٩\٩\٢٠١٠
ئیشی هونەر، لەناوبردنی
روانگەی باوە.

ئەرسەلان مەحمود
ئیشی هونەر (هونەری نوێ/ هونەر بەگشتی) جوینەوەی ئاوەزی بەسەر چوو
نییە، خۆ دووبارەکردنەوەی دوێنێش نییە لە بەرگی ئەمڕۆدا، ئەمەیش نییە
کە لە زۆرینەی تیڤییە لۆکاڵ و فەزاییەکانی ئەم هەرێمەدا بێپەروا تەخش و
پەخش دەکرێ، ئیشی هونەر لای ئێمە دەبێ بەر لە هەر شتێک تێکشکاندنی
فەرهەنگ و دەسەڵاتی زەینی باو بێ لە ئێستادا.
ئەو دۆخە مێژووینە تراژیدییەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمەی بەخود نامۆیی
بارگاوی کردوە، ئەگەر تا ئێرە کاریگەرییە بۆماوەییەکانی قەلاچۆپێکردن و
ماڵوێرانکردن هۆکارگەلی هەرە لەپێشی وەها دەرئەنجامێک بوبن، لێرەوە
راستەوخۆ پەیوەندی بەوەوە هەیە دوای هەژدە ساڵ لەحوکمرانێتی خۆجێی،
هێشتان مرۆڤی کورد بەچاوی ئەوانی دی، تایبەتیش ئەوانی داگیرکار، مەیلی
خۆ بینی و دنیابینی کێشی دەکات!.. ئەمە بۆچی لەخەم نەرەخساوە؟، بێگومان
وڵامی وەها پرسیارێک لای حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و، ئەو
میدیا بینراوە حزبی و بەناو ناحزبیانەیە لەکرانەوەی کۆمەڵایەتی،
لەدەرکەوتنی مەیلی خۆ بەخاوەندارێتیکردنی تاک دەترسن!، وەها وڵامێک لای
ئەوانەیە هێشتا هۆڵەکانی شانۆ وەک دیواخانی خان ئاغاو، میلۆدی وەک
بالۆرەی شەیتان و، هەر هونەرێک جگە لەپیاهەڵدان و بەرهەمی تەشریفاتی
حەرام دەبینن!، لای ئەوانەیە بەر هەر هۆیەک بووە تا ئێستا زاتی جوڵاندن
و هەڵدانەوەی لاپەڕە مێژوییەکانی ژیانکردنی کوردەوارییان نەکردوەو،
لەچاوی بەرهەمە ئیرانی و تورکییەکانیشەوە مێگەل ژیاو، بینایمان لەگەڵ
بەهەدەردانی ملیۆنەها دۆلار لەسامانی نەتەوەیی دەبەنەوە بەردەم رابردو،
ئەو رابردووەی تەژیکراوە لەسوکایەتیکردن بەفەرهەنگ و کولتوری مرۆڤی
کورد، هەر بۆیەیشە فەرهەنگ و کولتوری ئێمە جگە لەبینایی شتێکی تری
نەماوە لەدەستی بدات.. هەڵبەتە ئەوە بەو مانایە نا مرۆ بۆی نەبێ چێژ
لەدنیابینی ئەوانی دی وەربگرێ، لێ نابێ ئەو گۆشە نیگایە بدۆرێنی
کەشوناسی خۆتی پێدەناسرێتەوەو شیاوی ئەوەیە دەسکاری چارەنوس و دنیابینی
سبەینێیشت بکات، بۆیە ئیشی هونەر، هونەری نوێ ئەوەیە ئەم پاشخانە
سیاسی، ئابوری و کولتورییە، لەبازاڕی ئەم بەرخۆرییەی کە تادێ ژیانی
جڤاکی ئێمە قۆرختر دەکات لەخەم برەخسَنێ و رزگاری بکات.
زۆر راستە هونەر، وەک زۆر لەبوارەکانی تری ژیانکردن لای ئێمە، هێشتا
خاوەن ئەو نەفەس و ئازادییە راستینەیە نییە، تا چ لەباری دامەزراوەیی و
چ لەبواری بەرهەمهێناندا بتوانێ شتێکی گەورەتر لەو بونە سیخناخکراوەی
خۆی بخوڵقێنێ، ئەوەی کە هەیە هەر ئەوەیە کە هەژموونی باوگیرو
سیاسیکاری کوێرانە خستویەتە ناواخنی خۆی، چۆنیشی بوێ ئاوای پێدەرداوێ،
ئاخر خۆ ئەمانە بەهای هونەرو کرانەوەی کولتوورییان بەلاوە گرنگ نییە،
ئەی ئەوە نییە زۆرینەی شارو شارۆچکەکانی ئەم هەرێمە خاڵیکراون لەرێبەرو
نوخبەی هونەری و، توانستەکانیان خراونەتە خزمەت بەرهەمهێنانی سنوردارو
کاری تەشریفاتی! ئەی ئەوە نییە بێئەوەی نەخشێکیان هەبێ مانگانەو
ساڵانە ملیۆنەها دینارو دۆلار بۆ بەخزبیکردنی هونەر دەدرێتە بەناو تیپ
و گروپگەلێکی ئاراستەکراوی بەو ناوە ناودێر کراو، ئەی ئەوە نییە
نەبوترین دامەزراوەی هونەری رێکخراوی هونەرمەندانە، ئەمەیش بەهەموو
مەنتق و نامەنتقێکیەوە بێگومان بەرپێگرتنەو دەچێتە خانەی دەقپێگرتنی
جوگرافیای هونەرییەوە، بۆیە ئا لێرەوەیە ئیشی هونەر، هونەری نوێ، دەبێ
لەو نۆرم و فۆڕمە باوە لابداو شتەکان وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرێ تۆمار
نەکات، بەڵکو لاسارانە بچێ گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبداتەوەو، نۆتە
لەپەنجەی شەهیدەکانمان بچنێ!، ئاخر خۆ هونەری نوێ ئەوەیە مرۆ بەرەو
مەودا دورەکان، روناکی بەرەو ژورە تاریکەکان، جۆرە ریتمێک بەرەو
رەسەنایەتی لەجوانناسی، لەخۆشەویستی، لەدنیابینی دوێنێ و ئەمرۆو
داهاتووی نیشتیمانێک بەرێ، تاک تاکەی خەڵکەکەی بشواتەوە لەتێگەیشتنی
سونەتی، پێم وایە تا ئەودەمەش کەسمان وەک ئەوەی کە بووین و هەین لەوە
تێنەگەین چگەمەیەکی ترساناک بەسایکۆلۆژیای مرۆڤی کوردەوە کراوەو دەکرێ،
بەڵێ رەنگە تا ئەو کاتە لەوە حاڵی نەبین تا چئاستێک حورمەتی ئینسانی
کورد خراوەتە بەردەم چقەدەرێک و چەن و چۆن نزمکراوەتەوە، بۆیە ئیشی
هونەری نوێ ئەوەیە پێش بەو مەسخبونە جڤاکییە بگرێ و مەدلولێکی
فراوانترمان بداتێ، ئاخر هونەری نوێ رەنگاڵەیی ئەو رەگەزە تۆخانەیە
کە واتایەکی دەستەمۆنەکراوی لەهەناودا هەڵگرتوەو، لەژێر دارو پەردوی
وەها بازاڕێکی هەرزانفرۆشدا گۆشەگیر ناکرێ.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|