په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٠\٢٠٢٠

ھونەری نەتەوەی باڵادەست و ھاوارێکی پەنگخواردوو.

هۆمەر         


ھەر پاش بڵاوبوونەوەی ھەواڵی دواکۆچی ھونەرمەندی ناوداری فارسزمان"محەممەدڕەزا شەجەریان"،شڵەژانێک لە نێو ڕووبەری فەرھەنگیی کورددا دروست بوو. زۆرینە،پاڵپشتی ئەم ھونەرمەندە دەکات و بە ھێما و سیمبۆلی ھونەری ڕاستینە و خودی خۆیشی بە ھونەرمدندێکی ئازادیخواز دادەنێت و پرسەکە زێتر دەباتەوە سەر دنیای ھونەر و لە سیاسەتی دوور دەخاتەوە. کەمینەیش،کە چارەنووسی ھونەرمەندانی نەتەوەکەی خۆ وەک چارەنووسی خۆ و میللەتەکەی دەبینێت،ھاواری لێ بڵند دەبێتەوە و دەنگی گلە و سکاڵای ڕوو لە زۆرینەیە کە بۆچ دەبێت ھونەرمەندی نەتەوەیەکی باڵادەست لای گەلی بندەست،زێتر لە ھونەرمەندی نەتەوەکەی خۆی بێت؟


ڕاستیت گەرەکە نەتەوەی باڵادەست بتەوێت و نەتھەوێت ھەژموونی لەسەر ھەموو ڕەھەندەکانی ژیانی نەتەوەی بندەست ئەوەندە ھەمەلایەنەیە کە تەنانەت بۆ سەر ناخ و ھەست و نەستی نەتەوەی بندەست بە بێ ئەوەی ھەستی پێ بکات،شۆڕ بۆتەوە.


نەتەوەیەک بە درێژایی مێژوو،خودان کیان و دەستەڵات و حوکوومەت بووە و نەتەوەیەکی دی،ھەمیشە بە چاوی کەمینە و ئەتن و قەومێک سەیر کراوە و ھەرگیز لە ھیچ گۆشە نیگایەکەوە مافی یەکسان و بەرانبەری پێ ڕەوا نەبینراوە؛ھەر بۆیە مێژوو،ئەدەب و ھونەرەکەیشی ھەر بە ھەمان چاو سەیر کراوە.


قسە لەسەر شەجەریان و ھونەرەکەی نییە،قسە لەسەر ھونەر و ھونەرمەندی نەتەوەیەکە کە ھەرگیز ھەلی یەکسانی بۆ نەڕەخسێندراوە کە دەربکەوێت،ببینرێت و ھونەری نەتەوەکەی پێش چاو بخات.


لە کۆنەوە تا ھەنووکە،کورد ھەر لەم بەشەی کوردستان(ڕۆژھەڵاتی کوردستان)دا،بە دەیان گەورە ھونەرمەندی وەک "محەممەدڕەزا شەجەریان"ی ھەبووە کە بە ھەزار داخەوە،لەبەر بێ کیانبوون،تەنانەت لە نێو نەتەوەکەی خۆیشیدا بە قەدەر شەجەریان نەناسێندراە.


ئەمە کێ دەیکات؟ دەستەڵات،میدیا و ڕاگەیاندنی فەرمی.


سەیید ئەسکەر کوردستانی،حەسەن زیرەک،محەممەد ماملێ،ئۆسمان ھەورامی،حیشمەتوڵڵا لوڕنژاد،قالەمەڕە،ئیسماعیل مەسقەتی،مەزھەر خالقی،عەبباس کەمەندی،ئیسماعیل سابوور،ناسر ڕەزازی،نەجمەدین غوڵامی و دەیان ھونەرمەندی دی،بە لای کوردەوە،ھەزار ھێندەی شەجەریان بەرزتر و خۆشەویستترن بەڵام چونکە کوردن،چارەنووس و قەدەری ئەمانیش ڕاست ھەر وەک چارەنووسی زمان و نەتەوەکەیانە.


وەک ئاماژەم پێدا،قسەکە ھیچ ڕووی لە شەجەریان و ھونەرە بەرز و واڵاکەی نییە کە کەس نکۆڵی لێوە ناکات؛قسە لەسەر بێنازبوونی ھونەر و ھونەرمەندی میللەتێکی بندەستە کە تەنانەت خودی نەتەوەکەیشی وەک پێویست نایناسێت.


شەجەریان،پێش و پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە نێو ئێراندا ژیاوە و باش دەیزانی لە نێو ڕووبەری ئێراندا جگە لە فارس،چەندان نەتەوەی دی،کە کورد یەکیانە،بوونیان ھەیە. بۆ خۆی لە خۆراسانێکەوە دێت کە کورد لەمێژساڵە لەوێندەرێ دەژییت(ئیدی لەوە بگەڕێ کە دەگوترێت ھاوژینی یەکەمی،کوردە).


شەجەریان،لە نزیکەوە لەگەڵ زۆر سیمای ھونەریی کورددا کاری کردووە و ناسیاویی لە تەک گەلێک ھونەرمەندی ئەم گەلەدا ھەبووە و بە ئازار و چەرمەسەرییەکانی ئەم نەتەوە بندەستە ئاشنا بووە. کورد بە تووش سەدان کارەساتی ناخھەژێنەوە ھاتووە بەڵام درێخ لە ھەڵوێستێکی مرۆیی ئەم جۆرە ھونەرمەندانە(ھونەرمەندانی نەتەوەی باڵادەست) بەرانبەر بەم نەتەوەیە.


گەر باس لەوە دەکرێت شەجەریان لە کۆتا ساڵانی تەمەندا پشتی لە دەستەڵات کردووە،زۆر ڕاستە. بەڵام خۆ ھونەرەکەی ئەم ھونەرمەندە ھەر لە سەردەمی ئەم دەستەڵاتەدا زێترین گەشەی بەخۆوە بینیوە و ھەلی دەرکەوتنی لە ئاستی جیھاندا بۆ ڕەخسێندراوە. بۆچ؟ چونکە فارس بووە و ھەمیشەیش لە دووی بەرزکردنەوەی ناو و ناوبانگی زمان و نەتەوەکەیەوە بووە.


ئەمە ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگرە کە نەتەوەی باڵادەست ئەوەندە قووڵ کاری کردۆتە سەر نەتەوەکانی بندەست کە زۆر جار نەتەوەی ژێردەست،ھەموو شتێکی خۆی لە ئاوێنەی نەتەوەی باڵادەستدا دەبینێتەوە.


شەجەریان بە نوێنەرایەتی کامە نەتەوە و کیان و دەستەڵات لێرە و لەوێی جیھان،بانگێشت دەکرا و بەرنامەی ھونەریی و کۆنسێرتی بەڕێوە دەبرد؟ دیارە ھەمووی بە ناوی ئێرانەوە بووە. بەڵام کوانێ ھونەرمەندی کورد،ھەر لە کۆنەوە ھەتا ئێستا،ھەرگیز ئەو مافەی پێ ڕەوا بینراوە کە لە ئێرانەوە و وەک نەتەوەیەکی نێو ئێران،ھەلی یەکسان وەک بەڕێز شەجەریانی بۆ بڕەخسێندرێت و لە ئاستی جیھاندا بەرنامەی ھونەری بەڕێوە ببات؟


بۆچی؟ چونکە بەڕێز شەجەریان،نوێنەری زمان و نەتەوەی خودان کیان و باڵادەستە و ھونەر و ھونەرمەندی کورد،لە نەتەوەی بندەستە. ھەر بە دوای مەرگی شەجەریاند دا دەیان ھونەرمەندی کورد،لە کەناڵە فارسییەکانەوە دەردەکەون و باس لە ھونەرە واڵاکەی شەجەریان دەکەن کە ئێمەیش دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگیان کە شەجەریان،ھونەرمەندێکی مەزن بوو بەڵام ئەی بۆچ بۆ تاقە جارێک،ھونەرمەندێکی فارست پێ شک نەھات و نایە پاش مەرگی دەیان گەورە ھونەرمەندی کورد،لەسەر کەناڵێکەوە دەربکەوێت و باس لە ھونەرە واڵای ئەم ھونەرمەندانە بکات؟


دیارە وەرامەکە ڕوونە. چونکە کوردە، بێ کیانە،بێ دەستەڵاتە،لێرە و لەوێ بە ئەتن و قەوم دادەنرێت،لەوە ھەژێنەرتریش ئەوەیە کە کورد بۆ خۆیشی لە بن ھەژموونی دێرینی نەتەوەی سەردەستدا،باوەڕی بەو ئەقڵییەتە ھێناوە.


ئەوەی ئیبراھیم تەتڵیسەس،عەلیڕەزا ئیفتیخاری و محەممەدڕەزا شەجەریان بەسەر مێلۆدی و ئاوازی کوردییان ھێناوە،خەتاکە بەرۆکی خۆمان دەگرێتەوە و دزە خۆمانەیە و بەرینانمان چەندە جوان فەرموویانە:"دار،پوازی لە خۆی نەبێ،ناقڵیشێ".


ھەرگیز لەگەڵ بێڕیزیکردن،شکاندن و سووکایەتیکردن بە ھونەر و ھونەرمەندی ھیچ نەتەوەیەکدا نەبووم و ناشبم و ھونەری پاکژ و ھونەرمەندی ڕەسەن و ڕاستینە لە کوێی سەرزەوی و سەر بە کامە نەتەوە بێت،لام خۆشەویست و خودان ڕێزە؛ وەک چلۆن حەزم لە دەنگی گەلێک ھونەرمەندی سەر بە نەتەوەکانی دیکەیە.


کورد پێویستە بە زمانی زانست و کۆڵنەدان،خۆی و ھونەرەکەی بە جیھان بناسێنێت چونکە نەتەوەیەکی دێرین و خودان شارستانییەتی سەرزەوییە.


ئەمە کورت و پوختی پرسەکەیە و با شەڕەقسە ھەر بەوەندە بوەستێت. پرسەکە چ پێوەندی بە شەجەریانەوە نییە و کورد تەنێ ھەلەکە وەک دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ھاواری پەنگخواردوو و کپکراوی ناخەکەی و ھونەری نەتەوەکەی دەقۆزێتەوە. سەرنجێکی دوا پەیام و قسەی ھونەرمەندی ھەرە ناوداری کورد"حەسەن زیرەک"بدە کە لە کاسێتێکدا دەڵێ:"ھونەر بۆ من بەھرەیەکی نەدا،ھونەر بۆ من کارێکی نەکرد بە شوێنیا بچم،چون کوردم و بە زمانی کوردی قسە دەکەم".


ئیتر تۆ خۆت سەربەستیت چلۆن دەڕوانیتە پرسەکە.


شیاوی ئیشارەت پێدانە کە ھونەرمەند"محەممەدڕەزا شەجەریان"،ساڵی ١٣١٩ی ھەتاوی(١٩٤٠)لە شاری مەشھەد لەدایک بوو و ڕۆژی پێنج شەممە،١٧ ڕەزبەری ١٣٩٩ی ھەتاوی(٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠)لە تەمەنی ٨٠ ساڵان،لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران دا کۆچی دوایی کرد.

 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک