١٥\٢\٢٠١١
ئیرادەی
گەلی قارەمانی میسر زۆر لەو دەستتێوەردانە گڵاوەی ئەمریکا بەهێزتربوو!
تهحسین عوسمان
(پێرێ شەو لە رێگەی فێیس بووکەوە راستەوخۆ ئەم دوو رستەیەم بۆ حوسنی
موبارەک نووسی و ناردم . شایانی باسە ئەو شوێنەی من ئەم دوو رستەیەم
لێینووسی پربوو لە نووسینی ماستاوچییەکان کە هەر هەمووی بەسەر شان و
باڵی حوسنی موبارەکیاندا هەڵگوتبوو .. زۆربەشیان داوای ئەوەیان لە
موبارەک کردبوو کە بۆ ماوەی شەش ساڵیتر خۆی بۆ سەرۆکایەتی بپاڵێوێ ..
منیش پوختە ئەم دوو رستەیەم بۆ حوسنی موبارەک نارد: ''الا تخجل من نفسک
تتقبل کل هذه الاهانات .. الا تخجل من نفسک تسرق اموال الشعب المصری
المعدوم ؟!'').
گەلی میسر بەکردەوە سەلماندی کە چیتر ئامادەنییه ملکەچی فەرمانەکانی
ئاغای حوسنی موبارەکی ستەمکاربێ. شایانی باسە ئەوە چەند رۆژە ئەمریکاو
ئیسرائیل کێچیان کەوتۆتە کەوڵ و لە هەوڵی ئەوەدان رێگاچارەیەک بۆ
مانەوەی ئەو حوسنییە ناموبارەکە بدۆزنەوە، کەچی وادیارە بێسوودە!
بێسوودە ، چونکە ئیرادەی گەلی میسر زۆر لەو دەستتێوەردانە گڵاوەی
ئەمریکا بەهێزترەو بەهیچ شێوەیەک بەوە رازی نین جارێکیتر حوسنی موبارەک
وەک سەرۆکی وڵاتەکەیان بمێنێتەوەو پڕ بەدەمیش هاواردەکەن: ئەمریکاو
ئیسرائیل و هاوچەشنەکانیان با بۆخۆیان هەربڵێن!
ئەگەر بەهەڵەدا نەچووبم ، وابزانم ئەمە یەکەمین شۆڕشە لە جیهان بێ
سەرکردە گەل هاتبێتە مەیدان و سەرکەوتنیشی بەدەست هێنابێ . هەروا
بێتەوە کەسیش رەچاوی ئەوەی نەدەکرد گەلی میسر هێندە قارەمان بێ .
بەداخەوە ، میسرییەکان خۆشیان پێ لەوە دەنێن ، کە بەهۆی نەبوونی
دادپەروەری و بینینی ستەمێکی بێهاوتا بەدەست رێژیمەکانیانەوە ،
پەرشوبڵاوی وڵاتان بووینە بۆ بژێو پەیداکردن ، بۆیە هەمیشە هەوڵی
ئەوەیان داوە راستی خۆیان ، وەک میسری ، لەخەڵک بشارنەوە . واتە ،
لەوانەیە ئەگەر لەیەکێکت بپرسیبا تۆ خەڵکی کوێیت ، بەلایەوە شەرم بووبێ
بڵێ من میسریم . بەڵام پشت بەو رۆلە قارەمانێتییەی کە گەلی میسر دژی
رێژیمی بۆگەنی حوسنی موبارەک گێڕای ، ئەمڕۆ میسرییەکان بەوپەڕی
شانازییەوە بەدەنگێکی بەرز دەڵێن " من ، یاخود ئێمە میسرین و شانازیش
بەو میسریێتییەی خۆمانەوە دەکەین ".
بەڵێ لەوەتای راپەڕین لە میسر سەری هەڵداوە ، سەرانی ئەمریکا بێپشوودان
خەریکی پیلانگێڕان و پەیوەندیکردنن بەملاو بەولا هەر بۆ ئەوەی فریای
ئەو ئەژدیهایە بکەون کە لەسەر حیسابی سکی برسی وڵاتی داماوو هەژاری
میسردا بە دەیان ملیار دۆلاری قووتداوە! راپەڕین لە میسرە ، کەچی
ئیسڕائیل و ئەمریکا کێچیان کەوتۆتە کەوڵ! ئەی چۆن و بە چ ئابڕووێک
بانگەشەی ئازادی و دیموکراتیەت دەکەن لەکاتێکدا دەست لە هەموو کون و
کەلەبەرێکی دونیا وەردەدەن؟! لەژێرەوە ، بەجۆرێک لەگەڵ حوسنی موبارەک
قسە دەکەن ، لە مێدیاکانیش بەجۆرێکیتر . وابزانم کەسیشمان لەوباوەڕەدا
نەبووین کاری حوسنی موبارەک بەم رۆژە رەشە بگات و ئەو رێسواییە قەبووڵ
بکات . عولەما دینییەکانی میسر روون و ئاشکرا لەمزگەوتەکان پڕ بەدەم
هاواردەکەن " حوسنی موبارەک بۆ دەرەوە" . ئەوەتا لە میسر بەسەدان هەزار
کەس هاتوونەتە سەر جادەو گۆڕەپانەکان و دەڵێن:" گەل داوای رووخانی
سەرۆک دەکا.. گەل داوای رووخانی رێژیم دەکا".
لێرەدا من ئەو درووشمەی دوایی ، کە دەڵێ " گەل داوای رووخانی رێژیم
دەکا" بە باشتر دەزانم لەوەی تریان ، چونکە رێژیم واتە هەموو ئەوانەی
سەر بەدامودەزگاکانی حوسنی موبارەکن . بۆیە بەپێویستی دەزانم پەنجە بۆ
ئەو درووشمە درێژ بکەم ، کە لەگەڵ هەڵوێستەکەی مندا یەک دەگرنەوە،
ئەویش:" لا موبارک و لا سولیمان ، مش عایزینک انت کمان" . بەڵی ئەگەر
لاوانی میسر پێ لەسەر جێبەجێکردنی ئەم درووشمە دابگرن ئەوا شۆڕش
بەرهەمی دەبێ . شایانی باسە سیاسەتمەدار نەووارە نەجم ( نوارە نجم )
هەموو جۆرە دیالۆگێک لەگەڵ ئەم رێژیمە رەتدەکاتەوە . هەر رێژیمێکی
دیکتاتۆر کە داوای دیالۆگیکرد دیارە لەرووخاندایە و باری زۆر شلۆقە
بۆیە ئامادەیە چۆک دابدا. پێشتر بۆ وانەبوو؟ کەوابوو ئەگەر ،
ئۆپۆزیسیۆن لەسەر دیالۆگیش رێکبکەوێ ، پێویستە فشار بخەنە سەرحکومەت بۆ
ئەوەی عومەر سولەیمان خۆی تەشریف بێنێ بۆ مەیدانی ئازادی بۆ گفتوگۆکردن
نەک بەپێچەوانەوە.
ئۆخەی ، هەزارجار ئۆخەی ، کە گەلی میسری قارەمان بەکردەوە ، بۆ
ورەبەردراوانی دنیای سەلماند کە "ماف دەسێندرێ نادرێ" .. هەر شتێکیش
بتەوێ بیسێنی ، چارەت نیە ، دەبێ هەوڵی بۆ بدەی ، خەباتی لەپێناودا
بکەی ، راپەڕی و شۆڕش هەڵبگیرسێنی نەک گوێ بدەیتە ئەپۆرتونیست و
مشەخۆرەکانی سەردەم ، کە دەڵێن:" کاتی چەک و شۆڕش بەسەرچوو" . ئەمە خۆ
بەدەستەوەدان و وازهێنانە لەمافە رەواکانی گەلی ئێمەی کورد کە تاکە
نەتەوەیە لەسەرزەمین ، سەرەڕای ژمارەی زۆری دانیشتوان تا ئێستا خاوەنی
وڵاتی خۆى نەبێ! بۆ؟ لەسایەی سەری "سەرکردەکانمان" فێری ئەوە بووین
خۆمان ، خۆمان لەخشتە بەرین و بڵێین هێشتا زەمینە خۆشنەبوە بۆ ئەوەی
خاوەنی کیانی خۆمان بین . دەڵێن:" کوردستان کەوتۆتە نێوان چوار وڵاتی
دوژمن . ناتوانین لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا پەیوەندی ئابووری و هەرجۆرە
پەیوەندییەکیتر ببەستین".
ئێمە خاوەنی نەوتین ئەگەر وڵاتمان هەبێ تورکیا دەستو پێمان ماچ دەکا بۆ
ئەوەی بەینمان خۆشبێ لەگەڵی و هەر لە رێگەی تورکیاوە نەوت بنێرینە
دەرەوە .. یاخود تۆزێ بەهەرزانتر نەوتی پێبفرۆشین . راستییەک هەیە
ئەگەر ئەمریکا لەپشت تورکیاوە نەبێ ، تورکیا دەرەقەتی ئێمە نایێ و
ناتوانێ مافمان لێزەوت بکا . ئێمە دەبێ لەخۆمان و لەدونیاش بپرسین: "
بۆچی خاکی ئێمە بەوڵاتی ئەوانەوە لکاوە ؟! ". ئەمە درۆو دەڵەسەی
سوودمەندەکانە بۆ گەلی کوردی داماوی دەهۆننەوە و بەو بەندوبالۆرانە
خەڵکیان قۆڵبەست کردوە. سوودمەندیش ، لەپێش هەموو شت و کەسێکدا ،
ئەمریکایە ، ئەنجا کۆنە جاش و کۆنە بەعسی و ئەنفالچییەکان ، کە لەژێر
فشاری ئەمریکادا، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەخۆیانی کۆ کردوونەتەوەو
پشتیان لە پێشمەرگەی دێرین و نیستمانپەروەرانی کوردستان کردوە .
میللەتانی دونیا هەموو ، ئازادو سەربەخۆ بوون ، کورد نەبێ!
تا گەندەڵی و چەوسانەوە ، لەسەر رووی زەمین مابێ ، شۆڕشیش هەر دەبێ
بەردەوامبێ . پێویستە لەسەر ئەوانەی ، بەناهەق دەچەوسێندرێنەوەو مافیان
زەوت دەکرێ ، راپەڕن و چیتر دەستەوەستان نەوەستن. راپەڕن وا شۆڕشی
بەرەنگاری و رزگاربوون لە ( تونس )ەوە سەری هەڵدا.. گەل ، لە دژی
رێژیمی بۆگەنی بن عەلیدا ، راپەڕی و هەموو چین و توێژەکانی وڵات هاتنە
سەر جادەو کۆڵانەکان بەیەک دەنگ هاواریانکرد:" بن عەلی بۆ دەرەوە".
ئەمڕۆش وا هەموومان بەچاوی خۆمان دەبینین چۆن گەلی میسری ، بەداخەوە
هەمیشە چەوساوە ، هاتۆتە نێو مەیدانی رزگاری و بەیەک دەنگ دەچریکێنن:"
ارحل، یا حسنی موبارک ، ارحل" . کەچی حوسنی ناموبارەک خۆی لەگێلی داوە
، وەک بڵێی تێناگاو لەگەڵ ئەویشت نیە ، بەدەنگ داواکانی خەڵکەوە نایێ .
خۆی لە پەناکان حەشارداوە . لێرەدا شتێکی زۆر گرینگ هەیە دەمەوێ هێمای
بۆ بکەم ئەویش ئەوەیە کە گەلانی میسر نابێ بەوە هەڵبخەڵەتێن کەوا سوپا
پارێزگاری لە شۆڕشگێڕان (خۆنیشاندەران) دەکا . ئەمە نەک تەنیا راست نیە
، بەڵکو هەڵەیەکی گەورەیە خۆیانی پێهەڵدەخەڵەتێنن . هەرکە خەڵکەکە هاتە
سەرجادە حوسنی موبارەک سوپای دابەزاند بۆ ئەوەی لە هەرکاتێکی پێویستدا
رۆڵی خۆیان لەدژی شۆڕشگێڕاندا ببینن . هەر سوپا بوو، بوو بە دیوارێکی
ئەستوور لەنێوان شۆڕشگێڕان و پێگەکانی حوسنی موبارەک و
دەستوپێوەندەکانی . هیوادارم هەموو گەلانی میسر و دنیاش ئەم راستییە
باش بزانن و ، لەداهاتوودا ، ئەم مەسەلەیە لەبەرچاو بگرن و نەخەڵەتێن.
ئای لەم کابرایە دوێنێی لەبیرچۆوە کاتێ بە سەدام حوسێنی دەگوت:" ئەگەر
بەرژەوەندی وڵات و عێڕاقت دەوێ ، وازبێنە" . جا تۆ ئەمڕۆ ، خۆ لەکەس
شاردراوە نیە ، زۆر لە سەدامت خراتر بەسەرهاتوە. خۆت ، بەڵێ بەڵێ خۆت ،
بۆ وازناهێنی؟! سەیرە .. ئەم کابرایە هێندە خۆی لەگێلی داوە خەڵکەکەی
ناچارکردوە وشەی "ارحل" ی بۆ روونبکەنەوە چ مانایەک دەگەیێنێ. ئیتر هەر
بۆ ئەوەی باشتری تێبگەیێنن درووشمێکی تایبەتیان بۆ بەرزکردەوە:" ارحل
یعنی امشی ، یمکن مابیفهمشی" . کەچی ، ئەو ورچە ، هێندە خۆی لەگێلی
داوە بەرامبەر بەداواکانی گەلانی میسر ، نەک هەر دەبەنگ ، بەڵکو
کەڕوڵاڵ و کوێریش بوە . نەهیچ دەبیستێ و نەهیچیش دەبینێ .. ڵاڵیش بوە
قسەیەک ناکا. لەبری ئەوەی مل بۆ داواکانی خەڵک کەچ بکا بڕواو ملی خۆی
بشکێنێ ، زۆر بێ ئابڕووانە ، هەستا بە قسەی "جۆن کێری" ، وەک بڵێی
خەڵکی میسر نایناسن ، بەچاوێکی کزو زمانێکی تێکئاڵاوی لووس و پووس ،
دەستیکرد بەگێڕانەوەی خەباتی رۆژانی رابردووی خۆی:" من زۆرم کردوە بۆ
میسر ، من لە میسر لەدایک بوویم و هەر لە میسریش دەمەوێ بمرم...". ئەو
گێلەپیاوە دیارە ئەوەش نازانێ کە ، لە بیست و پێنجی یەنایەرەوە ، ئەو
بۆتە جەستەیەکی جووڵاوەی مردوو! دیارە چاوی بەرایی نادا سەیری
تەلەفزیۆن بکا دا ئەو خەڵکە ببینێ کە هاتوونەتە مەیدان و سەرجادەکان ،
چۆن لەعنەت و تفبارانی دەکەن. پێم ناڵێی حوسنی ناموبارەک ، کەسێک کە
لەپیاوەتی کەوت ، کەرامەتی شکاو کەسایەتی خۆی لەدەستدا ، ئەگەر مردوو
نەبێ ، چ ناوێکیتری لێدەنێی؟!
پشکۆکانی شۆڕشی نێرگز " یاسمین " ی تونس لە میسر گڵپەیان سەند و شۆڕسی
" اسماء"* شۆڕشی هونەر ، شۆڕشی
گۆرانی فەرید ئەتڕەش و مۆسیقای بەلیغ حەمدی ، شۆڕشی شانۆگەری ، شۆڕشی
تووڕەیی و بووکی شۆڕشان سەری هەڵداو بوو بە مەشخەڵێک خەریکە ئاگر
لەگیانی حوسنی موبارەک و گەندەڵە هاوتاکانی بەربدا . ترسی خستۆتە گیانی
ئەوانەی تەنانەت تنۆکێک خوێنیان لە جەستەدا نەماوە . ساڵەهای ساڵە ،
بێویژدانانە ، لەسەر حسێبی خەڵکی هەژاری میسر ، ورگی حوشترانەی خۆیان
تێردەکەن. رێژیم لەدەبەنگێتی رەتداوە بوە به حوشتر هاتۆتە سەر جادە
بەنێو خەڵکی راپەڕیودا ، بەمەبەستی پەرشوبڵاوەپێکردنیان ، بە راکردن
دێت و دەچێ و کلک بادەدا! خەریکە بەم کارە دزێوانەی کۆمێدیا تێکەڵی
تراگێدیا بکا. بەم کارە ئابڕووبەرەی خۆی ، خەڵکی تووڕەوتوندی هێنایە
کەنین . بەڵام ، پشت بە ئیرادەی بەهێزی گەلی قارەمانی میسر ، شۆڕش هەر
بەردەوامە .. شۆڕش بەردەوامە هەرچەند ناحەزانی ، بەتایبەتی فاکتەرە
دەرەکییەکان ، لەڕێگەی دەستتێوەردانەوە لە کاروباری ناوخۆی میسر ،
بەتایبەتیش ئەمریکا، لەهەوڵی ئەوەدان شۆڕشەکە لەدەست جەماوەر دەربێنن و
بیدزن . هەرلەخۆیانەوە ، هەریەکەشیان بەجۆرێ ، بەردەوام قسە فڕەدەدەن و
دەست دەخەنە ناو کاروبارو ، تەنانەت ، ژیانی خەڵکی میسرەوە!. کە قسەش
دێتە سەر قسان ئەو مۆنۆپۆڵە بێ ئابڕووانە لاف و گەزافی ئازادی و
دیموکراتیەت لێدەدەن ! ئەو نامرۆڤ و مرۆکوژانە لە مژینی خوێنی خەڵکی
هەژارو داماوو برسی تێرنابن .. توند توند پشتی حوسنی موبارەکیان گرتووە
بەرینادەن .. بەجۆرێک پشتیان گرتوە کە حوسنی موبارەک نەتوانێ جووڵە
بکاو هەنگاو بەرەو دەرەوە بنێ. حوسنی موبارەک خۆی باشدەزانێ کە کاری
ئەو تەواو بوە و هیچی بەسەرهیچەوە نەماوە ، بەڵام لێیناگەڕێن ، ئەگینا
دەمێک بوو رۆیشتبوو. ئۆباما بە ئاشکرا شتێک دەڵێ و لەژێرەوەش شتێکیتر .
کۆمەڵێ دزوجەردەیترى ئەمریکا ، هەریەکە لە شوێنی خۆیەوە هێڵنجی دێتێ و
دەڕشێتەوە . قسەکانیان یەکیان پێچەوانەی ئەویترە .. کە لێشیان دەپرسن
ئەمە بۆ وایە؟! لەوەڵامدا، گوایە ئەوان زۆر دیموکراتین ، دەڵێن هەریەک
بەرپرسیارە لەقسەی خۆی!! ناڵێن ئەمریکا وڵات نیە ، بەڵکو دەزگایەکی
موخابەراتی سیئای ئەیە ، ئەمریکا ئالەتێکی کوشندەیە بەدەست کۆمەڵێ
مۆنۆپۆڵی گەندەڵ و دزوجەردەوەیە. مانەوەی حوسنی موبارەک ، چونکە لە
بەرژەوەندی ئەمریکاو ئیسڕائیلدایە ، لێیناگەڕێن بڕوا. یاخود ئەگەر
بشڕوا ئەوا یەکێکی وەکو عومەر سولەیمان دەبێ جێگەی بگرێتەوە نەک لە
رێگەی ، هەڵبژاردنێکی پڕ بەپێست دیموکراتیانە ، میللەت سەرۆکێک بۆ خۆی
هەڵبژێرێ! .. (امریکا تقرر ابقاء مبارک فی السلطة)!!
چەند رۆژێ لەمەوپێش کە تازە خۆنیشاندان دەستی پێکردبوو ، لەرێگەی فێس
بووکەوە ، برادەرێکم لێی پرسیم: " تۆبڵێی چارەنووسی حوسنی موبارەکیش بە
چارەنووسی بن عەلی بگات؟" .. منیش لەوەڵامدا بۆم نووسی:" نە حوسنی
موبارەک بن عەلییە و نە میسریش تونس .. ئەوەتا لەبەرچاومانە داروبەرد
دژی حوسنی موبارەک کەوتۆتە جووڵەو حوسنی موبارەکیش هیچی بەسەرهیچەوە
نەماوە . ئامادەی ئەوەشە وازبێنێ ، بەڵام ئەمریکاو ئیسڕائیل نایانەوێ ،
بێ ئەلتەرناتیڤی ئەوان ، حوسنی موبارەک دەستبەرداری دەسەڵات ببێ..
ئەوان لەکاتێکدا دەستبەرداری حوسنی موبارەک دەبن ئەگەر یەکێکی وەکو
عومەر سولەیمان جێگەی بگرێتەوە. چونکە عومەر سولەیمانیش ، بۆ ئەوان ،
بە تایبەتی بۆ ئیسڕائیل ، هەمان حوسنی موبارەک و هەمان تاس و هەمان
حەمامیشە.
ئەوەتا لە تونسیش سەرولەشی بن عەلی ئۆغربوو ، کەچی کلکێکی درێژی
بەدواوە بەجێما .. ئێستا ئەمریکا دەستی بەو کلکەوە گرتووە رێگە نادا
خەڵکەکە ، ئەو کلکە رەشە بکەن بە گەسکی ناوماڵ و دەست و پێوەندەکانیتری
بن عەلی پێگەسک بدەن. باشە چ جیاوازییەک هەیە لەنێوان بن عەلی و محەمەد
ئەلغەننووشیدا؟". خەڵکی تونس پێویستیان بە راوندێکیتر هەیە لەدژی
ئەلغەننووشیدا چونکە ، خوانەکا ، ئەگەر بێت و شۆڕشی میسر ، بەهۆی ئەو
دەستتێوەردانەی ئەمریکاوه سەری نەگرت ، ئەوا بەدووری نازانم ئەمریکا ،
شای ئێران ئاسایی ، جارێکیتر بن عەلی بێنێتەوە بۆ تونس هەرچەندە تونس
هێندە بۆ ئەوان ، وەکو میسر ، نە گرینگە و نە جێگەی ترسیش .
بڕوابکەن دەستنیشانکردنی عومەر سولەیمان وەک جێگری حوسنی موبارەک
لەسەرداوای ئەمریکا بوو نەک هی حوسنی موبارەک!. عومەر سولەیمان لە لایێ
دەبێ بە پەناگە بۆ حوسنی موبارەک ، کە ئێستا بەوە رازییە وازبێنێ ، بەو
مەرجەی ناوی بنێن "سەرۆکی پێشوو" نەک سەرۆکی تێهەڵدراو .. لەلایەکی
تریش دووشەشە بۆ ئەمریکا! حوسنی موبارەک داوای ئەوە دەکا گەلی میسر
رێگەی پێبدەن ، وەک هاووڵاتییەک ، لە میسردا بمێنێتەوە نەک وڵات بەدەری
بکەن .. ئەو ، هەروەک خۆی دەڵێ ، بۆ خاک و وڵاتی میسر زۆری کردوە . هەر
لەسەر خاکی میسریشدا دەیەوێ بمرێ .. زۆر سەیرە .. حوسنی موبارەک باسی
ئەوە ناکا ، چەند جاری بەقەدەر ئەو کردنە ، رزقی برسییەکانی میسری لرف
کردوە! لەمیسردا خەڵکی رووت و برسی کردوە ، کەچی نازانم بە چ شێوەیەک ،
ئەو چل تا حەفتا ملیار دۆلارەی کۆ کردۆتەوەو بردوویەتیە دەرەوە؟! هیچ
گومانیشم لەوەدا نیە کە ئەمریکا ئاگاداری ئەو بەزموڕەزمەیە. بۆ ئەمریکا
حوسنی موبارەکیش بەهایەکی ئەوتۆی نیە ئەگەر دەستی لەو ئەوەندە ملیار
دۆلارە گیرببێ.. بۆیە خەڵکی میسری دیل و داماو دەبێ داوای ئەوە بکەن کە
گەندەڵ حوسنی موبارەک ، ئەو چل تا حەفتا ملیۆن دۆلارەی کە لە گەلی برسی
میسری دزیوە ، بێنێتەوە میسر ئەنجا ملی خۆی و کوڕەکانیشی بشکێنێ و بڕوا.
_______________________________________________
*
(ئهسماء) نێوی ئەو کچە قارەمانەیە ، کە رۆژێک بەر لە راپەڕین ، بانگی
خەڵکی میسری کرد بێنە سەرجادەکان. بۆیە من نێوی شۆڕشی میسرم بە ناوی
ئەوکرد ، چونکە شایانێتی.
سەرنج:
(من ئەم بابەتەم بەرۆژێک پێش ئۆغربوونی حوسنی
موبارەک ناردبوو بۆ بڵاو بوونەوە ، بەڵام لەبەر هەندێ هۆی تایبەتی
بڵاویان نەکردەوە .. بۆیە بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی من لە کاروان
وەدوانەکەون ، جارێکیتر، بەشێوەیەکیتر ناردمەوە بۆ بڵاوبوونەوە).
ماڵپهڕی تهحسین عوسمان
|