په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١١\٢٠١٠

ئیدیۆم.


عەبدولوەهاب شێخانی

- بەشی یەکەم -


ئیدیۆم زاراوە و وشە و دەستەواژەگەلێکی تایبەتین بۆ بەخشینی مانایەکی قووڵ و جاری وا هەیە چەند مانا لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە و بریتییە لە کینایە و خوازە.
لە هۆزان و چیرۆک و رۆمان و سیاسەت و تەنانەت قسەی رۆژانەشدا بەردەوام کەڵک لە ئیدیۆم وەردەگرین. نووسەرەکان و رۆژنامەوانەکان زۆر کەڵکی لێ وەردەگرن لەبەر ئەوی ئیدیۆم کۆکردنەوەی مانایەکی زۆرە لە چەند وشەیەکدا و لە درێژدادڕی دەیانپارێزێت. لە ئیدیۆمدا قسەی حەکیمانە و فەلسەفی و زۆر جاران قسەی خۆش و نەستەقیش کۆ دەبنەوە. لە کوردەوارییەکەی خۆماندا هەر کەس زۆر کەڵک لە ئیدیۆم وەربگرێت لە نێو خەڵکیدا بە کەسێکی قسەزان و زیرەک لە قەڵەم دەدرێت.


دیارە ئیدیۆمەکان گەنجینەیەکی لە بنەنەهاتووی پێشینیانن و لە باووباپیرانمانەوە بۆمان ماونەتەوە و هیچ ئیدیۆمێک نییە ئەزموونێکی لە پشت نەبێ، هەر وەک چۆن لە پەندی پێشینیانیشدا هەر وایە. بۆیە هێندەی نەخوێندەوارەکانمان لە ئاخافتنی رۆژانەی خۆیانا کەڵًک لە ئیدیۆم وەردەگرن، خوێندەوارەکانمان لەوانەیە ئەوەندەی ئاوڕ لێ نەدەنەوە. ئەگەر پێشتریش باسم کرد کە نووسەرەکان کەڵک لە ئیدیۆم وەردەگرن پێویستە روونتر بیڵێین کە نووسەرەکان تا بەئەزموونتر بن و کوردیزانتر بن زیاتر ئاوڕی لێ دەدەنەوە، ئەگینا بە داخەوە لە زۆربەی هەرە زۆری نووسینەکانی رۆژانەی ئەم کوردستانەدا بە دەگمەن چاوت بە ئیدیۆم دەکەوێت و جار هەیە ئەوەندە بێ جێ و رێ بەکاریان هێناوە سەرت دەسووڕمێ. لێرەدایە دەکرێ بڵێین هەرچی دەستی دایە قەڵەم و وتارێکی نووسی ناکرێ پێی بڵێین نووسەر.


بە گشتی خەڵکی دەشت و گوندان لە ئیدیۆمدا دەوڵەمەندترن لە خەڵکی شاران. لە لایەکی دیکەوە لە کوردەواریی کۆنی خۆماندا لە دیوەخانان ئەوێکی قسەزان نەبوایە مافی قسە کردنی نەبووە، وەک باسیش کرا ئیدیۆم کۆڵەکەی بەگفت و لفتی بووە.


کورد لە زۆر بابەت و لایەنەوە بۆ سازکردنی ئیدیۆم کەڵکی وەرگرتووە. وەک هەموو ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ و خواردن و خواردنەوە و گژ و گیا و بەرد و سرووشتی کوردستانە رەنگینەکە و ئامرازەکانی جووت و گێرە و شەغرە و زۆر شتی لەو بابەتە.


نووسەری ئەم دێڕانە قامووسێکی لە دوو بەرگدا بە ناوی فەرهەنگی ئیدیۆم ئامادە کردووە هەر چەندە بەداخەوە هێشتا بۆم نەلواوە چاپی بکەم و پێشموایە هەر دڵسۆزێکی زمان و ئەدەبی کوردی بۆ لەچاپدانی ئەو فەرهەنگە (500) لاپەڕەییە دەستی دانەرەکەی بگرێت، ئەوپەری کوردایەتییە چونکە بە دڵنیاییەوە چاپبوونی ئەو کتێبە دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە بەسەر دەوڵەمەنکردنی زمانی کوردیدا.


ئەوی لێرەدا دەیخەمە روو ئیدیۆم لە رووی رێزمانییەوە دەبێتە چەند بەش:


1ـ ئیدیۆمی یەک وشەیی، ئیدیۆم هەیە لە یەک وشەی سادە پێک ێت و مانا و مەبەستێکی زۆریش دەدات بە دەستەوە وەک: سایە: سێبەر "لە سایەی جەنابتەوەیە ئەو خۆشییە"
داڵدە: پەنا
رووتە: هەژار


ژان: خەم و خەفەتی رۆژگار ..." کە دەیبینم ژان دەمگرێ"
2ـ ئیدیۆمی دوو وشەیی. زۆر ئیدیۆم هەیە لە وشەی لێکدراو دروست بووە بە هەر دوو وشەکە مانای ئیدیۆمەکە ساغ دەکەنەوە وەک:
دەستدرێژ: خاوەن توانا، بەدەسەڵات
زماندرێژ: زۆر وەڕ، زۆربڵێ، بێ حەیا، دەمشڕ
چاوتێر: دڵاوا، بەخشندە، یارمەتیدەر


3ـ ئیدیۆم لە رستەدا زۆر رستەهەیە دەبێتە ئیدیۆم
ــ شیری پشت گەندووانە: یارمەتیدەری کاتی نەخۆشی
ــ کەنگرە بێ کەسە نیمە: خاوەن خزم و کەسم
ــ دەزانی کێندەر فیسکان دێنێ: کەسێکی زیرەک کە دەزانێ کامە شوێن بە سوودە، دەزانێ لە کوێ قسە بکات و لە کوێ چی بکات. واتە ئەوەی کاری بێ جێ و قسەی بێ جێ ناکات.
ــ ئیدیۆم لە رستەیەکی دوور و درێژدا وەک" هەر یەک جار گورگ بەسەر سەدەی مەحمودبایزدا دێت: یان هەموو رۆژێ کەڵ نامرێ کفتە بە دینار" واتە هەل یەکجار هەڵ دەکەوێ.
یان:" ئا کوڕە ئاگادار بە مەحموود خدر زیندوو بۆتەوە". بە تەوسەوە بە کەسێ دەڵێ کە هەڕەشە و گورشە دەکات و هیچیشی پێ ناکرێت.
ـ حەوت دەردی لێ بوو سوورێژەشی لێ هات، گۆتی یاخوا بەخێر بێی سوورەگوڵی باخان:"بۆ کەسێ دەڵێن بەردەوام تووشی نەهامەتی دێت.


4ـ ئیدیۆم هەیە لە پەرەگرافێکدا: زۆر ئیدیۆم هەیە لە دوو سێ تا چوار رستە پێک هاتووە و یەک مانا و مەبەست دەدەن بە دەستەوە.
ـــ لەو بەهەشتەدا: دەشتی رازاوەی ساینقەڵا لە کەژی بەهارا رازاوەتەوە بە گوڵ و گوڵزار و رەیحانە و وەنەوشە دەستیان لە ملی یەک ئاڵاندووە. هەمووی ئەوە وەسفی جوانیی بەهارە(مەبەست بەهارە).
ـــ خامۆشیی گۆڕ: لەو بەهەشتەدا و لەو دەشتەدا تاقە گۆڕێکی لێیە، وا دیارە دڵی دڵدارانی ئەکولانەوە، بەچی؟ بە خامۆشییەکەی. بە خامۆشی ئەو کەسەی کە لە دوو توێدا سەری ناوەتەوە. بۆ ئەوانەی نازداران و بۆ دەنگ خەرمانان. گۆڕی کوڕێک بەتەنیا لەو دەشتەدا.


5ـ ئیدیۆم لەسەرەتای بەیت و حەکایەتاندا. سەربەندی بەیت و چیرۆکانی پێ دادەمەزرێنن یان لە کۆتاییەکەیدا حیکایەتخوان چیرۆکەکەی پێ کۆتایی دێنێت و دەڵێت:
ـ ئەمن سەرو دێشێنم، خودا سەرو نەیەشێنێ.
واتە ئەمن بەیت و حەقایەتتان بۆ دەگێڕمەوە نەوەکوو سەرتانی پێ بێنمە ژان، داوا لە خوایش دەکەم ئەو ژانەسەرتان بۆ نەهێنێ.
ـــ ئۆباڵ بە ملی ئەو مامۆستایەی ئەمن لێی فێر بوومە/ واتە نازانم راست یان نا.
ــ ئەمنیش کاڵەم دڕا و چیم پێ نەبڕا. واتە چیرۆک هاتە کۆتایی...

 


derya1988@googlemail.com