په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٣\٢٠١٢

ئیمۆکان، رەنگی جوانیی، ھەناسەی ژیانن.


جەمال کۆشش       


ئەو لاوانەی لە نێو تاریکترین رۆژەکانی سەردەمی عیراقدا، گوڵەستێرەی بچووکی دروەشاوەن، ئەو کوڕ و کچانەی، لاسکە باریکەکانیان لە نێو ڕەشەبای کۆنەپەرستی مۆراڵی ئیسلامی دا، بە تەواوی نەکەوت. ئەو ھزرانەی کە باوەڕییان بە وەعزە ترسناکەکانی سیستانی و سەدر و حارس و ئەبوەکانی دی نەھێنا. عەسابەکانی مەھدی و ئەھلحەق و ئەھلی سونە و لیستیان ئامادەکرد و بلۆکیان ھێنا و، شەقامی خوێنیان ڕاخست.


ئیمۆکان، ناڕەزایەتیەکی کلتوورییە بە دەسەڵاتی سیاسی ئیسلامی سیاسی و پانعەرەبیزمی نامۆ بە خەون و ئاوێتە بە فاشیزمی ئاینی پەیداکردنی شوناسێکی یونفیرساڵە کە بەشێک لە لاوان لەدەرەوەی بوونی جەبرییان بۆ خۆیان ھەڵیانبژاردوە. نەفرەتێکی کۆمەڵایەتیە لە دواکەوتوویی سیستەمی ئاداب و رسوماتی کۆمەڵگایەکی تەقلیدی.


بزوتنەوەی ئیمۆکان، لە ناوەڕاستی ھەشتاکان لە ئەمەریکا لە پێشدا لە نیوجرسی و پاشان نیورۆک وەک گروپێکی تایبەتی مۆسیکی سەریانھەڵدا، پاشان تەشەنەیان سەندو جۆریک لە دونیابینی ولە سونەتی سیاسی وفکری وشێوازێک لە ھەڵوێست وەرگرتن وجلپۆشین وخۆئارایشتکردنیان وەرگرت ولەسنووری ئەمەریکا تێپەڕین وپەرینەوە ئەوروپا و گروپی مۆسیقی جۆراوجۆریان دامەزراند ھەریەک بە تایبەتمەندی خۆیەوە. بەگشتی دژی ڕاسیزم و فاشیزمن، دژی دەستوەردانی ئاینن لە ژیانی خۆیان، ژینگە پارێزن وڕووەکین و لەدژی ئازاردانی ئاژەڵن و پۆشاکی دروستکراو لە پێستی ئاژەل ناپۆشن. لە ھاوکێشەی چینەکاندا لە بازنەی چەپدا خۆیان پێناسە دەکەن. لایەنێکی دی بەزۆری خەمۆکین و کەئیبن و خۆیانبریندار دەکەن و ھەندێکیان ھەوڵی خۆکوژیی دەدەن. لەعیراقدا بەتایبەت لە بەغدا لە دوای ٢٠٠٥ ەوە وەک مۆدێکی کلتووری گەشەیەکی بەربڵاوی کرد. ھەموو ھەلومەرجەکانی بەغدا و سەراسەری عیراق ژینگەیەکی پاراوی ئەم رەدکردنەوە ئیجابیەی ھەژمونی خەلافەتەکانی مورشیدو موئمنەکان بوون. ئەم تووڕەبونە جوانە، ئەم توڕەبونە ھێمن وبێوەیە، ھیچ بنکەو بارەگاو داگیرنەکردو ھەڕەشە لەکەس نەکردو دەمی ھیج نەیاریکی پر گوللە نەکردوتیرۆری ھیج دکتۆریکی نەکرد...بەڵام جورئەتی یاخی بونیکی فەردی و بەکۆمەڵی بەخشیە ئەندامانی کۆمەڵگا.

ئیمۆکان،تەنھا دەروازەیەک نەبوون بۆ یاخی بوون، بەڵام ڕەنگێک بوون کە حەسرەتی لەزەتی لاوانی بۆ ژیانی ئارامی و ئاسوودەییان دەنواند. ئیمۆکان تەنھا دڵ نەبوون کەمردوویی عێراقی تیا تەشخیس کەین، بەلام سیەکانی پۆست مەدەنیەت لێرەوە ھەناسەی وەردەگرت. ئیمۆکان تەنھا ڕوخساری قەشەنگی شەقام و گازینۆکان نەبوون، بەڵام ئاوێنەی بێگەردی فەنتازیای وجودی ئاسایی لاوانی بێھودەبوون..


داپلۆسینی خوێناوی ئیمۆکان، خنکاندنی جوانی وفەنتازیان. ڕستکردن وبەستنەوەی ئازەڵیانەیە لەدەوری حەوزەی ئالیک وشەلاقیکاری تا مردنی دەرکردنی جنۆکەکانی شەھامەتە لە جەستەی ھەتیوەکانی گەمارۆوخۆتەقاندنەوە.


ئەمە، سیاساتێکی ئاراستەکراوە، ئەمە بانگێکی ئاشکرای مەرگە بەڕووی ھەر جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی نوێدا کە بایەخی ئازادی ئینسان و کەرامەتی ئینسان ومافی تاکی ئینسانەکان وەک پێشمەرجی دابینکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەبەرنامەدایە.


سپاردنی بەرگریکردنی ئیمۆکان لەخۆیان، بەخودی خۆیان، مانای بردنەوەی شەڕی تاریکی وئیسلام وئایەتوڵاکانە بەسەر سەربەرزی ڕۆشنایی و بەھاردا. لێنەگەڕێن، ھێرشەکانیان فراوانتر بکەن...شەڕ لەبەردەرکی بوونی ئینسانی ئێمەیە... ژیان وجوانی و بەھار و ڕۆشنایی و لاوان، شایانی بەرگریکردنی سەرسەختانەن... مێژووی زانستی سیاسی ، شایەدی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیمەیەو قەھری خوێناوی ئەوان، مەحالە، لەپووکانەوە ڕزگاریان بکات..
 

١٢\٣\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال کۆشش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک