(هونەری بەفیڕۆدان) و چۆن من کاتەکەم بەفیڕۆ دا !
سەلام عەبدوڵا
هەفتەنامەی هاوڵاتی لە رۆژ 30/9و 21/10 وتارێکی بەختیار عەلی بەناوی(هونەری بەفیڕۆدان)بڵاوکردووەتەوە. لەم وتارەش کاک بەختیار ئەوەندە بۆچوونی عەنتیکەی نووسیوە، ماندووبوونی رێبوارێکی گەرمیانی رێگای ژیانی هەرەوەزی، دەرکردووەو هێناوەتە سەما!
1- بەختیار دەنووسێ(سەرمایەی نوێ لەلای ئێمە لە کارەوە نایەتەدەرێ، بەڵکو لە بێکارییەوە) تا خوێندنی (هونەری بەفیڕۆدان)، نەمزانی ئابووریناسێکمان هەیە، بۆچوونی ئەوەندە"زانستی"بڵاودەکات و فێرماندەکات کە سەرمایە لە بەری رەنجی ملیۆنان کرێکاری چاپخانە، بیناسازی، چەمنتۆو گەچ و بلۆک و خشت وکانەکانی بەرد، مەرەزەو کڵاش، کۆمۆنیکاتسیون(پەیوەندی)، کشتوکاڵی، قاڵیدرووستکردن، جگەرە، نەوت و گاز، فڕۆکەخانە، رێگاوبان، کارەبا، ئاو، بارهەڵگر، چێشتخانە، شوفێری لۆری، نەخۆشخانە، سوپەرمارک، چاکسازی ئۆتۆمبێل، قەساوخانەکان، ئاش، کارگەی سەهۆڵ، ئەلمنیوم، کەڵەکە ناکات! ئێمە پێویستیمان بە مەعریفەتێکی زۆر سادە هەیە بۆ ئەوەی بزانین سەرمایە لە دەرەوەی ویست و ئارەزووی ئێمە، لە پرۆسەی کارو ئاڵوگۆڕی کاڵا، کەڵەکە دەکات. 2- بەختیار عەلی لە نووسینەکانی پێشووی دەیان زاراوەی ئەڵمانی و لاتینی بەهەڵە نووسیبوو، هەموویان بۆ خوێنەران راستکردەوە، بەڵام دیارە ئەو دەیەوێت ببێت بە پسپۆڕی بەهەڵە فێرکردنی زاراوەکان. ئەمجارەیان لە وتاری(هونەری بەفیڕۆدان)لەبری ئەوەی بنووسێ(مێنتالیتێت- Mentalitaet-)، دەنووسێ (مەنتەلیت)و لەهەمان رستە دووبارە بە هەڵە دەنووسێت(مانتەلیت)؛(Aristokrat-ئەریستۆکرات)بە هەڵە دەنووسێ(ئەرستۆکرات) دەنوسێ(بەگەڕخستن)، کورد دەڵێ(بەگڕخستن)؛ (فێکر) هەڵەیەو دەبێ بنووسی(فکر)؛ (سیستم) هەڵەیەو (سیستێم) درووستە. 3- بەدرێژایی وتارەکەی زاراوەی(خۆرهەڵات) بەکاردەهێنێت و سەرەڕای شێوەی جۆراوجۆری دەسەڵات، کلتوور و مێژووی خۆرهەڵات، زاراوەکەی گشتگیرکردووە. لەراستیدا ئێمە(رۆژهەڵاتی ناوین، رۆژهەڵاتی ناوەندو رۆژهەڵاتی دوور)مان هەیەو نەزانییە هەموویان بە یەک چاو سەیر بکەین! بە پێی نووسینەکەی بێت، مەبەستی رۆژهەڵاتی ناوینەو دەبوو بنووسێ(رۆژهەڵاتی ناوین)!.
4- بەختیار دەنووسێ: (یەکێک لەو کێشە گەورانە کە فێکری دینی بۆ دونیای دوای خۆی جێدەهێڵێ، ئەوەیە چەمکی"سەرفکردنی ماڵ و سامان لە رێگای خودادا...). بەختیار پێی وایە مرۆڤایەتی، فکری دینی تێپەڕاندووە، لەڕاستیدا فکری دینی هێشتا بەسەر نەچووە، تا شتێکی بەدوای خۆی بەجێبهێڵێ! هەروا ئێستاش لە" وەڵاتە پێشکەوتووەکان" وەک هەندێ کەس دەنووسن، فکری دینی درێژەی هەیە و فەتوا دەدەن و یاسای ئاینی دەردەکەن و حزبە دینییەکان یان لەسایەیاندا لە هەڵبژاردن زۆرینە دەهێنن و بەناوی سەرمایەو کۆمپانییە بانناسیونالەکانیان، بەشێوەیەکی"مۆدێڕن"فەرمانڕەوایی دەکەن! لەم رۆژانەش، هەندێ کورد کە لە ئیسلام نیگەرانن، دوو ئاینی تریان دۆزیوەتەوە(بوزایی و زەردەشتی)و ئەگەر رۆژێک لەمانەش، نیگەران ببن، 100% بۆ پەیامبەرێکی تر دەگەڕێن و دەیدۆزنەوە!. ئەم جۆرە کەسانە پێویستیان بە وەهمی پشت هەسارەکان، هەیە(لێیان ناگرم، چونکە تاریکستانییەکی بێ کۆتاییە!) 5-(لە کولتووری حوکمی دێریندا چەمکی بەرهەمهێنان و گەشەدان بە بەرهەم، هێندە ئەرکی تاکەکان خۆیان و گرێدراوی نیعمەتی خودایی بووە، ئەوەندە گرێدراوی ئەرکی سوڵتان و پاشاکان و ئەمیرەکان نەبووە) ئەم بۆچوونە زۆر وێران و سەقەتە: ا- ئەرکی بەرهەمهێنان نە لە کلتووری کۆن و نە لە کولتوری نوێ، -بۆ نموونە- ئەرکی پاشاپیاو پاشاژن و ئەمیرو ئەمیراتەکانی مۆناکۆ، بەلژیکا، بەریتانیاو هوڵەندا، و خزمەتکارەکەی "الحرمین"و پاساکەی ئەردەن و وعیراق...هتد نەبووە! ئەمانە بەشێوەیەکی"مۆدێڕن" هەر خەریکن زوو زوو "بەرهەمهێنانی"دڵخوازی نوێ و لەبەرکردنی جلی شازو ئاهەنگگێڕان لەگەل"ئەستێرەکانی هۆلیود"و شەمپانیاخواردنن؛ هەموویان خزمایەتیان لەگەل یەکتر هەیە! من نازانم بەختیار ئەو هەموو قسە قۆر و بێ بنەمایانە لە کوێ دەدۆزێتەوەو بەسەر خەڵک ساخی دەکات و"مێگۆلکەکانی" چەپڵەی بۆ دەدەن! ب- بەرهەمهێنان هەمیشە ئەرکی کۆی تاکەکانی ناو کۆمەڵگاکان بووەو ئێستاش هەر وایەو دەمینێ. کاتێ یەکێک باس لە بەرهەمهێنان دەکات، زیاتر مەبەست لە بەرهەمهێنای کۆمەڵایەتی دەکات کە ژیانیان بەڕێوە دەبات! هاوڵاتی ئەو رستەیەی بە گەورەیی بڵاوکردووەتەوە! 6- هەڵەی هەرە کوشندەی بەختیار ئەوەیە پێی وایە کە مۆدێلی فیئوداڵی کوردی(تەنها بایەخ بە مەسرەفدەدات نەوەک بە بەرهەم)! فئوداڵی کوردی وەک ئاوەڵە ئۆروپیەکانی، خاوەن زەوییەو زۆر بە وردی بایەخ بە جۆرو رێژەی بەرهەم و باج و خەراج و شێوەکانی تری جەردەکارییەکانیان لە جووتیاران، داوە. دەبێ بایەخی پێ بدا، بەپێچەوانەوە لە ناتوانێ وەک فیئوداڵێک بمێنێتەوە و فەرمان بدا! 7- بەختیار دەنووسێَ(دیارە وەک لە کتێبه گرنگەکەی سومبارت بینیمان) سومبارت کێیەو ناوی کتێبە گرنگەکەی چییە؟! ئایا نەدەبوو ئاماژە بە سەرچاوە، لاپەڕە و بەرواری بڵاوکردنەکەی بکا؟ 8- بەختیار دەنووسێ: (دووبارەی دەکەمەوە کە بەکارهێنانی وشەی بۆرژوازییەت لە وڵاتی ئێمەدا لە رووی زانستییەوە هەڵگری ئیشکالییەتێکی ئێجگار قووڵە و مایەی هەڵەی سیاسی و ستراتیژی ئێجگار کوشندەبووە). لە کوردستان ئەم جۆرە بۆرژوازییەتانە گەشەیان کردووە، بۆ نموونە: بۆرژوازی عەقاری، بۆرژوازی بیرۆکراتی، بۆرژوازی بازرگانی، بۆرژوازی کارگە کشتوکاڵییەکان، بۆرژوازی بچووک، بۆرژوازی مامناوەندو هەر هەموویان بوون بە بەشێک لە بۆرژوازی جیهانی و بەرژەوەندییەکانیان، چونکە بازاڕی کورستان وەک بازاڕی هەر وەڵاتێکی تر بە ملیونان شێوە بە بازاڕی جیهانی گرێدراوە. راستە ئێمە بۆرژوازی پیشەسازی زلهێزمان نییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، بۆچوونە چەوتەکەی بەختیار قبووڵ بکەین. بۆچوونەکەی نیشانەی(هونەری نەزانییە)و بەس! 9- هەروا دەنووسێ: (لە وڵاتی ئێمە چینێک نییە، بەرهەمی کردبێتە خولیای خۆی) ئەگەر بەختیار راستەوخۆ ئەم بۆچوونە بەرگوێی ملیونان کرێکارو جووتیاران...هتد، بدا، ئەوا بە سەروگوێی شکاوەوە بەرەو ئەڵمانیا دەینێرنەوە! بەڵام کار بەو مەرجانە کە بەسەر کارکەران سەپێنراوە، ئەگەر ناچاری نەبێت، زەحمەتە یەکێک ئامادە ببێت هێزی بیرو بازوو بۆ بەرهەمهێنان، بەکاربهێنێت!
10- پرسیارێکی سادە دەکەم: ئایا ئەگەر لە کۆمەڵگایەک بەرهەمهێنانی تێدا نەبێت، چۆن دەتوانێ مەسرەفگەرا بێت و خاوەن هونەری بەفیڕۆدان بێت؟! 11- مامۆستا دەنووسێ: (لەدوای قۆناغی فیوداڵی لە کۆمەڵگای ئێمەدا سیستمێک نایەتە پێشێ کە لە کارەوە سەرمایە کەڵکە بکات، بەڵکو کەڵەکەکردنی سەرمایە راستەوراست بەناو بێکارکردن و ئیفلیجکردن و لەکارخستنی زۆربەی هێزە چالاکییەکانی کۆمەڵگادا تێدەپەڕێت) ا-جارێ دەبێ بنووسێ(هێزە چالاکەکانی کۆمەڵگا)! ب- من نەمزانی بەختیار"ساحر"یشە! دەبا بەختیار بە کۆمەکی"خودا"و هەموو ئەنبیاو ئەولیاکانیش بە بێکارکردن و ئیفلیجکردنی کۆمەڵگای کوردستان، بەخۆی هەوڵ بدا بەبێ پرۆسەی کار سەرمایە کەڵەکە بکات! بۆچی کوردستان، ئەڵمانیایە تا لەبەر هەرزانی دەستی کار و لەپێناو وەرگرتنی توانا بۆ کێبرکێ لەگەل کۆمپانیاکانی درووستکردنی ئۆتۆمبیل و تەلەفزیزن و کامیراو تەسجیلی یابانی و چینی و ئەمریکی، بەشێکی گرنگی شەرکەتی(مێرسیدس)یان(بلاپونکت)و لەپێناو نزمکردنی کرێی کار، بۆ رۆژهەڵاتی خوارووی ئاسیا ببات و کرێکاران بەکۆمەڵ بێکاربکات؟! 12- (سیستیمی سەرمایەی ئەوروپی ئەوکات لەدایکبوو کە کۆی کۆمەڵگای کرد بە کرێکار و لە زییدەبایی ئیشیان بنچینەکانی ئابووریی سەرمایەداری داڕشت) بەڕێز: ببوورە، بە بۆچوونی کاک کاڕڵ: ئاڵوگۆڕی کاڵا، خاڵی دەستپێکی سەرمایەیە. بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی کاڵاکان بەشێوەیەکی پێشکەوتوو: بازرگانی دوو مەرجی مێژوویی پێشینەیین کە سەرمایە لەسەریان دادەمەزرێت. بازرگانی جیهانی و بازاڕی جیهانی لە سەدەی شازدەهەم، دەستپێکی چیرۆکی ژیانی سەرمایەییە.(سەرمایە جلدی 1). هەروا سەرەڕای ئەوەش ئەو سیستێمە بە قۆناغی کەڵەکەکردنی سەرمایەی سەرەتایی تێپەڕی و فیودالیزم رووبەڕووی قەیرانی قووڵ هات و پاشان تووشی داڕزانی لەسەرخۆ بوو+ دۆزینەوە مەزنەکانی سەدەی پازەهەم+ بەربەرییەتێکی بێهاوتا بەرپاکرا، ئەوجا کۆیلەو رەنجبەرەکانی کرد بە کرێکارو لانەوازو بێکارو سواڵکەرو سیستێمی سەرمایەداری لەدایکبوو!
13-(لە خۆرهەڵات کارەکە بەتەواو بەپێچەوانەیە، لای ئێمە، سەرمایە بۆ ئەوەی بژێ، تەواوی کۆمەڵگا لە پرۆسەی کارکردن دەکاتە دەرێ و دەیگۆڕێت بۆ جەستەیەکی ئیفلیج) ئەگەر سەرمایە ئەم جۆرە کارە بکات، لە ژیان رادەوەستێت و من شایەتی ئەوە دەدەم کە زۆربەی کۆمەڵگاکەمان کاری سەختدەکەن و ئاساییە کە لە سایەی سەرمایەداری بێکاری و بێکاری دەمامککراو، هەیە. بۆچوونەکەی بەختیار شایانی پێکەنینە و ئەوەی پێی وانییە، با بە باشی بیر لەو بۆچوونە بکات. 14- ئابووری بازرگانی رۆڵی سەرەکی بینیوە لە دامەزراندنی شارو شاریش لە کوردستان مێژووی دێڕینی خۆیی هەیەو بەپلەی یەکەم، بوون بە ناوەندی بازرگانی! 15- گواستنەوە لە فۆرمێکی ئابووری بۆ فۆرمێکی تر روویداوەو بەختیار خۆی بە خۆی پێدەکەنێ ئەگەر ستروکتوری ژیانی شارەکانی کوردستان لە هەموو روویەکەوە لەگەل ستروکتوری ژیانی لادی بەراورد بکا. 16- ئوستاد دەنووسێ: (لێرەوە ئابووری و سیاسەت لە وڵاتانی ئێمەدا بە جۆرێکی ترسناک خزاونەتە یەک، دەسەڵاتی نوخبەی سیاسی بەسەر کۆی سیستیمی ئابووریدا بەم جۆرە تۆتالیتارە تەنیا لە مۆدێلی کۆمونیستی حوکمدا تەنیا لە مۆدێلی کۆمونیستی حوکمدا پێشتر بینراوە) ئای لەم حەماقەتە بێوێنەیە! تەحەدای هەمووتان دەکەم، ناوی تاقە یەک وڵاتم پێ بڵێن، تێدا سیاسەت و ئابووری بە جۆرێکی"ترسناک"نەخزابنە ناو یەکتر!
فەرموو بڕۆن بەخۆتان پرسیار بکەن: ئایا بێرلسکۆنی(سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، کول یان شرودە(سەرۆکوەزیرانی رابردووی ئەڵمانیا) یان (بوش)ی باوک و کوڕ و زۆربەی سەرۆکوەزیرەکان، لە خاوەنی کۆمپانیا یان لە ئەنجومەنی کۆمپانیایەک کاردەکەن یان نا! ئایا کارو بەرژەوەندی کۆمپانیاکەیان بەشێوەیەکی زەق لە سیاسەتەکەیان بە شێوەیەکی"ترسناک"رەنگی داوەتەوە یا نا! ئەمە نموونەیەکی تری هونەری نەزانی بێوێنە!
17- بەڕێز بەختیار دەنووسێ: (سیستمی ئایدۆلۆژی و سیستمی حوکمڕانی کۆمۆنیستیش هیچیان بێ زاراوەی بەرهەم ناژێن).
"براڕۆ لەو داهێنانە کە بەو زمانە ستاندارە نووسراوە. بەڕاست جێگای(و) لەنێوان سیستێمی ئیدۆلۆژی و سیستێمی حوکمڕانی چ رۆڵێک دەبێنێ؟! پاشان بە ئەرک نەبێ، تکا لە"مامۆستا"دەکەم ناوی سەردەمێک، شێوە حوکمڕانییەک یان هەر پێکهاتەیەکی کۆمەلایەتی لە مێژووی مرۆڤایەتی دێرین و هاوچەرخ بهێنێت، بە بێ زاراوەی بەرهەم ژیان و بوونی هەبێت. من پێشوەخت سوپاسی دەکەم! خەڵکینە من شەرم دەکەم لەوەی لاپەڕەی رۆژنامەیەک بەم جۆرە قسە زۆر بەتاڵە پڕبکرێت، چونکە خودی مرۆڤ بەرهەمی کارو بەرهەمە! لەوانەیە بەختیار پێیوایە جیهان کۆتایی هاتووە و لەناو بەهشتین و مرۆڤ هەر ئەوەندەی لەسەرە(لەسەر تەختی جەواهیربەند، هەمبەر بەیەک پاڵ دەکەفن، تازەلاوی هەمیشە لاو، لەدەوریان دێن و دەچن. بە زەرک و بەتونگەو پیاڵە بادەی رەوان لەسەر چاوەیان دەدەنێ. نە لە خومار سەریان دێشێ و نە ئاوەزیش لەدەست ئەدەن. مێوەجاتیش هەرکامی هەڵی دەبژێرن، گۆشتی مەلیش، لەوانەی ئارەزۆی دەکەن، کیژی سپی چاوبەڵەکیش، هەموو ئێژی مرارین لەناو قاپۆڕدا، پاداشی کردەوەیانە...قورئان، لاپەڕەی534-535-سورەتی واقیعە)!.
18- مەلا بەختیار دەنووسێ: (درووستکردنی دێکتاتۆری ترسناک، پێویستییەکی ئەم جۆرە ئابوورییە مەسرەفکەرەیە...جەنگ بە هەموو شێوەکانی بەرهەمێکی سەرەکیی ئەم جۆرە سیستمەیە).
جارێ(دێکتاتۆر)هەڵەیەو دەبێ بنووسێ(دیکتاتۆر)! خێری باوکی هەر خوێنەرێکی ئەم نووسینە، پرسیار لە"مامۆستا"بکەن، ئایا بەڕاست ((جەنگ بە هەموو شێوەکانی بەرهەمێکی سەرەکی ئەم جۆرە سیستەمەیە؟ ئایا جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم و ئەو جەنگانە کە لە مێژووی مرۆڤایەتی روویانداوە، بەرهەمێکی سەرەکی سیستێمی مەسرەف کەرە؟
هاوڕێ عەزیزەکانم: خەمتان نەبێ، ئەو رەشەبایە، کاتییە...لوورە لووری گورگەکان، نامانترسێنن...شەپۆلی نۆیەم لەرێگایە...وەی بەحاڵیان لەو رۆژە....بەدڵنیاییەوە قوربانیانی کۆمەڵگای کاڵا، هەموو جۆرەکانی تیرۆرە رەشەکانیان بە تیرۆرە فکرییەکانیانەوە، لە لووتیانەوە دەردەهێنرێت و تا کار و سەرمایە لەبەردەم یەکتر راوەستن، هەزاران سپارتاکۆس، مارکس، رۆزا لۆکسمبۆرگ و جیڤارای تر لەدایک دەبن تا لەناوبردنی ناکۆکی چینایەتی...و دوا وشەم ئەوەیە بڵێم: وتاری(هونەری بەفیڕۆدان) رەخنەی زۆر زۆرتر هەڵدەگرێ، بەڵام من وا هەست دەکەم، لە خوێندن و رەخنەگرتن لە(هونەری بەفیڕۆدان) کاتەکەم بەشێوەیەکی هونەرانە(بەفیڕۆ)دا و نامەوێ لەوە زیاتر(بە فیڕۆی)بدەم!
dwaroj@yahoo.de 0770-1929982
|