په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

عیرفان قانعی فەرد:                                                    

میدیا هەمیشە لە ژێر کۆنترۆڵى دەسەڵاتدایە ،

میدیاى سەربەخۆ بوونى نییە.                  


    دواندنى :         

فەرەیدون سامان   


لە سەردانێکى بۆ شارى هەولێر و دواتر یەکترناسینمان حەزم کرد لە نزیکەوە بە بیرو بۆچوونەکانى ئاشنا بم و بە تایبەت لەمەڕ تێزى زمانناسى و کارکردن لە سەر قاموس و ئەو پرۆژانەى کە بە نیازە لە داهاتویەکى نزیکدا ئەنجامى بدات ، بۆ ئەم مەبەستە رووبەروو ئەو گفتوگۆیەمان لە گەڵ د.عیرفان قانع فەرد دا ئەنجام دا:

 

                            


* زمان ناسى چییە و چۆن بوو بیرتان لەوە کردەوە کەکار لەسەر زمانناسى بکەن؟


+زمانناسى خوێندنەوە وناسینى زمانە، یەکێک لەهۆیەکانیش قامووس بوو، من لە ساڵى دووەمى زانکۆ دەستم کرد بەقامووس، قامووسى فەرەنسى و فارسى، پاشان لەساڵانى 1998-1999 من بەشێوەیەکى جیددى قامووسەکەم دست پێکرد، دواتر لە ساڵى 2000، لەلایەن ژاک شیراکەوە رێز لەم قامووسە گیرا، ژاک شیراک ئەو کات سەرۆک کۆمارى فەرەنسا بوو، چونکە ئەم قامووسە یەکەم قامووسى زانستگاى فەرەنسى – فارسى بوو لەئێران، پێشتر (15) قامووسى فەرەنسى- فارسى لەئێران لەسەدەى دوایى چاپ کرابوو، بەڵام 4 تا5 دانە لەم قامووسانە هەڵگرى ئەوەبوون قسەییان لەسەر بگوترێ، سەبارەت بە زانستى قامووس ئەوانى تر هەمووییان کۆپى یەکترى بوون.
ئەوکات کە من دەستم پێ کرد بکالۆریۆسم لەئێران تەواو کردبوو سەرەتاى ساڵى 2001 گەیشتمە نەرویج، لەوێ خەریکى قاموسێکى نەرویجى –فارسى بووم، نەرویجى زمانێکى زۆر سەختە و بەیەکێک لە زمانە سەختەکانى ئەوروپاى باکوور دەژمێردرێ، من ئەوکات دەمویست کارێکى ئەکادیمى بکەم، پێش من کەسێک ئەو کارەى کردبوو، بەڵام قامووسەکە بچوک بوو ئەوەى من کردم قامووسێک بوو لەسەر بنەماى مۆدێرنى قامووس نووسین دامەزرا، هەر ئەو کاتیش سەرۆک وەزیرانى نەرویج ئەویش بەرەسمى رێزى لەقامووسەکەم گرت، تا ئێستا 4 جار چاپ بووە، هەر جارێکیش وشەى نوێى پێوە زیاد دەکەم.
قامووس دەبێ لەهەر چاپ کردنەوەیەکدا پێداچوونەوەى لەسەر بکرێ، دەنا دەبێتە قاموسێکى مردوو، دوایین قامووسیش کە تەواوم کرد، قامووسى یۆنانى بە فارسى بوو، کە 5 هەزار ساڵە پەیوەندى نێوان یۆنان و رۆژهەڵاتى ناوەراست هەیە، لەم ماوەیەدا ئێمە هیچ کات هەوڵمان نەداوە قامووسى یۆنانى بەزمانانى ئەم ناوچە بنووسین (فارس و عەرەب و کوردى و ئەرمەنى)، هەستم کرد کە دەبێ من ئەو کارە بکەم ، چونکە پێش تر نەکرابوو، بۆیە ئەو کارەشم تەواو کرد، بۆیە من لەبەشى زمانناسى یان بەشى قامووس بگرمە بەر و تێزى دکتۆراکەشم لەسەر بنەماى مۆدێرنى فەرهەنگ نوسین بوو، کەبەئینگلیزى دەرچوو و لەئێرانیش بەفارسى بڵاوبۆتەوە و ئێستاش لەژێر چاپى دووەهەم دایە.

*بۆچى بیرت لەوە نەکردەوە کەلەسەر زمانناسى کوردى کار بکەى، بۆچى قامووسى ئەو نەتەوانە، نەرویجى و فەرەنسى ویۆنانیشت بۆ زمانى کوردى ئامادە نەکرد ئایا پرۆژەیەکى وات لە بەر دەست دا هەیە؟


+ ئەم پرسیارەى تۆ پرسیارێکى ناسیۆنالیسییە، چونکە من کوردم دەبێ ئەو کارە بکەم، بەڵام پێم خۆش نییە بیکەم، لەبەر ئەوەى زمانى کوردى زمانێکى دەوڵەمەند نییە، لەچاو زمانە مۆدێرنەکانى دونیا، ئەو شارەزاییەى کە من لەزمانى لاتینم دا هەیە، لەزمانى کوردى دا نییە، بەردەنگەکانى من هەمیشە فارس بوون، بۆ کوردى من ئەو تواناییە لەخۆم دا نەبینى ، بۆیە نامەوێ دەست بە کارێک بکەم کەزمانى کوردى خراپ بکەم ، باشە من ئەگەر قاموسێکى یۆنانى بەکوردى بنووسم کێ دەیکرێ، کێ دەیخوێنێتەوە؟ کەس! من چالاکییەکانى خۆمم لەسەر سێ زمان تاقیکردەوە و کۆمەڵگەش پێشوازى لەکارەکەم کردووە، پێم خۆشە تا دوایین کاتى ژیانیشم هەر لەسەر ئەم سێ زمانە( فەرەنسى ، یۆنانى ، نەرویجى) کار بکەم، ئەگەر من هەر 3 ساڵ جارێک زمانێک بگۆڕم، دەبێ کۆمەڵگە چۆن سەیرى کارەکانى من بکات؟، وشە، سیستەمى زمانە وناکرێ گەمە بەو زمانە بکرێت، هەر بۆیە دەتوانم لەسەر ئەم سێ زمانە کار بکەم، هەر ئەوە لەدەست من دێت.

*رات چییە بەرامبەر بەو کەسانەى کەهاتوون قامووسى زمانەکانى ئەوروپیان بۆ کوردى داناوە وەک قامووسى رووسى- کوردى ، ئەڵمانى – کوردى ، سویدى – کوردى و هتد... تا چەند توانیویانە خزمەتى زمانى کوردى بکەن؟

+ لە کتێبخانەکانى دونیا ئێمە قامووسمان نییە لەزمانێکەوە بۆ زمانى کوردى، بۆدەوڵەمەنکردنى ئەرشیڤ، بەڵام چونکە من ئەو زمانانە ناناسم بۆ وێنە (رووسى بەکوردى) ناتوانم بڵێم ئەو کەسەى چى کردووە، بەڵام چونکە خوێندنى من قامووس نووسینە، من لەو بابەتەوە بۆى دەڕوانم، کە بزانم چۆن نووسیویەتى، بەڵام بەداخەوە زۆربەى قامووسنوسانى کورد، هەموو بە خولیا ئەو کارەیان کردووە، کەس بەشێوەى ئەکادێمێک ئەو کارەى ئەنجام نەداوە، قامووس تەنها دەتوانێ 10 ساڵ لەکۆمەڵگەدا کارى لەسەر بکرێ، لەو ماوەیەدا دەتوانێ سەرکەوتوو بێ، لەسەر قامووسیش رەخنەگرى پرۆفیشناڵ دەتوانێ رەخنەى لەسەر بنووسێ، شاعیر و چیرۆکنووس و رۆژنامەنووسێک مافى ئەوەى نییە لەسەر قامووس رەخنە بنووسێ، بابەتێکى زۆر بەرزە و هەموو کەسێک تواناى ئەوەى نییە، رەخنەى لەسەر بنووسێت، بەداخەوە زمانناسى لەزمانى کوردى دا زۆر منالە، زمانناسى گەورەمان نییە، زمانناسى ئەوروپى لەسەر زمانى کوردى نووسیویانە، لەئەمریکا و لە ئینگلتەرا کتێبى ئەوتۆمان لەسەر زمانناسى کوردیدا نییە، من کە زمانناسى دەخوێنم، تا ئێستا شتى وەهام نەمبینیوە.
تا ئێستاش لەزانکۆکانى کوردستان، کتێبى زمانناسى نەنووسراوە وکتێبى زمانناسى کوردی زۆر کەمەو هەروەک وتم: نەنووسراوە، زانکۆکانى کوردستان هەستیان بەوە نەکردووە سەبارەت بە زمانناسى لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن، زمانناسى لاى کورد گەشەى نەکردووە و 10 تا 15 ساڵى دەوێت تا زەروورەتى زمانناسى هەستى پێى بکرێت.

* تۆ پەیوەندییەک دەبینى لەنێوان کارى زمان ناسى و رێزمانى دا؟

+ رێزمان لەراستى دا خۆى بەشێکە لەزمانناسى، ئەمە لەباسى (سیستماتیک) دا لەرێزمانى کوردى لێکۆڵینەوەى لەسەر دەکرێ، زمانێک ئەگەر قەواعید و رێزمانى بۆنەکەى فێر نابى، ناتوانى فێرى ئەو زمانە بى.
قامووسى هەر زمانێک کەدەنووسرێ، لەراستى دا هەندێ جار دەڵێن بزانن ئەو وشانە چۆن لەرستەدا گۆڕانى بەسەردا دێ و ماناکەى دەگۆڕدرێ، بۆیە ناکرێ جیا بکرێتەوە ورێزمانیش بەشێکە لە زمانناسى.

* تۆ ماوەى 6 مانگێک لاى (نوام چۆمکسى) خوێندووتە، تا چەند کاریگەرى بۆچوون و تیۆرییەکانى (نوام چومسکى) لەسەر تۆدا هەبووە؟

+پێم وابێ من یەکێک لەو خوێندکارە کوردانە بووم کەنێوانم لەگەڵ (نوام چومسکى) زۆر خۆش بوو، جیا لەوەى کەچومسکى زمانناسێکى بەناوبانگە و کتێبێکى شۆرشى لەسەر رێزمانى زمان نووسى، چومسکى سیاسەتمەدارێکو هەروەها سیاسەت زانێکى زۆر باشیشە و زۆر شارەزایى لە بوارى مێژوودا هەیە، منیش ئەوەندە کەڵکم لەچومسکى وەرگرت، لەو بوارەدا بوو، چومسکى لەدواى 2001 یەکێک لە گەورەترین رەخنەگرانى جۆرج بوشە، چومسکى هەمیشە هەوڵى داوە، رەخنە لەدەسەڵات بگرێ ، لەو بابەتەوە چومسکیم خۆش دەوێ، نوام چومسکى یەکێک لە گەورەترین رۆشنبیرانى ئەمریکایە، کەمیدیاى ئەمریکا نەیهێشتوە ئازادانە لێکۆڵینەوەکانى خۆى بڵاوبکاتەوە، من 6 مانگ هەوڵمدا لەوانە وتنەوەکانى چومسکیدا بەشداربم، چومسکى کارى لەسەر بیروبۆچوونى من دانا منى لەمرۆڤێکى قامووسنووس بەکەسێک بیرى لەسیاسەتى وڵاتەکەى و سیاسەتى ناوچەکە دا کردەوە، گۆڕانى بەسەر من دا هێنا، چومسکى توانى لە زمانناسى بۆ سیاسەت پردێک دروست بکا کە جیاوازیەک نەبێت و لەم پردەوە روانگەیەکى زانستى بۆ وڵاتەکە دروست بکات، من چومسکى بەم جۆرە دەناسم .


*دەکرێ ئاماژە بە هەندێ لەو گۆڕانکاڕیانە بکەى کە چومسکى لە سەر هزرى تۆى دانا؟


_چومسکى رۆشەنبیرێکى زۆر لیبرالە و روانگەیەکى دیمۆکراتییانەى هەیە ، ئەوانەى لە دەسەڵاتدان خۆشیان لەو جۆرە بیرو بۆچونانە نایێت ، چۆمسکى دەڵێت دەسەڵات پێى خۆشە هەمیشە لە سەر حکومەت راوەستێ پێویستە بە مانەوەى خۆى هەوڵ بدات ، راگرتنەکەش دەبێتە هۆى سنورى کێشە بۆ خەڵک ، بەڵام کاتێ مەبەست ئازادى بێت ئەو کاتە تۆ سنورێکى وەهات نیە ، چونکە تۆ کە بە ئازادى بیر بکەیتەوە کەسى بەرامبەرەکەتیش بە ئازادى بیر دەکاتەوە ، لە بەرامبەر دەسەڵاتدا هەر دوو لا بیر لە هێز دەکەنەوە، چۆمسکى هەمیشە سنورى دەسەڵات دەشکێنێ ، دەسەڵات بۆ مانەوەى خۆى درۆ لە گەڵ خەڵک دەکات ، بۆیە کەڵک لە میدیا وەردەگرێ ، میدیا هەمیشە لە ژێر کونترۆڵى دەسەڵاتدایە، میدیاى سەربەخۆ بوونى نیە ، میدیا تریبوونێکە بۆ دەربڕینى بۆچوونى دەسەڵات ، چومسکى دەڵێت : لە رۆژهەڵاتى ناوەراستدا کەمن ئەو دەسەڵاتانەى کە بهێلێن میدیا ئازادانە کارى خۆیان بکەن ، میدیا ئامرازێکە بۆ خۆپیشاندان ، کەرەستەیەکە بۆ فریودانى خەڵک ، بۆ پڕۆپاگەندە ...
بۆیە ئەو قسانەى کە لە میدیادا دەگوترێ لە مێژوودا نامێنێتەوە ، چومسکى دەڵێت: هەموو دەسەڵاتداران مێوانى مێژوون و مێژونووسیش خوڵقێنەرى مێژووەو دەمێنێتەوە ، دەسەڵاتداران نامێنن بەڵام مێژوونووس دەمێنێت.
رەخنەگرتن لە دەسەڵات لە هەموو وڵاتان هەیە، بەڵام لە هەر وڵاتێک بە جۆرێکە ، رەخنە لە هەندێ وڵات دەبێتە هۆى دروستبوونى ئاژاوە ، چونکە لەو وڵاتەدا ئەو کەسەى کە لە دەسەڵاتدایە حەزى لە رەخنە نیە و بایەخى ئەو لە کۆمەڵگا دا تێکدەشکێ ، بەڵام دەسەڵاتێک کە مەبەستى ئازادى نیە و مەبەستى مانەوەیە ، مانەوەیە لە دەسەڵاتدا ، رەخنە گرتن لە ڕوانگەى چومسکى ئەرکى رۆشەنبیرانە، بەڵام ئایا هەموو رۆشەنبیرانى ئێمە ئازادن ، ئایا بیریان ئازادە ، وانییە .
زۆر کەس هەیە پێى دەڵێن ئازادیخۆاز ، بەڵام بیرو مێشکى ئەو کەسە ئازاد نییە ، بۆیە لە زۆربەى رۆشەنبیرانى ئازادى خوازدا سەدام و رەزا خان و ئاتا تۆرکێک لە مێشکى ئەوان دا ببینى ، تا دەگاتە گەورە بەرپرسانى حکومى ، لە زۆربەى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەراست ئەوە بۆتە کێشەى سەرەکى ، چۆمسکى هەمیشە پیێ خۆشە رەخنە لەو هێز و دەسەڵاتە بگرێ ، تا کۆمەڵگە زانینێکى باشتر لەمبارەوە پەیدا بکات . بۆیە کەمن ئەو دەسەڵاتانەى کە لە گەڵ خەڵک دا راستگۆن ، زۆربەى زۆربەى دەسەڵاتەکان فریو دەرن و درۆ دەکەن ، ئەمە قسەى کۆمەڵگایە .


*باسى مێژووت کرد ، چۆن بوو تۆ لە مێژووى هاوچەرخەوە دەستت پێ کرد ؟


_بۆ ئەوە من لە مێژووى هاوچەرخەوە دەستم پێ کرد ، چونکە هەستم کرد کۆمەڵگاى من نیازى بەوە هەیە کە ئێستاى شى بکرێتەوە ، ئەگەر بمەوێ باسى شێخ مەحمود بکەم ئەوا رەنگە کاریگەرییەکى ئەو تۆى بە سەر گەنجى ئەمرۆوە نەبێت ، بەڵام ئەگەر لە سەر تاڵەبانى و بارزانى قسە بکەم ، ئەوە کاریگەرى زۆر زۆر زیاترە ، چونکە ئەوان زیندوون و ئێستا دەژین . ئەگەر سەبارەت بە قازى مەحەمەد قسە بکەم ، ئەوا قسەکانم دەگەرێتەوە بۆ شەست ساڵ لەمەوبەر ، لەو ماوەیەش دا دونیا گۆڕدراوە ، سەبارەت بە ڕابردووش زۆر شت نووسراوە ، ئەگەر لە سەر ئێستا نەنووسین ، ئەى کەى بنووسین، تا ئەو کاتەى کە ئەم دووانە لە دەسەڵات دانەمێنن ، پەنجا ساڵى ترى دەوێت ، جا ئەو کاتەى سوننەتى کۆنى مردوو پەرستى خۆم زیندووى بکەمەوە ، بۆ ئەوەیە کە بێم ئێستا لە سەریان بنووسم ، ئێستا حەز دەکەم ئاوڕ لە مێژووى هاوچەرخ بدرێتەوە ، چونکە کات پێویستى بەوە هەیە ، من دەبێ بزانم ئێستا چى لە کۆمەڵگاى من روو دەدات ، نەک ڕابردوو، چونکە هیچ کاریگەرى بە سەر ئێستاوە نییە .
کورد مێژوویەکى هەژارانەى هەیە ، دەبێ مێژووى تورکەکان و عەرەبەکان و عەجەمەکان بخوێننەوە ، تا سەبارەت بە کورد شتێک پەیدا بکەین ، خۆمان سەبارەت بە خۆمان هیچ نانووسین ، وەرە سەیرى ( محەمەد رەسوول هاوار ) بکە ، بڕوانە لە بەڵگەى ئەم و ئەو کەڵکى وەرگرتووە.
د. کەمال مەزهەر لە لەندەن ، لە رووى سەنەدەکان مێژووى نووسیوەتەوە ، من یەک کەسم بینووە ، ئەویش ( نادر ئینتسار) بوو . کە بە شێوەیەکى ئاکادێمى کارەکان دەباتە پێش و د. بورهان یاسین ، کە لە سویدە خەریکى تەواو کردنى کارەکانیەتى .
خۆشم یەکێکم لەو کەسانەى کە ئەو مێژوویەى کە دەیگێڕمەوە لە زارى ئەو کەسانەن کە ئێستا زیندوون . ئەوا لە کتێبخانە دا دەمێنێتەوە ، من لە سەر ئەمڕۆى کوردستان دەنووسم ، بۆیە کار کردن لە سەر رابردوو خۆماندوو کردنە، مێژووى کورد زۆر تێکەڵ بە درۆ بووە ، لە سەر مەلا مستەفا بارزانى کەم سەرچاوەى مێژوو دەبینى کە راست بڵێتەوە ، هەموویان بەرژەوەندى حیزبیە ، یان مەحزوراتى ئەخلاقیە ، لە کارى ئاکادێمیک دا دەبێ روانینێکى نەرمت هەبێت واتا ئەوەى کە واقعییەتى شتەکەیە بگۆترێ ، منیش هەوڵم داوە ، لە کارە ئاکادێمییەکانم دا ئەوەى کە راستى یە بە وێنى دا بڕۆم .


*ئەگەر حکومەتێک بیەوێ یارمەتى رۆشەنبیر بدات، رۆشەنبیر دەتوانێ چى بکات ؟


_هەر وەک وتم : حکومەتەکان دێن و دەرۆن ، هیچ حکومەتێک تا سەر نامێنێتەوە ، لە رۆژهەڵاتى ناوەراستیش چۆن وڵاتەکان بەردەوام دەگۆڕدرێن ، ئەگەر دڵ بەوە خۆش کەین کە لە رۆژهەڵاتى ناوەراستدا حکومەتێک بۆ هەمێشە دەمێنێتەوە ، ئەوە هەڵیەکى زۆر زۆر گەورەیە ، زۆر کەس هەبوون یارمەتیان لە (سەدام حوسین )وەردەگرت یارمەتى مادى و مەعنەوى ، بەڵام حکومەتەکەى ڕووخا ، شاى ئێران ، پارەى بە زۆر کەس دەدا لە سەرى بنووسن .
بەڵام حکومەتى نەما ، بەم پێیە ئەگەر رۆشەنبیر ببێتە ئامێرێکى بەردەستى دەسەڵات ، خەڵکیش برواى پێ نییە ، رەنگە بۆ ماوەیەک بمێنێتەوەى ، بەڵام مانەوەیەکى هەمیشەیى نییە ، ئەو کەسەى کە دەنووسێ دەبێ بیر لەوە بکاتەوە کە ئەگەر مەحزووراتى دەسەڵاتى هەیە ، واتە بە رەخنە گرتن لە دەسەڵات ئەو گرفتار دەبێت ، دەتوانێ رێگایەکى میانەرۆ بگرێتە بەر ، بۆ ئەوەى سەرکەوێ ، بەڵام ئەوەى کە یارمەتى لە حکومەتێک قەبوول بکا ، پێم وانییە لە دڵى مێژوودا بمێنێتەوە ، چونکە دەبێ بە دڵى حکومەت بنووسێ ، تا ئەو کاتە مێژوونووسێک بە دڵى حکومەت مێژوو بنووسێ ، ئەو کاتەى هێڵى ئازادى بیر و باوەرى ئەو کەسە تێک دەچێت ، بە ڵام کۆمەڵگا جیاوازە سێ دادوەرى بێ رەحم هەیە یەکەم: زەمانە ، دووەم: کۆمەڵ ، سێهە ، میدیاى سەربەخۆ بوونى نیە م : نەوەى داهاتووە ئەم سێ شتە بەزەی ى بە کەس ناکەن ، هەر هەڵەیەک بکەى ئەم سێ شتە...


- ئەگەر رۆشنبیرێک کار بۆ حکومەت بکا، جێى نابێتەوە لەهەر دوو بەشى کوردستانى ئێران و عێراق کەسى وا هەن کە بەحکوومەت هەڵدەڵێن، ئەوانەى بە حکومەت هەڵدەڵێن، لەکۆمەڵگەدا نامێنێنەوە، چۆن کۆمەڵ بیروهۆشى باشى هەیە، لەناو شاعیران دا زۆر باس لەپیرەمێرد و حاجى قادرى کۆیى دەکەن، کۆمەڵ هەستى پێ کردووە، زەمان ناسیویەتى، نەوەى داهاتوو پێى خۆش بووە.
لەبەر ئەم سێ شتە مرۆڤ ماوەتەوە ئەگەر ئەگەر ئەم سێ شتە مرۆڤ پەسەندى نەکات ئەوا نامینێتەوە، شتێک لە مێژوودا دەمێنێتەوە کە کۆمەڵ بەدڵى بێت، رۆشنبیر دەبێ لەهەنگاوى یەکەمدا رەخنەگر بێت، لەهەنگاوى دووەمدا ئازادبێت و مەبەستى ئازادى بێت، جیا لەوە هەرچى بێت نابێ ناوى لێ بنێین رۆشنبیر، ئەوانەى بەرگى رۆشنبیر لەبەر دەکەن، رۆشنبیر نین، قەرار نییە رۆشنبیر و مێژوونووس هەڵە نەکەن، لەراستیدا هەندێ جار هەڵەش بکات، بۆ وێنە رەخنە بگرێت، بەڵام رەخنە گرتنەکەى هەڵەیەک بێت، ئەوە باشترە لەوەى کە تۆ خەیانەت بە کۆمەڵ بکەیت.
ئەو رۆشنبیرانەى کە لەژێر دەسەڵاتى حکومت دان و بۆ حکومەت دەنووسن، ئەوا هەڵەیەکى گەورە دەکەن و هیچ کاتێک پاک نابنەوە.


*واتە تۆ پێت وانیە رۆناکبیرى کورد، کاریگەرى بەسەر راى گشتى ودەسەڵات و کۆمەڵگەدا هەیە، ئایا ئەم جۆرە روناکبیرە بوونى هەیە یان سەردەمێکى دەوێ تا دروست بێ؟


_کاتێ من ناتوانم دژى حکومەتێک با ئاشکرا بنووسم، بەڵام هیچ پێویست ناکا ببمە ئامرازى دەستى حکومەتیش. ئەوەى کە پێویستە کە تۆ بۆ مێژوو و زمان و خەڵکەکەت دەکەى، خەڵک ئەوە دەبینن، سێ چوار وەرگێرى باش لەبەردەستى سەدام دا هەبوون، چییان لێهات، وانییە؟، زۆر نووسەریش هەبوون کەئاوارەیى و دەربەدەرییان کێشا بەڵام هیچ کاتێک خۆیان نەفرۆشت، نمونەى (ئیبراهیم ئەحمەد)، کامیان لەمێژوودا مانەوە، (ئیبراهیم ئەحمەد) مایەوە، رۆشنبیر نابێ سەر بەهیچ حزب و گرووپ و دەستەیەک بێت، دەبێ لەسەر پێى خۆى راوەستێ، ئەوە دەبێتە هۆى دروست بوونى ناسنامەیەکى باش بۆ رۆشنبیر، لەوڵاتى ئێمەش ، تۆمەت لەزۆر کەس دەدرێت، بەڵام بەتێپەربوونى کات هەموو شت روون دەبێتەوە، داهاتوو دەیسەڵمێنێ کە ئەو کەسە چى کردووە، لەلاى خۆمان چۆن مردوو پەرستى هەیە تا مرۆڤ نەمرێ هیچى لەسەر نانووسرێ، بەڵام کۆمەڵ باش دەزانێ کە کێ چى دەکا و کێ کارى باش دەکا.


*بەراى تۆ مێژوو وەک خۆى دەخوێنرێتەوە، وەک ئەو واقیعانەى کە روویان داوە، نەوەى ئەمرۆ و داهاتوو وەک خۆى دەیخوێنێتەوە؟


_ئەو مەسەلەیە زۆر گرنگە، هەر حیزب و گرووپ و دەستەیەک دێت بۆ خۆى هەندێ کتێب دەربکات و شت لەسەر سەرەکردەکەى بنووسێ، بۆ ببێتە مێژوو، یان ئەگەر مێژووش بنووسرێ، لە سەر بنەماى ئەم کتێبانەش دەنووسرێ، راستە لەم کتێبانەش کەڵک وەردەگیرێ، بەڵام ئەگەر لەکۆنەوە وانە نەبووبێت، ئێستا وانییە، رووداوەکان رۆژانە لەرۆژنامەکان دونیادا دەنووسرێت و کارى مێژووش بووە بە کارێکى ئاکادیمیک، کەسى ئەکادیمیش دەبێ هەموو جیهان بگەڕێ، تا مێژوو بنووسێت. میژوونووسى ئەکادیمى دەتوانێ تۆزێ بێ لایەن بنووسێت ، بەڵام ناتوانێ زۆر لە مێژووناسێکى سەربەخۆ بکەیت کەبەدڵى لایەنێک بنووسێت، ئەو سەردەمە گۆڕاوە، ئازادى رادەبرین مافى مرۆڤە، هەموو مێژوونووسێکیش مافى ئەوەى هەیەلەئازادى دا مێژووبنووسێت.


*بەراى تۆ لەشۆرشى تەکنەلۆژیا و زانیارى وگلۆبالیزەیشن ئەوبوارە رەخساوە کەروناکبیر بتوانێ پەل بهاوێ بۆ کەنالََِى دیکەو لە شوێنی دیکە بیرو بۆچوونەکانى خۆى بڵاو بکاتەوە، واتە دەسەڵات ناتوانێ زەفەریان پێ ببات، تا قسەنەکەن و گوزراش لەبیر وبۆچوونەکانیان نەکەن؟


_ نمونەیەکى باشمان هەیە، (میلان کۆندێرا) دەوڵەتى چیک نەیدەهێشت کارێک بکات، هەستا بۆ فەرەنسا رۆیشت، زمانى فەرەنسى فێربوو ، بەفەرەنسى بڵاوى دەکردەوە، وئێستا یەکێکە لە گەورەترین نووسەرانى دنیا، وقەتیش ناچێتەوە بۆ چیک، بەڵام بۆتە مایەى شانازى بۆ خەڵکى چیک، چونکە دەگوترێ کە میلان کۆندێرا خەڵکى وڵاتى چیکە، ئێستا دونیا واى لێ هاتووە. تاکەى دەبێ نووسەرانى بیانى بێن شت لەسەر ئێمە بنووسن، بۆ خۆمان خۆمان هان نەدەین، رووداوەکان بنوسینەوە، بۆ خۆمان مێژووی خۆمان نەنووسینەوە تا خەڵکى تر بێن شتمان لەسەر بنووسن، ئەوە کێشەى سەرەکى ئێمەیە، نیشانەى هەژارى بیروبۆچوونى ئێمەیە.


*تۆ دەتەوێت بێ لایانانە و ئەکادیمیانە لەسەر مێژووى هاوچەرخ بنووسیت، تا چەند توانیوتە یان هەلت بۆ رەخساوە بێ لایەنانە باس لەو مێژووە بکەیت؟

_ئەگەر پشتگیرى لەلایەنێک بکەیتـ ئیتر خەڵکەکە برواى پیَِت نابێت، من کەرەخنە لەرۆشنبیرانى کوردستانى ئێران دەگرم، بەئەرکى خۆمى دەزانم، رەخنەگرتنى من لەرۆشنبیران لەرووى دڵسۆزییەوەیە، من بەرپرسى حیزبى و حکومى نیم، خەڵکیش ئەوە دەزانن، ئەگەر تۆ کارت بۆ حیزب کرد ئەوە کارى بێ لایەن نیە، رەنگە کارەکە ئەکادیمیک بێت ، بەڵام سەربەخۆ نییە، بۆ مێژوو نامینێتەوە.


*بەپێى رەخنەکانى تۆ لەسەر رەوشى سیاسى و کەلتورى کوردستانى رۆژهەڵات کە لە هەندێ کەناڵدا و وروژاندووتە، دەکرێ ئاماژە بەهەندێ لەو رەخنانە بکەیت؟

-ئەوەى کەجارێک لەزانکۆى تاران وتارێکم هەبوو سەبارەت بەوەى کە حیزبە کوردییەکانى لاى ئێمە نەخۆشن، دەبێ نەخۆشى نێوان خۆیان چارەسەر بکەن، لەسەر ئەمە هەندێکیان دەستیان کرد بەهەرا و هۆریا گوتیان تۆ لەدیدى حکومەتەوە رەخنە دەگرى، ئەمە بۆ من جێى پێکەنین بوو، سەرکردەى هەموو حیزبەکان دەزانن کەمن کەسێکى ئەکادیمى و بێ لایەنم، ئەو قسەى کە من کردم قسەى خۆشیانە، خۆیشیان دەزانن، نەخۆشن، دەزانن تا ئەو نەخۆشییە کۆتایى پێ نەیەت، ناتوانن لەبزووتنەوەى کوردیدا بەشدارى بکەن، منیش پێم خۆشە ئەوان سەرکەوتوو بن حەز ناکەم شۆرشى گەلەکەم لەناو بچێت، منیش حەزدەکەم حیزبەکان چالاک و ئەکتیڤ بن، لەکارى خۆیاندا سەرکەوتوو بن، بەڵام ئەو رەخنەى کە من لەوانم گرت، ئەوەبوو کەئەوان لەکۆڵانێکى بنبەست پیاسە دەکەن، من راستگۆیانە ئەوەم پێ راگەیاندن، ئەوەى کەدڵیان دێشێ ئەوە بابەتێکى ترە، بەڵام کێ دڵسۆزە ئەوە شتێکى تر.


*ئەى رەخنەت چیە لەدەسەڵاتى کوردى لەباشوورى کوردستان، رەوشى سیاسى و فەرهەنگى ئێرە چۆن دەبینى؟

_پێم وایە دەسەڵاتى کوردستانى عێراق لەو ماوەیەدا کە من چاوم پێِکەوت، ممارەسەکردنە بۆ فێربوونى دیموکراسى، بەڵام هێشتا شتێک گۆڕانى بەسەردا نەهاتووە، هێشتا زۆر کێشە ماوە ، کەدەبێ چارەسەر بکرێت، هەتا کێشەکان چارەسەر نەکرێن، ئەم یەکگرتووییە بۆ هەمیشە نامینێتەوە، نەخۆشیەکان بەردەوام لەدۆخى سەرهەڵداندان، سەرەتا دەبێ نەهێڵین نەخۆشییەکان سەرهەڵدەنەوە، ئەوکات دەتوانین گەرەنتى داهاتوو بکەین، من لەداهاتوو دەترسم، چونکە داهاتوو لەسەر ئەمرۆ بونیات دەندرێ، ئەمرۆش لەرزانە، یەکێکیش لەو شتانە رەخنەگرتنە ، کەرەخنە گرتن لەکوردستانى عێراق لەسەردەمى مناڵى دایەو هێشتا گەورە نەبووە، تارەخنە سەرکەوتوو نەبێت، بەرپرسەکان نازانن چى دەکەن؟ و خەڵکیش نازانن بەرپرسەکان چی دەکەن؟ هەندێ بەرپرس هەن، دڵیان بەگەورە بوونى خۆیان خۆشە، مێژوو ئەمانە نابینێ، هەمووى ئەمانەى کەباسم لێوەکردن، نەخۆشین و ئەگەر چارەسەر نەکرێن، دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە، لەراستى دا ئازادى وتارى لەکۆمەڵگەدا بوونى نییە و تا ئەو کاتەى کەئازادى وتار نەبینین، ئازادى مێشکیش نابینین، تا ئازادى مێشکیش نەبینن، قسە لەئازادى کردن پێکەنینە.


* تا چەند رایەڵ و سیماکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لەکوردستان دەبینى؟

- کۆمەڵگەى مۆدێرن و دیموکراسى بەقسە ناکرێ، بەکردەوەیە، واتە من بێم بڵێم وا بکەن وا مەکەن، قسە هیچى تێ ناچێ، هەموو کەس دەتوانێ بیکا، لەکۆمەڵگەیەک دا کە کچ دڵى بە کەسێکى ترەوەیە، (بەردباران) دەکرێت و گەورە بەرپرسان هیچ دژکردەوەیەک نیشان نادەن و نارەزایى دەرنابرن، دەبێ بۆ حاڵى ئەو کۆمەڵگەیە بگرین، ئەگەر لە دانیمارک شتێکى وا روو بدات، هەموو کۆمەڵگە دەشێوێ، کۆمەڵگە دەبێ رێى لەو کەسە گرتبێت، کە کەسێکى ترى خۆش دەوێت و دەبێ بیکوژێت ، جل و بەرگەکان لێرە گۆڕاون، بەڵام مێشکەکان نەگۆڕاون، پەیوەندى خەڵکى لەگەڵِ بەرپرسان سەیر بکە، من بەئاسانى دەتوانم سەرۆک کۆمارى فەرەنسا ببینم، بەڵام بەرپرسێکى بچوک لەکوردستانى عێراق ببینى زەحمەتە. فەرهەنگى خەڵک لێرە هێشتا گەورە نەبووە، هێشتا کلتورى خەڵکى لێرە کولتورێکى هەژارانەیە، وڵاتى ئێمە وڵاتى بەرکارهێنەرانە ، تەنیا دەزانین کەرەستە بەکاربێنین، کوردستانى عێراق داهێنانى تێدا نیە، خوڵقاندنى تێدا نییە، هەرچى هەیە بەرکارهیَِنەرانەیە، کاتێ کتێب لەشارى سلێمانى لەسەر جادەکان دەفرۆشرێت، کتێب فرۆشێ نابینى بەشێوەیەکى باش کتێبەکان لە شوێنى شایستە بفرۆشێ ، هەموو هەراجن، مەزاد کراون، نووسەر بەچ دڵخۆشییەک کتێب بنووسێت، نووسین لێبرە پێداهەڵگووتنە، بۆ وەرگرتنى (5) هەزار دۆلار، چى لەنوسین دەمێنێتەوە، گلەیى کە من لێرەم هەیە، ئازادییە، ئازادى چی یە؟ رۆژنامەکان گشتیان تریبوونتى حیزبن، کام رۆژنامە دەبینى کە دژى یاسایەکى کۆنەپەرستانە شت بنووسێت؟ هیچ نابینین کاتێ هیچ نابینى و لەهەمان کاتدا ئازادییەک دەبینیى کە دەڵێ خەڵک دەتوانن بیرەیەک بخۆنەوە و قسە بکەن و لەهەمان کاتدا دەسەڵاتێکى وا دەبینى کەئەم کۆمەڵگەیە بەرێوە دەبات، لەوە دەترسم کە ئەم دەسەڵاتە لە جێگەیەکى دیکەوە سەر دەربێنێ ، چ یاساییەکە هەیە کە هاوکارى بیروبۆچوون و مێشکى خەڵکى دابێت، چ هەیە؟ رەنگە خەڵک نەتوانىَِ ئەمە بڵێت، بەڵام کە ئەم قسانەى ئێمە دەخوێنیتەوە بیر لەوە دەکەنەوە کە بۆداهاتوو چیمان هەیە بۆگوتن؟.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەبەغدا سەردانى مام جەلالى کرد ، مام جەلال کورسیەکەى خۆى چۆڵ دەکات و مەسعودى بارزانى لەسەر کورسیەکەى دادەنێ، ئەوە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە، لە (100) ساڵآ تر دەڵێن سەرۆک کۆمارى عێراق کورسیەکەى خۆى دا تا سەرۆکى کوردستان لەسەرى دانیشێ، هیچ پەیوەندى بە کەساییەتیەوە نیە، ئەوە دەمینێتەوە بۆ مێژوو، مام جەلال و مەسعود بارزانى میوانى مێژوون، دەڕۆن نامێِیننەوە، ئەوەى کەدەمینێ کارکردە، ئەو شانۆییەیە کە دەخولقێ و مێژوو دەینوسێ، جگە لەوە فریوى خەڵکە و هەروەک پێشتر گووتم: نامینێتەوە.


*دیارە تۆ سەبارەت بە ئەزموونى سیاسى لەکوردستان نیگەرانى ؟! بەڵام ئەگەر ئاور لەرەوشى سیاسى و کەلتورى و کۆمەڵایەتى کوردستانى باشوور بدەینەوە ئێستا لەگەڵ رابردوو گۆڕانکارى زۆر هاتۆتە ئاراوە، تۆ بەچی نیگەرانى؟

_من سادقانە باس لە نیگەرانى خۆم دەکەم، نیگەرانى من لەوەی کە مێژوو بەخراپە ناو ببرێت، من نەکار بەدەستم نەدەسەڵاتم، نەهیچ ، کابرایەکم لەزانکۆ وانە دەڵێمەوە، بەڵام لەسەرى دڵسۆزییەوە دەڵێم: راستى چی بکەین؟ داهاتوو دەبێ بەچى؟ ئەم قسەم قسەیەکى خراپ نییە! من دەڵێم پەیوەندى مێشکى رۆشنبیران دەبێ ببێتە هۆى ئەوەى کە دەسەڵاتى لاى خۆمان مەبەستى ئازادى بێت، نەک مانەوە لەدەسەڵات. من هیچ نیگەرانییەکى ترم نییە.

* پەیوەندیت لەگەڵ رۆشنبیرانى ئێران چۆنە؟

- پەیوەندیم لەگەڵ نووسەرانى ئێران زۆر باشە، لەگەڵ کانوونى نووسەرانى ئیَِران لەکەڵ زۆربەیان نێوانم خۆشە، هەمیشە هەوڵمداوە برۆم بیانبینم، هیچ کاتێک تاک پەرست نەبووم، حەز لەتاک پەرەستى ناکەم، هیچ کات خۆمم بەتاکێکى تر نەلکاندووە، هیچ کات لەگەڵ کەسێک گفتوگۆم نەکردوە تا پێى بناسرێم، چونکە ناوبانگ بوون بە شتێکى مناڵانە دەزانم، من گۆرانیبێژ یان ئەکتەر نیم، خەڵک چەپڵەم بۆ لێدا.
نەناسراوى دەبێتە هۆى ئەوەى شەو بەئارامى بخەویت، ئەوەم زۆر پێ خۆشە، زیاتر هەوڵم داوە رۆشنبیرانى دەرەوەى وڵات ببینم، بزانم بیروراى ئەوان چییە؟ زۆربەى رۆشنبیرانى ناو وڵاتم بینیوە، زۆر هانیان دام کەپتر بخوێنمەوە وەک سەید جەواد تەباتەبایى و رامین جەهان بەگلو وەک داریوش شایگان، ئەحمەد شاملو، محمد قازى، و زۆر کەسى تر، پتر حەز ئەکەم لەگەڵ رۆشەنبیرانى بیانى دانیشم، چونکە مێشکى مرۆڤ کراوەتر دەبێت .

* پەیوەندیت لەگەڵ ئەحمەدى شاملوى شاعیرى ناسراوى ئێران پەیوەندیەکى شەخسى بووە یان لەرێى خوێندنەوەى کتێبەکانى بووە؟

- هەموو کتێبەکانى شاملوم خوێندۆتەوە، ئەو کاتەى کەخوالێخۆشبوو محمەدى قازى زیندوو بوو، لەرێى ئەم وەرگێرە بەتوانایە دووجار چاوم بەشاملو کەوت، ئەوکات من (19) ساڵم تەمەن بوو.

* لەگەڵ رۆمان نووسەکانى ئێران وەک هوشەنگ گوڵشیرى و مەحموود دەوڵەت ئابادى پەیوەندیت چۆن بوو؟

-لەگەڵ رۆمان نووسەکان، پەیوەندیم لەگەڵ ئەحمەد مەحموود زۆر باش بوو، ئەویش لەرێى تەلەفوونەوە، لەگەڵ شەهریار مەدەنى پوریش بەهۆى سەفەر لەگەڵى ئاشنابووم، کەقوتابى گوڵشیرى بوو، من پتر لەگەڵ وەرگێرەکان نێوانم خۆش بوو، هەمیشە بەمامۆستاى خۆمم داناون، کارى من شتێکى ترە و کارى ئەوانى شتێکى تر، هەر لەتەمەنى (17) ساڵیەوە لەگەڵیان لەپەیوەندى دان و بیرەوەرى تاڵ و ناخۆشم لێیان نییە.
لەگەڵ رۆشنبیرانى کوردستانى ئێرانیش، لەگەڵ نەوەى رابردوو محمەد قازى پەیوەندییەکى باشم هەبوو، هەروەها د.ئیبراهیم یونسى، لەگەڵیا لەپەیوەندى دابووم، لەنەوەى گەنج و نوێ، کە کەوتمە دواى خوێندن و سەفەر بۆ هەندەران لەدوورەو دەیان ناسم، نەمتوانیوە لەگەڵیان بم و بدوێم، بەڵام لەدوورەوە ئگام لەزۆربەیان هەیە.

*دوا پرۆژەى نووسینت چییە؟

-پێم خۆشە تەنیا لەزانکۆ وانەبڵێمەوە.

* پێت خۆش نییە بێیتەوە کوردستانى باشوور؟

- کوردستانى باشوور بۆ من نییە، لەبەر ئەوەى ئەگەر من خەریکى قامووس یان کارى مێژوویى هاوچەرخى کوردبم، یان خەریکى کارى زمانناسى بم، لەهەر سێ بوارەکە لێرە هیچم لە دەست نایەت، بێم لێرە چی بکەم، زۆر حەز دەکەم یەکەم ئەرشیفى وتارى یان سەرزارەکى کورد لێرە دەست پێبکەم، بەڵام تا ئێستا بۆم نەرەخساوە

* چۆن سەیرى دامەزراوە رۆشنبیرییەکان زانکۆکانى کوردستان دەکەى؟


- بۆ دوو زانکۆ چووم، یەکیان زانکۆى سلێمانى بوو، زانکۆ لێرە هەژارە و دواکەوتووە، خوێندکار لێرە شتێکى وافێر نابێت، زمانى ئینگلیزى ئەو خەڵکە چاو لێى دەکەم، دەبینم هەڵەیە و ئەوەى لە زمانى ئینگلیزى دەرەوەى وڵاتە، زۆریش جیاوازە، پێم وایە، دەبێ سیستمى پەروەردەى کوردستان بگۆڕدرێ لەبەر ئەوەى وا برواتە پێش ئەو خوێندکارانەى کەتەواو دەبن، قسەیەکیان بۆ وتن نییە، بەدڵسۆزییەوە ئەوە دەڵێم.

 

هەوڵیر
faraydunsaman@yahoo.com