په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\۴\٢٠١٠

ئیمان و هەڵبژاردن!


ستار محەمەد قادر 


بەر لە بانگەشەی هەڵبژاردن بە ماوەیەک، بەیانیەکی زوو، هێشتا تارمایی تاریکیی شەو روخساری خانوو و کوچەو کۆڵان و شەقامەکانی داپۆشی بوو؛ چونکە جارێ خۆر بە تیشکی زێڕینی سێبەری ئەو تاریکییەی نەڕەواندبووەوە، کە بە هۆیەوە سەرجەم دانیشتووانی شارێکی لە خەودا نغرۆ کردبوو، ئەو بەیانییە زووە بڕیارم دا بۆ قاوڵتی بڕۆم لە سەمونخانەی سەر شەقامەکە، سەمونی گەرم بکڕم، بۆیە خۆم پۆشتە کردو بە بێ ئەوەی کەس ئاگادار بکەمەوە بەرەو سەمونخانەکە بەرێ کەوتم. لە گەڕانەوەمدا بەرەو ماڵەوە، گوێم لە کەسێک بوو بە دەنگێکی زۆر بەرز قسەی دەکرد، چەند مەترێک لەملای سەمونخانەکەوە کابرایەکی دوکاندار کە شتی وشکە دەفرۆشێت مرۆڤێکی بە ساڵا چوو بوو، لە برادەرێکی خۆی دەپرسی بۆ سەر کار دەڕۆیشت، هاو تەمەن بوون، فڵان دەچیت بۆ دەنگدان؟ هەر خۆی بە بێ راوەستان: ئەگەر نەڕۆی بە قورئان بێ ئیمان دەبیت، فڵانە کەس وا فتوای داوە. کابراش لە وەڵامدا وتی: ئەرێ وەڵڵاهی دەڕۆم، چۆن دەبێت نەڕۆین، خۆ لەم دووایی عومرە خۆمان بێ ئیمان ناکەین. منیش سەرێکم باداو لە بەر خۆمەوە گووتم، خودایە رەحمێک؟!


لە هەڵبژاردنی 2005 دا، بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی کورد بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا بکەن، بە دەنگی بێژەرێکی ناسراو، لە سەر شاشەی تیڤییەکانەوە، ئەوە بە بەردەوامی دووپات دەکرایەوە: بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەنفال نەکرێینەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کیمیا باران، تەرحیل، تەبعیس... هتد، نەکرێین، بڕۆن دەنگتان بدەن. لە کاتێکدا گوێم لەو قسانە دەبوو، لە ژێر چرپەی لێوەوە ئەوەم دەگووت: تۆ بڵێی ئەوان ئەو خەڵکە بە چی دەزانن؟ ئاخر بۆ خاتری خودا، بۆ هەموو شتێک کات رۆڵی گرنگ دەگێڕێت، ئێمە با ئەوە لە توواناماندا بێت یادەوەریی ئەو کارەساتانە لە زاکیرەماندا بە زیندوویی بهێڵینەوە، نەک لە هەوڵی ئەوەدا بین زەممەن بەرەو دواوە بگەڕێنینەوەو لە پێناو بەرژەوەندی حزبیدا رووداوەکانی بکەین بە کارتێکی تۆقێنەرو نەوەکانمانی پێ بترسێنین!


شتێکی ئاشکرایە لە کۆی ئەم دوو گووتارە، ئەوە دەخوێنینەوە کە لە رێی ترسەوە ئیش لە سەر کۆی پرۆسەیەک دەکرێت، لە حەقیقەتدا ترس رەتدەکاتەوە!


ئەم جۆرە گووتارانە هێندەی دەبن بە هۆکاری ئەوەی مافی هەڵبژاردن لە تاک بسەننەوە، بە پێچەوانەوە پێی نادەن، هێندەی تاک بە کۆمەڵێک ترس بارگاوی دەکەن، بە فاکت و دونیای هەڵبژاردن ئاشنای ناکەن، هێندەی لە دەرەنجامدا لە نێو دڵ و دەروونیاندا بە گومان دەبن لە خودی پرۆسەکە، بە یەقینەوە بە نێرینی ئومێدەوە لێی نانواڕن، چونکە ئەم گووتارانە بە شێوەیەک لە شێوەکان وا لە تاک دەکەن لە توانایدا نەبێت بە خواستی خۆی گوزارشت لە داخوازییەکانی بکات، لە بەر ئەوەی لە کۆتاییدا ئەوە ئاراستەکانن ئەوان دەگۆڕن، نەک ئەوان بە دەنگەکانیان هاوکێشەکان بگۆڕن! بۆیە ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردن ئەو فاکتەرە بێت تەنها لە پێناو مەرامی سیاسییەکاندا، جارێک بە بەهەشتی بەرین شادمان بکات و جارێکی دیکە دۆزەخێکی هاوشێوەی پرۆسەی ئەنفال و کیمیا بارارانی هەڵەبجەمان بۆ چێ بکات، لەو باوەڕەدام نەتوانین لەم نێوەندەدا هیچ جۆرە بەراوردێک لە نێوان کۆی گۆڕانکارییەکاندا بکەین؛ چونکە بڕوا بوون بە تایبەتمەندیی ئازادیی تاکە کەسیی پرسێکە، لە هەموو پرسگەلێکی وەکو ئیمانداریی لە دونیای دیمۆکراسیی گرنگترە. بۆیە ئیمان لێرەدا هێندەی تاک سەر پشک دەکات بە ئارەزووی خۆی بەشداری لەو پرۆسەیە بکات، ناچاری ناکات. هێندەی تاک موخەیەر دەکات، موسەیەری ناکات!