١٧\١\٢٠١٤
حوکمڕانی کوردی و
گەندەڵیی.

شێرزاد وڵاتدۆست
گەندەڵیی وشەیەک پڕاوپڕ لە ناشرینی، وشەیەکی سواوی بەکارهاتوو لە
هەرێمی کوردستان ، گەندەڵیی واتا داخوران یان دارزان هەرچەندە لە کۆندە
ئەم وشەیە بۆ دار و دراخت یان هەرشتێکی تر بەکاردەهات کە توشی داخوران
ڕزین دەهات ، بەڵام لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردی ئەم وشەیە گەشەسەندی
بەخۆیەوە بینی بەجۆرێک لە ڕۆژگاری ئێستا ڕۆژانە لە میدیاکانی ئەم
هەرێمە بەر چاو و گوێمان دەکەوێت، گەندەڵیی کارگێری و بەڕێوەبردن لە
هەرێمی کوردستان بوە بە دیاردەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوەتە زۆربەی
هەرەزۆری دامودەزگاکانی ئەم هەرێمە ، ئەگەر لە ژێر ڕۆشنایی پێناسەی
گەندەڵیی کارگێری کە برییتیە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵات و داهاتی
گشتی بۆ بەرژوەندی تایبەتی سەیرێکی باردۆخی بەڕێوەبردن و حکومڕانی
بکەین ، ئەوا زۆر بە ڕوونی بۆمان دەردەکەێت چ گەندەڵییەکی مەزن باڵی
کێشاوە بەسەر هەرێمی کوردستان بەجۆرێک زۆر بەکەمی دەبینیت
دامودەزگایەکی حکومی گەندەڵیی تێدانەبێت یاخود پڕۆژەیەک هەبێت بە بوونی
گەندەڵیی لە ئەنجامدانی تەواو کرابێت.
لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ هاووڵاتیان زۆر بە هیوا و ئومێدەوە لە
حکومەت و دەسەڵاتی کوردی خۆبەڕێوەبەریان دەڕوانی ، بەڵام ئەم هیواو
ئومێدەواریە درێژەی نەخەیاند ، چونکە هەر لە سەرەتاوە زۆربەی
دەمودەزگاکانی حکومەت لەلایەن چەند لایەنێکەوە توشی دەستبەسەرداگرتن و
تاڵنکردنەوە بوونەوە و کەلوپەلە گرانبەهاکان ڕەوانەی ئەودیوسنور کران و
پارەکەیان چوو گیرفانی چەند کەس و لایەنێکی بەناو شۆڕشگێڕی ئەوسا ،
هەروەها دەستگیرا بەسەر زەوی و زار و خانوبەرەیەکی زۆری حکومی کە
هەندێکیان کران بە بارەگای حیزبی یان بوون بەماڵی بەرپرسانی ئەم
حیزبانە و کەسانێک لەسەربنەمای خزمایەتی حیزبایەتی کران بە ئەندام
پەرلەمان و وەزیر و بەپرسی حکومەت کە هیچ شارەزایەکیان نەبوو
لەکارەکانیان دا هەروەها دەستگیرا بەسەرتەواوی داهاتی بەدەستهاتووی هەر
سێ پارێزگای هەرێم و بەکارهێندرا بۆ بەرژوەندی کەسی و حیزبی.
واتا ئەمانە بوو بە سەرەتا و بناغەی گەندەڵییەکانی حکومڕانی کوردی ،هەروەها
لەگەڵ بەر پابوونی شەری ناوخۆ و ئاڵۆزبوونی باردۆخی ناوخۆیی
گەندەڵییەکانی حکومڕانی کوردی درێژەی کێشا و بووە یارمەتی دەرێکی گرنگ
بۆ بەردەوامی و گەشەسەندنی ، لەگەڵ ڕووخاندی ڕژێمی بەعس بەیکجاری لە
ساڵی ٢٠٠٣ دەرفەتێکی نوێی کردەوە بۆ فروانکردنی گەندەڵییەکانی
بەرپرسانی خاوەن ئەزموون لە گەندەڵیی ، زیاد بوونی بودجەی هەرێم لە
حکومەتی ناوەندی و بەدەستهێنانی داهاتی فرۆشتنی نەوت گەندەڵییەکان گەشە
پێدا ، بەجۆرێک هاوشان بە زیادبوونی داهات و دەسەڵاتی حیزبی لە ناو
حکومەت لە هەرێمی کوردستان گەندەڵییش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشان و
فروان بوون دایە.
