په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١٠\٢٠١٠

ئیشی هونەر، ئیغراو رواڵتگەرایی نییە!


ئەرسەلان مەحمود


هونەر ئەوە نییە" پۆشاکی ئافرەتی بیانی بکەیتە بەر کوڕانی کوردو، سەمای شەرقی و غەربیان لەسەر شاشەی تیڤی پێبکەی" ئیشی میدیاش بەشینەوەی هزری سازشکاری بەهاکانی مرۆڤبوون نییە لەسەر کەوڵی بەناو تێکشکاندنی باوگەرایی و، فەزڵپێکردنی ئازادی تاک!، جیاوازیش ئەوە نییە ڕواڵەتگەرایی لەچاوی بینەردا بکەیتە داهێنان!..


هونەر ئەوەیە بەهایەکی زیاتر بخاتە سەر بوونت، نەک ئەوەی بوونیش پێیبەخشیووی، لەبازاڕی ئیغراو ڕیکلامی کۆمپانیا داماوەکاندا! هەرزانفرۆشبکرێ‌، ئاخر میدیایەک ئەگەر ئامانجی دۆزینەوەی جیاوازییەکان و، دەرخستنی بەهرەیە، بەموخاتبگرتنی هەژموونی دنیابینی نوێ‌، ئەگەر بۆ تێکشکاندنی بازاڕی لەنگەیە"باو" پێمان بڵێن هۆکار چییە لەدەرەوەی ئەم بازاڕە، فەزڵی ئەو باهۆزە ڕەجعیگەرایەی نەرێت دراوە بەسەر بەهرەو هونەری ژیانکردن لەتەواوی بوارە کۆمەڵایەتییە جیاکانی تردا؟، باشە ئەم هەموو خۆ تەخش و پەخش و نمایشکردنە بۆ رۆژێک لەرۆژان دەمی ڕەخنەی ئەو ڕەخنەگرانەی نەکردەوە تا بابەتیانە هۆکارگەلی لەبنەمادا بێبەهرەیی ئەم هەموو سەروەتە مرۆییە ئاشکرا بکەن؟، ئایا ئیشی وەزارەتگەلێکی وەک رۆشنبیری، پەروەردە، پلان و ژینگە پارێزانی لەم وڵاتەدا دەبێ‌ چیبێ‌ و چییە؟!.. مەگەر لاسایکردنەوەو، کۆپیکردنی ڕەگەزی، هونەرە؟، ئایا نوێگەری ژانگرتنە لەهونەری بێگانە؟، بەدیوێکی تردا، ئایا وێناکردنەوە کەوتۆتە کوێی بەهرەو داهێنانی دنیای هونەرو جیاوازییەکانەوە؟، تۆ بڵێی ئەم فرچکگرتنە خۆی لەخۆیدا مانای ئەوپەڕی بێبەهرەیی نییە؟، ئەرێ‌ ژینگەیەک مرۆ نەتوانێ‌ تیایدا وەک ئەوەی هەیەو، دەیەوێ‌، بیر بکاتەوەو، بڵێ‌... میدیایەکی لەبنەمادا گوێڕایەڵ، لەدەرەوەی دروستکردنی بازاڕی ڕمێنگەرایی کۆمپانییە تایبەتەکان، تۆ بڵێی خەمێکی تری بۆ ئەم نەسڵە لەکۆڵنابێ‌؟..


بێگومان هونەر لەمیدیای گوێڕایەڵدا بۆ کۆشتنی بەهرەیە، نەک ڕسکان، چونکێ‌ ئەو لەبنەمادا خۆی هەڵگری دنیابینییەکی جیاواز نیە تا توانای دۆزینەوەی بەهرەو توانا جیاوەزەکانی هەبێ‌ و، برەویان پێبدات، دیارە ئەم گێژاوە، نەک هەر میدیای بینراو، بەڵکو سەرتاپای، بەر پرسە لەخوڵقاندنی ئەو دۆخە ڕواڵەتگەراییەو، بووەتە کاری هەمەکارەو لەپێشی زۆربەی هەرە زۆری پەخش و بڵاوکراوەکان، گرفتیش ئەوەیە ناویان ناوە بەرەو نوێگەری، لێ‌ پێچەوانەکەی راستە،"ناسر ڕەزازی" گەورە هونەرمەندی کورد، دەڵێ‌" خۆ دەرخستن و خۆ ڕوتکردنەوەو، نازو خەمزەنواندن، نوێگەری نییە. جلی رەنگاو ڕەنگ لەبەرکردن و سمت‌و پوز دەرخستن کامە شوێنی نوێگەرییە؟! گۆرانیی نەجات سەغیرە بکرێتە کوردیی‌و کیژە کورد بیچڕێ لەکوێ نوێگەرییە؟! نوێگەریی ئەوەیە کەئاوازی تازە، وشەی تازەی لەسەر بێ، بەکورتی بەستە (شێعری گۆرانی)دەبێ نوێ بێ‌و مۆسیقاش دەبێ کارێکی تازەی کردبێ، هەتا پێی بگوترێ نوێگەریی!"


بێگومان ئەوانەی دژ بەکرانەوەو هونەری نوێگەرین، زۆر نین، لێ‌ بەدڵنیاییەوە دەسەڵاتی گەورەی جۆراو جۆریان بەدەستەوەیە بۆ لارێکردن و بەر پێگرتن، ئیشی هونەر تێکشکاندنی ئەو دەسەڵاتانەیەو، میدیا نابێ‌ بازاڕێکی تری درۆینەی لێساز بکاو، لەژێرەوە بەدوای شتی ترەوە بێت!..

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود