ئیبراهیم مەلازادە:
لە
کۆمەڵگای کوردستانیدا تا ئەمڕۆش بە پاساوی هەمەجۆرەوە
تاوان ئەنجام دەدرێت.
سازدانى: ئاسۆ
عوسمان
پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان کە بەتۆبزیی
لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستانەوە لەپەرلەمان تێپەڕێنرا،
لەزۆر رەهەندو گۆشەنیگاوە جێگەی تێبینی و
هەڵوەستە لەسەرکردنە، تا ئەو ئەندازەیەی بەکەمێک دیقەتدان لەناوەڕۆک
وهەندێک بڕگەی جەوهەریی ناو دەستوورەکە مرۆڤ بەقەناعەتێک دەگات ئەم
پڕۆژە دەستوورە هێندەی مەرامێکی سیاسیی هەردوو حزبی باڵادەستی
کوردستانی لەپشتەوەیە بەچارەگی ئەوە سیما ورەهەندی دەستووری هەرێمێکی
وەک کوردستانی پێوە دیار نییە،. بەهەرحاڵ ئەگەرچی پارتی ویەکێتی
ویستیان لەگەڵ رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان
دەستووریش بخرێتە بەردەم جەماوەری خەڵک بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدەن،
بەڵام خۆشبەختانە ئەو بڕیارە نەبووە ئەمری واقیع وکۆمسیۆنی هەڵبژاردن
بەهۆکاری تەکنیکی وادەکەی دواخست. لەگەڵ ئەوەشدا پرسی دەستوور هێشتا
پرسێکی بنەڕەتی وگرنگە بۆ خوێندنەوەو تاوتوێکردن وناسینی
کەموکوڕییەکانی، ئێمە بۆ ئەمجارە ئەم پرسە ئاڵۆزو پڕ ناکۆکییە بکەینە
تەوەرەی ئەم ژمارەیەی نێوەند، کە ئاخۆ دەستوور بۆ کام مەرامی سیاسیی
نوسراوەتەوە؟ خاڵە لاوازەکانی ئەم دەستوورە کامانەن؟ یان چۆن
ئیشکالییەتی هاودژیی دەستووری هەرێم ودەستووری عێراق چارە دەکرێت؟، بۆ
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەوچەند پرسیارێکى هاوشێوە نوسەر وڕۆشنبیر
براهیم مەلازادە بەم شێوەیە وەڵامى پرسیارەکانى دایەوە.
ئاسۆ: لە
ماددەى (64)دەستووردا هاتووە ماوەی ویلایەتی سەرۆکى هەرێمى کوردستان
چوار ساڵە، لەڕۆژى سوێندخواردنى دەستوورییەوە دەستپێدەکات، دەکرآ بۆ
ویلایەتی دووەمیش هەڵبژێردرێتەوە، لەرۆژى کارپێکردنی ئەم دەستوورەوە.
بەپێى رەشنووسى دەستوور بارزانى ماوەى ئەم چوارساڵەى پێشووى سەرۆکایەتى
بۆحیساب نەکراوەو دەتوانێت ماوەى " 8"ساڵی تر سەرۆکایەتى هەرێم بکات.
ئەم ماددەیە بۆتە جێگاى رەخنەو نیگەرانى لەلاى بەشێک لەسیاسەتمەداران
ویاساناسان، پێیانوایە ئەم ماددەیە لەبەرژەوەندیى لایەنێکى سیاسیى
داڕێژراوە ئەمە سەربارى ئەو رەخنانەى لەبڕگەو ماددەکانى تر هەیانە
دەڵێن دەسەڵاتێکى رەها بەسەرۆکى هەرێم دراوە. پێتانوایە ئەم ماددەیە
مەرامێکى سیاسیى لەپشتەوەیە وەک بەشێکیش لەچاودێرانى سیاسیى هێماى
بۆدەکەن کەلەبەرژەوەندیى پارتى دیموکراتی کوردستان وسەرۆکەکەیەتى، ئێوە
چ بۆچوونێکتان هەیە؟.
ئیبراهیم
مەلازادە: پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای
پاراستنی هەیمەنەوە دامەزراوە. هەیمەنە حەزێکی سروشتی مرۆڤە بۆ هێزداری
بەرامبەر پێکهاتەکانی دیکە. هەیمەنە کۆمەڵێک جۆری هەن، لەوانەش
هەیمەنەی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەکی دیکەدا، هەیەمەنەی خێڵێک بەسەر
خێڵێکی دیکەدا، یا هەیمەنەی حیزبێک بەسەر حیزبێکی دیکەدا. تەنانەت چین
و توێژەکانیش هەوڵی سەپاندنی هەیمەنەی خۆیان دەدەن. باوانەکانیش
لەماڵەوە هەوڵی پاراستنی هەیمەنەی خۆیان بەسەر ماڵ و منداڵ و
هاوسەرەکەیاندا دەدەن. بۆیە هەیمەنە حەزێکە لە مرۆڤ جیانابێتەوە. یەکێک
لە باشیە هەر گرنگەکانی سیستمی دیموکراسیەت، ڕێکخستنی ئەو هەیمەنەیە و
دەرهێنانیەتی بەشێوەیەک لە شێوەکان لەدەست هەیمەنەی غەریزەدار کە مرۆڤە،
بۆ هەیمەنەی ئەقڵ کە یاسا و دەستور و دەقەکانن. بەڵام لێرەدا توشی
ئیشکالیەتێک دەبین. لە قۆناغی گواستنەوەی هەر دەوڵەت و میللەتێکدا
خێڵێک یا خێزانێک یا حیزبێک دەستەڵاتدار بووە، لەژێر هەر جۆرە فشارێکدا
بووبێت، ناچارکراوە دەستەڵات ئاڵوگۆڕ بکات، لە سیستمی پاشایەتیشدا
دەستەلاتی سنووردار ببێت یا لێی بسەنرێتەوە. ئەو ناوەندانە لەو
قۆناغەدا یاسا و دەستوور دادەنێن. یەکێکیش لە خاڵە هەرە گرنگەکان
پاراستنی بڕێک لە هەیمەنەی خۆیانە لە چوارچێوەی دەستوور و یاساکاندا.
زۆربەی جاران جیاوازی لە سیستمەکانی حوکمڕانیدا بۆ ئەو قۆناغە
دەگەڕێتەوە، کە قۆناغی گواستنەوەیە، لێرەدا چرکە مێژوویەکان ڕۆڵی خۆیان
دەبینن و ئەو کەسانەش کە لەو چرکانەدا هەیمەنەدار بوون، یا خودانی
جۆرێک لە شەرعیەت بوون، چ شەرعیەتی شۆڕش بێت یا هی کودەتا، چ پاشایەتی
بووبێت یا تۆتالیتێر، ڕۆڵی خۆیان بینیوە لە دیاریکردنی جۆری سیستمی
وڵات و لەدەستنەدانی تەواوی هەیمەنەکەیان. هەرێمی کوردستانیش لەو
چوارچێوەیەدا بەدەر نیە، هەر لەو چوارچێوەیەشەوە دەکرێت خواستی هێزەکان
لە کوردستان لێک بدەینەوە. لە دووتوێی ئەو حەزەشدا ئەوانەی ڕۆڵی
سنووردارکردنی ئەو حەزە دەبینن، ئۆپۆزسیۆنە، بەمانای ئەوەی
سونووردارکردنی خواستی پاراستنی هەموو یا بەشێک لەو هەیمەنەیە ئەرکی
ئۆپۆزسیۆنە کە لە حەزێکی غەریزەییەوە بیگوازێتەوە بۆ کێڵگەی یاسا و
دەستور. ئەمەش پەیوەستە بە کۆمەڵێک هەڵ و مەرجی دیکەوە.لەلایەکی دیکەش،
لە کۆمەڵگا خۆرهەڵاتیەکاندا بە کۆمەڵگای کوردیشەوە، حەزی غەریزی زاڵە
بەسەر دەستەڵاتدا. لە دۆخی هەیمەنەداری ئەو جۆرە حەزەشدا یاساکان تەنها
ماکیاژن و بۆ جوانی و شاردنەوەی سیما ناشیرینەکان بەکار دەهێنرێت.
بەمانای ئەوەی ئەوەی لێرەدا کەسێک پابەند دەکات بە پرینسیپە
دیموکراسیەکان یاسا نیە، بەڵکو ئاستی تێگەیشتن و ویژدانی خۆیەتی.
چەندین جار بینیومانە کە دەقە دەستوریەکان لەپێناو خواستی
دەستەڵاتدارەکان هەموار کراون، تەمەن کەم یا زیاد دەکرێت، ماوەی
دەستەڵات زۆر یا کەم دەکرێت. بۆیە ماددەی 64 لە دەستوردا هەبێت یان نا،
زۆر شت لە واقیع ناگۆڕێت، ئەگەر نەشبێت و بیەوێت بمێنێتەوە هەر
دەمێنێتەوە، ئەگەر بەجۆری دیکەش بێت کاریگەریەکی ئەوتۆ دروست ناکات.
ئەوەی لە شەرکردن لەسەر هێشتنەوە یا نەهێشتنەوەی ئەو ماددەیە و ماددە و
یاساکانی دیکە گرنگترە، ئۆپۆزسیۆنێکی عەقڵانی، هۆشیاری کۆمەڵایەتی و
سیاسی و یاسایی چینەکانی گەل، پرۆفێشیۆنال بوونی ڕاگەیاندن لە
کارەکانیدا و چالاکبوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە ئاڕاستەی
دروستکردنی گوشار و بەدواداچوون. بەو مانایەی تاکە شتێک کە دەستەڵاتدار
دەسڵەمێنێتەوە لە سنووردارکردنی حەز و هەیمەنەخوازی خۆی بەتەنیا دەقێکی
یاسایی نیە، بەڵکو فشاری ئۆپۆزسیۆن و جۆشدانی جەماوەر و ڕێکخراوەکانی
کۆمەڵگای مەدەنیە بە ئاڕاستەی زیاتر کرانەوە و دیموکراسیبوون و
چەسپاندنی سەروەری یاساکان و دەستەبەرکردنی زیاتری ماف و ئازادیەکان.
ئەگەر ئەو تێکهەڵکێشیە لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگای مەدەنی نەبێت و
هەماهەنگ نەبن و یەکتر تەواو نەکەن، بوون و نەبوونی دەقەکان وەکو
یەکیان لێدێتەوە، کە بەداخەوە تا ئێستاکەش لە کۆمەڵگای کوردستانیدا
نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی تەواوکاریە لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگای
سڤیلسالاردا.
ئاسۆ: لەگەڵ
ئەوەى خەڵکى کوردستان بە یاساناسان ورۆشنبیران و سەرجەم چین وتوێژەکانى
ترەوە داواى دەستوورێک دەکەن بۆ دیاریکردنى ئەرک ومافەکان.وەلێ ئێستا
تێبینى دەکرێت دواى پەسندکردنى رەشنووسى دەستوور لەرێگاى پەرلەمانى
کوردستانەوە لە24-6-2009 لەلایەن زۆرێک لەیاساناسان و رۆژنامەنووسان
تەنانەت لەلایەن بەشێک لەسیاسەتمەدارانیشەوە ئەم دەستوورە رەتدەکرێتەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە ناوەرۆکى ئەم دەستوورە ئەوەندە دواکەوتوو
وکۆنەخوازانەیە ئەم هەموو هەڵایەى لەسەردروستکراوە؟، ئایا یەکەم
رەشنووسى دەستوور لەمێژووى کوردستاندا دەبێتە سەرەتایەک بۆ دروستبوونى
قەوارەیەکى دیموکراتى لەهەرێمى کوردستاندا یان بەپێچەوانەوە؟.
ئیبراهیم مەلازادە: لێرەدا ئیشکالیەتێک
هەیە، دەبێت چارەسەری بکەین، ئەویش ئامادەنەبوونی ئەقڵ و گیرۆدەبوونە
بە کار و کاردانەوە. بەداخەوە هەندێک لە ڕەخنەگران بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە
لەبەر هەر هۆیەک بێت نەیانتوانیوە ئۆبژەکتیڤانە بیر بکەنەوە و
ڕەخنەکانیان بخەنە سەر کاغەز. ئەمەش پەیوەندی بە پێکهاتەی ئەقڵی
کۆللـەکتیفی کوردەوە هەیە. لەلایەک تا هەنوکە ئەقڵی کوردی زیاتر
لۆکاڵی و ناوچەییە، وێڕای ئەوەی کە ئەقڵێکی ستراتیژ نیە. لەم ڕووەشەوە
هەردوو لا، دەستەڵات و ڕەخنەگران بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە تیایدا هاوبەشن، کە
بەداخەوە ئەمەش هەمان بیرکردنەوەی ئەقڵی عەرەبەکانە. ئەم بیرکردنەوەیە
خۆی دەنوێنێت لە تێڕوانینی هەنووکەیی، بەوەی دەستەڵات کە دەستور یان
یاسا دادەنێت هەوڵ دەدات هەندێک ماددە بە قەد کاڵا و باڵای کەسێک یا
حیزبی دەستەڵاتدار دابڕێژێت، ڕەخنەگرانیش لە دۆخێکی ئاوادا بە چاوێکی
ئۆبژەکتیڤەوە تەماشای یەکە یەکەی دەقەکان ناکەن، بەڵکو باش یا خراپ
مادام لە فڵان سەرچاوەوە دەرچووە، ئەگەر باشیش بێت بە شێوەیەکی
سەبژێکتیڤانەوە لەقاوی دەدەن. ئەمە گیرۆدەبوونە بە کار و کاردانەوە،
ئەقڵ لەو گۆڕەپانەی ململانێدا ڕۆڵ نابینێت بێجگە لە غەریزە.
لە ڕەشنوسی دەستوری پێشنیازکراودا کێشە ئەرک و مافەکان نین، چونکە پێم
وایە لەم ڕووەوە هەنگاوێکی باشی ناوە، کۆمەڵێک ئازادی دەستەبەر کراون
کە تا هەنوکەش لە هەندێک وڵاتی دونیای سێیەمدا هەر خەون و خەیاڵن، لە
هەندێک ولاتی خودی دراوسێی هەرێمی کوردستاندا مەگەر بە خەباتێکی
خوێناوی بەو مافانە بگەن ئەگینا هیچ ئومێدێک لە ئاسۆی نزیکی ئەوانەوە
دیار نیە بۆ گەیشتن بەو مافانە بە شێوازی خەباتی سڤیلسالارەوە.
نیگەرانی من لە خاڵی دیکەدایە کە دوایی دێینە سەری، لەو دژبەریانە دایە
کە لەناو هەناوی دەستورەکەدا هەن و پێویستی بە یەکلاکردنەوەیانە.
بەهەر حاڵ نیگەرانیەکان لە دوو کێڵگەی خاڵی گرنگدا چڕ دەبنەوە. واتە
دوو جۆری نیگەرانی هەن، یەکێکیان پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆی خەڵکی
کوردەوە هەیە، پەیوەندی بە درێژبوونەوەی هەیمەنەی دەستەلات و مافە
دیموکراسیەکان و کێشەی گەندەڵی و ئازادیەکان و پێگەی ژنان و لاوان و
تاداویی توێژ و چینەکانی کۆمەڵگاوە هەیە. هەموو ئەو پرسانە دەکرێن بە
خەباتی مەدەنی و چالاکی ئۆپۆزسیۆن چارەسەر بکرێت، ماددەکانی دەستور و
یاسایەکان لەڕێی پەرلەمانەوە لە دهاتوودا بە ئاسانی هەموار بکرێن. ئەم
نیگەرانیە بە نیگەرانی "سپی" ناودەبەم، چونکە چارەسەری ئاسانە و
پێویستی بە خەباتە.
نیگەرانی دووەم، نیگەرانی دەرەکی و پێگەی کوردە لە هاوکێشەکاندا کە بە
نیگەرانی "ڕەش" ناوزەدی دەکەم. کۆمەڵێک کێشەی هەڵواسرامان هەن لەگەڵ
گەلی سەردەست یا گەلانی سەردەستدا. هەندێک لەو کێشانە کێشەی چارەنوسساز
و ڕاستەقینەن، پەیوەندیان بە داهاتووی نەوەکانمانەوە هەیە. ئا لێرەدا
ئەرکی چەسپاندنی ئەو مافانە کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر ئایندەی گەلی
کوردەوە. بەتایبەتیس کێشەی ناوچە دابڕاوەکان، کە بەداخێکی گرانەوە
کارایی ئەکتەری کورد لەو کێبڕکێیەدا وەکو پێویست ڕۆڵی خۆی نەبینی. ئەو
چرکانەیان لەدەستدان کە هێشتا ڕکابەرەکان مەست و حەیران بوون و بەئاگا
نەهاتبوونەوە. لە ڕەشنوسی دەستوری پێشنیازکراویشدا دیسان کەوتوونەتە
ناو خەیاڵی ماددە یاساییەکان. وەکو لە پێشەوەش باسم لێوە کرد، دەق لە
ئامادەنەبوونی ئەقڵدا ڕۆڵێک نابینێت، ئەوە بێجگە لەوەی کە ئەو دەقانە
موجازەفە کردنن بە مافێکی جێگیری میللەتێکەوە. بۆیە باشتر وابوو سنووری
ئەو بەشەی کوردستان تێکەڵ بە چەمکی هەرێم و سنووری سیاسی و چی و چی
نەکرێت، بەڵکو باس لە سنووری باشووری کوردستان بکرابایە و بواری ئەگەر
و ئامرازە مەرجدارەکان لە دەستوردا جێی نەکرابایەوە.
بەشێوەیەکی گشتی من بەش بە حاڵی خۆم کۆمەڵێک تێبینی سەریا "جیددی"م هەن
لەسەر ماددە و بڕگەکان، بەڵام ئەو تێبینیانە ئەوە ناگەیەنن کە تەواوی
دەستوورەکە جێگای نیگەرانی بێت، چونکە ڕەشنووسەکە کۆمەڵێک ئەرک و مافی
پێشکەوتوو لەخۆ دەگرێت و دەبێت پارێزگاریان لێبکرێت. ئەرکی ئۆپۆزسیۆن و
ڕەخنەگرانیش لەر ڕووەوە زۆر گرنگە بەڵام بەو مەرجەی بە شتە باشەکان
بڵێین باش و بە خراپەکانیش خراپ. من بەش بە حاڵی خۆم ژیان لە سایەی
دەستورێکی سەقەتدا بە باشتر دەزانم لە ژیان لە سایەی بێ دەستوریدا،
چونکە لە بوونی دەستوردا هەندێک شت مسۆگەرە، بەڵام لەبێدەستوریدا هیچ
شتێک مسۆگەر نیە. بوونی دەستور بۆ ئۆپۆزسیۆن گرنگترە تا بۆ دەستەڵات،
چونکە دەستور بە هەموو کەموکوریەکانیشیەوە تاکە پەنایە بۆ بڕەودان بە
خەبات لەپێناو بەدستهێنانی مافە دیموکراسی و یاسایی و ئازادیەکانەوە.
ئاسۆ:
لەبڕگەى"10" ماددەى"19" رەشنووسى دەستوورى هەرێمى کوردستان-عێراق،
هاتووە هەموو کەسێک مافى ئازادیى رادەربڕینى هەیەو پێویستە ئازادیى
رۆژنامەگەریى وهۆکارەکانى راگەیاندن و رادەربڕین فرەلایەنیان
مسۆگەربکرێت. لەهەمان بڕگەدا هاتووە ئەو مافە توانج وتەشەرەو
دەستدرێژیى بۆ سەرمافى خەڵکى دیکەو سوکایەتى بەپیرۆزییە ئاینییەکان
وهاندان بۆ توندوتیژیى برەوپێدانى رق وکینە لەنێو پێکهاتەکانى خەڵکى
کوردستان ناگرێتەوە. پرسیارەکەم ئەوەیە ئەم بڕگەیە لەماددەى"19"
ئازادیى رۆژنامەوانى ورادەربرین بەرتەسک ناکاتەوە، مەرجدانانێکى
لەمجۆرە لەدەستووردا نامانگەیەنێتەوە بەخاڵى سفر؟.
ئیبراهیم مەلازادە: لەسەرەتادا دەبێت
ئەوە بزانین کە ئەوەی کۆمەڵگای کوردی بەڕێوە دەبات بێجگە لەڕووبەرێکی
بەرتەسک نەبێت کە تیایدا پێڕەو لە یاسا دەکرێت، بەڵام ڕووبەرە زۆرەکەی
هێشتا داب و نەریت و نۆرمە کۆمەلایەتی و ئاینیەکان بەڕێوەی دەبەن.
نابێت لەبیرمان بچێت لە کۆمەڵگای کوردستانیدا تا ئەمڕۆش بە پاساوی
هەمەجۆرەوە تاوان ئەنجام دەدرێت، جیاوازی لەنێوان نێرینە و مێیینەدا
دەکرێت، بازرگانی بە ژنانەوە دەکرێت کە لەبڕی خوێن دەدرێنە خوێنبەر.
دەمارگیری ئاینی، خێڵەکی، خێزان و چی و چی لەبڕەودایە، تۆڵەی خێڵەکی
لەجیاتی یاسا پێڕەوی لێدەکرێت و لەدەرەوەی دادگادا یەکلایی دەکرێنەوە چ
بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ یا بە شێوەی نێگەتیڤەوە. بۆیە یاسادانەر لە سات و
کاتی یاساداناندا کۆمەڵێک پرێنسیپ ڕەچاو دەکات، من لێرەدا کارم بەسەر
هەق و ناهەقی یاسادانەرەوە نیە، ئەوە دەبێت جەماوەر حوکمی لەسەر بدات،
بەڵام لەسەرمانە ئەو واقیعە وەکو خۆی پیشان بدەین. چارەسەرکردنی ئەو
ترادیسیۆنە تەنها بە یاسا نابێت، دەبێت زەمینە بۆ ئەو جۆرە گۆڕانە
دروست ببێت. کاتێک کۆمەڵگا ئامادەیی تیانەبێت بۆ هەندێک ئازادی ئەو
کاتە دەبێت شێوازی هۆشیارکردنەوە بگیرێتە بەر. پێویستی بە خەبات و
بەرخودانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای سڤیلسالارەوە هەیە.
لەلایەکی دیەکەوە، جۆرێک لە تێکهەڵی هەیە لە بڕگەکەدا. هەڵبەت هیچ
پاساوێک نیە بۆ دەستدرێژی بۆ سەر مافی خەڵک، چونکە ئەوە مافی تۆ نیە،
بەڵام نازانین ئەو مافانە چین؟ هەڵبەت سوکایەتی بە پیرۆزیەکانی
هەرکەسێک ئاینی بن یا هەر شتێکی دی کاری ڕۆژنامە و خەڵک نیە، بەڵام
دەبێت یاسادانەر ئەمەمان بۆ ڕوون بکاتەوە داخۆ سوکایەتی چیە؟ بۆی هەیە
بەلای ئەوەوە ڕەخنەی زانستی و توێژینەوەش هەر سوکایەتی بێت. بۆیە ئەو
سنووردارکردنەی ئازادیەکان باشترە بە یاسا چارەسەر بکرێت، واتە
لەکۆتایی بڕگەکەدا ئاماژە بە ڕێکخستنی ئەو مافانە دەکرێت بە یاسا. لە
دەستوردا ئەو هەموو درێژدادڕیەی ناوێت. ئەمەش پەیوەندی هەم بە ئاستی
ڕۆشنبیری یاسادانەرەوە هەیە، هەمیش پەیوەندی بە مەترسی لە ئاڵۆزی
کۆمەڵگاوە هەیە و یاسادانەر لەسات و کاتی یاسا داناندا هەموو
لایەنەکانی پرسەکە لێکدەداتەوە.
ئاسۆ:
لەماددەى( 2) رەشنووسى دەستوورى هەرێمدا هاتووە: یەکەم:کوردستانی عێراق
قەوارەیەکى جوگرافیى مێژووییە، پێکدێت لەپارێزگای دهۆک بەسنووری
کارگێڕی ئێستایەوەولەپارێزگاکانی کەرکووک وسلێمانی وهەولێر وقەزاکانی
ئاکرێ وشێخان وسنجارو وتلکێف وقەرەقوش وناحیەکانی زمارو بەعشیقەو ئاسکی
کەڵەک لەپارێزگای نەینەواو هەردوو قەزای خانەقین ومەندەلی لەپارێزگای
دیالە. ئەمانەش بەسنووری کارگێڕیى پێش ساڵی 1968یانەوە. دووەم: سنوورە
سیاسییەکانى هەرێمی کوردستان-عێراق، بەپشت بەستن بەجێبەجێکردنى ماددەى
(140)ى دەستوورى فیدڕاڵی، دیاردەکرێن. پرسیارەکەى من ئەوەیە ئێوە چ
خوێندنەوەیەکتان بۆئەم ماددەیە هەیە پێتانوانییە یەکلانەکردنەوەى کێشەى
ناوچە دابڕاوەکان و جێبەجێ نەکردنى ماددەى 140و ناڕوونى لەئایندەى ئەم
ناوچانە کێشەیەک لەم ماددەیە دروستدەکات، لەکاتێکدا لەبڕگەى دووەمى
ماددەکەدا ئاماژە بەسنوورى سیاسیى کراوە نەک جوگرافى؟.
ئیبراهیم مەلازادە: لێرەدا یاسادانەر
بەشێوەیەکی ئۆبژێکتیڤانە نەکەوتۆتە ناو دانانی یاسای تایبەت بە سنورێ
هەرێمەوە. بەڵکو کەوتۆتە ژێر کاریگەری ڕەوشی هەنووکەییەوە، کە ئەمەش
بەشێکە لە قەیرانی ئەقڵی یاسادانەر و ناتوانێت ستراتیژیانە بیر بکاتەوە.
لێرەدا تاکی کورد و یاسادانەریش وەکو یەکێک لەو تاکانە، لە قەیرانی
دوالیزمەدا دەژیت، دوالیزمەی عێراقیبوون و کوردبوون. ئێمە وڵاتێکی
مێژووییمان هەیە پێی دەڵێین کوردستان، زۆربەی خەڵکی کورد خەون بەو
ڕۆژەوە دەبینێت کە کوردستان قەوارەیەکی سیاسیشی هەبێت و خۆی لە
دەڵەوتدا ببینێتەوە، کە تاکەکانی گەلی سەردەست تا هەتایە لەو خواست و
حەزە ئەبەدیەی کورد تێناگەن. لەلایەکی دیکەوە لەبەر ئاڵۆزی دۆخەکان و
هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانەوە یاسادانەر بە شەرمنیەوە باس لە
مافەکان دەکات. بەو مانایەی لێرەدا یاسادانەر بڕوای بەوە هەیە کە (کوردستانی
عێراق "موڵکی عێراق نیە و" قەوارەیەکی جوگرافی مێژووییە)، بەڵام تەنها
بە دیاریکردنی ئەو قەوارەیە واز ناهێنێت، نەبادا ئیشکالی بۆ دروست ببێت،
بۆیە دوایی دێت و خۆی دەخاتەوە ناو گێژاوی سنووری سیاسی و ماددەی 140ی
مەتەڵ و تادوایی ئاڵۆزیەکان. ئەم تێکچڕژانە بەنیازی ئەوەیە بۆ ئەوەیە
لایەنی کوردی واپیشانبدات کە پابەندە بە چارەسەرییە یاساییەکان و
خۆدوورگرتن لە ڕەخنە و لۆمەی دۆستان و هەڕەشەی ناحەزان، بەڵام هەموومان
بینیمان ئەم لەبەرچاوگرتنەش هەر دادی سیاسیەکان و یاسادانەری نەدا،
بەڵکو دوای ئەوەی ڕەشنووسی دەستور دەنگی لەسەر درا، عەرەبە عێراقیەکان
ڕاست و چەپ کەوتنە وێزەی کورد و بە جوداخواز و ئاژاوەگێڕ و فراوانخواز
و ئۆپپۆرتۆنیست ناوزەد کرا و دەشکرێت. لێرەشدا ئیشکالیەتێک هەیە، لە
ڕووێکەوە ئەو عەرەبە ڕەخنەگرانە ناهەق نین، چونکە لە ڕۆحی کورد تێناگەن،
لە حەز و خەونەکانی کورد تێناگەن، لەوە تێناگەن کە خەڵکی کورد قوربانی
هاوکێشە هەرێمی و نێودەڵەتیەکانە، لەوە تێناگەن کە کورد لەوان جیاوازە
و ئەوەی کە هەیە بەشێکە لە مافەکان نەک هەموو مافەکانیش. ئەگینا ئەگەر
ئەوە دۆخی کورد نەبوایە، لەوانەیە هەندێک شت پێچەوانە بووبانەوە.
کەواتە دەستور پێویستی بەو ئاڵۆزی و درێژدادڕیە نەدەکرد، دەبوایە
ماددەکە بڕگەی دووەمی لەخۆ نەگرتبایە و مەتەڵی 140 یش لێرەدا دووبارە
نەبووبایەوە.
ئاسۆ: لەبڕگەى
یەکەمى ماددەى (6)دا هاتووە نابێت هیچ یاسایەک دابنرێت ناکۆک بێت لەگەڵ
حوکمە نەگۆڕەکانی ئیسلام. هەوەها لەبرگەى دووەمى ئەم ماددەیەدا هاتووە
ناشبێت هیچ یاسایەک دابنرێت ناکۆک بێت لەگەلڕ بنەماکانی دیموکراسی.
پرسیارەکە ئەوەیە ئیشکالاتێکى گەورە بەدیدەکرێت لەم ماددەیەداو هەمان
ئەو کێشەیەش لەدەستوورى عێراقدا هەیە. لەگەڵ ئەوەى برگەى یەکەم بۆ
رازیکردنى حزبە ئیسلامییەکان لەدەستووردا دانران ولەرەشنووسى ئابى2006
نەبووە، بەڵام چاودێران پێیانوایە ئەم بڕگەیە پێشێلکردنێکى ئاشکراى
دیموکراتیەت وئازادییە فەردییەکان وپێشلکارییەکى ئاشکراى مافەکانى
ژنانیشە ئێوەش واى دەبین یان بەپێچەوانەوە؟.
ئیبراهیم مەلازادە: ئەم ماددەیە کێشەیەکی
گەورەیە لە دەستوردا. لێرەدا یاسادانەر کەوتۆتە هەڵەیەکی یاسایی زۆر
ترسناکەوە. هەڵبەت ئەمەش بەهۆی دەستوەردانی سیاسیەکان. من ئەو ڕۆژەم
باش دێتە بیر کە بە یەک دوو هەفتە بەر لە هەلبژاردن سەرۆکی هەرێم لە
دیدارێکی لەگەڵ ڕۆژنامەواناندا گوتی "چی تیایە ئەگەر لەدەستور دینی
زۆرینە دیاری بکرێت". لەگەڵ ڕێزی زۆرمان، یاسادانان و بەتایبەتیش
دۆکومێنتی دەستور بە "چی تیایە" نابێت. دەستور کاری پسپۆر و شارەزایانە
و بە چی تیایە دەوڵەت بەڕێوە نابردرێت. دەستور و یاسا وەکو ماتماتیک
وان و هەڵە قبوڵ ناکەن، دەی قەت بووە بڵێین چی تیایە ئەگەر "دوو کەڕە
دوو بکاتە یەک؟"، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە هێشتا گیرۆردەی ئامادەنەبوونی
ئەقڵ و کار و کاردانەوەین. شتێک نیە پێی بگوترێت ستراتیژیەت، ئەوە
بێجگە لەوەی کە ئەوە کاری سەرۆکی هەرێم نەبوو، ئەو مافی ئەوەی هەیە
وەکو هاوڵاتیەک و وەکو سەرۆکی هەرێمیش دەیتوانی ڕاسپاردەی خۆی بداتە
پەرلەمان، ئەوسا دەمایەوە سەر بیروڕای یاسادانە ر و شارەزایان. لەو
باوەڕە دام ڕۆژێک دێت بۆ خودی سەرۆکی هەرێم دەبێتەوە بە کێشە و گرێ
کوێرە. بەهەر حاڵ ئەو لێرەدا چووە ژێر فشاری ئیسلامیەکان، لەکاتێکدا
ئەو هەر سەرۆکی ئیسلامیەکان و مسوڵمانانی کوردستانیش نیە، بەڵکو سەرۆکی
هەموو ئەو هاوڵاتیانەیە کە لەو هەرێمەدا دەژین.
لەم دووڕیانەشەوە ئەوەی لەو پرسەدا گرنگە ئەوەیە، ئەگەر بڕیار بێت ئێمە
قسە لە هاوڵاتیبوون بکەین، چەمکی هاوڵاتیبوون پێویستی بە دەسنیشانکردنی
نە ئاینی زۆرینە و نە هی کەمینە هەیە. چونکە هاوڵاتی بوون مافی هەموو
تاکەکانی کۆمەڵگا بەیەک ئاست و بەیەک ڕەهەندەوە دەسنیشان دەکات. ئەم
هەوڵاتیبوونەش چەند ئاکامێکی دەبن. یەکەمیان: ئەرک و مافەکان لەسەر
بنەمای هاوڵاتیبوون دەبن نەک لەسەر بنەما ترادیسیۆنێلەکانی وەکو ئاین و
نەتەوە و ڕەگەز و خێڵ و تادوایی سەبژەکتیڤەکانی دیکە. دووەم: لە
گەردوونی دیموکراسیدا کە هاوڵاتیبوون یەکێکە لە ئاکامەکانی، ئاین و
بیروباوەڕەکانی هەموو خەڵک بەیەک ڕەهەند ڕێزلێگیراو دەبن، کەواتە، ترس
لەسەر کەس نیە چۆن بیر دەکاتەوە و چۆن خواپەرستی دەکات، ئەگەر بڕیار
بێت ئاین بەشێک بێت لە تایبەتی و گەوهەرەکانی مرۆڤ، نەک لەو سنوورە
تێپەڕێت. سێیەم: ئەگەر زۆرینە زۆرینەیە، بۆ لە ئاین و بیروباوەڕەکانی
خۆی دەترسێت، مەگەر ئەو زۆرینە نیە؟ چوارەم: مەگەر ئەو دەسنیشانکردنە
جۆرێک نیە لە فەزڵ و ڕێز بەسەر ئەوانیدیدا، ئەمەش پێچەوانەی چەمکی
هاوڵاتی بوونە. پێنجەم: بەهای مرۆڤ بە زۆرینە و کەمینە هەڵناسەنگێنرێت.
بەهای مرۆڤ بەهایەکی ئۆتۆنۆمی تایبەتە بە خودی کەسەکە. واتە ئەو بەهایە
لەچوارچێوەی هاوڵاتیبووندا بە کەسانی دەوروبەری نە زیاد دەبێت و نەکەم،
بەڵکو خودی کەسەکە ڕۆڵی بەرزبوونەوە و نزمبوونی بەها تایبەتیەکانی خۆی
دەبینێت. نەک لەبەر ئەوەی ئەندامە لە زۆرینەی کۆمیونیتێی زۆرینە، یا
لەبەر ئەوەی سەر بە ئاینێک یا ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتە.
لەو پێودانگەشەوە ماددەی 19، بڕگەی نۆیەم بەس بوو بۆ ئەوەی هەموو
ئاینەکان بەیەک ئاست و ڕەهەند ڕێز لێگیراو بن. هەروەها ئەو ماف و
ڕێزلێگیرانە لە ماددەی 29 و 34 دا و بە زۆر شێواز لە شوێنی دیکەشدا
دووپات کراونەتەوە.
لەهەمووش ترسناک تر، ئەوەیە کە ئەم ماددەیە لەخودی خۆیدا ڕەنگدانەوەی
ئەو گەڕەلاوژێیەیە کە لە ئەقڵی کەسەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە. من تێناگەم
یاسادانەر چۆن دەتوانێت لەو دوالیزمە ڕزگاری بێت. دوالیزمەی ئاین و
دیموکراسی. گەردوونی ئەم دوو چەمکە لەدوو پانتایی تەواو جیاوازەوە
سەردەگرن. پانتاییەک دەستەڵات بۆ خوا دەگێڕێتەوە و خودا یاسادانەرە و
ئەو دەسنیشانی حەرامەکان و حەلالەکان دەکات. گەردوونێکیش ئەو دەستەڵاتە
دێنێتەوە سەر زەوی و دەیداتەوە دەست مرۆڤەکان خۆیان. لەگەردوونی
یەکەمدا سنوورەکان دیاریکراون. کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای نەگۆڕ هەن، هەندێک
لەو یاسا و ڕێسایانە تەواو پێچەوانەی ئەو یاسا و ڕێسایانەن کە لە
گەردوونی دیموکراسیدا بەرجەستە دەبن. من لێرەدا کارم بەسەر ئەوە نیە
کامیان باشە و کامیان خراپ، بەڵام ئەوە دەزانم کە ئەم ماددەیە وەکو
مەتەڵ وایە، کەس ناتوانێت هەڵی بێنێت بێجگە لە یاسادانەری عێراقی.
چونکە کت و مت ماددەی دووەمی دەستوری عێراقە. دەی بە پێی ئەو ماددەیە
بێت کۆمەڵێک دەقی نەگۆڕی ئاینی هەن دەبێت هەموار بکرێن، ئایا ئەو کارە
ڕێگای پێ دەدرێت؟ پێم وایە پەرلەمانی ئێستا لەسەریەتی جارێکی دیکە
نەشتەرگەریەک بۆ ئەو دەستورە بکات ئینجا بیخاتەوە بەر دەستی هاوڵاتیان.
لەوێدا بڕیار بدەن، یان بڕگەی یەکەم هەڵبگرن کە دەڵێت "نابێت یاسایەک
دابنرێت کە لەگەڵ حوکمە جێگیرەکانی ئیسلام ناتەبا بێت"، یا دەبێت بڕگەی
دووەم هەڵبگرن کە دەڵێت "نابێت یاسایەک دابنرێت کە لەگەڵ بنەما
دیموکراسیەکان ناتەبا بێت". ئەگەر هی یەکەمیش هەڵبژێرن، ئەوا چەندین
ماددە و بڕگەی دیکە لە دەستوردا دەبێت لابدرێن و نەهێڵرێن. چونکە یاسا
نابێت ماددە و بڕگەی دژ بەیەکیتری تێدا بن بێ ئەوەی چارەسەریان بۆ
دیاری بکات. ماددەی 20 و بڕگەی دووەمی تەواو پێچەوانەی ماددەی شەشەمە
کە ئاینی زۆرینە دیاری دەکات. لەو ماددەیەدا باس لە یەکسانی دەکات و
نابێت جیاکاری هەبێت، دەی ئەوە جیاکاریەکی تەواوە لەنێوان هاوڵاتیانی
هەرێمدا و هەڵگری ئاینەکانی دیکە ئەگەر نەترسن و دەستەڵاتیان هەبێت
نایەکسانی خۆیان دەگەیەننە ئاسمان و هەموو سووچەکانی دونیا. ئەمە هەر
وەکو ئەوە وایە کە لەدەستوردا ماددەیەکیش هەبێت بڵێت نەتەوەی زۆرینە
دەبێت ڕێز لێگیراو بێت، بەپێی ئەو ماددەیە عەرەب مافی ئەوەی هەیە لە
دەستور بنوسێت دەبێت عەرەب ڕێزلێگیراو بن. دەی ئێمەی کورد زۆرترین
پێکهاتەین کە لەو ڕووەوە زوڵممان لێکراوە. ئەمە هیچ جیاوازیەکی نیە
لەگەڵ ئەو داوایەی کە دەڵێت دەبێت لە دەستوردا جێگیر بێت کە عێراق
بەشێکە لە نیشتمانی عەرەبی. جیاوازی نیە لەگەڵ دەستوری تورکیا کە
سەروەری بۆ رەگەزی تورک جێگیر دەکات.
ئاسۆ: لە مادەی :118:دەستوورەدا هاتووە
" دەستوورەپاش رەزامەندی زۆرینەی دەنگدارانی گەلی هەرێمی کوردستان
لە راپرسیەکی گشتیدا بەپەسەندکراو دادەنرێت".واتە ڕیژە دیارى نەکراوە
بۆ پەسەند کردن یاخود ڕەت کردنەوەى دەستور ،چاودیران و یاساناسان ئەمە
بەکێشەیەکى گەورە دەبینن و پێیان وایە دیارى نەکردنى بەبەڵیى ڕێژەى دوو
لەسەر سێى خەڵکى کوردستان بەدەستور فێڵێکى سیاسیەو بۆتێپەراندنى
دەستور.من دەمەوێت ئەوە بپرسم تاچەند ئەم ڕەخنانە لەجێگاى لەجێگاى
خۆیدایە ؟.
ئیبراهیم مەلازادە: لەڕاستیدا ئەمەش
کێشەیەکی دیکەیە و وشەی "زۆرینە" زیاتر لە مانایەک بەخۆیەوە هەڵدەگرێت.
بەڵام ئەوەی من تێبینیم کرد زۆربەی ئەو پرسانەی پەیوەندیان بە
دەستورەوە هەیە، دەبێت دوو لەسەر سێی پەرلەمان لەگەڵی دابن بە پۆزتیڤ
یا نێگەتیڤ دەنگی بۆ بدەن، ئەمەش بەزۆری لە ماددەی 53 و ماددەی 120 دا
دووبارە بۆتەوە. لێرەشدا دەکرێت قیاس لەسەر ئەو بنەمایەی دوو لەسەر سێ
بکەین بۆ ڕاپرسی گەل. واتە دەبێت دوو لەسەر سێی دانیشتوانی هەرێم بڵێن
بەڵی بۆ ئەو دەستورە. ئەمەش دەکرێت لە پەرلەمانی تازەدا بڕیارێکی بۆ
دەربکرێت و کوتلەیەکی پەرلەمانی بەپێی بنەما یاساییەکان پڕۆژە یاسایەکی
لەو جۆرە پێشکەش بکەن. بۆیە پێشنیاز دەکەم کە پەرلەمانی نوێ ئەم کێشەیە
بەیاسایەکی تایبەت چارەسەرە بکات.
|