١\٤\٢٠٢١
ئیسحاق نیوتن و لەدەستدانی حەوت ھەزار
پاوەندەکەی.

عامر سابیر
ڕۆبەرت گرین نووسەرێکی ئەمریکییە. خاوەنی شەش کتێبە کە زۆربەیان لە
لیستی پڕ فرۆشترین کتێبەکانی دنیادان. دوا کتێبی لە ساڵی ٢٠١٨ دا
بڵاوکردۆتەوە بەناوی یاساکانی خەسڵەتی ئینسان (زە لۆز ئۆف ھیومان نەیچە).
ڕۆبەرت گرین لە سەرەتای کتێبەکەیدا باسی داڕووخانی کۆمپانیای ساوس سی
دەکات کە لە سەرەتای سەدەی ھەژدەدا لە بەریتانیا ڕوویداوە. ئەم
کۆمپانیایە لە ساڵی ١٧١١ دا لە لایەن (جۆن بڵانت)ەوە لە لەندەن
دامەزراوە. کاری سەرەکی ئەم کۆمپانیایە بازرگانی بوو، وە بەتایبەت
بازرگانیکردن بە کۆیلەوە. جۆن بڵانت ھەرچەندە لە خێزانێکی ھەژار و
کرێکارییەوە ھاتبوو. بەڵام کابرایەکی زیرەک و بە تەماح و خاوەن بیرۆکەی
ئەوە بوو کە ئەیوت (گەورە بیربکەرەوە). ئەو بزنزمانێکی دیاری سەرەتای
سەدەی ھەژدە بوو.
لە سەرەتای سەدەی ھەژدەدا دەوڵەتی بەریتانیا کە بەھێزترین وڵاتی
سەرمایەداری و ئیمپریالیستی دنیا بوو. بە ھۆی ئەو ھەموو شەڕە جیا
جیایەی کە لە وڵاتانی دنیادا ئەیبردە پێشەوە، ٣١ ملیۆن پاوەن قەرزاربوو.
ئەمە قەرزێکی زۆر گەورە و خەیاڵی بوو. لەو کاتەدا ھیچ وڵاتێکی دنیا
ھێندە قەرزار نەبوو. کۆمپانیای ساوس سی توانی لەگەڵ حکومەتی
بەریتانیادا ڕێکەوتن بکات بەوەی کە ئەم کۆمپانیایە ھەموو ئەم قەرزە لە
ئەستۆ بگرێ و لە بەرانبەردا مۆنۆپۆڵی بازرگانی لەگەڵ کیشوەری ئەمریکای
باشور بکات.
کۆمپانیای ساوس سی بڕێک پارەی دا بە حکومەت، تا مافی ئەم قەرزە ٣١
ملیۆن پاوەندە لە ئەستۆ بگرێ و پاشان ئەم قەرزەی کرد بە کاڵا و تایبەتی
کردەوە و بە شێوەی پشک فرۆشتی بە خەڵکی بەریتانیا. ١٠٠ پاوەند بۆ ھەر
پشکێک لە کۆمپانیای ساوس سی. بیرۆکەی جۆن بڵانت و کۆمپانیای ساوس سی
ئەوە بوو کە بەم شێوەیە ساڵانە قازانجێکی زۆریان دێتە دەستەوە، کە
بەشێکی لێ ئەدەنەوە بە قەرزەکەی حکومەتی بەریتانیا، بەشێکی باشی بۆ
خۆیان ھەڵئەگرن و بەشێکیشی لە شێوەی دیڤیدنت (ئەو قازانجەی ئەدرێ بە
خاوەن پشکەکان لە کۆمپانیاکاندا) ئەدرێت بە خاوەن پشکەکان. ئەمە لە
مانگی مەی ساڵی ١٧١٩ دا دەستی پێکرد.
خەڵک بەتەوای لێی تێنەدەگەیشت، بەڵام باوەڕیان وا بوو کە ئەمە شتێکی
تازە و زۆر سەرنج ڕاکێشە و ئەرکێکی نیشتیمانییە کە بەشداری تیادا بکەن
و پشکی لێ بکڕن. لە ماوەی مانگێکدا نرخی پشکەکان بەرزبۆوە بۆ ٢٠٠
پاوەند، لە دوومانگدا بەرزبۆوە بۆ ٣٠٠ پاوەند. شتەکان زۆر سەیر و
شێتانە ئەچووە پێشەوە و نرخی پشکەکان تا ئەھات ئەچووە سەرەوە.
نزیکەی شەش بۆ حەوت مانگ لەم بەرەو پێشچوونە، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە (جۆن
بڵانت) ھەستی بەوە کرد کە شتەکان ناجۆر ئەچنە پێشەوە و ھەموو ئەو
قازانجەی دێتە دەستیان ئەدەنەوە بە خاوەن پشکەکان تا بەم شێوەیە ھانی
خەڵکی تر بدەن پشک بکڕێ. جۆن بڵانت ئەوەی بۆ دەرکەوتبوو کە ئەگەر
ھەلومەرجێکی ناجۆر بێتە پێشەوە و خەڵک واز لە کڕینی پشک بھێنێ، ئەوە
تەواوی کۆمپانیاکە ھەرەس ئەھێنێ. بۆیە بەردەوام قازانجی زیاتری
ئەدایەوە بە خاوەن پشکەکان وھانی خەڵکی ئەدا تا بەردەوام بن لە پشک
کڕین. بە ھەرحاڵ لە سێپتەمبەری ١٧٢٠ دا ئەوەی جۆن لێی ئەترسا ڕوویدا و
تەواوی کۆمپانیاکە ھەرەسی ھێنا و ھەزاران خێزان لە بەریتانیا ھەموو ئەو
پارەیەی لە ژیانیاندا پاشەکەوتیان کردبوو لە دەستدا. وە بە سەدان کەس
خۆکوژی کرد و کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا، کە لە نێویاندا برازایەکی (جۆن
بڵانت)یشی تیابوو.
زۆر لە ناودارانی بەریتانیا، لەوانە نووسەران، ھونەرمەندان، سیاسی و
پایەدارەکان، پارەکانیان کردە ئەم کۆمپانیایەوە. تەنانەت پاشای
بەریتانیا (جۆرجی یەکەم) ١٠٠ ھەزار پاوەندی لە پارەی خۆی کردە ئەم
کۆمپانیایەوە. وە تەنانەت زۆرێک لە کرێکار و دەستکورتەکانیش ھەموو ئەو
پارەیەی لە ژیانیاندا کۆیانکردبۆوە ئەیانکردە ئەم کۆمپانیایەوە و
پشکیان پێ ئەکڕی، ھەندێک کەس پاش ماوەیەک ئەیفرۆشتەوە و پارەی باشی
ئەھاتە دەستەوە. گوایە جارێک ژنێکی ئەرستۆکرات ئەچێت بۆ سەیری شانۆگەری،
ئەبینێ یەکێک لە خزمەتکارەکانی خۆی لە شوێنێکی نایابتر و گرانتر جێگەی
گرتووە.
یەکێک
لە بەناوبانگترینی ئەو کەسانەی کە پشکی لەم کۆمپانیایەدا کڕی، زانای
فیزیا و ماتماتیک ئیسحاق نیوتن (١٧٢٦-١٦٤٢) بوو کە ھەموو ئەو پارەیەی
کە ھەیبوو (٧٠٠٠ پاوەند) کردیە ئەم کۆمپانیایەوە و پشکی پێ کڕی. ئیسحاق
نیوتن ئەیزانی ھەرچی زوو بچێتە سەرەوە زووش دێتە خوارەوە. بۆیە
پشکەکانی فرۆشت و ٢٠ ھەزار پاوەندی وەرگرت. بەڵام لە ئۆگەستی ١٧٢٠ دا
بە دوای وتاری (جۆن بڵانت)دا بۆی دەرکەوت کە کەسانی تر چەند بەرابەر
لەو زیاتر قازانجیان کردووە. بۆیە ھەموو پارەکەی (٢٠ ھەزار پاوەندەکەی)
کردەوە کۆمپانیاکە و پشکی پێ کڕی. بەڵام تەنھا مانگێک دواتر، کۆمپانیای
(ساوس سی) ئینھیاری کرد و (نیوتن)یش ھەرچی ھەیبوو لەدەستی دا و ژیانی
لە خەتی ھەژاری نزیک بۆوە. ئەم ھەرەسھێنانە لە مێژووی ئیقتیسادی
بەریتانیادا بە (بڵقی ساوس سی) ناسراوە. کە زیاتر لە سەدەیەکی خایاند
تا حکومەتی بەریتانیا پشتی لە ژێریدا ڕاستبێتەوە.
ئیسحاق نیوتن کە لە عەبقەریترین و زیرەکترین کەسەکانی سەردەمی خۆی بوو.
بەڵام ئاوا تووشی زیان و داڕووخان بوو وە ھەرچی پارەیەکی کۆیکردبۆوە،
لە کۆتایی ژیانیدا لە دەستی دا و شەش ساڵ دوای ئەم ڕووداوە ئەمرێت. ئەو
کە لەو کاتەدا لە ساڵانی کۆتایی حەفتاکانی تەمەنیدا بوو. وتەیەکی ھەیە
کە ئەڵێ " من ئەتوانم حیسابی جوڵەی تەنە گەردوونییەکان بکەم، بەڵام
ناتوانم لە شێتی ئینسانەکان بگەم".
ئیسحاق نیوتن پێی وابوو کە ئەوە سەرەڕۆیی و کارکردی ھەندێ لە
ئینسانەکانە، نەک سیستەمی ئابووری سەرمایەداری، کە ئەو کارەساتەی بەسەر
خەڵکی بەریتانیا و سەروەتەکەی ئەودا ھێنا. بەھەمان جۆر (ڕۆبەرت گرین)یش
ھەرگیز نە ناوی سیستەمی سەرمایەداری ئەھێنێ، وە نە سەرزەنشتی سیستەمی
سەرمایەداری ئەکات لەو ھەموو ماڵوێڕانییەی لە بڵقەکەی ساوس سی و لە
ئێستادا بەسەر خەڵک و کرێکاران و ھەژارانیدا ھێناوە.
سیستەمی سەرمایەداری لە قەیرانەکانیدا کە ئەگەر (تەنک و کورت) بێت یان
قوڵ و درێژ بێت وەک بڵقەکەی ساوس سی (١٧٢٠)، گرانی گەورە (١٩٢٩-١٩٣٩)،
یان ئەم قەیرانەی ئێستای (٢٠٠٨- تا ئێستا بەردەوامە) بەردەوام بە بلوێن
لە خەڵکی گۆی زەوی تووشی ماڵوێرانی و برسییەتی و بێکاری و ھەژاری و
خۆکوژی و ھەزار و یەک دەرد و بەڵای تر کردووە.
کێشەکە سیستەمەکەیە نەک تاکەکان. سیستەمەکە بگۆڕە، کێشەکان چارەسەر
ئەبێت.
وەڵام سۆشیالیزمە. کرێکارانی جیھان با یەکبگرین.
_____________________________________________________
تێبینی:
ھەندێک لە ناو و زاراوەکانی سەرەوە ئینگلیزییەکەی بەم جۆرەی خوارەوەیە:
The laws of Human Nature
Robert Greene
John Blunt
Think Big
Isaac Newton
.I can calculate the motions of the heavenly bodies, but not the
madness of the people
South Sea Bubble
٣٠\٣\٢٠٢١
ماڵپهڕی عامر سابیر
|