەی فەرمانڕەوایی دەسەڵاتی دادو گەشەپێدانی بینیبێت، لەو چەند ساڵەی
رابردوو تاھەنووکەش دەری دەخات، ئەم ھێزە پۆست ئیسلامیزمە ھێشتا
بەراورد بە دەسەڵاتەکانی تری تورکیا گرتن و زیندان و ئەشکەنجەدان
بەشێکە لە کارنامەی حوکمەکەی ئەو گەل و نەتەوانەش لە وڵاتەکەدا ھاوبەشن
لە ژیانی ھاونیشتمانی لە تورکیادا ھیچ حیساب و کیتابێکیان بۆ نەکراوە،
بە مەزندەی ئەوەی ھەموو ھاوڵاتیەکی کورد بەتایبەتی مافی ئەوەی ھەیە وەک
کورد ناسنامەی دیاری بکرێت، بەزمانی فەرمی خۆی بخوێنێت، مافی ئەوەی
ھەبێت چارەنووسی لە رێگەی دەنگدان و راپرسی دیاری بکات.
ئەوەی پەیوەندی بە پرسی کوردەوە ھەیە راستە کێشەیەکی لە مێژینە و سەدان
ساڵەی لەگەڵ دەسەڵاتی تورکدا ھەیە بەڵام وەک پارتی داد و گەشەپێدان،
ھەرچەندە لەسەرەتای ھاتنە سەردەسەڵاتیان ئەوان بەڵێنی زارەکیان دا بە
چارەسەرکردنی کێشەی کورد ھەر وەک ئەندامێکی پەرلەمانی تورکیا لە سەر
فراکسیۆنی BDP (سەباحەت تونجەل) دەڵێت پێشتر بەڵێنێک درا بە کورد بەڵام
دوای ئەوەی دادو گەشەپێدان ھەنگاوی عەمەلی نەنا بۆ چارەسەری کێشەی کورد
ئەو کارێکی وەھاشیکرد کە شەڕ دروست ببێت، تونجەل دەشڵێت تا ئێستاش
نزیکەی "١٠٠٠" کورد لە زینداندا دەستگیرکراون، ئەمەش بەھۆی کورد
بوونیانەوەیە.
سەرەڕایی ھەموو ئەمانە دەسەڵاتی دادو گەشەپێدان بە تەنیا روبەڕووی
مەسەلەی ئازادی سیاسی و بیروڕاکان نەبۆتەوە، بەڵکو چەند ساڵێکە
کاریشیان لەسەر بەرتەسکردنەوەی ئازادی رۆژنامەنووسیش دەکەن، ئەمڕۆ لە
وڵاتێکی وەک تورگیا ھاوشێوەی وڵاتانی ئێران و سین رۆژنامەنووسان سجن
دەکرێن، ھەندێ جاریش رۆژنامەنووس تۆمەتی "تیرۆر"شی دەدرێتە پاڵ!
______________________________
سەرچاوە:
سەباحەت: "سڤیل" ژمارە ١٣٥.
وەزیری داد: سایتی ھاوڵاتی.
ئازادی رۆژنامەنووسی: ئیلاف.
ماڵپهڕی شوان سدیق
|