په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٩\٢٠١١

ئیدانه‌ی پێشێلکارییەکانى سەر ڕۆژنامەنوسان دەکه‌ین لە شارى هەولێر.


هەولێر 16ی ئەیلول 2011

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان ئیدانەی چونە سەر کەناڵی ئاسمانی هەولێرو رێگری و پێشێلکارییەکان دەکات بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان لە پایتەختی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

رۆژى پێنج شەممە بەهۆى رێکلامکردنی کەناڵى ئاسمانى هەولێر بۆ بڵاوکردنەوەى ریپۆرتاژێکى تایبەت بە شوقە تەواونەکراوەکانى سەر رێگاى کەسنەزان، بەبێ ئاگادار کردنەوەى پێش وەخت هێزێکى پۆلیس بە مەبەستی دەسگیرکردنی خاوەنی کەناڵەکە پۆلیس دەچنە سەر ئۆفیسی سەرەکی کەناڵی ئاسمانی هەولێر لە شاری هەولێر.

هێرش تەیار خاوەن ئیمتیازى کەناڵى ئاسمانى هەولێر بە میترۆى وت " بەبێ ئەوەى پێشتر لە لایەن سەندیکاى رۆژنامەنووسانەوە ئاگادار بکرێمەوە بۆ چوونە بەردەم دادگا، هاتنە سەر کەناڵەکەمان" جەختیکردەوە" هاتنی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنى من بوو، لەو کاتە من لەوێ نەبووم".

باسیلەوەشکرد هاتنی ئو هێزە لە ئەنجامی تۆمارکردنى سکاڵایەکە لەلایەن محەمەد نەورۆزى خاوەن کۆمپانیاى تایبەت بە تەواوکردنى شوقەکانى سەر رێگاى کەسنەزان لە کاتێکدا ئەوان " لە ریپۆرتاژەکەدا بەهیچ شێوەیەک ناوى هیچ کۆمپانیا و کەسێکیان" نەهێناوە.

یەکێک لە کارمەندانى کەناڵى ئاسمانى هەولێر نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە میترۆى ووت "پۆلیس بەشێوەیەکى زۆر توندو نەشیاو رەفتاریان لەگەڵ کارمەندان کرد تائێستا بە چەندین ژمارەى نەناسراو هەڕەشە لە ئامادەکار و پێشکەشکارى ریپۆرتاژەکە دەکەن"

بڕیارە رۆژى یەک شەممە بۆ یەکلاکردنەوەى کێشەکە هێرش تەیار بە لەبەردەم دادگا ئامادە بێت

عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەى پۆلیسى هەولێر بە میترۆی ووت" دوور و نزیک هێرش تەیار رۆژنامەنووس نییە و ئەندامى سەندیکاى رۆژنامەنووسانیش نییە، پۆلیس نەچووە دەستگیرى بکات و ئەوە هیچ بنەمایەکى نییە" پرسیاریکرد"خەڵک کۆمپانیا دابنێت بۆچى دەبێتە رۆژنامەنووس؟"

هەر لەمانگی ئەیلولدا رۆژنامەنوس پەیوەندیان بە سەنتەری میترۆوە کردوە سکاڵایان تۆمارکردوە لە سەر ئەو پیچشێلکاریانەی روبەرویان بۆتەوە.

رۆژنامەنووس لە گۆڤار و ماڵپەڕى ستاندەر ئالان ساحێبقڕان بە میترۆى وت "شەوى 2/9 لە لایەن ژمارەیەکى نەناسراو هەڕەشەم لێکرا بەوەى لێرە بەدواوە ئەگەر بێدەنگ نەبم ئەوا بێدەنگم دەکەن و هەولێریشم پێچۆڵ دەکەن".


بەپێى وتەکانى ئالان لە پەیوەندییەکەدا پێى راگەیەندراوە "ماوەیەکە خۆمان لە تۆ بێدەنگ کردووە، بە کەیفى خۆت دادەبەزیتە سەر حکومەت و ئەرزەکانى زانکۆى کوردستان" جەختیکردەوە" ئەو ژمارە تەلەفۆنەى لە رێگایەوە هەڕەشە لە ئالان ساحێبقڕان کراوە، 33170700390 +"

رۆژى 2/9 لە یارێگاى نێودەوڵەتى هەولێر، لەکاتى ئەنجامدانى یارى تۆپی پێى نێوان عێراق و ئوردن لە پاڵاوتنى کیشوەرى ئاسیا بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانى 2014، رێگرى و هەڕەشە لە تیمى کەناڵە ئاسمانییەکانى نالیا و KNN دەکرێت و هێرش دەکرێتە سەر وێنەگرى کەناڵى نالیا "بە قامچى" لێى دەدرێت.


ئەحمەد مستەفا پەیامنێرى وەرزشى کەناڵى ئاسمانى نالیا بە میترۆى وت "لەو کاتەى خۆم وێنەگرەکەمان ویستمان بچینە ناو یارێگا بۆئەوەى رووماڵى رووداوەکانى نێو یارییەکە بکەین، سەرەڕاى ئەوەى ناسنامەى رۆژنامەوانى خۆم پیشاندان بەڵام لە لایەن پۆلیسەکانى ئەوێ رێگە نەدرا بچینە ژوورەوە"

باسیلەوەشکرد "لەو کاتەى لە دەروەى یاریگا ویستمان راى هاووڵاتییان وەردەگرن، لە لایەن ژمارەیەک پۆلیس هێرش دەکرێتە سەر بەشێک لەو هاووڵاتیانەى کە دەیانەوێت بچنە ناو یارێگا" جەختیکردەوە" لەو کاتەدا نزیکەى 20 کەسى چەکدار کە جلى مەدەنى و پۆلیسیان لەبەر بوو و قامچى و داریشیان پێبوو بۆمان هاتن و وتیان ئەو خەڵکە عەرەبن و بەعسین بۆیە لێیان دەدەین، ئێوە چ پەیوەندییەکتان بەوە هەیە وێنەى بگرن" جەختیکردەوە" بە قامچى لە وێنەگرەکەیاندا و دەست و قاچى ئەزێتى پێگەیشت، بۆ ماوەى نیو کاتژمێر لە لایەن زیاتر لە 15 چەکدار دەست بەسەر کراین"

هەوەها ئارى عەبدوڵڵا پەیامنێرى وەرزشى کەناڵى ئاسمانى KNN بە میترۆى وت "کاتێک ویستمان بچینە ناو یاریگا، پۆلیس و ئاسایشەکانى بەردەرگا وتیان نابێت بچنە چوورەوە، چونکە 9 کەناڵ مافى پەخشی یارییەکەیان کڕیوە، بەڵام بەبێ ئەوەى یەکێک بن لەو کەناڵانە، کەناڵى ئاسمانى کوردستانیان خستە ژوورەوە".


وتیشى "یەکێک لە ئاسایشەکان پاڵى بە منەوە نا و وتى ئێوە بەردەوام بەدواى ئاژاوە دەگەڕێن، ئەگەر دوور نەکەونەوە خراپتان لەگەڵ دەکەین، تەنانەت لە لایەن یەکێکیانەوە هەوڵى لێدانم درا بەڵام یەکێک لە هاورێکانم نەیهێشت".

بەیانى رۆژى 4/9 لە شەقامى گوڵانى شارى هەولێر، هێرش دەکرێتە سەر تیمى بەرنامەى زووم ئین و رێگرییان لێدەکرێت.

رزگار کۆچەر پێشکەشکارى بەرنامەى زووم ئین بە میترۆى وت "رووداوێکى هاتووچۆ لە شەقامى گوڵان روویدا و چووین بۆ رووماڵکردنى وەک هەواڵێک، بەڵام لە لایەن کەسێک کە جلى مەدەنى پۆشیبوو و خۆى بە پلەى رائدى هێزى ژینگە ناساند لەگەڵ کەسێکى دیکە کە هەر لەگەڵ ئەو بوو، پاڵیان بە منەوە ناو شەقێکیان لە مندا و سووکایەتییان پێکردم".


دواتر هەر ئەو کەسانە هەڕەشە لە رزگار و وێنەگرەکەى (ئەحمەد حەمید) دەکەن و پێیان دەڵێن "ئەگەر وێنە گرتن نەوستێنن خراپتان پێدەکەین".


هێرش کردنە سەر تیمى زووم ئین بە بەرچاوى هاووڵاتیان ئەنجام دەدرێت و دواتر تیمەکە بە هەوڵى پۆلیسى فریاکەوتن لە ژێر دەستى ئەو کەسانە رزگار دەکرێن.

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت "هەوڵى دەستگیرکردنى بەڕێوەبەرى کەناڵەکە پەیوەندى بە راپۆرتێکى رۆژنامەوانییەوە هەیە. چونە سەر کەناڵی راگەیاندن بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و سەندیکای رۆژنامەنوسان بە پێشێلکاری یاسای کاری رۆژنامەنوسییە"

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان ئیدانەی هەڵکوتانە سەر کەناڵی ئاسمانی هەولێرو رێگری و پێشێلکارییەکان دەکات بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان لە پایتەختی حکومەتی هەرێمی کوردستان. داواشدەکات دەزگای جێبەجێکاری ئەو شارە رێز لە یاسای کاری رۆژنامەنوسی بگرن کە نوێنەرانی گەلی کوردستان دەنگیان بۆ داوە.

___________________________________________________________
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، رێکخراوێکی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنووسان و مافەکانیان. ئەم رێکخراوە، لە هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان (JFO) دەکات کە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە.


بۆ زانیاریی زیاتر، پەیوەندیی بکەن بە:

نیاز عەبدوڵا، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێر: 0704617014    niyazabdulla@yahoo.com
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ: 07701523300  rahmangarib@yahoo.com
ئاوات عەلى، ئەندامى بۆردى سەنتەرى میترۆ: 07701435822 awatali@journalist.com
 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک