په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٣\٢٠١٢

ئیسلام ئاینی مرۆڤە لاواز و ھەلپەرستەکانە!

تاهیر حه‌سه‌ن     


ئاینی ئیسلام وەک ھەریەک لە ئاینە بەناو ئاسمانیەکانی تر تا ئەو ساتەی لە بارێکی لاوازدا بووە ھەردەم خۆی وەک فریشتەو گەیشتن بە ڕێگای بەختەوەری بۆ سەرجەم مرۆڤەکان بەیان کردوە، بەڵام کاتێک بووە بە خاوەنی دەسەڵات و ھێز ھەرچی کاری بەد ھەیە بەرانبەر بە ئینسانی ئازادیخواز و دەرچوو لەو ئاینە ئەنجامی داوە، بە تایبەتیش ڕەگەزی مێینە.


ئەم ناونیشانەم بۆیە ھەڵبژاردوە تا ئەوەی ڕونی بکەمەوە بۆ ھەموان کە ھەڵگرانی ئەم ئاینە لە چ مرۆڤ گەلێکی لاواز پێک ھاتوون، مرۆڤ گەلێک کە خۆیان بە ڕابەری ئەم ئاینە دەزانن ناتوانن بەرگەی ھیچ وتووێژێک بگرن بەرانبەر نەیارەکانیان. چونکە ھەردەم بە پێی بڕیاری شمشێر و یاخی بوو ئەم نوێنەرانەی ئاین ھاتوون وەڵامی سەرجەم ئەو نوسەر و کەسە بیریارانەیان داوەتەوە کە ڕەخنەی توندیان لە خودی بنەماکانی ئایین گرتوە. یەکێک لەو پێوەرانەی کە ھەڵگرانی ئەم ئاینە باسی لێوە دەکەن مەسەلەی جێگاوڕێگای ژنە لەم ئاینەدا، گوایە ژنان باشترین پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان ھەیە و لە ئازادیە ئینسانیەکانی خۆیان بەختەوەرن. وە ھەرکات ئەم کەسایەتیانە ھاتبێتنە سەر بواری شیکردنەوە و لێکدانەوەی ئایەتەکانی قورئان و حەدیسەکان، ھەریەکە و بەپێی میزاجی خۆی شیکردنەوەی بۆکردوە. لەلایەک زۆرێکیان ئەفرۆزەی(ڕەتکردنەوە) ئەو ڕابەرانە دەکەن کە ژنان بەردەباران و زیندە بەچاڵ دەکەن، وەک ئەوەی تا ئێستاش لە ژێر حوکمڕانی ئیسلام لە وڵاتی ئێراندا دەرھەق بە ژنان جێبەجێ دەکرێت تا دەگات بە سزای لە سێدارە و نەفرەت لێکردن وەک ئەوەی لە وڵاتی سعودیەی شێخەکاندا، وە لە وڵاتی سودان و سۆماڵ و گەلێک وڵاتی دیکەی سەر بە ھەیمەنەتی دەسەڵاتی ئاینی ئیسلامە ئەم تاوانانە دژ بە ژنانی ئازادیخواز و ستەم دیدە جێبەجیێ دەکرێت، وەھەروەھا تا ئەو ساتەی حوکمی سەربازی تاڵیبانەکان لە ئەفغانستان بونیان ھەبوو ھەرچی بەدڕەوشتی و کاری دڕندانە ھەیە بەرانبەر بەژنان، درێغییان نەکردوە لە جێبەجێ کردنیدا. ئاخۆ ئەو کۆ حوکمە نامرۆڤانەیەی دەدرێت بەسەر ژنانێکدا کە لانی کەم بە ئارەزوی خۆیان خۆشەویستیان کردوە کە ئەم خۆشەویستی کردنە ئازادە لە نێو (ئاینێکی جیقڵدان بچوکدا جێگەی نابێتەوە) بەدڕەوشترین جۆری پەروەردەو ناچیزی ئەو ئاین و دەسەڵاتە دەرناخات؟

 

ئاخۆ ئەگەر ئەم ڕابەر و پیاوە ئاینیانە ڕاست دەکەن کە ژن مافی وەک مرۆڤێکی تەواو ھەیە لەگەڵ پیاودا بۆچی لە نێو دادگاکاندا ئەگەر پێویستیت بە شایەدێک ھەبێت ناتوانیت ژن بە شایەد وەربگیرێت؟ ئایا ئەو یاسایەی کە بە حوکمی شەریعەتی دینی لە نێو دادگاکاندا ھەیە ژنی بەکەمتر لە پیاوان سەیر نەکردوە؟

 

نازانم ئەم ئاینە ئەگەر تەنھا بۆ گێل کردنی خەڵکە ڕەشوڕوتەکەی ناو کۆمەڵگا نەبێت تا ئەوەی بێدەنگی ھەڵبژێرن بەرانبەر ئەو بارە قورسەی بەسەرژیانیانەوەیە و ھێشتنەوەیان لە چاوەڕوانی ئەوەی لەو دنیادا خودا حۆری بەھەشتیان پێدەدات لە بری ئەو سەبر و تەحەملەی ھەیانبوە (دڵنیام لەم کاتەدا خودی مەلاکان و ڕابەرەکانی ئەم ئاینە) بڕوایان بە بونی ئەو حۆریانە نیە، چی خێر و بەرەکەتێکی تێدایە بۆ خەڵکە ھەژارەکە؟ ئایا مەلاکان و ڕابەرانی ئەم بزوتنەوە سیاسیە دینیە خۆیان دەتوانن لەگەڵ جیاواز بوونی ئایدۆلۆژیا و ئاکارە ئازادیبەخشەکانی دیکەی بیری مرۆڤایەتیدا بھێننەوە؟ دڵنیام ئەم حیزبە ئیسلامیانە تا ئەو ساتە بیر لە مەسەلەی پێکەوە ژیانی فرە حیزبی و فرە ئایدیا دەکەنەوە کە ھێشتا دەستیان بە کورسی دەسەڵات نەگەیشتوە، ئەگەر نا ڕەنگە زیندو ترین نمونە ئیخوانەکان و سەلەفیەکانی میسر بێت کە تەنھا دوای ھەڵبژاردەنە کارتۆنیەکەی پەرلەمان بە چەند کاتێکی کەم ئەکتەری بەناوبانگی میسر (عادل ئیمامیان) داوەتە دادگا، ئێستاش بە پێی ھەواڵێکی سایتی چاودێر کە لە ٦/٣ دابەزێنراوە باس لە گوروپێکی پارێزەری سەر بە ئیخوان و سەلەفیە توند ڕەوەکان دەکا کە لە ھەوڵی ئەوەدان کە ھەردوو ژنە ئەکتەر(سومەییە خەشاب و غادە عەبولڕەزاق) بدەن بە دادگا تا ئەو سنورەی کە مافی بەردەباران کردنیان پێبدرێت؟ ئەمەیە ئەو ئازادیەی کە مەلاکانی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵی ئیسلامی و کۆی مەلاکانی سەر بەیەکێتی و پارتی باسی لێوە دەکەن؟

ھەلپەرستەکان کێن؟ ھەلپەرستەکان پێکھاتوون لە کۆی ئەم حیزبە بەناو مەدەنی و عیلمانیانەی ئێستا لە ساحەی سیاسی کوردستاندا یاری بە چارەنوس و ئازادیەکانی خەڵکی مەدەنی کوردستان دەکەن. ئەم عالی جەنابانە بەپێی ئەو شنەبایە ھەڵدەپەڕن کە ھیچ روبەڕوبونەوەیەکی تێدا نەبێت بۆ سەر خراپی بارودۆخی ھەلومەرجی دەسەڵات و سیاسەتیان. ئەم عالی جەنابانە دڵنیام لەوەی ئەگەر لەم ساتە وەختەدا لە بری شنەبای کۆنەپەرستی ھاتنە مەیدانی ئیسلامیەکان دەستڕۆیشتوی بزوتنەوە کرێکاریەکان لە مەیداندا بوایە ئێستا ھەر ھەمویان خۆیان بە مارکس و ئەنگڵس و لینین دەزانی! جیھانی مرۆڤە ھەلپەرستەکان بێسنوور بۆگەن و بێئاکارن. ئەوان تا ئەو کاتە لەگەڵ ھەرچ یەک لەم ئایدۆلۆژیاو ئایدیایانەدان کە بەرژەوەندیە چینایەتیەکانیان تێیدا بڕواتە پێشەوە. ئاخۆ کام یەک لەم سەرکردە و ڕابەرە بەناو مەدەنی و سیکولارانە بۆخۆیان بڕوایان بە خودی ئاین و ئەو دنیا ھەیە؟ بەڵام ئەم عالی جەنابانە دەزانن وەتەری ھەستیاری خەڵکی سادە چۆن بگرن، خەڵکی سادەی کوردستان کاتێک نەتوانێت خۆی بناسێت ئەو کات ھەردەم وەک یاریەکی شەترەنج لە دەستی یاریزانەکەیدا دەخولێنرێتەوە. ئاینی ئیسلام ئەگەر بە قازانجی ئەو چین و توێژە لە ئینسانی ھەلپەرست نەشکایەتەوە ئێستا دەمێک بوو بەر شەقی بێحورمەتی کردنی ئەم دەسەڵاتە ناعەدالەتیە کرابوو.

لە بەرنامەیەکی تایبەت بە ٨ی مارس ڕۆژی ھاتنەمەیدان و ڕاپەڕینی ژنان بە دژی ئەو کۆ ستەمەی لە سەرژیانیانە، لە کەناڵی (کەی ئێن ئێن)ە وە بەرنامەیەک بۆ دەرخستنی ھەڵوێستی ئەو بزوتنەوەیە دەربارەی مافەکانی ژنان بە ڕێکخرابوو، بۆ گفتوگۆ کردن دەربارەی ئازادیەکانی ژنان و بە تایبەتیش ژنانی کوردستان، ئەو بەرنامەیە ھەروەک ئەوە وابوو کە کەناڵێکی ئیسلامی بەڕێوەی ببات، چونکە ھەرسێ کەسە ئامادە بووەکە یەکیان مەلا بوو ئەوی تریان ژنە ئیسلامیەک بوو کە مامۆستای زانکۆ بوو ئەوی تریان پیاوێک کە توێژەر بوو لە بواری کۆمەڵایەتیدا و بڕوا دار بوو بە ئاینی ئیسلام. ئاخۆ بۆ ھەرکەسێک یەک کەم تێگەیشتنی ھەبێت لە سەر بنیاتەکانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بڕوا دەھینیت کە ئەم بزوتنەوەی گۆڕانە بە چرپەش خوازیاری کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسانی خوازی مەدەنی بیت؟ ئاخۆ ئەو سی بەڕێزە کە من ڕێزم بۆیان ھەیە ھیچ کات ئامادەن دان بنێن بە وەی لە کۆمەڵگایەکی مەدەنیدا یەکێک لە پێوەرە گرنگەکان جیایی دینە لە سونەتەکانی دەوڵەت؟ ئاخۆ ئەو سێ بەڕێزە ھیچ کات ئامادەن بڵێن ئەو کارە دڕندانەی بەرانبەر بە مافی ژنان و مەسەلە شەخسیەکانی ژنان کراوە لە ئاینی ئیسلامدا ھەرھەمویان دژ بە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤن؟ بێگومانم کە ھیچ یەکێک لەو کەسایەتیە ئیسلامیانە ناچنە ژێر باری ئەوەی بڵێن ئاینەکەمان بێکەموکوڕیە و، دژی پێگەی ژنان زۆر کورتی ھێناوە؟ ئەمە ئەو بەڕێوەبەرانەی دنیای ئەمڕۆن لە نێو سیاسەت و پەروەردەیەکدا کە خۆیان بەھەڵگری چەمکەکانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دەزانن، واقعەن ئەم سیاسەت و حیزبە حاکمانە لە ھەلپەرست ترین شێوەی سیاسەتکارانی ڕۆژن، ھەر ئەمانەن کۆی چەمکە ستەمکاریەکان دژی ئازادی دەربڕین لە کۆمەڵگادا پەرە پێدەدەن و باڵی ئیسلامی سیاسی کۆمەک دەکەن، تا ئەوەی ئەم بەھەشتەی بۆیان خولقێنراوە لە دەستیان نەچێت.


ڕۆژی ٨ی مارس نە ڕۆژی جل پۆشینی جلوبەرگی کوردیە نە ڕۆژێکە پەیوەندی بە ئەو نائازادیەوە ھەبێت کە ئاینەکان بۆ ژنانیان داناوە، بە پێچەوانەوە ٨ی مارس ڕۆژی ھاتنە مەیدانی ژنانی ستەم دیدیە دژی کۆی ئەو یاسا و چەمکانەی کە ژنی وەک پلە دوو دیاری کردوە لە کۆمەڵگادا و تەنھا وەک کاڵایەکی ھەرزان جیگەی بۆ دیاری کراوە. خەباتی ژنانی ئازادیخواز ھەردەم گرێدراوی ئەو خەباتە واقعیەی چینی کرێکاری شۆڕشگێرە کە دەخوازێت کۆی چەوساندنەوەی سەر مرۆڤایەتی لە نێو بەرێت، کاتێک شۆڕشی چینایەتی چینی کرێکار دێتەوە مەیدان، ھەر ئەو کاتەش خەباتی ژنانی ئازادیخوازیش لە مەیداندا ئامادە دەبێت. ھیچ کام لە ئاینەکان ڕزگاری بەخشی ژنان نین، بەڵکو کۆی ئاینەکان زیندانی ڕاستەوخۆی ژنانن بۆ ئەوەی ھەر لە ژێر جیھان بینی سەرکوت و کۆیللە بونی ژێر دەستی پیاواندا بمێننەوە. جێگای بەزەییە بۆ ئەو نوسەر و ڕۆشنبیرانەی ئێمە کە دێن جیگاو ڕێگای دین تەقدیس دەکەن و بە بێگەردی خوێندنەوە بۆ ئاینەکان دەکەن. ئەگەر ئەوە تەنھا کاری ھەلپەرستی نەبێت، پێم وانیە ھیچ ڕێگایەکی تر ھەبێت کە ئینسان ھەست بە خورافەی ئاین بکات و نەتوانێت خۆی لی ڕزگار بکات تا لەو ڕێگایەشەوە کۆمەک بە کۆمەڵگا بکات تا ڕزگاری ببێت لەو کۆ خورافەیەی چەندین سەدەیە سەپێنراوە بەسەریدا. بەڵام چی بڵێین تا ئەم ساتە ژیان بە دەستی ئینسانە لاواز و ھەلپەرستەکانەوەیە. تەنھا شۆڕشێکی سەرتاپاگیری کۆمەڵایەتی بە ڕابەرایەتی چینی چەوساوە لە کۆمەڵگادا دەتوانێت کۆی کۆمەڵگا ڕزگار بکات لە ھەیمەنەتی ئینسانە لاواز و ھەلپەرستەکان!!!

 

ئەمەش لینکی ئەو بابەتەیە کە سایتی چاودێر بڵاوی کردۆتەوە:

http://cawder.org/yeke.php?besh=Nusraw&perrge=nusraw&nujimare=23432

 

٩\٣\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک