په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٢\٢٠٢٥

ئیمرالی لە دەروازەی کپکردنەوە

بۆ گۆڕەپانی ئایدیۆلۆژی.


ئەرسەلان مەحمود      


لە ٢٦ەمین ساڵیادی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلاندا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا لانیکەم چارەگە سەدەیەک زیاترە لە وڵامدانەوەی دەترسێت: ئایا ئەم دەستگیرکردنە شکستی خەباتی کورد بوو، یان سەرەتای سەرکەوتنی نوێی ئایدیۆلۆژی؟

دەستگیرکردنی ئۆجەلان لە کینیا ساڵی ١٩٩٩، بە هەماهەنگی ناتۆ، سی ئای ئەی، میت و موساد، بۆ تورکیا وەک سەرکەوتنێکی ستراتیژی دەبینرا. بەڵام لە واقیعدا بوو بە دەستپێکی گۆڕانێکی ڕیشەیی. زیندانی ئیمرالی نەبوو بە شوێنی کپکردن، بەڵکو بوو بە دەروازەیەک بۆ بەرهەمهێنانی تیۆرییەکی سیاسی کە لە ڕێگەی نامە و پەیامەکانی ئۆجەلانەوە بڵاودەبنەوە. "گەڕانەوەی سەرکوتکراو" ئا ئەمەیە: هەرچەند تورکیا هەوڵیدا کاریگەری ئۆجەلان بسڕێتەوە، بەڵام ئەمە بووە هۆی بەهێزترکردنی ئایدیۆلۆژیاکەی.

دوورگەی ئیمرالی، کە ٢٦ ساڵە زیندانی فەردی ئۆجەلانە، ئێستا بۆتە ناوەندێکی سیمبولیک بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. لەم ماوەیەدا، ئۆجەلان تیۆری "دیموکراسیای ڕادیکاڵ" و "ئاشتی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"ی گەڵاڵە کرد. ئەم بیرۆکانە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر جڤاک و ڕێکخراوە کوردییەکان، بەتایبەت لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان داناوە، وەک لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا و بزووتنەوەی شارەوانییەکانی باکوردا دەبینرێت.

ئامارەکان دەریدەخەن کە پاش دەستگیرکردنی ئۆجەلان، ژمارەی پێکدادانە چەکدارییەکانی نێوان پە*کە*کە و تورکیا لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ـ٢٠٠٣دا بۆ ٢٦٣ ڕووداو کەمبووەوە. بەڵام لە دوای ٢٠١٥ەوە، بەهۆی شکستی پرۆسەی ئاشتی و گۆڕانکارییە ڕامیارییەکان، ژمارەی قوربانییەکان لە ١,٩٥٠ کەسەوە بۆ ٦,١٧٢ کەس بەرزبۆوە. ئەمە نیشانی دەدات کە تورکیا نەیتوانیوە بە سەرکوتکردن و دەستگیرکردن کێشی خەباتی کورد کەم بکاتەوە، بەڵکو خەباتێکی نوێی ڕامیاری-ئایدیۆلۆژی دروستکردوە.

دەستگیرکردنی ئۆجەلان تەنیا ئامانجی تورکیا نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە ستراتیژییەکی نێودەوڵەتی بۆ لاوازکردنی بزووتنەوەی کوردی. ئەمریکا و ئەوروپا پشتگیری ڕاستەوخۆیان لەم ئۆپەراسیۆنە کرد، بەڵام ئەنجامەکەی پێچەوانە بۆوە: هەستی نەتەوەیی کورد بەهێزتر بوو و ئۆجەلان بووە "سیمبولێکی زیندوو"ی مافەکانی کورد.

ئایا ئەگەر ئۆجەلان ئازاد بووبایە و تێزەکەی مام جەلال و تەکتیکەکانی ئاشتیخوازی جێبەجێ ببوونایە، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، هەمان ئەو کاریگەرییە جڤاکی و سیاسییەی ئێستای دەبوو؟ داتاکان و ئەزموونی مێژوویی نیشانی دەدەن کە دەستگیرکردنەکە بووە هۆی ئەوەی کە ئایدیۆلۆژیای ئۆجەلان لە ڕێگەی زیندانەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و کاریگەرتر بڵاوببێتەوە. تورکیا پێیوابوو کە بە کپکردن و گۆشەگیرکردنی، خەباتەکە دەکوژێتەوە، بەڵام ئەمە بووە گورزێکی ئایدیۆلۆژی بەهێزتر.

ئیمرالی ئێستا تەنیا زیندانێک نییە، بەڵکو نیشانەی شکستی ستراتیژی تورکیایە. کاتێک دەوڵەتێک ناچارە ڕێبەرێکی سیاسی لە دوورگەیەکی تەنیادا بپارێزێت، ئەوا سەرکەوتنی خۆی بە شکست دادەنێت. ئەمەش وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە تورکیا ٢٦ ساڵە خۆی لێی دەدزێتەوە: شکست ئەوە نییە کە ڕێبەرێک دەستگیر بکەیت، شکست ئەوەیە کە نەتوانی لەوە تێبگەیت کە هێز نییە بتوانێ نەتەوەیەک زیندانی بکات.

زیندانی ئیمرالی دەروازەیەک نییە بۆ مردن، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ گۆڕینی مێژوو.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک