٢٨\١٢\٢٠١٢
عیشق
لەناو پرتەقاڵ دا.

شەماڵ
عادل سەلیم
(١)
تۆ
دەزانی لەوێشدا لە ئامێزی دەریای پرتەقاڵییدا
نەوڕەسێکی و هەر
بە ماچ شەپۆڵە
شێتە سپی هەڵگەڕاوەکان ئارام دەکەیتەوە....؟
(٢)
تۆ دەزانی لەوێشدا....
لە نێو هەر گۆپکە دڵێک،
لەسەر سینەی موتفەرکی هەر گوڵێک
تابلۆیەکی بە رەنگی ئاویی
بەرجەستەکراوی...؟
(٣)
تۆ دەزانی لەوێش بە دڵۆپە پیرۆزەکانت
لە شووشەی دڵم دەدەیت و
بە ئەسپایی لە
ئامێزم سەما دەکەیت..؟
(٤)
تۆ دەزانی
لەوێشدا پڕی لە رەنگ
و
منیش تەژییم لە تووڕەیی..؟
(٥)
تۆ دەزانی
لەوێش بە هەنگوینی لێوت تەڕم دەکەیت و نەرم نەرم دووگمەی کراسەکەت
دەکەیتەوە و
بە شەکرە سێوی پر شکۆی سینەت وەک کۆرپەلەیەکی شیرەخۆر....
میهرەبانانە ژیرم دەکەیتەوە...؟
(٦)
تۆ دەزانی لەوێشدا
تا سەحەر
شەوبێدار
پێکی ماچ هەڵدەدەین و
لە باوەشی یەکتردا دەتوێینەوە...؟
(٧)
تۆ دەزانی لەوێشدا شێتانە لە نێوانی هەردوو
گۆی گەنم رەنگی تەپۆلکە پیرۆزەکانی مەمکت...
سپارتاکۆسانە
شەڕی مان و نەمان دەکەم و
دار و بەردی ئەو
پێدەشتە بەهەشتییەت
بە لێوە خوێن لەسەر مەییوەکانم
دەلێسمەوە...؟
(٨)
تۆ دەزانی لەوێشدا
قەدەری ئەو دوو لەتە پرتەقالییەی پڕتەقاڵی رازەکانمان
رژاوەتە ناو باوەشی ئەو شەپۆڵە شێتە پڕتەقاڵییانەی
کە لە مۆنالیزای دافینتشی
نەمرترە....
زیندووترە.....
میهرەبان ترە....؟
(٩)
تۆ دەازنی لەوێشدا لە خڵتی ژێر دەریای
پرتەقاڵیی دا
نووسراوە
پرسیار لە یەکتر
مەکەن و بە دەم ماچەوە و لە چاوی یەکتر
وەڵامەکان بخوێننەوە...؟
(١٠)
تۆ دەزانی
لەوێش
بە بڕیاری (چەقۆ)
کراوین بە دوو...؟
(١١)
تۆ دەزانی
لە نێو دەریای پڕتەقاڵییش
دا
لێک ئاڵانمان هەر بڤەیە..؟
تۆ دەزانی لەوێشدا
تیغی چەقۆ لێناگەڕێ
حەیرانی سینەی میهرەبانی تۆ بم و وەک
کۆرپەیەکی شیرەخۆر بە هەردوو دەستە بچووکەکەم
زەنگۆڵەی تەپۆلکەکانی مەمکت بگرم و بە لێوە
وشکەکەم تێر تێر بیانمژم.....
ئا لەوێشدا
چەقۆ لێناگەرێ
(شەپۆڵ) ئاسا
لە ئامێزی سیحراوییت
خۆم تەڕ تەڕ کەم..؟
(١٢)
تۆ دەزانی...
لەوێشدا
تیغی چەقۆ لێناگەرێ لە نێوان مەمکەکانت
هێلانەیەک چێ کەم
ئێ لێناگەرێ........................................؟
لێناگەڕێ..............................؟
لێناگەڕێ..........؟
ئا میهرەبانەکەم .....
لەوێشدا سێبەری رەشی چەقۆ بە سەرمانا کشاوە
و
جاڕی دوولەتبوونمانی داوە......
١٣
تۆ دەزانی
لەوێشدا لەژێر سێبەری چەقۆیەکی کول
هەڵواسراوی.....
تۆ دەزانی یان نازانی؟
بارانستان
رۆژی بارانە تووشەکە.
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|