٢١\٤\٢٠١٥
عیشق وەک
حەرامکراوێک..
سەباح
لە ئەدەبدا ھیچ تێز و شتێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەوەندەی عیشق و خۆشەویستی ئاماژەی نەخراوەتە سەر. سیاسەت، ئەدەب، ئابووری و ھونەر... تاد بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمە گرنگن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەگەر ئەو زانستە مرۆییانە لە خۆشەویستی ترازان، ئەوە ھەموو ھەوڵ و تەقەڵایەک بە فیرۆ دەڕوات. دواجار خۆشەویستی تاکە وەڵامە بۆ مرۆڤەکان کە دەتوانێ چارەسەری زۆر کێشە و ئاڵۆزییەکانی ژیان بکات.
عیشق وەک حەرامکراوێک سەرتاپای چیرۆکی (کچە چیمەنتۆییەکان)ی مقداد شاسواری داگیرکردووە، چیرۆکنووس وەک فۆتۆگرافەرێک زۆر بە ڕوونی کۆمەڵگەی کوردیمان پیشان دەدات. زۆر جارانیش لە ھەندێ کار وکاردانەوەی ژیان ڕێنماییمان دەکەن. عیشق، کاریگەریەکی تەواوی بەسەر سرووشتی ژیانەوە ھەیە، وەک ئەریک فرۆم دەڵێت: (خۆشەویستی ھێزێکی کاریگەرە لە مرۆڤدا، ھێزێکە لەگەڵ کەسانی دیکە یەکت دەخات.) عیشق دەشێ دەروازەیەک بێت، زۆرجار مرۆڤ لەو رێگەیەوە راِزەکانی خۆی دەربڕێت." ساڵێک.. ساڵێکی ڕەبەق خۆشیم ویست بێ ئەوەی بزانم ناوی چییە؟! " چیرۆک وەک ژانرێکی ئەدەبی، چەندین ڕەھەندی فیکریی، ھونەریی و سایکۆلۆژیی لەخۆوە دەگرێت، ھەر خوێنەرە و لە ڕوانگە و ڕەھەندێکەوە خۆی دەبینێتەوە، ئەمەش بووەتە جێگەی بایەخپێدانی ڕەخنەگرانی ئەدەب بە تایبەتی و نووسەران بە گشتی، ئەم گرنگیپێدانە وایکردووە ساڵانە چەندین کتێب و لێکۆڵینەوە لەسەر لایەنە جیاجیاکانی چیرۆک بنووسرێن و بڵاو بکرێنەوە.
دالای لاما دەڵێت: (مرۆڤ سەر بە ھەر ڕەگەز، کولتوور و ئایینێک بێت، تا مردن پێویستی بە سۆز و خۆشەویستی کەسانی دی ھەیە، بەختەوەری یان بەختەوەر بوون ئامانجی ھەر مرۆڤێکە لە ژیاندا، ئێمە لە ژیانی خۆماندا ھەموو کار و کۆششێک دەکەین بەو ئامانجەی ژیانێکی بەختەوەرمان ھەبێت، ئەگەرچی بەشێکمان ناتوانین بەختەوەر بین یان خۆمان بە بەختەوەر نازانین و ناتوانین بەسەر ئەو گرفت و نەھامەتیانەدا زاڵبین کە لەژیانی ڕۆژانەدا ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بەڵام گەیشتن بە بەختەوەری وەک ئامانج و ئاوات ھەر دەمێنێتەوە.) ئەمڕۆ یەکێک لە پرسە کۆمەڵایەتی، مەعریفی و تەنانەت سیاسیەکانیش، مشتومڕە لەسەر مافەکانی ئافرەت وەکو ڕەگەزێک، ئەم مشتومڕە لەو ناوچە و وڵاتانەی پێیان دەوترێت "دنیای ئیسلامی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست" چڕبووەتەوە لەنێوان دوو ڕەوتدا، ڕەوتی سیکۆلاری و ڕەوتی ئیسلامی.
