٢٥\٩\٢٠١٠
ئیشی هونەر..
وێناکردنی نەگۆڕ!

ئەرسەلان مەحمود
ئەگەر بۆ بەدەستهێنانی شوناس یا هیچ نەبێ لەپێناو ئارامییەکی
بەماناکراوە، هەزارەهای تریش لەمرۆڤی کورد لەم هەرێمەدا بکرێنە
پێشمەرگەو پاسەوان و پۆلیس، بەهەزارەها تریلیۆن دۆلارو دیناری تریش لەو
پێناوەدا خەرج بکرێ، زۆر بەسادەیی دەڵێم ئاساییە، چونکێ وەها
خاوەندارێتییەک بێگومان بەهاکەی قوربانیدانە.
قوربانی نەبێ، ئاسایش نییە، بەڵام بۆ دەبێ دواجار سەروەرییەکانی ئەم
قوربانیدانە مرۆیی و ئابورییە بڕواتەوە تەنگەی بەرباخەڵی حزب؟!.. بەر
لەوڵام، بۆ ئەوەی بەد حاڵیبوونێک رونەدات، بێگومان پێشمەرگە ناوی خۆی
بەخۆیەوەیەو، لای من سەروەتێکی گەورەی مرۆیی، رزگاریکارو پارێزەرە، لێ
لەهەمبەر وەها پرسیارێک، وڵامێکی کورتم هەیە، ئەویش ئەوەیە، چونکە
لەبنەمادا ئەوەی خاوەن تەنها پێشمەرگەو پاسەوان و پۆلیس و هیچ کام
لەتاک تاکەی هێزەکانی بەناو سەر بەوەزارەتی ناوخۆ نییە، حکومەتە!..
ئەمە بەو مانایەی هەر کاتێک حزب بیەوێ، حکومەت روت و ڕەجاڵ دەکات!،
ئەمەیە هونەری حزب!، لەکاتێکدا کوڕو کچانی ئەم وڵاتە، ئەوێرۆژێ چەکی
پێشمەرگایەتییان گرتە دەست، بۆ ئەوە نەبوو دواجار حزب بیانخاتە خزمەت
فراوانخوازی و، هەیمەنەپێکردنی زاڵگەرایی خۆیەوە، ئێستا کە ئەمە بووە
بەئەمری واقع، حکومەتیش دەبێ ئەم باجو خەراجە بدات، یانی بەخاتری
پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی خودی حزب رێی لەحکومەت گرتووە
بەشێوەیەکی دامەزراوەیی پریبکاتەوە، دەبێ ئەم هێزانە بۆ حزب بەخێو
بکات، لەسەروی ئەمەیشەوە دەبێ گوێڕایەڵی حزب بێ!، وەک هەمیشەش وتوومە
دەبێ لەجێی پەرلەمان کار بەرێنامەو بریارگەلی ئەنجومەنی سەرکردایەتی
شۆرش بکا، بەڵێ دەبێ لەجێی دادگا، پێڕۆو پڕۆگرامی سونەتی و حزبی حوکم
بکا!..
ئاخر دامەزراوە سونەتی و حزبیەکانی ئێمە، وجودی هەموو شتەکان لەوجودێکی
ئاوا بۆماوەیخوازانەی خۆیدا دەبینێتەوە!، بۆیەش ناچار نییە ئەم هەموو
هێزە مرۆییەی خۆی!، (( وەک خۆی دەڵێ بەخوێن بەدەستیهێناوە))، ئاوا
بێپەروا بخاتە ناو چوارچێوەیەکی بەیاسا رێکخراوی دەستوری!..
عەقڵیەتی خود بەلارێدابردنی زۆرینەو، خود پاراستن و پێشخستنی
کەمینەیەکی باڵا دەست، لۆژیکێکە تەنها چارەسەری کێشەو ئاریشەیەک دەکا
کە لەبنەمادا گرینگییەکی پلەدو یا لاوەکییان هەیە!، ئەمەیش ئەوپەری
دڵشکانی مرۆڤی کوردی لێکەوتۆتەوەو، نیشانەی ئەوەیشە هونەری وەها هێزو
دەسەڵاتێک لەوە پەتی ترە مرۆ چاوەڕێی کرانەوەی لێبکا، چونکێ هێشتا پتر
لەهەر کاتێ تر سەرگەرمی بەرهەمهێنانەوەی وێناکردە نەگۆڕەکانی دوێنێی
خۆیەتی!..
ئەم ڕیتمی رێکردنە، نەک هەر بۆ تێڕوانینی سیاسی و حوکمڕانێتی،
دژواریەکەی لەوەدایە رێگە نادا ئەزمونی ژیانکردنن لەدەرەوەی ئەم
تێگەیشتنە شرۆڤەو ڕەخناژۆ بکرێ، مەترسییە هەرە گەورەکانی لەپێڕۆکردنی
سیاسەتی بەکۆمەڵ ژیانکردندا رەنگڕێژ کردووە، ئەو دەیەوێ لەبری
هەموومان بیر بکاتەوە!، ئەی ئەوە نیە لەئەلفەوە... تاد، لەمەڕ تەواوی
مافە جیاکان، پێمان دەڵی چۆن بەچ شێوەو، لەسەر چ بنەمایەک، هەڵوێست
وەربگرەو دەنگ بدەو...هتد.
بێگومان یەکبینی لەبیرکردنەوەدا، جگە لەکوشتنی جیا بینییەکان، مانایەکی
تری کە هەبێ وەستاندنی ئەزمونکردنی ژیانە لەدۆخێکدا، ئەمەیش نا
کامڵترین رێگەیەو، لەئامانجە بنەرەتی و لۆژیکییەکانی مرۆڤی ئەم
سەردەمەوە دورە، دیارە هیچ هێزو هزراندنێکی دوێنێخواز، جا سیاسی یا
کۆمەڵایەتی و، هەر تشتێکی تر بێ، ناتوانێ لەدەرەوەی هێزو هزراندنی
ئەمرۆدا بناسرێتەوە، بەنمونە هونەرمەندانی ئەمڕۆ هەرچییەک بن ناتوانن
شتەکانی پێشووی خۆیان، یان تەنانەت داهاتوویش بناسێنن، ئاخر خۆ هەر
زەمەنەو هونەرمەندانی خۆی، داهاتوانی دەناسێنێ، هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی
نەگۆڕ، مایە پوچییە، ژیری ئەوەیە مرۆڤی سەردەمی خۆتبی، کە وابوو ئێمە
ئەگەر سیاسی و هونەرمەندانێکی راستەقینەمان هەبن، ئەوانەن ئیلهامی
هونەروەرانەی خۆیان لەرۆشنایی ئەم تێگەیشتنەوە هەڵێنجاوە.
ئەوەی تا ئێرە بەدەستهاتووەو هەیە، هەرگیز بەرهەمی هونەری خۆ بەختکردن
و خۆ نواندنی، تاک و گروپێکی دیاریکراو نییە، مرۆڤی کورد بەتەواوی
توێژو پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانیەوە، تاکەی دەسکەوتە سیاسیەکان، هەڵکشانی
بزاوتە کۆمەڵایەتیەکان، کلیپ و، فیلمسازی و بەرهەمە هونەرییەکان و...تاد
بەفەزڵ و بەخششی تاک و گروپێکی دیاریکراوەوە گرێدەدات؟!..
بۆ نەپرسین وەها پەیوەستبوونێک جگە لەهەستی خۆ بەکەمگرتن و،
درێژکردنەوەی تەمەنی نەرێتگەرا، چی تر دەخاتە سەر بونمان؟، تۆبڵێی ئیشی
ئەم هەموو بەناو دامەزراوە رۆشنبیری و، هونەرییە چییە؟!..
بۆ دەبێ لەخۆ بەخاوەندارێتیکردنی بەهرەو توانستەکانمان سڵبکەینەوە؟!..کێ
هەیە هونەری خۆیت فێر بکا؟!..ئەمانەو دەیان پرسیاری جیددیانە تر، لێ
من و تۆ وەک تاک، وەک هونەرمەندو، سیاسی و، هەر ناوێکی لێدەنێی، گەر
بمانەوێ دەتوانین ئەو شتانەی دەیانبینین و هەستیان پێدەکەین، هەڵوێست
و، وڵاممان بۆی هەبێت، ئەمەیە هونەر، هونەری بوون.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|