ئەوەی جێی تێڕمانە لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بوونی گەندەڵیی
زۆربەی بوارەکانی ژیانی گرتوەتەوە و وەک فایرۆسێک وایە کە هیچ
دامودەزگایەکی ئەم هەرێمە بێبەش نەبووە لێی ، بەجۆرێک لەهەر لایەک بە
شێوەیەکی جودا خۆی دەردەخات ، لێ ئەوەی جێ تێرامان و سەرسوڕمانی زیاترە
لەم هەرێمەدا هیچ بەرپرسێک یان لایەنێکی گەندەڵچی لەسەر ئەنجامدانی
گەندەڵیی سزا نادرێت ، بەڵکو هەندێکیان پلە بەرزکردنەوە و پێدانی پۆستی
گرنگتر خەڵات دەکرێن، جگە لەوەش ئەگەر کەسێکیش بیەوێت ڕێگر بێت یاخود
هەڵدەرەوەی گەندەڵییەکانیان بێت ئەوا بێگومان خۆی لە بەرامبەر شەق و
گولەی ئەوان دەبینێتەوە ، لەگەڵ ئەوەش دا کۆمەڵێک کەس هەن کە دەکرێت
وەک دەهۆڵ لێدەرەکانی گەندەڵچیەکان ناویان بهێنین زۆر بە ئاسانی بەهانە
و هۆکاری بێمانە دەهێنەوە بۆ درێژەکێشانی گەندەڵیی.
بوونی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە ڕیزبەندی پلەیەکەمانی وڵاتی
گەندەڵ ، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هیچ کەس و لەیەنێک ناتوانێت بوونی
گەندەڵیی پەردەپۆش بکات یان بشارێتەوە ، هەروەها ئەو ڕاستیە تەواو لە
لایەن هاوڵاتیان ڕوونبوەتەوە کەلەم هەرێمەدا لەئەنجامی گەندەڵییەکانی
چەند بەپرس و لایەنێک لەسەر حسابی گەل چەندین کەسی ملیاردلەر و
ملیۆنێری خاوەن کۆمپانیەی مەزن پەیدا بوون بە جۆرێک زۆرێک لەو کەسانە
لە پێش گەیشتن بە دەسەڵات خاوەنی هیچ شتێک نەبوون.
لەگەڵ بەردەوام بوون و درێژەکێشانی گەندەڵیی ئەوا لایەنی سودمەند
گەندەڵاچیەکان و تاقم و دەورووپشتەکانیان و لایەنی زەرەد مەند بێگومان
خودی هەرێمی کوردستان و زۆرینەی هاوڵاتیانیەتی ، لە ئەگەری ویست
چارەسەرکردن و نەهێشتنی گەندەڵیی بێگومان ساڵانێکی زۆری پێویستە چونکە
ساڵنێکە گەندەڵیی لەم هەرێمە رەگ دادەکوتێت وتەشەنەدەکات ، بەڵام
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە کە ئایا هیچ هیوایەک هەیە بۆ نەهێشتنی
گەندەڵیی؟ بێگومان لە ئێستادا هیچ هیوایەک نیە بۆ نەهێشتنی گەندەڵیی
لە ئێساتدا ، چونکە کاتێک کەسانێک لە دەسەڵات بن خاوەنی مێژوویەکی پڕ
لە گەندەڵیی بن چۆن دەتوانن هەوڵی بنبڕکردن و نەهێشتنی گەندەڵیی بدەن.
sherzad.wllatdost@gmail.com
|