دنیای فیکری مرۆڤ ، ھێندە قووڵ و وردە، تا مرۆڤ بیری لێبکاتەوە، داھێنانی نوێ و بە چێژی لێوەردەگرێت، لە ھەمان کاتدا ڕۆڵێکی مەزن و دیاری ھەیە، بیری مرۆڤ فراوان دەکات، لە قۆناغێکی دنیای ڕۆشنیرییەوە بەرەو قۆناغێکی نوێتر و باشتری دەبات. ئەدەب زادەی ئەندێشە، سۆز ، خەیاڵ، ھەستی ناسک، سۆزداری مرۆڤی ھۆشیار و بەھرەدارە. کار لە ھۆش و ھەستی مرۆڤ دەکات. دنیای بەرین، قووڵ و ناسکی ئەدەب ڕاستەوخۆ پێوەندی بە مرۆڤ و دەوروبەرەوە ھەیە." خۆشەویستی لەم دەڤەرەی ئێمەدا تەنیا کارێکە، ھەمووان کۆکن لەسەر یاساغکردنی" ئەدەب لە پرسیار و گەڕاندایە بە شوێن ئەو شتانەی کە پێوەندییان بە چارەنووسەوە ھەیە." کوڕم خۆشەویستی لای ئێمە شێتییە. شێتی. تۆ خۆت شێت مەکە.. لە وڵاتێکدا کە ھەمووی ئامادەن بۆ کوشتنی یەکتر چ پێویستییەکت بە خۆشەویستی ھەیە؟ ئێمە عەیامێکی دوورە، ئیدی دەرگای خۆشەویستیمان داخستووە کوڕم.. کچی خەڵکیش بە کوشت مەدە" سیمای سەرەکی ئەدەبیی واقیعی بریتییە لەگرنگیدانی تەواو بە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە.
لە چیرۆکی کچە چیمەنتۆییەکان، چیرۆکنووس دەیەوێت لە ڕێگەی وێناکردنی واقیعەوە چەند وێنایەکی جیاجیای کۆمەڵگەی کوردیمان نیشان بدات، ھەروەھا پێناسە و تێروانینی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ عیشق و چەندەھا شتی تری لەو جۆرە دەخاتە ڕوو. پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم، مقداد شاسواری لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا بە تەواوەتی پشتی بە گێڕانەوەیەکی واقیعیانە بەستووە." ئێمە نابینە پێوەر بۆ سەرجەم کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکان.. ئەگەر لای ئێمە ڕۆژانە ئاگر لە ڕۆح و جەستەی خۆشەویستی بەردەدەن، خەڵکانێک ھەن بانگەشەی خۆشەویستی و میھرەبانی دەکەن." وەک فەلەکەدین کاکەیی دەڵێت: (مەگەر مرۆڤ ھەیە بە بێ عیشق و خۆشەویستی بژی) خۆشەویستی، وشەیەکی بچووکە، بەڵام لە ناواخندا، پڕە لە مەدلوولی گەورە و جوانی بە مرۆڤ دەبەخشێت. کاتی ئەوە ھاتووە جورئەت بکەین، دان بە عیشق بنێین، کابووسی تۆلە و کینە لە ناخ و ویژدانمان وەدەرنێین."دەڵێن خۆشەویستی ڕاستەقینە مرۆڤ لە ناخەوە دەھەژێنێ. بەڵام من نەک ئەو بەیانییە نەک ھەر ھەژام، سەراوبن بووم. ھەڵتەکام. تەپ و تۆزێکی یەکجار زۆر لەسەر ڕۆحم داتەکا. ھەست دەکەم زوڵال بوومەتەوە.. وەک ڕۆژانی منداڵیم.. دەکرێ ئەمە سەرەتایەک بێ بۆ خۆشەویستی؟." ژیان خەونێکی کورتە، بەشی ڕق و تۆڵەسەندنەوە ناکات. خۆشەویستی بەڵگەیە بۆ بوونی ئێمە لەسەر زەوی، عیشق ڕزگاربوونە لە مۆرانەی ناخمان.
چیخۆف دەمێکە وتویەتی: (مرۆڤ بۆ ئەوە لە دایک بووە تا گۆرانییەک بۆ خۆشەویستی بڵێ.) عیشق تەنیا وشەیەکە ھەزاران مانا و ڕەنگی ھەیە." خاکی ئەم دەڤەرە، پێز و پیتی جارانی نەماوە کوڕم، لەبەر دڕک و داڵی شەڕ، تۆوی خۆشەویستی لێ شین نابێ." عیشق دۆخێکی دانەبڕاوە لە زەمەن و لە ھەموو جوگرافیایەکیشدا ڕوو دەدات، من لەو باوەرەدام وەک چۆن جەنگەکان زەمەن و جوگرافیای تایبەت بە خۆیان ھەیە، عیشقیش لە ساتەوەختی خۆیدا ڕوو دەدات. "ئێمە لەگەڵ شەڕ و شۆڕ گەورە بووینە ڕۆڵە.. ئێستاش لە ئاگر و گوللە و شمشێر زیاتر، زمانێکی تر بۆ خۆشەویستی نازانین. زەمەنێکی درێژە کانیاوی خۆشەویستیمان وشکی کردووە.".
|