په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٧\٢٠١٢

ئیرادەی گەلی رزگاریخواز، ویتۆی رووس و چینی بێبایەخ کرد.


سۆما یەزدانپەنا     

 

 

لە مانگی مارسی ٢٠١١ - وە کوردانی رزگاریخوازی رۆژئاوای کوردستان و عەرەبە ئازادیخوازەکانی سوریا، بە دەستی بەتاڵ و بە بێ پشتیوانی دەرەکی، دەستیان دایە دەستی یەک و خوێنیان حەڵاڵی رزگاری و ئازادی نیشتمانەکەیان کرد.


ھەر لە سەرەتاوە لە لایەن رژیمی بەشار ئەسەد - ەوە زۆر بێ بەزەییانە کەوتنە بەر پەلامار.

چەندین سیاسەتوانی وەک مەشعەل تەمۆ و ھەزاران کورد و عەرەبی ئەو وڵاتە بە بەرچاوی ھەواڵنێرە ناوچەیی و جیھانییەکانەوە لە خوێن دەگەوزاند.


بابەتی بەتاک و بەکۆمەڵکوشتنی خەڵکی سیڤیلی رۆژئاوای کوردستان و عەرەبەکانی سوریا بە دەستی ھێزەکانی بەشار ئەسەد بووەتە وێردی زمانی میدیاکانی جیھان.


ئەمە لە حاڵێکدایە کە تەپڵەکانی پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ لە ئورووپا و ئامریکا، بەردەوام لە کوتاندایە.

شاندەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پێشگرتن لە بەشار ئەسەد و رژیمەکەی ھەر حەفتە و لە وڵاتێک کۆدەبنەوە، کەچی زۆر بە ئاسانی ویتۆکانی دەوڵەتانی "رووس و چین" لە چرکەساتێکدا دەنگی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ کپ دەکات و دەرفەتی سەر لە نوێ بە بەشار ئەسەد و رژیمەکەی بۆ درێژەدان بە کۆمەڵکوژییەکانی دەدات. کەچی بۆ لادانی حوسنی موبارەک لە میسر و قەزافی لە لیبیا، ئەم ھەموو بێنەو بەردەیەی نەویست.

ئایا بەڕاستی ھۆکارەکانی موداخلەنەکردنی مرۆڤدۆستانی جیھانی و ھێزەکانی ناتۆ لە سووریا و چاوپۆشییان لە رژانی خوێنی دەیان ھەزار مرۆڤی بێتاوان کە تاکو ئەوڕۆش بەردەوامە، تەنیا لەسەر بنەمای ویتۆی چین و رووسە؟


بەڵام وێرای ئەم ھەموو بێ ھەڵوێستییە کوردانی رزگاریخوازی رۆژئاوا و گەلی ئازادیخوازی سووریا، وێڕای ھەستکردن بەو راستییانە و دڵنیابوون لەوەی کە دەوڵەتانی ئوروپا و ئامریکا دەکرێ لە پشتی پەردە، لەسەر حسابی خوێنی ئەوان، سازش لەگەڵ چین و رووس و تەنانەت ئێرانیش بکەن، بەڵام بوێرانە درێژەیان بە راپەڕین دا و بە بێ پاڵپشتی دەرەکی توانییان چەندین شاری کوردستان و سووری لە ژێر حوکمی رژیمەکەی بەشار ئەسەد رزگار بکەن.

بەمەش سەلماندیان کە ئیرادەی گەلی رزگاریخواز، ویتۆکانی رووس و چین - ی بێبایەخ کرد.

بە سەرنجدان بەو راستییانەی کە باسم کرد، پێویستە ئێمەی گەلی رۆژھەڵاتی کوردستانیش و ئازادیخوازانی ئێرانیش بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، خۆمان بۆ وەھا ھەلومەرجێک ئامادە بکەین و ئیرادەی گەل بکەین بە ھەوێنی راپەڕین و رزگاری.


لەو پێناوەشدا سەرەکیترین بەرپرسیارێتییەک کە دەکەوێتە ئەستۆی ھەموو لایەکمان ھەنگاو ھەڵێنانەوەیە بۆ یەکریزکردنی ھێزە کوردییەکان و دروستکردنی یەکێتی بەکردەوەی ھەموو پێکھاتەکانی گەلی کوردە.


ھەر لەو پێوەندییەدا لە بیرمان نەچێت یەکەم شاری رۆژئاوای کوردستان واتەشاری عفرین کە لە ١٨\٧\٢٠١٢ رزگار کرا، دوابەدوای یەکریزکردنی ھێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بوو، کە لە ھەولێر و لەسەر دەستی بەڕێز: کاک مەسعود بارزانی ھاتە ئاراوە کە دیارە ئەوەش ویستی کۆمەڵانی بەرفراونی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوو.

 


ruk.party@gmail.com

__________________________________

تێبینییەکی کورت بۆ بەڕێز سۆما یەزدانپەنا:

مەسعود بارزانی کە رێگەی داوە پارت و هێزەکانی کوردانی رۆژئاوا لە هەولێر کۆبوونەوەی خۆیان ببەستن.. ئەوە تەنیا بۆ بەهێزکردنی لایەنگرانی خۆی بووە لە نێو کوردانی رۆژئاوا لە چارچیوەی ئەو ململانێیە سیاسییەی کە هەیەتی لە بەرانبەر (پەیەدە) نەک دڵسۆزیی ئەو بۆ دۆزی کورد، جا پێویست ناکا بەڕێزتان لە کۆتایی بابەتەکەتاندا بەخشکەیی بە شانوباڵیدا هەڵبدەن و دیکتاتۆریەتی مەسعود بارزانیشمان پتر وەسەردا بسەپێنن! - ئەمڕۆ -.

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک