١٨\٦\٢٠١٠
عیسا پژمان و
بارزانی و تاڵه‌بانی،
(ئیفاده) له‌سه‌ر خۆیان و تاوانباره‌کانی تر ده‌ده‌ن!
ئامانج پیرۆت
عیسا پژمان، ئیفاده له سه‌ر تاوانباره‌کانی
ڕابردوو ده‌دات و سه‌رچاوه‌ی سه‌رمایه مه‌عنه‌وی و ماددی یه‌کانیان ده‌رده‌خات!
عیسا پژمان ئه‌و جاسوسه ساواکی یه‌یه که ماوه‌یه‌که ، له چه‌ند
بۆنه و چاوپێکه‌وتنێکدا، به بێ ترس باس له‌وه ده‌کات که بۆ خزمه‌تکردنی
شای ئیران چۆن قه‌ناعه‌تی به هه‌ریه‌که له مسته‌فا بارزانی و کامه‌ران
به‌درخان و تاڵه‌بانی و کێ و کێ کردوه، تا ئاگری شه‌ڕێک خۆش بکه‌ن و
هه‌ڵبگیرسێنن، که ده‌یان هه‌زاری تیا سوتا و سه‌دان هه‌زار که‌سی
ئاواره کرد و چرۆی زۆربه‌ی په‌یوه‌ندیه ئینسانی و هاوچاره‌نوسی یه‌کانی
نێوان چینه چه‌وساوه و زه‌حمه‌تکێشه‌کانی عێراقی هه‌ڵقرچاند و کردی
به کلی چاوی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌ب و ناسیۆنالیزمی کورد و حزبه دڕنده و
مافیاکانی وه‌ک به‌عس و پارتی و یه‌کێتی.
ئێستا هه‌موو که‌سێکی به ویژدان، ده‌توانێت مانای ئه‌و شه‌ڕه بزانێت،
که عیسا پژمان بۆ خزمه‌تکردنی شای ئێران، سیناریۆسازی تیا کرد، که سه‌رکرده
و سیاسه‌تمه‌داره‌کانی عروبه و سه‌رکرده و سیاسه‌تمه‌داره‌کانی
کوردایه‌تی( مسته‌فا بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی و هاوڕێکانیان) ده‌وریان
تیا بینی، ده‌توانێت مانای ئه‌و بیروباوه‌ڕه له عه‌رزی واقعدا ببینێت،
که به ناوی کوردایه‌تی و عه‌ره‌بایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمان و گه‌له‌وه
و له ڕێگای ئه‌و شه‌ڕه‌وه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا زاڵ بوو و به هۆیه‌وه
چینه چه‌وساوه‌کانی کرێکاران و جوتیاران و توێژه مووچه خۆره‌کانی
کورد و عه‌ره‌ب له‌یه‌کتر دابڕان و بوون به دوژمنی یه‌کتر، ئێستا ده‌توانرێت
زۆر به ئاسانی مانای هه‌موو ئه‌وانه له‌وه‌دا ببینرێت، که خه‌ڵکی
کوردستان زیاتر و زیاتر دابه‌شبوون به سه‌ر دوو چینی سه‌ره‌کیدا:
چینێک ( که بنه‌ماڵه‌کانی بارزانی و تاڵه‌بانی و سیاسه‌تمه‌دار و خزمه‌تکاره‌کانیان
، به‌شێکی به‌رچاوین) خاوه‌نی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری سامانی کۆمه‌ڵگا و
زۆرترین ده‌سڵاتی سه‌ربازی و یاسایی و جاسوسی و ئیعلامی و به‌ندوبه‌ستی
ناوچه‌یی و جیهانین و چینێکیش( که له کرێکاران و کارمه‌ندانی دایره
و خه‌سته‌خانه‌کان و ده‌سفرۆشان و کارمه‌نده ساده‌کانی ده‌زگاکانی
ئاسایش و پۆلیس پێکهاتووه) ده‌بێت له کارکردن‌دا بۆ ئه‌وان بچه‌وسێنه‌وه،
له بێکاریدا ببنه پۆلیس و ئاسایس و چه‌کداری ئه‌وان و خزمه‌تیان بکه‌ن،
له خوێنه‌وار بوونیاندا، کۆمپانیا و داموده‌زگاکانیان بۆ به‌ڕێوه ببه‌ن،
له نه خوێنه‌وار بوونیاندا به ئاسانی فریویان بخۆن، له بێ خانه‌ولانه‌یی
یاندا، ببنه کرێنشین و قه‌رزاری ئه‌وان و سه‌رمایه‌داره‌کانی ناوچه‌که
بن، ته‌نانه‌ت له نه‌خۆشکه‌وتن و خواردن به‌کارهێنانیشدا، قازانج و
خێر و خۆشی و به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و چینه دڕنده‌یه به‌دی بێنن و ده‌رمانه
ئیکسپایه‌ر و خواردنه به‌سه‌ر چوه‌کانی سه‌رمایه‌داره هاوکوپهکانی
وڵاته‌کانی تریان بۆ ساغ بکه‌نه‌وه.
به‌کورتی عیسا پژمان ئیفاده‌یه‌کی زۆر
ئاشکرا و پڕبهڵگه له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕه ناسیۆنالیستی یه‌کان و خۆیی و
تاوانباره‌کانی په‌نجا ساڵی ڕابردوو ده‌دات و مێژوویه‌کمان بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه،
که ئه‌و سه‌ره‌که‌ی به‌کارهێنانی بیروباوه‌ڕی ناسیۆنالیستی کوردی یه
وه‌ک سه‌رمایه‌یه‌کی مه‌عنه‌وی بۆ دزین و تاڵانکردن و ده‌سبه‌سه‌راگرتنی
هه‌ڵوێستی خه‌ڵکی کوردستان له دژی زوڵم و سته‌می هێزه شۆڤێنی یه‌کانی
عێراق ، بۆ دروستکردنی کۆمپانیایه‌کی مافیایی و ئهمسهرهکهیشی بریتی
یه له به‌کارهێنانی ئه‌م کۆمپانیایه‌یه بۆ دزین و تاڵان‌کردنی سه‌روه‌ت
و سامانی خه‌ڵکی کوردستان و فریودان و ترساندن و سه‌رکوتکردن و چه‌وساندنه‌وه‌یان
و یاریکردن به چاره‌نوسیان و زه‌مینه خۆشکردنیش بۆ خستنه‌گه‌ڕی ئه‌و
سه‌رمایه دزراوه بۆ ده‌رکێشانی قازانجی هه‌رچی زیاتر له ماسولکه و
بیر و ژیانی چینی کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان. عیسا پژمان ئیتر ته‌نیا
جاسوس و تاوانبارێک نی یه، به‌ڵکو شایهتێکیشه له‌سه‌ر چۆنێتی
دروسبوونی کۆمپانیا مافیاکان ( حزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی) و
چینی سه‌رمایه‌داری کوردستانیش.
مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی، ئیفاده له‌سه‌ر
تاوانباره‌کانی ئێستا و داهاتوو ده‌ده‌ن.
مه‌سعود بارزانی( یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی که له سایه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌دا
ئێستا بوه‌ته خاوه‌نی ملیارده‌ها دۆلار و ده‌سڵاتێکی ئیمبراتۆریانه)
هێشتا له هه‌موو بۆنه و شووێنێکدا، زۆر ڕاشکاوانه، باس له به‌رپرسیارێتی
خۆی ده‌کات بۆ پاراستنی موقه‌ده‌ساته دینی و قه‌ومی یه‌کان و هێڵی
سوور داده‌نێت و سزاکانیش دیاری ده‌کات. که‌واته ئه‌و دان به‌وه‌دا ده‌نێت،
که هه‌موو ئه‌و کوشت و بڕ و هه‌ڕه‌شه و ترساندنه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و
که‌سانه ئه‌نجام دراوه و ده‌درێت، که هێڵه سووره‌کانی دین و نه‌ته‌وه
په‌رستی ده‌به‌زێنن، شتێک نین جگه له ئه‌رک جێبه‌جێکردنێکی بارزانی
( که خۆی به خاوه‌نی ده‌نگی له 70% ی خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانێت و سه‌رۆکی
هه‌رێمه‌که‌یه و خاوه‌نی گه‌وره‌ترین حزب و ده‌زگای سه‌ربازی و جاسوسی
و زۆرترین پاره و زۆرترین ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه) و ئه‌وانه‌ی که بره‌و
به‌و موقه‌ده‌ساته دینی و قهومپهرستیانه ده‌ده‌ن و نانی له سایه‌دا
ده‌خۆن!
جه‌لال تاڵه‌بانیش له دوایین گه‌مه‌ی حزبیی خۆیدا( له کۆنگره‌که‌یدا)
ئه‌وه نیشان ده‌دات، که کوردایه‌تی و خزمه‌تکاری یه‌کانی بۆ بارزانی
باوک و حکومه‌تی عێراق و شای ئێران و ساواک و دواتر کۆماری ئیسلامی
ئێران و ئیتڵاعات و قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان و حزبه کۆنه‌په‌رسته‌کانی
عێراق و سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا و ڕێکه‌وتنه ستراتیژیه‌که‌ی له‌گه‌ڵ
پارتیدا، مه‌رایی و خۆ سوک کردنه‌کانی بۆ تورکیا و هه‌رچی هێز و ده‌وڵه‌ت
و داموده‌زگای کۆنه‌په‌رست و سه‌رکوتگه‌ری ناوچه‌که و دنیا هه‌یه، ته‌نیا
بۆ ئه‌وه بووه، که چه‌ند کۆمپانیایه‌کی هه‌بێت بۆ پاراستنی سه‌رمایه
ماددی و مه‌عنه‌وی یه‌کانی. له‌و کۆنگره‌یه‌دا و له هه‌ڵبژاردنێکی
مافیا ئاسادا، ژنه‌که‌ی و برازاکه‌ی و ژماره‌یه‌ک له موخلیسترین عه‌سکه‌ر
و جاسوس و ڕاپۆرتنوسه کۆیله‌کانی خۆی کرد به ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی
و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند و خۆی بوه‌ته‌وه به سکرتێری گشتی یان سه‌رۆکی
کۆمپانیا مه‌عنه‌وی یه‌که، سه‌رۆکی مافیایه‌ک( که له سه‌رۆک و کاربه‌ده‌سته
گه‌وره فریوده‌ر و سه‌ربازی و جاسوسی یه‌کان) پێکهاتوه، که هه‌ر
ئێستا خه‌ریکی تاوانه‌کانی فریودان و ترساندن و سه‌رکوتکردنی کرێکاران
و کارمه‌ندان و توێژه بهشخوراوهکانن و له داهاتووشدا به وه‌لا و
گوێڕایه‌ڵی یه‌کی زیاتره‌وه سڵ له هیچ تاوانێک ناکه‌نه‌وه. له‌هه‌مان
کاتدا خۆی خاوه‌نی چه‌ندین کۆمپانیای ئابوری یه، که هه‌ر ئێستا له
ته‌له‌فۆن کردنی خه‌ڵکه‌وه، له نانخواردنی خه‌ڵکه‌وه، له هاتوچۆ و
سه‌فه‌ر کردنی خه‌ڵکه‌وه، له نه‌خۆشکه‌وتنی خه‌ڵکه‌وه، له ده‌سکه‌وتنی
سه‌رپه‌نا و خانوی خه‌ڵکه‌وه، له کارکردن و بێ‌کاری و نه‌بوونی و...
خه‌ڵکه‌وه، قازانج که‌ڵه‌که ده‌که‌ن و سه‌رمایه‌کانیان زیاتر ده‌که‌ن
و تاوانه‌کانی برسی کردن و ژه‌هراوی کردن و بێخانه‌ولانه کردن و هه‌ژار
کردن و ... ئه‌نجام ده‌ده‌ن و خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی تر ئاماده
ده‌که‌ن. تاڵه‌بانی به هه‌ڵبژاردنی ئه‌م تاقمه پێشینه و ئێستا و
داهاتوو که‌شفه، ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت: ئا ئه‌مانه ئه‌و که‌سانه‌ن که
تاوانه‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ئاماده‌ن له داهاتووشدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی
کۆمپانیا مه‌عنه‌وی و ماددی یه‌کانی ئه‌و و بنه‌ماڵه‌که‌ی و چینه ده‌وڵه‌مه‌ند
و سه‌رمایه‌داره ناوخۆیی و ناوچه‌یی و جیهانی یه‌کان تاوانی تر ئه‌نجام
بده‌ن!
16\6\2010
ماڵپه‌ڕی
ئامانج پیرۆت
|