په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠١٥

ئیبلاس و جەنگاوەرانی لە رۆمانێکی کوردیدا.

وریا باقر        


(حیزب گەورەی ھەموومانە و ئێمەش بچووک و ھیچ شتێکیش نییە، بەردەم حزووریی گەورەیی ئەومان پێ چۆڵ بکات، ھەتا ھەبین دەستەو نەزەر لەئاست حیزبدا ھەر بچووکین و بچووکین و بچووک.. ھەر بژی ژیناو ھەموو ئەو مێینانەی لەپێناو داکۆکی لەشەرەفی ھەموومان گیانی خۆیان بەختکرد...) لاپەڕە-١٣٣-ی رۆمانی" وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان".

بۆ ئەوەی جەنگاوەرانی "ئیبلاس" یان" ئیبلیس" لەدوو توێی ئەدەبیاتی کوردیدا بناسینەوە یان بدۆزینەوە، ئەوە بێگومان پێویستیمان بەخوێندنەوەی یەکێک لەنموونە دیارەکانی ئەم ئەدەبیاتەمانە، ئەویش ڕۆمانی (وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان ) ی (یوسف عزەدین )ە.


تاوەکو ئێمەی مرۆڤ پارێزراو بین لەخراپەی ئیبلیس و ئەبالیسەکان، دەبێت سەرەتا جەنگاوەرەکانیان بناسینەوەو لەماھییەتی کارکردن و ھەڵسووڕانیان تێبگەین و پاشان ھەوڵی خۆ قوتارکردن بدەین لەشەڕی جەنگاوەر و خزمەتکار و دەست و پێوەندەکانی، کەکۆمەڵێکی زۆرو زەوەندەن لەشێوە وفۆرم و دەمامکی جیاوازدا بەدرێژایی مێژووی بەشەرییەت خۆیان مانفێست کردووە!


"یوسف عزەدین" ی رۆماننووس لەڕێگەی ڕۆمانێکی فانتازیی مێژوویی"میتا واقیعی" بەتێکشکاندنی ھەردوو ڕەگەزی (شوێن و کات) دەست پێدەکات و ھەر لەدەسپێکەوە پێمان دەڵێـت مرۆڤ لەگەڵ چ (کۆمەڵە ڕەفتار و خوویەکی خراپ)دا کەوتۆتە ململانآ و کێشەوە، دەبینین ھەموو ئەو ڕەفتار و ھەڵسووکەوتانەی ئەو جەنگاوەرانە بەکاری دەھێنن، بۆتە مایەی کارەسات بۆخۆیان و سەرتاپای کۆمەڵگە و چواردەوریان.


خوێندنەوەی من بۆ ئەم ڕۆمانە جودایە لەھەموو خوێندنەوەکانی تری "تێکۆشەر خالید و داستان بەرزان و ڕابەر فاریق و کۆشان عەلی "و ئەوانی تر کە بۆ ڕۆمانەکەیان کردووە، ئەوان زیاتر ویستویانە لایەنە ئەدەبی و فانتازی و ئیستاتیکاییەکەی تاوتووآ بکەن و بەندەش مەبەستیەتی کەمێک لەلایەنە رۆحی و ئیمانییەکەی ڕۆمانەکە، لەقووڵاییەوە بھێنێتە دەر و بەیانی بکات.. بۆیە دەڵێم گرنگی ئەم ڕۆمانە لەوەدایە کەئاگادارمان دەکاتەوە لەسەرجەم جەنگاوەرانی ئیبلیس و ڕەفتار و کردارە خراپەکانیان و ڕاماندەکێشێتە ناو جەنگێکەکەوە کەمرۆڤ پێویستە لەم ژیانە فانییەدا وریابێت بەرامبەریان.


سەرەتای ڕۆمانی"وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان" بەکەسی دووەم دەست پێدەکات ، نەک کەسی یەکەم بۆئەوەی لای خوێنەر ئەوپرسیارە دروست بکات ئەی کەسی یەکەم چکارەیە، بۆ بەکەسی یەکەم دەست پێناکات لەپێشدا؟


وەک لەڕۆمانەکاندا ھاتووە (من "فەرھاد تانجووری دووەم" ، گەرچی لەمنداڵییەوە ھەوڵمداوە بە"فەرھاد تانجووری یەکەم " بناسرێم ) ل٧.


کەواتە سەرەتای ڕۆمانەکە خۆی گرفت و کێشەیە بۆ کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە، لەڕاستیشدا کێشەی گشت مرۆڤایەتی ھەر ئەوەیە کەھەموو مرۆڤێک لەناخی خۆیدا دوو لەتە یان دوو کەسایەتی و دوو بەشە (خووی باش ، خووی خراپ ).. یان ئەوەی کە (عەلی وەردی) کۆمەڵناسی ناسراوی عێراقی پێی وایە مرۆڤ (ئیزدیواجییە)و بەمەش لەڕووکەش و ناخیدا جیایە.


ئەوەی گرنگە ئەوەیە کەئەم خوووانەی مرۆڤ "باش و خراپ" ھەریەکەیان بۆخۆیان داوای سەرکەوتن دەکەن و مرۆڤ بۆلای خۆیان پەلکێشدەکەن.


بەبڕوای من کاراکتەری ( ھەردوو فەرھاد)ەکان یەک کەسن بەڵام دابەشبوون بەسەر دوو کاراکتەری ( فەرھادی خێر و فەرھادی شەڕ)داو ھەردووکیشیان جیاوازن ، بۆیە مرۆڤ ھەمیشە لەناو ناخی خۆیدا لەجەنگێکی گەورەدایە، تا ئەو کاتەی بەسەرکەوتنی ھێزی چاکە یان سەرکەوتنی ھێزی خراپە ململانێیەکە یەکلایی دەبێتەوە، ھەرچۆن ھەر دوو (شەھرام ) ەکەش یەکێکن لە ڕۆمانەکەداو ئەویش (شەھرامی سۆفی وشەھرامی ساحیر )ە.


"یوسف عزەدین" زۆر جوان توانیوویەتی گومانەکان بکاتە پرسیاری جەوھەریانەو لەخودی مرۆڤەکان خۆیان بپرسێت؟.. ھەرئەوەی کەدەروونناسی بەتوانا ( سیگمۆند فرۆید) باسی دەکات ( من و منی باڵا ) لەململانێی "من"ی بەردەوام چ بەداکەوتنی بۆ نێو دنیای ویست و ئارەزووە کاتییەکان و چ بەبەرز بوونەوەی بۆ ئاستی "منی باڵا" ئەویش لە"تسامی-بڵند بوون"دا دەگاتە چڵەپۆپە.


ھەر ئەمەش بۆتە ھۆی کێشەو گرفت بۆمرۆڤەکان، چونکە لەپێناو خۆدەرخستندا ھەرچی ھەیەتی لەدەستی دەدات و ھۆکارەکەشی ئەو ویستە زاتییەی ھەموو کەسێکە بۆ مانەوەی لەبەرزی و شکۆمەندیدا، کەئەمەش زۆر کات لەلوت بەرزی و یستی خۆ بەزل زانینیدا بەرجەستە دەبێت.


ھەر ئەمەش کەبۆتە ھۆی دەرکردنی ئیبلیس لە ڕەحمەتی خودای تاک و تەنھا، خۆبەزلزانین و لووت بەرزییەکەی بوو!

ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لەم ڕۆمانەدا بیناسێنین و قسەی جیاوازی لەسەربکەین، ناساندنی جەنگاوەرانی ئیبلیسە، کە نووسەر ڕەمزی ( سێگۆشە) ەیان بۆ بەکاردەھێنێت ، ڕەمزی سێگۆشە لەڕۆمانەکەدا تایبەتە بە (ئیبلیس و جەنگاوەرانی) وەک "فەرھاد" دەیگێڕێتەوە:


( ھەڵگری ھەمیشەی ئەو باجە سێگۆشەییە بوو ، چونکە ھەر لەمنداڵییەوە ئەوکەسێکی بەدڕوشت و خراپ بوو)ل٨.


وەک نووسەری ڕۆمانەکە باسی دەکات (بەو پێیەی سێ گۆشە چەقی نییە، کەواتە بۆی ھەیە لەھەر سوچێکیدا شتێک ھەبێت، لەم ڕووەوە بێکۆتابوونی خۆی لەڕێگەی سوچەکانییەوە دەپارێزێت ) دەبینین جل وبەرگی ژنەسۆزانییەکانی شەقامی " مسیۆ دۆبرێ"، جل وبەرگی ژێرەوەیان شێوە سێگۆشەیە. سێگۆشە رەمزی ڕێکخراوی ماسۆنییەتەو کە ھێمایە بۆ پووچکردنەوەی واتا ئیمانییەکانی ژیان و زیاتر ئیش بۆ ئەوە دەکات کەدوا ڕۆژی ئینسانیمان ھیچ ڕۆشناییەکی تێدا نەمێنێت.
بەرامبەر بەوەش (بازنە) دەکاتە ڕەمز بۆ ئیمانداران کەھەموویان بەدەوری چەقێکدا دەسوڕێنەوە.. لای "یوسف عزەدین" (خولانەوە بەدەوری چەقێکدا پیرۆزە )ل٤٦ ، ھەر بەوێنەی تەوافی حاجیانی ماڵی خودای تاک و تەنھا بەدەوری کەعبەدا. جیاوازی سێگۆشەو بازنەش لەوەدایە (سێگۆشە دەتوانرێت گۆشەکانی درێژ بکرێتەوە کەڕەمزە بۆ گوناە وتاوان بەشێوەی ستونی ) بەڵام ( بازنە بەشێوەی ئاسۆیی فراوان دەبێت و ھێمن ترە و ئاسوودەیی دەبەخشێت، ھەروەک ئەو ئاسوودەییەی لەتەوافی کەعبەدا ئیمانداران ھەستی پێدەکەن).


لەوەدەچێت خوڵقاندنی ھەموو ئەو دونیا سەرسامکەرەی ناو ئەم ڕۆمانەی"یوسف عزەدین" ئیمانێکی قووڵی لەپشتەوە ڕاوەستابێت، کەڕەنگە خوێنەری ئاسایی زۆر ھەستی پێنەکات.


بەڵام حەقیقەتی دەربڕینی ڕۆمانەکە لەوەدایە کەلەڕێگەی گومانەکانییەوە ھەوڵی باسکردنی نەگریسی و ناشرینییەکانی شار و خەڵکەکانی دەدات، وەک نموونەیەکی ھەموو شارەکانی دنیا و وا لەخوێنەر دەکات بگەڕێتەوە بۆ ناو بازنەکانی ناسینی جوانییەکانی ئیمان و خوداناسی.


ئەم ڕۆمانە ھەوڵێکە بۆ ناساندنی دنیای تێکچڕژاوی پاڵەوانەکانی شار و مەدەنییەت و وێناندنی جموجۆڵی ئەوان لەنێوان مەعسییەت و گوناھدا.


بەکارھێنانی کۆمەڵێک دەستەواژەی ئاینی لەنێوان ڕۆمانەکەدا سەرنجمان ڕادەکێشێت، وەک :(حەج ، بوراق، زولقەڕنەین ، حەلاج ، قورئان، سۆفی ، پیرمەنسوور ) و بەتەسەووری منیش ڕەنگە لەپشت ئەم دێڕانەوە ئیمانێکی خەفی خۆی حەشار دابێت، ئەوەتا "فەرھاد تانجووری دووەم" باسی وێنە کێشانی باوکی دەکات:


(کە وێنەی بوراقەکانیشی ناموسڵمانی دەکردە موسڵمان ).ل١٠.


نووسەر لەیەکەم گێڕانەوەی-دا دەمانخاتەوە یادەوەری ( حەللاج ) کەچۆن جەنگاوەرانی ئیبلیس فەتوای کوشتنی بۆ دەردەکەن و چوار پەلی دەبڕنەوە ، جێی پرسیارە بڵێین تۆ بڵێی ئەو ھێز و دەسەڵاتەی ئەو کارەی کردووە بەرامبەر بە سۆفی و عارفێکی خوداناسی وەک(حەللاج) خۆی بەھێزی خێر بزانێت؟


کاتێک "شەھرامی بازرگان" داوای تابلۆی ئیبلیس لە"فەرھاد" دەکات و پێی دەڵێت بەھەرنرخێک بێت دەی کڕین! "فەرھاد" نازانێت چی بۆدروست بکات، مەجبوور وێنەی یەکێک لە"جەنگاوەرانی ئیبلیس " وێنادەکات، ئەویش وێنەی "شیڤا" ی خواوەندی کۆنە شارەکەی باوانی بووە.

ئەوەی شایەنی باسکردنە نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا "ئیبلیس" بە"ئیبلاس" ناو دەبات و لەوە دەچێت ویستبێتی ڕاستەوخۆ ناوی کارەکتەرە سەرەکییەکەی ڕۆمانەکە دەرنەخات و خوێنەر بەرەو گەڕان بەشوێن واتاو دەلالەتەکاندا ڕابکێشێت، یان ڕەنگە ماناو دەلالەتی تر لەخۆ بگرێت، بەتایبەت بەگۆڕینی ئاین و شوێنەکان گۆڕان بەسەر ناوی "ئیبلیس"دا دێت، وەک عەزازیل و ئەھریمەن و شەیتان و مەلەک تاووس و...تاد.

لەڕۆمانەکەدا یەکێک لەجەنگاوەرانی ئیبلیس خودی کەسایەتی کاریگەر و ناسراو "مسیۆ دۆبرێ" یە کە(شەیتان دەچێتەجەستەی کەسێکەوە بەناوی مسیۆ دۆبرێ)ەوە"( ئەو پیاوە وەک سیحربازێک سەرنجی ھەمووخەڵکی ئەم شارە بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت )ل٢٦.


پاشان شەقامێکی بەناوەوە دەکەن کەشەقامەکە دەبێتە شوێنێک بۆ فەساد و خراپەکاری کەپڕە لە ( باڕ و مەلھاو نادی شەوانەو شوێنی سۆزانی و ھەڵپەڕکێی شەوانەو جل وبەرگی ژنانەی شێوە سێگۆشە )، ئەو وەسفەی بۆ ئەو شەقامەکراوە لەڕۆمانەکەدا ھەمان ئەو جۆرە شوێنانەیە کەلەشارەکانی دنیادا گەڕەک و شەقامی بۆ تەرخان دەکرێت.


لەسەر زاری قەشە ( ئوگستین)ەوە کە بەزمانێکی توندو توڕەوە لەکتێبە بە ناوبانگەکەیدا دەڵیت:


(ئەوانەی کەگوێم لی دەگرن ، ئەگەردەتانەوێت مەسیح پاش ھەڵسانەوەی بە نێو شارەکەتاندا گوزەربکات دەبێت ئەم شەقامە بسوتێنن).ل ٢٧.


یەکێکی تر لەجەنگاوەرانی ئیبلیس، ئەو "شەھرام " ناوە بوو کەخۆی پەیکەرتاش بوو، پەیکەری بۆچەند کەسێکی خراپ دروستکردبوو، ڕەمزی خراپەکاری بوون، وەک ئەو پەیکەرەی کە بەناوی "شەھرام"ەوە بەریتانیا بۆ"مێجەرسۆنی" دروست دەکەن کەڕەمزی نێربازی بووە لەشارەکەدا.


ھەروەھا پەیکەری "شێخی سەنعان وبەرازەکانی" لەشارەکەدا دادەنرێت.. (شێخی سەنعان ئەوپیاوە باوەڕ دارەیە لەپێناو کچێکی فەلەدا لەئاینی خۆی ھەڵگەڕایەوە ،بەڵکو ئامادەش بوو ببێتە شوانی بەراز ،....لەسەرداوای "کڵێسەی کوردزمان" ئەم پەیکەرەمان بۆ ئەوپیاوە و بەرازەکانی دروستکرد ،بەھیوای ئەوەی لەمەودوا ھەمووکەس ئامادەبێت ...).ل٧٥.


کەئەمەش ھێمایە بۆ گۆڕینی ئاینی لەکوردستاندا و ئێستاشی لەسەربێت بەردەوامی ھەیە؟


نووسەر باس لە کارەکتەرێکی سیاسی دەکات، کەھەندێک سیفات و خەسڵەتی حەقیقی و مێژووییەو ھەندێکیشی خەیاڵی و ئەدەبیی وەک (شێخی سپی)، دەشێت ھەندێک سیفاتی لە"شێخ مەحمود"ی نەمر بچێت، وەک قارەمانێتی و بەرەنگاربوونەوەی ئینگلیزەکان و بەڵام لەزۆر ڕووی تریشەوە زۆر جیاوازە، چونکە "شێخی سپی" کاراکتەرێکی ئەدەبی خوڵقێنراوی نێو مێژووییەکی گریمانکراوی کوردە، نووسەر قسە لەسەر ناخی "شێخی سپی" دەکات، کەبەھۆی (حەزی خۆدەرخستنەوە و بوون بەقارەمان و شۆڕش گێڕو ناوبانگ پەیداکردنەوە کەوتۆتە ھەڵەی کوشندەوە ) و دەست لەگەلڕ ئینگلیزییەکان تێکەلڕ دەکات و دواجار ئەوەی لەمێژووی گریمانکراوی ڕۆمانەکەدا ڕوو دەدات ھەموی سیناریۆیە بۆ بەناوبانگ بوونی"شێخی سپی"..نووسەر، لەسەر زاری مێجەرسۆن وە دەڵێت:


( بەڵام نابێت ئەوە لەیاد بکەیت ئەوەی ئێمە دەیکەین گەر بەڕاستی ژمارەیەکی زۆریش لەھەردوو لاماندا بکوژرێت ، بەڵام لەڕاستیدا گەمەیەکەو تەنھا خۆم وخۆت دەی زانین و سینارێوی ئەوەی کە ڕووشدەدات پێشوەخت دانراوە، بۆئەوەی بتکەینە ئەفسانەو حیکایەتی ئازایەتی تۆ بڵاو دەکەینەوە )ل٧٢.


نوسەر لەم ڕووەوە لە "جەمیل سائیب" توندتر ڕەخنەکانی لە"شێخی سپی" دەگرێت، ئەگەر وایدانێین لەھەندێک ڕووەوە ڕەمزە بۆ کەسایەتی "شێخی حەقیقی" کەئەویش ڕەخنەگرتنە لەخودی ھەڵە مێژووییە گریمانکراوەکانی کەسەکە. وەک لەزاری شێخ مەحمودەوە دەڵێت:


(حەشامەتەکە ئەمە دەبینن و ھاوار دەکەن: شێخ شەھیدە،بەڵام گەرچی لەڕاستیدا شەھید نابم بەڵام وەک مەجازێک دەبمە شەھید، جێگەی داخیشمە ھەموو ئەوەی کەدەوترا ڕوودەدات پێشتر زانراوە ).ل٨١.


ھەروەھا نووسەر سەرھەڵگرتنی کەسایەتییەکی گەورەی زانا و خواناسی وەک "مەولانا خالیدی نەقشبەندی "ئەخاتە ئەستۆی بنەماڵەی "شێخی سپی" کەئەوان خاوەن تەریقەتی قادری بوون و وەک لەسەر زاری شەھرامی سۆفییەوە باسی دەکات:


( تۆمن ناناسی نەک ناوم شەھرامە بەڵکو کوڕەزای ئەوشەھرامەشم کەکتێبە سانکریستییەکەی بۆشێخی سپی وەرگێڕاوە ،................... دواتر باپیرم لەتاو موریدو پیاوەکانی ئەو ھەڵھاتووە).ل٨٥.


ڕۆمانەکە باسی گەورەترین جەنگاوەرانی ئیبلیس مان بۆدەکات، ئەویش فەسادی ئەخلاقییە کەچۆن تەنگیان بەکۆمەڵگە ھەڵچنیووە، بەتایبەتی لەلایەن مەسئول و دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگەوە، نووسەر لەسەر زاری (ژینا)وە بۆمان دەگێڕێتەوەو ئەو وێنە زۆر تاڵ و سامناکەی فەسادکردنی کچان و ئافرەتانمان دەخاتەوە بیر، کەبەداخەوە بۆتە باجێکی بەردەوامی خۆجێکردنەوەی ئافرەتان، لەسیستمی بژێوی و نان پەیداکردندا!؟


یەکێک لەشتە سەرنج ڕاکێشەکانی تری ناو ڕۆمانەکە، ئەوەیە کە باسی دووکەسایەتی جیاواز دەکات کەدووانیان پیاون بەناوی (فەرھاد و شەھرام ) کەھەریەکەیان دوو ڕۆڵی تر دەبینن کەدەوری (خێر و شەڕ) ە ، ھەروەک چۆن کەسایەتی "ژینا"ش دوولایەنەیە، ژینا-یەک لەگەڵ ھەردوو کەسایەتی ناو ڕۆمانەکە(جوت دەبێت )، بەڵام یەکێکیان بەخۆشی خۆی و ئەوی تریان بەئارەزووی پیاوانی ھەوەس باز و شەھوانی کەدەیانەوێت پۆست و پلەی دەسەڵات و ئیدارییان لەپێناو تێرکردنی غەرائیزە ئاژەڵییەکانی خۆیاندا بەکاربھێنن، بەبآ گوێدانە ئەو بەھا کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەی کوردی، کەدەسەڵاتی دوور و درێژی فاشییانەی بەعسیش نەیتوانی بەو شێوەیەی کەسایەتییە دەسەڵاتدارە گریمانکراوەکانی نێو ڕۆمانەکە، کچان و ژنانی کورد داماڵێت لەمافی سروشتی پاکیزەیی و بوونی شەرەف و کەراماتی مرۆییان.. بەدرێژایی ساڵانێک بەعس نەیتوانی تەنانەت کەمترین ژمارەش لەکچان و ژنانی کورد ئالوودەی لەشفرۆشی و سێکسبازی بکات؟!


لەزاری"ژیناوە"باسی "فەرھاد تانجووری یەکەم " دەکرێت، وەک مەسئول و دەسەڵاتدار ، دەڵێت:


(ھەر دوا بەدوای ئەوە سەدانجار سوارم بوو ، بەوەش ڕانەوستاو منی گەیاندە لای کەسانی لەخۆی باڵادەست ترو لە ھەموو شاردا بەسۆزانی ناسراوم و خەڵکی تریش پێم فێربوو...)ل١٠٣.


نووسەر لە ڕۆمانی"وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان"دا دووجەنگاوەری ھەرە ترسناک بەخوێنەر دەناسێنێت ..ئەم دوو جەنگاوەرەش خۆشەویسترین جەنگاوەرانی ئبلیس-ن ئەوانیش : ( میجەرسۆن-ی جاسوسی ئینگلیز و ژنی توجارباشییە) کەدەیەوێت کاری بەد ڕەوشتی لەگەڵ "مێجەرسۆن" بکات ، (مێجەرسۆن ) ھەم جەنگاوەری شەیتان و ھەم کاراکتەرێکی سیاسیشە ، وابەستەبوونی ژنی تووجارباشییەکەو مێجەرسۆن لەکردەیەکی سێکسیدا و بەرجەستەکردنی لەبەشێکی ڕۆمانەکەدا، بەکارێکی تەسادووفی ناچێت ، چونکە ھەمیشە (سیاسی و بازرگانەکان ) دوو دیوی یەک دراوون و ئەشێت ئەم ژنەی تووجارباشییەکە ئەم کارەی بەئاگاداری یان چاوپۆشی مێردەکەی لەگەلڕ"مێجەرسۆن" کردبێت و مەبەستیش مەیسەرکردنی مامەڵەو ئیش و کارە بازرگانییەکانە کەلەو سەردەمەدا ئینگلیز تێیدا باڵادەست بووە..


مێجەرسۆن لە ڕۆمانەکەدا دەبێتە گێڕەڕەوەو باس لەوە دەکات چۆن ژنی تووجارباشییەکە بەگیری دەھێنێت و دەڵێت:


(کاتێک ویستم لەدەستی ھەڵبێم توند زەکەری گرتم و گوتی لەدەعبا خەتەنەنەکراوەکەت دەترسیت، نەدەکرا لەوە زیاتر منجڕی بنوێنم ، ھەربۆیە خۆم تەسلیم بەمێینەیەکی ئاڵۆشاوی کرد، ئاوەڵکراسە شین باوەکەی داکەندوو کەواو کراسەکەی ھەڵدایەوە لەدواوەڕا سوار خۆی کردم ، ھەرلەیەکەم ساتەوە ھەستم کرد سواری ھەموو مێینەکانی شارەکە بووم و ھەرچەندە گرتنی ئەو شارە ئاسانترین کارێک بوو، کاتێک سووپاکەمان مەبەستی بووایە بیگرێت، بەڵام ھەر لەو ساتەوە ھەستمکرد شارمان گرتووەو تازە بۆ ھەتا ھەتایە ھی خۆمانە. زۆر بەئاستەم ئاڵۆشیم بۆ دامرکایەوە، شێتانە پەلاماری زەکەرمی دەداو شوێن گۆڕکێی پێدەکرد، تابڕست و ھێزی تەکاندانم تێدا مابوو دەستبەردارم نەبوو، ئێستاشی لەگەڵدا بێت سێکسی لەو چەشنەم نەکردووە، چێژێکی سیحرییانەی پێبەخشیم، دەیان جار سوپاسی "شەھرام"ی ساحیر دەکەم، کەتوانی بەگایینی چەندین مێینەی ئەم شارە دەرکەی گۆڕانکارییەکان بخاتە سەرپشت، سوپاس بۆ ئەو کەپێش ئەوەی ئێمە خەڵکە بنەڕەتییەکەی شارەکە بگۆڕین و بەزەحمەتێکی زۆر مێینەکانیان بھێنینە ژێر خۆمان ئەو ھێنایە ژێرمان، دەبێت خاترجەم بین لەمڕۆوە شار لەژێرماندایە )ل٥٧-٥٨.

ئەوەی کە نووسەری ڕۆمانی"وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان" لە ڕۆماننووس و نووسەرەکانی تری کورد جیادەکاتەوە ئەوەیە بەپێچەوانەی ئەوانەوە کەباسی سێکس دەکات دەیەوێت سێکس لە بەرچاوی خوێنەر ناشرین بکات.


ئەگەر بڕوانیتە رۆمانەکانی (حسێن عارف و بەختیار عەلی و شێرزاد حسن ) دەبینیت لادانە سێکسی و کردارە ناشەرعییە سێکسییەکان لای تۆی خوێنەر شیرین دەکرێت، بەناوی ڕۆمانسیەت و فانتازیاوە مێشکی خوێنەر بەرەو شوێنێکی غەریزی و شەھوانی دەبرێ.


ھەموو ئەمانەش لەفەرھەنگی ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمەدا شوێنی نابێتەوە، تۆ چەند بڵێیت و بڕێسیت و ژنان و ئافرەتان بەرەو سێکسی ئازاد بانگ بکەیت، دواجار کۆمەڵگە بەسووک سەیریان دەکات یان دەیانکوژێت، تازەترین نموونەش کوشتنی ئافرەتێک بوو، لەناو جەرگەی پایتەختی ڕۆشنبیری و لەپارکێکدا کەناوی "پارکی دایک"ە، کەڕەمز بوو بۆ جوانترین سیفاتەکانی ئافرەت کەدایکایەتییەو ئێمە ھەموومان لەدایک بووین، دایک-ێک کەدەبێت قەناعەتمان بەپاراستنی بوونی مرۆییانەی بێت، ھەر لەیەکەم ڕۆژی لەدایک بوونییەوە تا مردنی.. ئیتر لەم سەفەری لەدایک بوون تا مردنەی مرۆڤ بەگشتی و ئافرەت بەتایبەتی، تاوانە حەزە سێسکییەکانی نەوەی ئادەم بکرێتە وەسیلەی بازرگانی و ھەوەس بازی، لەکاتێکدا بەپێی عورف و عادەت و ئاینی کۆمەڵگەکان ئەوەی پێویستە بۆ دامرکاندنەوەی ئارەزووەکانی ئینسان لەڕووە شەرعییەکەیەوە ڕێپێدراوە.


ھەر کوشتنیشە چارەنووسی پاڵەوانە ئافرەتی ناو ڕۆمانەکە، لەزاری( ژینا) وە:


(چەند مێینەی وەک من کوژران ، ئێمە ئیختیارێکمان نەبوو لەوەی کە ڕویدا نەدەکرا بەپێچەوانەی ئەوشەپۆلانەوە مەلەبکەین کەئێمەی بەرەو مەرگ برد).ل١١١
پاشان( ژینا) باس لەشێوە کوشتنەکەی دەکات:


(ئەوەی دوای کوژرانم نیگەرانی کردم شێوەی کەوتنەکەم بوو بەچەشنێک ئەوانەی بینیانم تێر ڕوانییانە دەرپێکەم ، ئەودەرپێیەی کەدەبوو بە پێی زەوقی ئەوانەی لەگەڵیان ڕادەبوێرم زوو زوو بیگۆڕم...)ل١١١.


لە پاشکوژرانم: ( زۆر شتم لە بارەوە گوترا، زۆر شتم لەبارەوە نووسرا، زۆرشتم لەبارەوە خوێنرایەوە کەھیچیان پێوەندییان بەڕاستییەکانی ژیانی منەوە نەبوو، کاتێک پۆستەرەکانی خۆم دەبینی بەھەموو شوێنێکی شاردا ھەڵواسراون، زۆر نیگەران دەبووم بەو ھەموو درۆیەی لەبارەی منەوە نووسرابوو). ل١٣٣.


لە کۆتایدا دەمەوێت ئەوە بڵیم کەئەم ڕۆمانە کۆمەڵێک پرسیار و گومانی تێدایە کەخوێنەر پێویستە خۆی وەڵامی خۆی بداتەوە، بەردەوامی پێدەدات تادەگاتە یەقین و ماھییەتی بوون، ھەرچەندە ئینسان کردەوەکانی دابەشی دووبەرە دەبن(خێر و شەڕ)، ئەمەش ئەوکاتە جیادەکرێتەوە کەئینسان دەگاتە مردن و(یەقین) کەلە ڕۆمانەکەدا زۆر جوان باسی مەرگ دەکات و زیاتر پاش دیمەنە سێکسییەکان دەیھێنێتەوە بەرچاوت، واتە ھەمیشە دەرچوون لەدنیاو فەنابوونت پیشان دەدات و بەمەش مۆرکێکی عیرفانی لەخۆدەگرێت، چونکە یەکێک لەخاڵە سەرەکییەکانی ئەدەبیاتی عیرفانی باسکردن و بارزکردنی مەرگ و فەنابوون و پووچگەرایەتی ئارەزووە کاتییەکانە.


رۆمانی "وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان" بەڕای شەخسی خۆم، بەئەدەبیاتێکی عیرفانی جوانی کوردی دادەنێم.. گەشتی مرۆڤە لەگومانەوە بۆ ئیمان.. بەبڕوای من دەبوو ناوی ئەم ڕۆمانە (ئیبلاس و ماجەراکانی) بووایە کەچەندین کاراکتەر بەشدارن لەگێڕانەوەیدا و بەمەش دەبێتە رۆمانێکی فرە دەنگی.


ئامانجی ڕۆمانەکە:


نووسەر سەرباری ئەوەی کە بەشێکی زۆری ڕۆمانەکەی تەرخان کردووە بۆگەمەکانی ئیبلیس "ئیبلاس " ، بەڵام ئەم ڕۆمانە لەئەدەبیاتی کوردیدا یەکەم ڕۆمانی "تەسەووفە" کەنووسرابێت چونکە لەسەر زاری "حەلاج"ەوە ، دنیابینیمان بۆمەرگ و بۆ ژیان وماھییەتی بوون دەگۆڕێت، "ئیبلیس" مان لەڕوانگەی سۆفییەکانەوە بۆ شی دەکاتەوە.. کەبەتەسەووری ئەوان دواجار ئەوە ئێمەین بەخراپەکانمان ئیبلیس-ەکان تێپەڕدەکەین و خۆبەخشانە ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین، تا ببینە جەنگاوەرێکی ڕێگەی تاریکی و خراپەکارییەکانی ئیبلاس.


ڕۆمانەکە کۆمەڵیک پرسیاری حەقیقی و گوماناوی ھەڵدەداتە ناومێشکی خوێنەرەوە، کۆمەڵێک بۆچوون دەوروژێنیت کە ئەساسیاتی بوونی مرۆڤ پێک دەھێنێت.. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم مەسەلەیە با بگەڕێینەوە بۆ ڕۆمانە کە لە بەشی (پێنجەمی گێڕانەوەکانی فەرھاد تانجوری دووەم ، لە لاپەڕە ١٠٤ بۆلاپەڕ ١١٠ کەتەواوی ئامانجی ڕۆمانە کە ڕوون دەکاتەوە لە سەر زاری ھەر دووکارەکتەری "چاک و سۆفی " واتە "فەرھاد تانجووری دووەم و شەھرامی سۆفی" شەھرام، فەرھاد بەموریدی خۆی دەزانێت و پێی دەڵێت:


(تۆ بەبێ ئەوەی بەخۆت بزانیت باشترین موریدی ڕێگەی دۆزینەوەی شتە نەزانراوەکانیت، توانیت دوورترین ڕێگەی سەفەر بگریتەبەر و بەچەشنی سۆفییەکان دنیا بگەڕێیت، تۆ ئەو کەسەی لەنێو وشەکاندا بۆ مانا ناگەڕێیت، وشەکان وەھمن و ڕاستییەکان لەنێو وێنەکاندان، بەبێ بینین ھیچ شتێک بوونی نییە، خۆشەویستییەکی نەبینراو خۆشەویستی نییە، خۆشەویستی لەنێو وشەکاندا وەھمە...)١٠٥.


ئەوەی گرنگی ئەم ڕۆمانە زیاتر دەکات ئەوەیە کەتوانیوویەتی زۆر بەباشی زاڵبێت بەسەر تێکشکاندنی "شوێن و کات"دا بەچەشنێک توانیوویەتی ھەموو ڕووداوەکان لەشارێکی بچووک-گەوەرەدا جێ بکاتەوە، ئیتر خوێنەر دەتوانێت بەکەیفی خۆی تەسەووری ئەو شارە بکات، لای من شتێکەو لای خوێنەرێکی تر شتێکی تر.. ئەمەش گەورەترین دنیا بینی تەسەوف و سۆفییەکانە بۆ ژیان و تەماشاکردنی گەردوون و بینینەوەی لەجووڵەی بەردەوامدا.. سۆفییەکان بەچاوی دلڕ دەڕواننە بوون و گەردوون.


لەڕۆمانەکەدا ئەو ڕاستیە دەردەکەوێت، بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ بەناوی خوای گەورەوە چ کارەساتێکی گەورەی خوڵقاندووە، وەک نوێنەری خوداو دنیای غەیبیی لە ھەوڵی کوشتن و بریندارکردن و ڕووخاندندا بووە، ئەمەش بەناوی یاساگەلێکەوە کەبۆ خۆی داناوە..ئاخر حاموڕابی یاسا بۆ دەربکات لە کاتێکدا خۆی خوێنڕێژترینە کەچی یەکەمین کەسە لەمێژوودا قوتابخانە بنیاد دەنێت و یاسا تەشریع دەکات و لەسەر بەرد بۆ ھەتا ھەتایە بەفەرمانی ئەو دەنووسرێتەوە.


(ئێمەیەک کەبەفیترەت وغەریزە بارگاوین بەشەڕەنگێزی بەچی دەستەمۆو کەوی دەبین) ل١٠٧.


دەبێت بەشوێن ڕێگەچارەیەکدا بگەڕێین لە بەدبەختی و کڵۆڵی ڕزگارمان بکات، ئەویش لای نووسەر بەو مەرگەوە بەستراوەتەوە کە حەللاج داوای دەکات و لەڕۆمانەکەیدا لە زۆر شوێن نزیک دەبێتەوە لەو مەرگەو پرسیاردەکات و دەڵێت:


(کە ئێمە مەحکوم بین بەمەرگ بۆدەبێت بژین بۆدەبێت ھەبین و ئەو ھەموو ئازارو ئەشکەنجەیە بکێشین، چ وەھمێکە ئەو ژیانەی ئێمە تێیدا دەژین) ل١٠٤.


ئەمەش ھەمان قسە بەناوبانگەکەی حەللاجە کە دەڵێت:
((اقتلونی یاثقاتی ان فی قتلی حیاتی
ومماتی فی حیاتی و حیاتی فی مماتی))
بمکوژن بمکوژن ئەی متمانەپێکراوەکانم (نەک دووژمنەکانم) چونکە لە کوژرانیشمدا ژیان ھەیە.

____________________________
سەرچاوە: وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان - یوسف عزەدین - ڕۆمان- بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی - چاپخانەی شڤان - ٢٠٠٩.
 

 

wriabaqr83@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک