٣\٥\٢٠١٣
هونەری بەستنەوەی
ئەنفال بە هزری مارکس
- نهێنییه
شاراوهکانی نووسینەکەی کاک بهڵێن عهزیز -
سەلام
بەرێز بهڵێن عهزیز لە نوسینێکدا لە سایتی "سبەی" بە ناونیشانی "
نهێنیە شاراوەکانی ئەنفال" بڵاوکراوە. وەک خۆی دەڵێ ، لەم نوسینەیدا
باسی ئەنفالکردنی کورد ناکات بەڵکو باسی ئەو ئایدیۆلۆژیانە دەکات کە
"بونه هۆی نهخشهکێشییهکی کۆمهڵکوژیی بهوشێوه بهربهرییه ".
گەرچی ناونیشان و ناوەڕۆکی ئەم نووسینەی کاک بەڵێن عەزیز ئاماژە بە دوو
شتی جیاواز دەکەن بەڵام یەک مەبەست دەپێکن.
کاک بەڵێن ئەنفالکردنی کوردەکان بەم جۆرە پێناسەدەکات " سهبارهت
بەناوی ئهنفال، حیزبی بهعسی عهرهبی سۆسیالستی سهردهمی سهدام،
وشهی ئهنفالی له سورهتی ههشتهمی قورئانهوه وهرگرتوه ". کاک
بەڵێن ئەوەیشی لە بیر نەکردووە بڵێ " بهڵام ئهو تاوانه
پهیوهندییهکی راستهوخۆی نییه به ئیسلام و شهڕی بهدرهوه". کاک
بەڵێن هەرئەوەندەی نووسیوە بۆ سەلماندی نەبوونی پێوەندی لە نێوان ئەم
دوو رووداوە.
کاک بەڵێن لە سەرچاوەی جیا جیاوە هەوڵی داوە بەڵگە بۆ ناوەرۆکی ئەم
نووسینەی بێنێ ، کاکڵەی تێزەکەیشی بەم جۆرە کورتدەکاتەوە:
"ههروهک له درێژهی ئهم نوسینهدا دهخرێتهڕو، گشت ئهم زاراونه
[هۆلۆکۆستی جووەکان ، لە برسا کوشتنی ئۆکراینیەکان( هۆڵهدهمۆر)
وئەنفالکردنی کوردان] داهێنانی ئایدیۆلۆجیای سۆسیالیزمن و راستهوخۆ
بیرۆکهی مارکس و ئێنگهڵس بون".
من دەمەوێ لە رێی میتودی "شیکردنەوەی گوتار" (بۆ ئەم چەمکەکانە بە
زمانی دیکە تکایە تەماشای کۆتایی ئەم نووسینە بکەن) رۆشنایی بخەمە سەر
ناوەرۆکی ئەم نووسینەی کاک بەڵێن و هەوڵبدەم هەندێ لەمەبەستە
شاراوەکانی روونبکەمەوە . کاری من لێرەدا داکۆکیکردن نیە لەو
ئایدیۆلۆژیانەی کاک بەڵێن باسی لێوە کردون، مەبەستی من شیکردنەوەیەکی
زانستی دەقێکی نووسراوە کە تێیدا چۆن بۆچونی تاکە کەسێ وەکو زانیاریی
گشتی دەخرێتە روو. لە رۆشنایی ئەم میتۆدە زانستییەوە هەوڵدەدەین پەردە
لەسەرئامانجی راستەقینەی ئەم دەقە نوسراوەیە هەڵدەین.
یەکەم پرسیار لە رۆشنایی شیکردنەوەی گوتار ئەوەیە کە بۆچی بابەتێک
باسدەکرێ یان لەسەری دەنوسرێ . لێرەدا دەپرسین بۆچی کاک بەڵێن تەنها
ئەم دوو ئایدیۆلۆژیایەی هەڵبژاردووە ؟ دەپرسین کاک بەڵێن چۆنی
دەسەلمێنێ کە زاراوەی ئەنفال داهێنانی سۆسیالیزمە وراستەوخۆ بیرۆکەی
مارکس و ئێنگلس بوە ، بەڵام خودی وشەکە لە قورئانەوە وەرگیراوە ؟
دەپرسین جگە لەم نووسینەی کاک بەڵێن لە کام سەرچاوە هاتووە کە ناتسیزم
راستەوخۆ بیرۆکەی مارکس بووە ؟ وڵامی کاک بەڵێن بۆ ئەم پرسیارانە
ئەوەیە کە خۆی فەرموویەتی :"ئەم ئایدیۆلۆژیانە نەخشەکێشن بۆ کۆمەلکوژیی
بەربەریی" . پرسیاری دوابەدوایش ئەوەیە ئاخۆ ئایدیۆلۆژیەکانی دیکە وەک
ئاین وفیودالیزم و ناسیۆنالیزم و لیبرالیزم ، یان کپیتالیزم
"کۆمەڵکوژیی بەربەریی"-یان ئەنجام نەداوە؟ گەر وڵام بە نەخێر بێ ئەوە
روونە بۆچی کاک بەڵێن تەنها ئەم دوو ئایدیۆلۆژیایەی هەڵبژاردوە ،
ئەگەریش وڵام بە بەڵێ بێ ئەوە هەقی خۆمانە بپرسین بۆچی کاک بەڵێن تەنها
نموونە بۆ دڕندەیی سۆسیالیزم / کۆمۆنیزم و ناتسیزم دێنێتەوە و بە
ئەنفالەوە دەیانبەستێت ؟ کاک بەڵێن بەهێچ جۆرێک باسی فکری سویالدیمکرات
ناکات کە جەوهەری سۆسیالیزمە و ئینسانیترین و سەرکەوتوترین سیستەمی
حوکمرانی داهێناوە وبناغەی فکری دەوڵەتی وەک سوید ونەمسایە . خوێنەری
نووسینەکەی کاک بەڵێن دەپرسێ ئاخۆ بۆچی نموونە بۆ کۆمەڵکوژیەکی
سوسیالدیمکراتەکان ناهێنێتەوە بۆ ئەوەی تێزەکەی جێی بڕوابێ ؟ هەموو
خوێنەوارێک دەزانێ کە فکری سوسیالدیمکرات راستەوخۆ لە فکری مارکسیزمەوە
سەرچاوەی گرتوە ، بەڵام جگە لەم نووسینەی کاک بەڵێن بەندە لە هێچ
کوێێکی دیکە نەمبینیوە و نەشمبیستووە ناتسیزم راستەوخۆ لە مارکسیزمەوە
وەرگیراوە.
گەر بە مێژوودا گوزەربکەین دەبینین هەر چۆن بەناوی کۆمۆنیزمەوە
کۆمەڵکوژی کراوە بە ناوی ئاین و نەتەوەگەرییشەوە کۆمەڵکوژی کراون و
پێشموایە پێویست بە نموونە ناکات . رۆژانە بەناوی ئاینی ئیسلامەوە
وەحشیگەرانە ئینسان دەکوژرێ و سەردەبردرێ . بەناوی لیبرالیزم و مەدنیەت
لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا ملیۆنەها ئینسان لەنێوبراون ، قڕکردنی
دانشتوە رەسەنەکانی کێشوەرانی ئامریکای باکور وباشور تەنها نموونەیەکە
. قاجارەکان کە دەسەڵاتی زەندەکانیان روخاند نەک تەنها چاوی
هەموویانیان هەڵکۆڵی بە لکو بە کەلەسەریان کەڵەکیان دروست کرد. لەم
دەڤەرەی خۆمان هۆلاکۆ و تیمورلەنگ وجەنگیزخان نەک تەنها کۆمەڵکوژیی
بەڵکو کلتورکوژییشیان کرد ، ئەمانە کران هێشتا کارل مارکس لە دایک
نەببوو . بۆچی کاک بەڵێن باسی ئەمانە ناکات وەک رێخۆشکەر بۆ
ئەنفالکردنی کوردان ، بۆچی کاک بەڵێن باسی ئەو ئایدیۆلۆژیانە ناکات کە
کوشتارکارییەکانی سەردەمی کۆماری مەهابادیان ئەنجام داوە؟ خۆ
کۆمەڵکوژیەکانی بەڵقان و قرکردنی توتسیەکانی رواندا هیچی لە
کۆمەڵکوژیەکانی پۆلۆنیەکان یان جووەکان کەمتر نیە ، بەڵام کاک بەڵێن
تەنها ئەو دووکارەساتەی پێشەوە وەک نموونە دەهێنێتەوە . بۆچی کاک بەڵێن
باسی کۆمەڵکۆژیەکانی ناوچەکانی خۆمان ناکات وەک جینۆسایدی ئەرمەنەکانی
ئەناتۆلیا کە کوردیش تێیدا هاوکاربووە، یان دیپۆرتکردنی ملیۆن ونیوێک
یۆنانی نەژاد لە تورکیاوە بۆ یۆنان ؟ دیارە هۆیەکەی ئەوەیە کە ئەم
کۆمەڵکوژییانە داکۆکی لە تێزەکەی کاک بەڵێن ناکەن کە کۆمۆنیزم رێ بۆ
کۆمەڵکوژیی وەک ئەنفالی کوردان خۆشکردوە.
کاک بەڵێن هەوڵنادات کۆمەڵکوژی وەک دیاردەیەکی سۆسیو-ئیکۆنۆمی و سیاسی
روونبکاتەوە کە مێژووی دەگەرێتەوە بۆ چەرخە سەرەتاییەکانی سەرهەڵدانی
کۆمەڵگەی ئادەمیزاد . چونکە مەبەستەکەی کاک بەڵێن بەستنەوەی مارکسیزمە
بە کۆمەڵکوژییەوەو باشانیش بە ئەنفالەوە کە هەوڵێکی زۆر نا سەرکەوتووە.
کاک بەڵێن هەوڵی نەداوە زانستیانە باس لە بنەما مێژوویی و کۆمەڵایەتی و
سیاسی وئابووریەکانی جینۆساید بکات.
میتۆدی شیکردنەوەی گوتار ئاماژە بە تەکنیکی دیکە دەکات کە نووسەر لە
دەقێکی نوسراودا پەنای بۆ دەبات بۆ سەلماندنی بۆچونەکەی خۆی .
شیکردنەوەی گوتار تەماشای هەڵبژاردنی وشە و زاراوەو رێکخستنی رستەش
دەکات کە بۆ مەبەسی تایبەت لە دەقەکەدا موتوربە دەکرێن. ئەم میتودە
هەروەها تەکنیکێکی دیکەی نووسین ئاشکرا دەکات کە نووسەر دەستەواژە لە
کۆنتێکستی خۆی (لە سیاقی خۆی) دەردەکات و واتایەکی دیکەی پێ ئەبەخشێ بۆ
ئەوەی بڕواو سەرنجی خوێنەر بەلای دیدی خۆی راکێشێ. تەکنیکێکی دیکەش
ئەوەیە کە نووسەر وێنە وفۆتۆگراف دەئاخنێتە نێو نووسینەکەی بۆ بزوتنی
هەستی خوێنەر ، ئەم وێنانە مەرج نیە پێوەندیان بە باسەکەوە هەبێ ، وەلێ
مەرجە کاریگەربن. کاک بەڵێن ئەم هەموو تەکنیکانەی بەکارهێناوە لەم
نووسینەیدا.
دەسپێکی نووسینەکەی کاک بەڵێن وەک ئەلبوومی وێنە وایە: فۆتۆیەکی ئەنفال
وێنەیەکی فەیلەسوفی ئەلمان نیتچە و وێنەیەکی مارکس و وێنەیەکی ئینگلس
.هەر لەسەرەتاوە لە پاڵ وێنەکەی ئینگلس نووسویەتی "نەژادە کەمینەکان
پۆخڵەواتی کۆمەڵگەن ، پێویستە لەناو ببرێن" . لە پاڵ وێنەکەی
مارکسیشەوە نووسیویەتی " گروپە نەژادییە کەمینەکان پێویستە لەناوببرێن
" . وشەی هاوبەش لەم دوو نوسینەدا وشەی لەناوبردنە . کەس نازانێ ئەم
دوو کۆتەیشنە لە چ سەرچاوەیەکەوە وەرگێراون ، نازانین لە چ زمانێکەوە
کراوە بە کوردی ، چونکە بەداخەوە دەقەکان بە زمانێکی دیکەی ئینگلیزی
یان ئەڵمانی نەنووسراوە تاوەکو لە کتێبخانەکاندا ئەێلەکەی بدۆزیتەوە .
لە بەشەکانی خوارەوەی نووسینەکەی کاک بەڵێن باسی "فۆلکەرئەبفالە" دەکات
وخۆشبەختانە بە ئەلمانیش نووسیویەتی، کە دەستەواژەیەکە لە دارشتنی
فەیلەسوفی ئەلمان هیگلە و لە ئەدبیاتی مارکسیزمیشدا هەیە ،رەنگە کاک
بەڵێن ئەم دەستەواژەیەی کورداندبێت ووای بەسەر هێنابێ ، یانی کاک بەڵێن
فۆلکەرئەبفالەی کردوویە بە کوردی وپێی دەڵێ "بۆخڵەواتی کۆمەڵگە" ، لە
شوێنێکی دیکە کردوویەتی بە " پیسی کۆمەلگە" . هەر ئەم تەرجەمەیە بۆ خۆی
ئەنفالکردنی زمانە . "فۆلک" لە زۆر زماندا هەیە و بەواتای خەڵک دێت ،
ئابفال یان ئاڤفال لە هەموو زمانە جەرمانیەکاندا بە مانای پاشماوە دێت
، نە پۆخڵەوات و نەش پێسیی . تێزەکە لە راستیدا هی هیگلە و مارکس و
ئینگلس لە و فەیلەسوفەوە قەرزیان کردوە و دیدی مارکسیزمان پێداوە . ئەم
تێزە دەڵێ لە سەر خاکی ئۆروپادا پاشماوەی خەڵکی وێرانکراو هەیە
"فولکەرروینەن" کە پاشماوەی ئەو خەڵکانەن بەدەستی ئەو نەتەوانەی کە
دواتر رەورەوەی پەرەسەندی مێژوویان گردە دەست ، چەوساونەتەوە
وگەمارۆدران . لە رەوتی مێژوودا پاشماوەی ئەم خەڵکانە (لە راستیدا وشەی
روفات بەکارهاتووە ، ریلیک) زۆر بێبەزەییانە لە ژێر پێدا ماونەتەوە .
وەک هێگل نێوی لێناون"فۆلکەرئەبفالە" ئەم پاشماوەیە لە دیدی
مارکسیزمەوە بەگشتی دەبن بە هەڵگری دیدی توندرەوانەی دژە شۆرش، هەرواش
دەمێننەوە تاکو بەتەواوی ریشەکێش دەبن یاخود مۆرکی نەتەوەییان لە
دەستدەدەن . مارکس لە کتێبی " لەمەڕ پرسی جولەکە" دا ئەم بۆچونە
شیدەکاتەوە . مارکس لەو سەردەمەدا پێی وابوو کە کێشەی جولەکە لە
ئوروپادا تەنها بە دەسبەردان لە ناسنامەی جوو چارەسەر دەبێ و دەبێ
خۆیان وەک هاوولاتی پێناسە بکەن نەک جولەکە.
کاک بەڵێن ئەم تێزەی هێند خستوەتە ژێر دید و بۆچوونە شەخسیەکانی خۆیەوە
کە ئەنفالی تێدا ئاخنیوە. ئەمەش بەراستی ناهەقییەکی مەزنە دژ بە
زانیاریی.
کاک بەڵێن چوار پۆستەری ئاخنیوەتە نێو
تێکستەکەی ولە ژێریاندا نووسویەتی " وێنەی پرۆپاگەندەی کۆمۆنیزم و
ناتسیزم دژ بە سەرمایەداریی و مافەکانی تاک". لە راستیدا سەرمایەداریی
وەک سیستەم قەت داکۆکی لە مافی تاک نەکردوە و بەکێشەی خۆشی نەزانیوە ،
مافەکانی تاک لە کۆمەڵدا داهێنانی لیبرالیزمە.
من رووسی نازانم بۆیە باس لەو دوو پۆستەرە روسیە ناکەم ، بەڵام لە یەکێ
لە پۆستەرە ئەلمانیەکان نووسراوە :" دژ بە گەندەڵی بوەستە ،
ناسیۆنالسۆسیالزم هەڵبژێرە". ئەم دروشمەی حیزبی ناتسی چۆن دژی تاکە
کەسە و بۆ دژی سەرمایەدارییە ؟ لە پۆستەرەکەی دیکەدا نووسراوە: "ئێمەی
کرێکار وریاین" . ئەم دروشمە زۆر بەناوبانگ بۆ وەک توانجێک کە
کرێکارانی ئەڵمان وریان و بە پروپاگەندەی کۆمۆنیزمەکان و
سۆسیالدیمکراتەکان (گروپی رۆزا لۆکسمبۆرگ) ناخەڵەتێن و لایەنگری
ناتسیەکان دەبن . ئەم پۆستەرەی ناتسیەکان لە کن کاک بەڵێن کراوە بە
پروپاگەندەی دژ بە مافەکانی تاک وسیستەمی سەرمایەداریی . لە راستیدا
مێژوو نە وا باسدکرێ و نەش وا دەخوێندرێتەوە.
لەم نووسینەی کاک بەڵێن زۆر راستی شاراونەتەوە و زۆریشیان شێوێندراون
کە من بە دژیایەتیکردنی زانیاری دەزانم ، یانی دژایەتی کردنی مەعریفە.
_____________________________________
ئەم دەستەواژانە بە زمانی دیکە نووسراون و لە نووسینەکەی سەرەوەشدا
باسکراون:
Relic/Relik ، Völkerruinen ، Völkerabfälle،
Discourse Analysis
salamzandi@yahoo.com
|